ئه‌و بنه‌چانه‌ی ژیان راده‌گرن و عه‌قڵ كۆت ده‌كه‌ن
August 11, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :ئه‌دۆنیس
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
1هه‌موو كولتوورێك "بنه‌چه"ی خۆی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت بایه‌خی ئه‌و بنه‌چانه له‌وه‌دا نییه، وه‌ك له په‌یدا بووندا چۆن بوون، ئه‌وهاش به "نه‌گۆرِ" بمێننه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه بایه‌خیان له‌وه‌دایه، كه تا چ راده‌یه‌ك هاوشانی گۆرِانی كات و مێژوو، له هه‌موو بواره‌كاندا، توانای خۆگونجاندن و گۆرِانیان هه‌یه.
جموجۆڵی رۆشنبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه ئێمه‌ی عه‌ره‌ب، به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو گه‌لان، هێنده به بنه‌چه‌ی خۆماندا راچووین تا راده‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نیا ژیانمانی كۆت كردووه، به‌ڵكوو عه‌قڵیشمانی كۆت كردووه.
به‌م جۆره، هه‌ر له كاتی ده‌رچوونی كتێبه‌كه‌م "نه‌گۆرِ و گۆرِاو" له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، پتر متمانه ده‌كه‌م، كه ئه‌سته‌مه له رووی كار و هزره‌وه، له جۆگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تیی كولتووری له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بدا بگه‌ین، ته‌نیا مه‌گه‌ر له رووی باوه‌رِ و چاره‌نووسه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر رۆشنایی تێگه‌یشتنمان له جوگرافیای ئاسمان- ئایینییه‌كه‌یه‌وه نه‌بێت. به گوێره‌ی ئه‌وه، هه‌ر گۆرِانێكی داهێنه‌رانه‌ی سه‌ر زه‌وی ئه‌سته‌مه، ته‌نیا مه‌گه‌ر به ئازاد بوونێكی ته‌واو نه‌بێت له‌و كۆتانه‌ی بنه‌چه‌خوازان (ئوسووڵییه‌كان)، له هه‌موو بواره‌كاندا به سه‌ر ژیان و بیردا ده‌یسه‌پێنن.
لێره‌دا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی سه‌رنج راكێش ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی به ناوی به مه‌ده‌نی كردن و ئازاد كردنی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌به‌وه، له سه‌ر بنه‌مای تیۆریی سیاسیی "شۆرِشگێرِانه" یان هزری "شۆرِشگێرِانه"، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تا ئه‌مرِۆ دروست بوون، ئه‌وان هه‌ر خۆیان به زۆری بوون به "بنه‌چه"ی نه‌گۆرِ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بنه‌چه‌ی "میتافیزیكیی ئایینی" بن. به‌م جۆره، ئێمه‌ی عه‌ره‌ب، دوای نزیكه‌ی پازده سه‌ده، وا دێینه پێش چاو كه وه‌ك بڵێی تا ئێستا له بێشكه‌ی به‌رایی منداڵیمان ده‌رنه‌چووین.
2
هێزی "بنه‌چه" له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
له پووكانه‌وه‌ی وزه‌ی داهێنه‌رانه‌وه یان سست بوونی ئه‌و وزه‌یه له لای مرۆڤ؟ له وابه‌سته بوونێكی ره‌مه‌كی و ده‌روونییه‌وه به‌و وزه‌یه، به‌وه‌ی بناغه‌یه‌كی ته‌واوه، هه‌روه‌ها رابردوویه‌كی نموونه‌یی و ته‌واویشه؟ یان له شتێكی دیكه‌وه‌یه كه پێویستی به رامانی دوور و درێژ و توێژینه‌وه‌ی درێژ هه‌یه؟
