ليبراليزم
August 10, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :ده‌یڤد به‌وز
وه‌رگێڕ : دڵشاد عوسمان ئه‌بوبه‌كر، سه‌رهه‌نگ خه‌مه عه‌لی حارس
په‌رتوكی لیبرالیه‌ت 'Libertarianism: a primer' له نوسینی ده‌یڤد به‌وز، یه‌كێكه له تویژینه‌وه جدیه هاوچه‌رخه‌كانی بیری لیبرالیزم كه زۆرجار به مانیفێستۆی لیبرالیزم داده‌نرێت له ئه‌مه‌ریكا. وه‌رگێڕانی ئه‌م په‌رتوكه هه‌وڵێكه له‌پێناو ئاشناكردنی خوێنه‌ری كورد به ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و بیره له ئه‌مه‌ریكا و له‌هه‌مان كاتیش‌دا گه‌شتێكه به‌نێو سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی لیبرالیزمدا.ئه‌وه‌ی له دوو تویی ئه‌م پهرتوكهدایه ته‌نها پێنج به‌شی په‌رتوكه ئینگلیزیه‌كه‌یه كه ئێمه له‌به‌ر گرنگی ئه‌و به‌شانه و په‌یوه‌ندی ههنوكهییان به ره‌وشی كومه‌ڵی كوردیه‌وه، بڕیارماندا كه ته‌نها ئه‌وانه وه‌ربگێڕین.یه‌كێك له‌و خاڵه گرنگانه‌ی كه پێویسته خوێنه‌ر سه‌رنجی بدات وشه‌ی لیبریتاریانیزمه. ئه‌م وشه‌یه له‌لای كورد به‌ده‌گمه‌ن بیستراوه یاخود هه‌ر نه‌بیستراوه. زاراوه‌ی لیبرتاریانیزم دارشتهیهكی ئه‌مه‌ریكاییه بۆ زاراوه‌ی لیبرالیزم یاخود لیبرالیزمی كلاسیكی. لیبرالیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ندین شێوازی به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و و له‌م دواییانه‌شدا وشه‌ی لیبراڵ له ئه‌مه‌ریكا به واتای مه‌یلداری به‌لای چه‌پدا به‌كار ده‌هێنرێت. له ئینگلستان وشه‌ی لیبراڵ هاوتای ئه‌وه‌یه كه له ئه‌وروپا پێیده‌وترێت سۆشیال دیموكرات و له فه‌ره‌نساش وشه‌ی لیبراڵ وه‌ك تانه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنرێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه و له پێناوی پاراستنی ره‌گوریشه‌ی بیری لیبرالیزمی كلاسیكیدا، بیرمه‌نده ئه‌مه‌ریكاییه‌كان وشه‌ی 'لیبرتاریانیزیم'یان دارشتوه كه بیڕوڕای به حكومه‌تی سنوردار و ئازادی بازرگانی و مافی تاكه‌كه‌س و ده‌سه‌ڵاتی یاسا هه‌یه. به‌و پێیه‌ی زمانی كوردی به‌دوره له‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه ئه‌م وشه‌یه له ئه‌ورپا و ئه‌مه‌ریكا به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆیه به چاكمان زانی وشه‌ی لیبراڵیه‌ت و لیبراڵیزم و لیبڕال به‌كار بهێنین له وه‌رگێرانی ئه‌م په‌رتوكه‌دا، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێك شوێندا له‌به‌ر پێویستی سیاق و به‌كارهێنانی وشه‌كه، وشه‌ی لیبریتاریانیزم یاخود لیبیرتاریهنمان به‌كار هێناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه كه هه‌ردوو زاراوه‌كه هه‌مان واتا ده‌گه‌یه‌نن.