كاره‌كه هه‌ر چۆنێكی بێت، ئێمه‌ی عه‌ره‌ب وا ته‌ماشای "بنه‌چه" ده‌كه‌ین به‌وه‌ی هێمایه‌كه بۆ بوون- ژیان، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌نووس- قیامه‌ت، دیسان به‌وه‌ی چاوگی هه‌قیقه‌ته و هیچ هه‌قیقه‌تێكی دیكه له پشت ئه‌وه‌وه نییه، یان ئه‌و "دایك"ی هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كانه. هه‌ر بۆیه واتای واقیع له‌وه‌دا قه‌تیس ده‌بێت، كه بوارێكی تاقی كردنه‌وه‌یه بۆ پیاده كردنی ئه‌و ئیماژ و واتایانه‌ی ئه‌و بنه‌چه‌یه ده‌یانگرێته خۆ.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه شۆرِشگێرِیانه‌یان به‌رپا كرد كه ئاماژه‌م پێ دان، هه‌ر یه‌كه‌یان به پێی رێبازی خۆی، بیری شۆرِِشیان كرده "بنه‌چه‌یه‌ك" كه له ناخ و هه‌ڵسوكه‌وتدا، هه‌ر ته‌نیا شێوه‌یه‌ك بوون له شێوه‌كانی بنه‌چه‌ی ئایینی. ئیدی به‌م چه‌شنه هه‌ر یه‌كه‌یان پێی وا بوو كه "رزگار بوون" په‌یوه‌سته به‌و بنه‌چه‌یه‌وه، كه ئه‌و باوه‌رِی پێیه‌تی و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، برِوا هێنان به غه‌یری ئه‌و بنه‌چه‌یه‌ش، هه‌ر ته‌نیا رێگایه‌كه خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ره‌و "دۆزه‌خ" ده‌بات. ره‌نگه هه‌ر له‌وه‌شدا راڤه‌ی ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان ئه‌و بزووتنه‌وانه بكرێت، كه ململانێیه‌كی "ته‌كفیراندن"ی یه‌كدی بووه، نه‌ك ململانێی "بیر كردنه‌وه" و "كرانه‌وه" و "پشتیوانی كردن" بێت له شتی ئاشكرا هاوبه‌شی نێوانیان، كه به لای كه‌مه‌وه عه‌لمانیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌ته، به‌ڵكوو زیاتر ململانێی "دوور خستنه‌وه و ره‌ت كردنه‌وه" بووه. هه‌روه‌ها ره‌نگه هه‌ر له‌وه‌شدا راڤه‌ی به شه‌رِهاتنیان به‌دی بكه‌ین، كه به زۆری به شه‌رِهاتنی درِندانه‌یه، به هه‌مان شێوه‌ی "گرووپگه‌ل"ی ئایینییش، یه‌كتریان ”ده‌خوارد".
وه‌ك چۆن ئه‌و رووناكییه‌ی له جوگرافیای ئاسمانه‌وه پرته‌و ده‌دات، هه‌ر خۆی، له روانگه‌ی بنه‌چه‌خوازان(ئوسووڵیان)ی ئایینه‌وه، جوگرافیای زه‌وی (مرۆڤ، كولتوور، به‌ها، په‌یوه‌ندی، ...هتد) رووناك ده‌كاته‌وه، رووناكیی "شۆرِش" له روانگه‌ی بنه‌چه‌خوازانی شۆرِشه‌وه، هه‌ر ته‌نیا خۆی تاریكیی جیهان ده‌رِه‌وێنێته‌وه، پێشكه‌وتنیش وه‌دی ده‌هێنێت.
به‌م جۆره كولتووری بنه‌چه‌خوازیی (ئایینی و شۆرِشگێرِی) داده‌مه‌زرێت: له‌وه‌شدا پرس ئه‌وه نییه: چۆن ده‌پرسین و چۆن تێده‌گه‌ین و چۆن ده‌نووسین، به‌ڵكوو چۆن برِوا ده‌هێنین و چۆن مژده ده‌ده‌ین و چۆن لایه‌نگر په‌یدا ده‌كه‌ین. لێره‌دا به‌ها له خودی شت‌دا نییه، نه "هزری"یه و نه "هونه‌ری"، به‌ڵكوو "مژده‌هێن"ه. له‌م كولتووره بنه‌چه‌خوازه‌دا ئایین، بیر، هونه‌ر، هه‌موو ده‌بنه جۆره "دارایی"یه‌كی دی، واته ده‌بنه "هۆكار" و "ئامراز".