یه‌كێكی دیكه له زه‌حمه‌تیه‌كانی كاری وه‌رگێڕانی په‌رتوكه‌كه و پێاداچونهوهی بریتیه له بێبه‌شی زمانی كوردی له‌م جۆره له نوسین و زۆر به كه‌میش تێكستی له‌م بواره‌دا به‌رهه‌مهێناوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئیمه دوچاری چه‌ندین گرفت بووین له وه‌رگێران و دۆزینه‌وه‌ی زاراوه‌ی شیاو له زمانی كوردیدا كه هه‌مان ئه‌و مانایانه بگه‌یه‌نێت كه له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌كارهاتوون و هه‌ندێكیش له‌و چه‌مك و زاراوانه هێنده نوێ و بێهاوتان له زمانی كوردیدا، ئێمه هه‌وڵمانداوه كه وشه‌ی نوێیان بۆ دابتاشین، بیگومان به گرتنه‌به‌ری سیسته‌می زمانه‌وانی كوردی، تاوه‌كو ئه‌و بیرۆكانه بگه‌ن به خوێنه‌ری كورد و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و وشانه ببنه بناغه‌یه‌ك بۆ كاری هاوشێوه.هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پێنج به‌شه له‌به‌ر گرنگی ناونیشان و پێویستی ئاشنابوونی خوێنه‌ری كورده به‌و چه‌مكانه كه هه‌ندێكیان زۆر ته‌مومژاوین. چه‌مكێكی وه‌ك 'كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی' یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆر به‌كارهێنراوه، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته پیاناسهیهكی دیاری چه‌مكه‌كه له ناو رۆشنبیری كوردیدا بدۆزینه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌شی كه چالاكن له بواری بره‌ودان به‌كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا، به زحمه‌ت ده‌توانن سیما و خوسڵهتهكانی ئه‌و چه‌مكه ئاڵۆزه دیاری بكه‌ن.لێبورده‌یی یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و چه‌مكانه، (لێبورده‌یی كه له زمانی ئینگلیزی‌دا به تۆلهرهیشن ناسراوه، كه له جه‌وهه‌ردا به‌واتای په‌سه‌ندكردن و پێكه‌وه‌ژیان و قبوڵكردنی جیاوازی دێت) یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و چه‌مكه هه‌ره گرنگانه‌ی كه له‌ناو كه‌لتوری كوردیدا قسه‌ی كه‌می له‌سه‌ر كراوه و نه‌بۆته به‌شێك له په‌یامی رۆشنبیری و سیاسی گه‌لێك كه میژوویه‌كی درێژی هه‌یه له بهقوربانیبووندا، كه هه‌ندێك جار ئه‌و قوربانییبونه رێگریكردوه له بره‌ودان و گه‌شه‌كردنی چه‌مكی لێبورده‌یی كه یه‌كێكه له پێگه گشتی و گرنگه‌كانی ئازادی و مه‌رجێكی پێشوهختیشه بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی. ره‌نگه نمونه‌ی هۆڵه‌ندا له سه‌ده‌ی ١٧دا باشترین به‌ڵگه‌ی پێویستی هه‌بوونی ئه‌م چه‌مكه بێت كه كاتێك سه‌رجه‌م وڵاته مه‌زنه‌كانی ئه‌وكاته‌ی ئه‌وروپا به‌ده‌ست جه‌نگ و جوداییخوازیه ئاینیه‌كانه‌وه ده‌یانناڵاند، هۆڵه‌ندا وه‌ك وڵاتێكی لێبورده رێگه‌ی خۆشكرد بۆ پێكه‌وه‌ژیان و بازرگانیكردن له‌نێوان ئه‌ندامانی ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا، كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا هۆڵه‌ندا بوه وه‌ڵاتێكی بوژاوه و پیشكه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران كه سه‌رنجی وڵاتانی درواسێی راكێشا و له هه‌مانكاتیشدا بازرگانی و سه‌رماییه‌ی كێشكرد بۆلای خۆی كه به‌شداریه‌كی گرنگیانكرد له بوژانه‌وه و پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌دا.یه‌كیكی دیكه له به‌شه گرنگه‌كان یاسا و ده‌ستوره. ئه‌م دوو چه‌مكه دوو چه‌مكی یهكجارگرنگن بۆ ئێستا و داهاتووی كورد. گرنگی یاسا له دیدی لیبرالیهوه له‌وه‌دایه كه ته‌نها ده‌قێك نیه نوسرابێت و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن جێبهجێكارانیهوه پێشێلبكرێت، به‌ڵكو یاسا یه‌كێكه له پێگه پته‌وه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی ئازاد كه بتوانێت رێز له ئه‌ندامه‌كانی بگرێت و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه مافه‌كانیان بپارێزێت. یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كێكه له زامنه گه‌وره‌كان بۆ گه‌شه‌ی ئابوری و خۆشگوزه‌رانی. ئه‌و كاته‌ی هاوڵاتیه‌كان دڵنیان له‌وه‌ی سه‌روماڵیان پارێزراوه، ده‌توانن بره‌و به كرداره ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان بده‌ن و ترسی ئه‌وه‌یان له دڵا نه‌بێت كه رۆژێك له رۆژان جه‌رده‌كان یاخود حكومه‌ت موڵكوماڵهكانیان داگیرده‌كات به پاساوی جۆراوجۆر. ده‌بێت یاسا پارێزه‌ری مافه‌كانی تاكه‌كه‌س بێت و به‌سه‌ر هه‌موواندا به‌یه‌كسانی پیاده‌بكرێت و له‌ژێر ده‌ستی حاكم و حكومه‌تی زۆرداردا نه‌بێت و پێشێلكارانی یاسا سزابدرێن. لێره‌وه گرنگی ده‌ستورێك كه توانای ئه‌وه‌ی تێدابێت بسه‌پێنرێت ده‌بێته چوارچێوه و بناغه‌ی كۆمه‌ڵێك كه تاكه‌كانی به‌ئازادی ژیانیان بگوزه‌رێنن.به‌شێكی زێدهگرنگی په‌رتوكه‌كه تایبه‌ته به كه‌رامه‌تی تاكه‌كه‌س. بێگومان میژووی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و مێژووی كورد به تایبه‌تی تۆمارێكی تاریكیان هه‌یه له سڕینه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س و پێشێلكردنی مافه‌كانی و مامه‌ڵه‌كردنی وه‌ك دانه‌یه‌كی بێبه‌ها له كۆی مێگه‌لدا. بێگومان بیری ده‌سته‌جه‌معی هه‌میشه بێبایه‌خانه ته‌ماشای تاكه‌كه‌س و پێگه‌ی تاكه‌كه‌سی كردوه له كۆمه‌ڵدا و وه‌ك قۆچی قوربانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانی تاكه‌كه‌سدا كردوه و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه روخسار و سیما تایبه‌ته‌كانی بسڕێته‌وه و هاوتای بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا كه هه‌موویان پێكه‌وه وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك ته‌ماشاده‌كران له كۆیه‌كی مه‌زن. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تاكه‌كانی ئازاد نه‌بن هه‌رگیز ناتوانێت خۆشی ئازاد بێت، چونكه ته‌نها مرۆڤی ئازاد ده‌توانێت ئازادی به‌ده‌ستبهێنێت و بیپارێزێت و رێزی بگرێت، كه مێژووی كورد هه‌میشه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م لۆژیكه‌وه كاریكردوه. تاكه‌كه‌س كۆڵه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه و كۆمه‌ڵ به‌بێ تاكه پێكهێنه‌ره‌كانی هیچ بوونێكی نیه. ته‌نها بانگه‌شه‌کارانی بیری تۆتالیتاری و ده‌سته‌جه‌معی و ئاین وه‌ك ژماره ته‌ماشای تاك ده‌كه‌ن كه ئامرازێكه بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵ، سه‌ركرده، یاخود خوداوه‌ند. مێژووی دێرینی ئه‌و جۆره بیرانه هه‌زاران و ملیۆنان كه‌سیان راپێچی مه‌رگ كردوه له‌ژێر ناوی "چاكه‌ی گه‌وره" و "سه‌روه‌ری گه‌ل" و "خودا" و "سه‌رۆك" و چه‌ندین گوزارشتی له‌م جۆره كه سه‌رجه‌میان له ئه‌نجامدا به زیانی تاكه‌كه‌س و مرۆڤایه‌تی شكاونه‌ته‌وه.