3
كارلێكی نێوان "بنه‌چه" و "واقیع" مه‌ودایه‌ك له نێوانی هه‌ردووكیان گریمانه ده‌كات، بیری بنه‌چه‌خواز، به هه‌ردوو شێوه‌ی ئایینی و شۆرِشگێرِانه‌ی، ئه‌و مه‌ودایه ده‌سرِێته‌وه. بنه‌چه جێی واقیع ده‌گرێته‌وه. به‌م جۆره كولتووری بنه‌چه ده‌بێته كار و گوته‌ی سرووتامێز و گۆرِه‌پانی واقیع پرِ ده‌كاته‌وه، به چه‌شنێك "دیمه‌ن" جێی واقیع ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مرِۆ ئایین (نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له وڵاتانی عه‌ره‌بی- ئیسلامی‌دا، به‌ڵكوو نزیكه‌ی له هه‌موو جیهاندا) بۆ نموونه، وا دێته پێش چاو كه ئه‌زموونێكی رۆحی- مرۆیی نییه، ئه‌زموونێكی قوول و دۆزینه‌وه و داهێنان له بواره‌كانی مرۆیی- لاهووتیدا نییه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، چالاكییه‌كی رواڵه‌تیانه- سرووتیانه‌یه، یان مه‌یدانێكه بۆ به‌جێ گه‌یاندنی كاری هاوشێوه‌ی ئه‌وان، به هه‌مان دۆخی شۆرِشگه‌لی سیاسی و هزری. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ش بێ له "جه‌ژن" و "زه‌ماوه‌ند" و "داوه‌ت" و "شانۆ"، كه له پشت ئه‌وانیشه‌وه بێ له ویستی ده‌سه‌ڵات هیچ شتێكی دی نابینین. هیچ ناخ رامانێك له مرۆڤ و بووندا نابینین، هه‌روه‌ها له ره‌وش و رازیان، یان هیچ چاو تێبرِینێك بۆ به‌ده‌ست هێنانی دۆزینه‌وه‌ی زانینی زیاتر، به‌دی ناكه‌ین.
4
بنه‌چه‌خوازان برِوایان وایه كه "بنه‌چه" نوێ نابێته‌وه، چونكه، به برِوای ئه‌وان، ئه‌و خۆبه‌خۆ نوێ بوونه‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش واته"بنه‌چه" جێگیره، له خۆرِاش، رووناكی و پرته‌و ده‌دات. به‌و سیفه‌ته‌ی بنه‌چه به‌رایی مێژووه، بۆیه مێژوو به ده‌وری ئه‌ودا ده‌خولێته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوه‌ندی گه‌ردوونیشه.
به‌ڵام، له‌به‌ر چی بنه‌چه‌خوازان د‌رك به‌وه ناكه‌ن كه بنه‌چه، ته‌نانه‌ت له په‌یدا بوون و خه‌مڵینیشیدا، ره‌هه‌ندی كردار و كردنی تێدایه؟ كردار و كردنیش مێژوون. مێژوو، به‌و سیفه‌ته‌ی درێژه كێشانی گۆرِان و به‌دواداچوونه، ئیدی ئه‌و گۆرِانێكی به‌رده‌وامه. به‌م جۆره، "بنه‌چه" له كرداردا ده‌بێته "وێنه‌یه‌ك" یان چه‌ند وێنه‌یه‌ك، ئه‌ویش به پێی ژماره‌ی گرووپه‌كان و ململانێ و ناته‌بایی و سیاسه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌وان. ته‌نانه‌ت بنه‌چه له پیاده كردن‌دا "داده‌تلیشێت"، له‌و داتلیشانه‌شدا پرشنگی سه‌رهه‌ڵدانی توند و تیژی و ملهورِی، له ململانێی گرووپه‌كاندا په‌یدا ده‌بێت، له پێناو ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان كرداری تایبه‌تی خۆی، یان داتلیشانی تایبه‌ت و، تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌و بنه‌چه‌یه بسه‌پێنێت. ئه‌و پرسه‌ش به په‌نا بردن بۆ "ته‌كفیر" كردنی یه‌كدی، یان "وه‌لاوه نان" و "په‌راوێزخستن"ی یه‌كدی، چاره‌سه‌ر نابێت. هه‌روه‌ها كوشتنی به تاك و كۆی خه‌ڵكیش نابێته چاره‌سه‌ر. هه‌ڵبه‌ت شه‌رِیش چاره‌سه‌ر نییه. ئه‌زموونی مێژوو ئه‌م شته دووپات ده‌كاته‌وه.
هیچ چاره‌سه‌رێك نییه، بێ له ئازادی و به ئازادی نه‌بێت.
به بێ هه‌بوونی ئه‌و هۆشیارییه، كولتووری بنه‌چه‌خوازی هه‌رده‌م پاڵ به مرۆڤه‌وه ده‌نێت، كه له ده‌ره‌وه‌ی واقیعی مرۆیی و بابه‌تیانه‌دا بژیت و كار بكات و بیر بكاته‌وه، هه‌روه‌ها (به وه‌هم بردن) بخرێته جێی واقیعه‌وه. هه‌روه‌ها درێژه به جوولاندنیان ده‌دات، تا وا خۆ پیشان بده‌ن كه ئه‌وه‌ی به راستی هه‌یانه موڵكی خۆیان نییه، یان به پێچه‌وانه‌وه شتێكیان هه‌یه، كه به راستی هی خۆیان نییه.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وه، یان به هۆی كردای ئه‌وه‌وه، له نووسینی بنه‌چه‌خوازاندا ده‌بینین، كه خودا ته‌نیا "په‌یڤێكه" نه‌ك بیرۆكه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها واقیعیش هه‌ر په‌یڤه نه‌ك بیرۆكه. هه‌مان شت له لای بنه‌چه‌گه‌لی شۆرِشگێرِیشدا ده‌بینین، كه خودی شۆرِشیان كردووه‌ته ته‌نیا "په‌یڤێك".
ئه‌م عه‌قڵه له هه‌ردوو باڵی "ئایینی- بنه‌چه‌یی" و، "شۆرِشگێرِی- بنه‌چه‌یی"دا به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌چێت "بنه‌چه" بكاته زیندان، هه‌روه‌ها عه‌قڵیش ده‌كاته ته‌نیا ئامێرێكی كوێر.
5
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌ی گوتمان و، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌زموونی مێژوویی، یان هه‌ڵوه‌سته كردن به ته‌نیا له ئاست لایه‌نی سیاسیی بزووتنه‌وه‌گه‌لی بنه‌چه‌خواز (ئوسووڵی)، به تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به تیرۆر و توند و تیژییه‌وه هه‌یه، كارێك دووپات ده‌بێته‌وه كه دوو پرس ئاشكرا ده‌كات: یه‌كه‌میان بریتییه له تێگه‌یشتنێكی ته‌سك و سنووردار و كه‌م و كورتانه له بنه‌چه‌خوازی.
دووه‌میش، بریتییه له به‌رده‌وام بوونی بیری هاوچه‌رخی عه‌ره‌ب له خۆ دوورخستنه‌وه، جا به هه‌ر به‌هانه‌یه‌ك بێت، له رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌چه و بنه‌مایانه‌ی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیان له سه‌ر رۆنراوه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوونی له چاره‌سه‌ر كردنی پرسگه‌لی مرۆیی عه‌ره‌ب، به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی، رووكه‌شانه و، به مۆركێكی "ئایینی- مژده‌هێنانه".
له‌م روانگه‌یه‌وه، ده‌كرێ بڵێین كه هزر(بیر)ی نوێی عه‌ره‌ب كه ئه‌ركی بنیات نانی كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ، مه‌ده‌نی و عه‌لمانیی عه‌ره‌بی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ، ئه‌و هه‌ر خۆی، بێ له هه‌ندێك حاڵه‌تی كه‌م و ده‌گمه‌ن، به‌شێكه له ئاریشه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، كه ئه‌ویش "بنه‌چه‌خوازییه‌كی" دیكه‌یه، "كۆتێكی" دیكه‌یه و، "په‌رده‌یه‌كی" دیكه‌یه.
6
به‌م جۆره، واقیعی عه‌ره‌ب، ئه‌مرِۆ له ئاستی هزردا، بریتییه له حاڵه‌تێكی كولتووریی عه‌ره‌بی، كه پێشتر عه‌ره‌ب نه‌یزانی بوو. ئه‌و له لایه‌ك "واقیعه" و ته‌نیا وه‌ك ئه‌وه‌ی "خه‌یاڵه" دركی پێ ده‌كرێت. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و "خه‌یاڵه" و دركی پێ ناكرێت ته‌نیا وه‌ك ئه‌وه‌ی "واقیع" بێت.
ئه‌و نه‌خشه‌یه‌كه په‌رِه‌مووچی سه‌دیم كێشاویه‌تی و دووباره‌ش ده‌یكێشێته‌وه.
7
فه‌له‌ستین دڵی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یه، مه‌ره‌كه‌بێكه له مه‌ره‌كه‌بدانه‌كانی ئه‌و سه‌دیمه: مه‌ره‌كه‌بێكی تایبه‌ت، نامۆ و ده‌سته‌مۆ، ئاڵۆز و روون. به هه‌مان رێ و جێ، له یه‌ك كاتدا كۆمیدی و تراژیدی.
خوێنی فه‌له‌ستین ده‌چۆرِێ: به‌ڵام چاو نایبینێ، به‌ڵكوو چاو "ده‌سه‌ڵات" و "به‌یداخ" و "كورسی" ده‌بینێت.