له‌م روانگانه‌وه، هیوادارین ئه‌م په‌رتوكه (ئه‌و په‌رتوكانه‌ی له داهاتوودا بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه) ببێته هه‌وێنی داڕشتن و پته‌وكردنی پێگه‌ی تاكه‌كه‌س و چه‌سپاندنی پێگه‌كانی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نی به‌رمه‌بنای یاسا و لێبورده‌یی و په‌سه‌ندكردنی جیاوازی كه هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه بنه‌مای پته‌وی ئازادی و سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانی.پێشواز سه‌عدوڵڵا فهیزوڵڵاچرای ئازادیواشینتۆنی پایته‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئهمهریكابهشی یه‌كه‌م
ره‌گوڕیشه‌ی ليبرالَيزم
به مانایه‌ك له ماناكان هه‌میشه و هه‌رده‌م دوو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هه‌بوون: ئازادیی و ده‌سه‌ڵات. یان ئه‌وه‌تا خه‌ڵكی ده‌بێت ئازاد بن له ژیاندا به‌و شێوه‌یه‌ی که گونجاوه بۆیان، به‌مه‌رجێک ڕێزی مافگه‌لی یه‌کسانی به‌رانبه‌ر بگرن، یان ئه‌وه‌تا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک هێز به‌کار ده‌هێنن بۆ ناچارکردنی به‌رانبه‌ر تا به‌شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بکات که خۆی هه‌ڵینه‌بژاردوه. بێگومان جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه که فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه سه‌رنجڕاکێشتر بووه لای ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان. فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵات به چه‌ندین ناو ناسراوه، بۆ نمونه وه‌کو قه‌یسه‌ریه‌ت، ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی رۆژهه‌ڵاتی، تیۆکراسی، سۆسیالیزم، فاشیزم، کۆمیونیزم، پاشایه‌تی،ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی. گوتاری هه‌ر یه‌کێک له‌م سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتانه هێنده جیاواز خۆی نواندووه که لێکچوونی سه‌ره‌کی نێوانیان ده‌شارێته‌وه. فه‌لسه‌فه‌ی ئازادییش به هه‌مان شێوه به چه‌ندین ناوی جیاواز ناسراوه، به‌ڵام داکۆکیکارانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه هه‌میشه رێچهکهیهکی هاوبه‌شیان هه‌بووه بۆ ڕێزگرتنی تاكه‌كه‌س و متمانه‌كردن به‌وه‌ی كه خه‌ڵکی ئاسایی له توانایاندایه بڕیاری ژیرانه بده‌ن سه‌باره‌ت به ژیانی خۆیان، هه‌روه‌ها رێچهکهیهکی هاوبه‌شیشیان هه‌بووه له به‌رهه‌ڵستیکردنی ئه‌وانه‌ی که توندوتیژیی به‌کارده‌هێنن بۆ گه‌یشتن به خواسته‌کانیان.
ده‌شێت یه‌که‌مین لیبراڵی ناسراو "لاو تسه"ـی فه‌یله‌سوفی چینی بێت، که له ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین‌دا ژیاوه و زیاتر وه‌ک نووسه‌ری په‌رتوكی "تاو تی چینگ" ناسراوه. لاو تسه ڕێمنایی داوه که "به‌بێ یاسا یان ناچارکردن، مرۆڤه‌كان به هاوسازی ده‌ژین." زۆرینه‌ی ناوه‌ڕۆکی په‌رتوكی تاو سیاسی نیه، به‌ڵکو بریتییه له وتارێکی کلاسیکی سه‌باره‌ت به ئارامی روحانی که وابه‌سته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژهه‌ڵاتییه. ئه‌م په‌رتوكه به‌لای زۆرێك له ئه‌مه‌ریکاییه‌کانه‌وه که رۆچوونه‌ته نێو له‌خۆڕازیبوون و تاکگه‌رایی رۆژئاواوه، ره‌نگه وا ده‌ربكه‌وێت که داکۆکی هێجگار زۆر له ناكاراییبوون و په‌سه‌ندكردن ده‌کات له ڕووی به‌ربه‌سته‌کاندا. بێگومان، لاو تسه باوه‌ڕی وابوو که په‌سه‌ندكردنی هێمنانه‌ی له‌م چه‌شنه تاکه ڕێگایه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاستێک له ئارامی شه‌خسی و ئازادیی له سایه‌ی سیسته‌می تۆتالیتاری گشتگیری چینی دێریندا.
به‌ده‌ر له نمونه‌ی لاو تسه، له‌ڕاستیدا لیبراڵییه‌ت له ڕۆژئاوا سه‌ری هه‌ڵداوه. ئایا ئه‌مه وای لێده‌کات ببێته بیرێکی ته‌واو ڕۆژئاوایی؟ من باوه‌ڕ ناکه‌م وابێت. پره‌نسیپه‌کانی ئازادیی و مافه تاکهکهسیهكان خه‌سڵه‌تی گه‌ردونییان هه‌یه، هه‌روه‌کو چۆن پره‌نسیپه‌کانی زانست گه‌ردونین، هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپه زانستییانه له ڕۆژئاوادا كراون.
سه‌رده‌می پێش مێژووی لیبراڵییه‌ت
هه‌ردوو هێڵی سه‌ره‌کی بیری ڕۆژئاوایی، که بنچینه‌که‌ی یۆنانی و جودیۆ-کریستیانییه، به‌شدارییان کردووه له په‌ره‌پێدانی ئازادییدا. به‌پێی "ئینجیلی كۆن/کتێبی پیرۆزی کۆن The Old Testament" خه‌ڵکی ئیسرائیل به‌بێ پاشا یان به‌بێ ده‌سه‌ڵاتێکی ملپێكهچكهر ژیاون و خۆیان حوکمڕانی خۆیان کردووه نه‌ک له‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ی وابه‌سته‌بوونی هاوبه‌ش و وه‌لائیانه‌وه بۆ خودا. پاشان، هه‌روه‌کو له یه‌که‌م ئینجیلی "ساموێل"ـدا تۆمار کراوه، جوله‌که‌کان چوون بۆ لای ساموێل و پێیان گوتووه "پادشایهکمان بۆ دروست بکه تا حوکممان بکات وه‌کو هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه." به‌ڵام کاتێک ساموێل سه‌باره‌ت به داواکه‌یان نوێژی بۆ خودا کرد، خودا گوتی:
ڕه‌فتاری ئه‌و پادشایه‌ی که حوکم به‌سه‌ر ئێوه‌دا ده‌کات به‌م شێوه‌یه ده‌بێت: پادشا کوڕه‌کانتان بۆ گالیسکه‌کانی جه‌نگ ده‌بات و کچه‌کانتان ده‌بات تا ببنه چێشتلێنه‌ر. هه‌روه‌ها کێڵگه‌کانتان و باخی زهیتونهکانتان ده‌بات و ده‌یدات به خزمه‌تکاره‌کانی خۆی. هه‌روه‌ها یه‌ك له ده‌ی تۆ‌و و ره‌زو و مه‌ڕه‌کانتان ده‌بات. ئێوه‌ش ده‌بنه خزمه‌تکاری ئه‌و. ئه‌وكات ئێوه له‌و ڕۆژه‌دا هاوار ده‌که‌ن له ده‌ست پادشاکهتان که خۆتان هه‌ڵتانبژاردووه و خودا‌ش گوێ له ئێوه ناگرێت له‌و ڕۆژه‌دا.