هه‌رچی زمانه، خۆی له "رواڵه‌ت" نه‌بێ نادات، ئه‌و "چه‌كه"ی له هه‌مه‌جۆر پۆشاك و شه‌پقه‌یه‌كیدا، ئێشكگر و نۆبه‌تداره.
هه‌رچی را- برِیاره، له خودی شت، به‌وه‌ی كه هه‌یه و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، نزیك نابێته‌وه، به‌ڵكوو له ئاستی "به‌كار هێنانی" و "سوود" لێ وه‌رگرتنی و، "ئه‌ركه‌كه‌ی" له زێده "زمانانێك"، له حه‌زی كرِینی شتانی ناپێویست، له "داهێنانی" مه‌به‌ستگه‌لێك كه ئه‌وانیش له مه‌به‌ستی راسته‌قینه لاته‌ریك و زیادن و، ده‌یان "سرِنه‌وه"، له "واقیعێك"دا ، له ئاوماڵكی قسه ده‌رباره‌ی مه‌رگی به‌رده‌وام و رۆژانه‌ی فه‌له‌ستینی- عه‌ره‌بی، كه ماوه‌ی پتر له نیو سه‌ده‌یه به‌رده‌وامه، چی دی نییه.
8
ئه‌مرِۆ، عه‌ره‌ب له سایه‌ی ئه‌و "واقیعه"دا له بۆشاییه‌كی "واقیعی"دا ده‌ژین. بۆشاییه‌كه كه ده‌كرێ تا راده‌ی بێداریی به وه‌همدا بردن و، قه‌رزخوازی و، بنه‌چه، راڤه بكرێت. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ، به وه‌همی ئه‌وه‌دا بچین، كه ئه‌وه‌ی ده‌ستمان له كیسی داوین، به خه‌ون به‌ده‌ستمان هێناوه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌م بێ‌دار بوونه، به‌و سیفه‌ته‌ی جۆرێكه له گه‌رِانه‌وه به‌ره‌و دوا، بێ سێ و دوو، به‌رحوكمی ئه‌وه‌یه ببێته بێداربوون- بۆشایی. هه‌ر گه‌رِانه‌وه‌یه‌كی به‌ره‌و دواش شكسته. یان ئه‌وه‌تا شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی رووخان، كه له‌به‌ر سستی و هه‌ژاریمان، وه‌ك شێوه‌یه‌ك له سه‌ركه‌وتن بۆمان وێنا ده‌كرێت.
خودی وه‌هم بردنی ده‌سته‌جه‌معی ده‌بێته هه‌قیقه‌ت، خودی په‌یڤه‌كانیش ده‌بنه زانین. تایبه‌تمه‌ندیی تاكیش ده‌بێته له رێ لادان و به‌دفه‌رِی.
به گوێره‌ی لۆژیكی ئه‌م "واقیعه"، ده‌بێ كوێری سه‌راپاگیر و هه‌مه‌كی بێت.
ئه‌مه‌ش واقیع له واقیعایه‌تی پووچ ده‌كاته‌وه و ده‌بێته "وێنه‌یه‌ك" كه له نێو "بنه‌چه"دا ده‌توێته‌وه: "وێنه‌یه‌كه" هه‌موو شتێك ده‌گرێته خۆی، وه‌ڵامی هه‌موو شتێكیش ده‌داته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، وه‌ك بنه‌چه‌خوازان بۆی ده‌چن، له رابردوودا "بنه‌چه" وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه، ئیدی هه‌ر ده‌بێ "وێنه‌كه‌ی" به‌رسڤی ئێستا و ئایینده بداته‌وه. واقیعیش نابێته ژێده‌ر یان پێوه‌ر، به پێچه‌وانه‌وه، وێنه_ بنه‌چه، ده‌بێته ژێده‌ر و پێوه‌ر، ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر له سیاسه‌تدا، به‌ڵكوو له كولتووریشدا، به زانست و وێژه و ماف و به‌هایه‌وه.
ئیدی گه‌رِان به دوای چاره‌سه‌ردا له كێ و چیی "ئێستا" و "زیندوو" به هه‌موو هه‌لومه‌رجێكیدا نییه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، له "نادیار" و "نادیاری"دایه، به تایبه‌تی له‌و پاڵه‌وانانه‌ی كه مردوون، وێڵی دوای چاره‌سه‌ر ده‌بن. به دیوێكی دیكه‌دا، چی دی چاره‌سه‌ر له ژیاندا نییه، به‌ڵكوو له مه‌رگ و مردندایه. چونكه هه‌ر ته‌نیا مردنه كه "وێنه" و "بنه‌چه‌كه‌ی" ده‌كاته یه‌ك، هه‌روه‌ها "كۆكردنه‌وه" له لایه‌ك و، وێنه- بنه‌چه‌ش له لایه‌كی دی، ده‌كا به یه‌ك، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌شدا "وه‌هم"ی چاره‌سه‌ر ده‌ئافرێنێ.
9
وێنه- "بنه‌چه"، پاڵه‌وان- "باوك"، به گوێره‌ی لۆژیكی ئه‌م "واقیعه"، "دوایین" پاڵه‌وانه، جا چ سیاسی بێت یان سه‌ركرده یان شاعیر، هه‌روه‌ها "دوایین" كه‌سی مه‌زنه. ئای كه "دوایین مه‌زنان" له مێژووی نوێی ئێمه‌دا زۆرن.
به‌م جۆره، له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بدا وێنه- بنه‌چه جێی واقیع ده‌گرێته‌وه، كه هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كان- نه‌ك ته‌نیا لایه‌نی غه‌یبیان، به‌ڵكوو لایه‌نی "واقیعی"، مرۆییانه‌ش ده‌گرێته‌وه. واتای ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ژیان بریتییه له به‌رجه‌سته كردنی ئه‌و دووانه‌یه، یان بێ له ناهه‌قی چی دیكه نییه. چی دی قسه كردن هیچ واتایه‌كی نابێت، ته‌نیا مه‌گه‌ر ئه‌و دووانه‌یه ده‌سپێك بێت: ده‌ست پێ كردن له‌وه‌وه و، به پشت به‌ستن به‌ویش، بۆ به‌جێ گه‌یاندنی به وه‌همدا بردنی ده‌سته و گرووپ.
له راستیدا نووسینی ئێستای عه‌ره‌بی، به هه‌مه‌جۆر و رواڵه‌ته‌كانییه‌وه، كه‌م و كورت نه‌بێت، په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ واقیعدا نابه‌ستێت، هێنده‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌وه‌هم بردنانه‌دا ده‌یبه‌ستێت. بزر كردنی ئه‌و واقیعه‌ی كه ئه‌م دووانه‌یه ده‌یشارێته‌وه، به واتایه‌ك له واتاكان، له‌ده‌ست دانی خوده.
10
كه‌واته بنه‌چه‌خوازی "ئایینی" و "شۆرِشگێرِ"، گیرۆده‌ی هێنانه كایه‌ی كه‌سی لاساییكار، په‌یرِه‌وكاره، ئه‌ویش به دروست كردنی چون و، هاوتا و، "وه‌كه‌و" له رووی كولتووره‌وه. سه‌ركرده‌ی بنه‌چه‌خواز كار بۆ به‌رهه‌م هێنانی هزری هاوچه‌شن ده‌كات. له رووی فیزیۆلۆژیشه‌وه، "باوكی" بنه‌چه‌خواز كار بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و كورِه‌ی وه‌ك ئه‌و ده‌بێته "باوك"، نه‌ك كورِ، ده‌كات. زاوزێیه‌كی كولتووری به جۆرێك له "دووله‌ت بوون"ی هزری دێته كایه‌وه، زاوزێیه‌كی فیزیۆلۆژی به جۆرێك له دووله‌ت بوونی ته‌نیاییش دێته دی، مێیینه‌ش لێره‌دا جێیه‌كی نییه، بێ له‌وه‌ی كه منداڵدانێكه.
نكووڵی كردنێكی ته‌واو له هه‌موو فره‌ییه‌ك، هه‌روه‌ها له هه‌موو جیاوازییه‌ك له ئارادیه. وه‌ك ئه‌وه‌ی جۆرێكی دی بێت له كولتووری كۆپی كردن. كولتووریش وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نیا "كۆدێكی" بۆماوه بێت.
به راستی، گرفتی بنه‌رِه‌تیی عه‌ره‌ب، له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، به پله‌ی یه‌كه‌م، هزری- كولتوورییه. هه‌ر هزر یان وێژه‌یه‌ك تا راده‌ی هه‌ژان به‌ره‌و رووی ئه‌و دووانه‌یه نه‌بێته‌وه، هزر یان وێژه‌یه‌كه پشتی پێ نابه‌سترێت، له‌وه‌ش زیاتر نابێت كه به‌شێكه بێت له كێشه‌كه.