هه‌رچه‌نده گه‌لی ئیسرائیل ئه‌و هۆشدارییه ترسناکه‌یان فه‌رامۆشکرد و پادشایه‌تیان خولقاند. ئه‌م به‌سه‌رهاته وهبیرخهرهوهیهكی به‌رده‌وامه که ره‌چه‌ڵه‌كی ده‌وڵه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ک له ئیلهامێکی ئیلاهیه‌وه نه‌هاتوه. هۆشداریی خودا نه‌ک هه‌ر له ئیسرائیلی کۆندا به‌ڵکو ئه‌و هۆشدارییه له سه‌رده‌می هاوچه‌رخیشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. "تۆماس په‌ین" له "کۆمۆن سێنس Common Sense"ـدا وه‌بیری ئهمهریکاییهكانی ده‌هێنێته‌وه که "بوونی چه‌ند پادشایه‌کی باش"، له ماوه‌ی 3000 ساڵدا له سه‌رده‌می ساموێلهوه تا ئێستا، نه‌یانتوانیوه "گوناهبارییه بنچینه‌ییه‌که"ـی پادشایه‌تی بسڕنه‌وه. مێژوونووسی مه‌زنی ئازادیی "لۆرد ئاکتۆن" زۆر سه‌رپێیانه ئاماژه‌ی داوه به "ناڕه‌زاییه گرنگه‌که‌ی" ساموێل، به‌و گریمانه‌یه‌ی که هه‌موو خوێنه‌ره به‌ریتانیاییه‌کان له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئاشنای ئه‌و به‌سه‌رهاته بوون.
هه‌رچه‌نده ئه‌وان پادشایان خسته‌سه‌ر عه‌رش، به‌ڵام پێده‌چێت جوله‌که‌کان یه‌که‌مین میلله‌ت بووبن كه پهرهیاندابێت به ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که پادشا پاشكۆی یاسایه‌کی باڵاتره. له شارستانێتییه‌کانی دیکه‌دا، پادشا خۆی یاسا بووه، به‌شیوه‌یه‌كی گشتی له‌به‌رئه‌وه‌ی پادشا وه‌ك بونهوهێكی ئیلاهی ته‌ماشاكراوه. به‌ڵام جوله‌که‌کان به فیرعه‌ونی میسر و به پادشاکانی خۆشیان گوتووه که پادشا هه‌ر پیاوه و هه‌موو پیاوێکیش به یاسای خودا حوكم ده‌درێت.
یاسای سروشتی
چه‌مکی یاسای باڵاتر به‌هه‌مان شێوه له یۆنانی کۆندا په‌ره‌یسه‌ندوه. "سۆفۆکلیس"ـی شانۆنووس له سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین‌دا باسی به‌سه‌رهاتی "ئه‌نتیگۆن" ده‌کات، که "پۆلینسیس"ـی برای په‌لاماری شاری "تێبهس" ده‌دات و له شه‌ڕدا ده‌کوژرێت. به‌هۆی خیانهتهكهیهوه، "کریۆن"ـی فه‌رمانڕه‌وای سته‌مكار فه‌رمانده‌دات که لاشه‌كه‌ی به‌بێ ناشتن و به‌بێ ماته‌م له ده‌ره‌وه‌ی ده‌روازی شار جێبهێڵرێت تاوه‌كو بۆگه‌ن بکات. "ئه‌نتیگۆن"ـی خوشکی پۆلینسیس بێگوێی کریۆن ده‌کات و براکه‌ی ده‌نێژێت. کاتێک ده‌یهێننه به‌رده‌م کریۆن، ئه‌نتیگۆن ده‌ڵێت "یاسایه‌ك كه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه داڕێژرابێت، ته‌نانه‌ت خودی پادشاش، ناتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر "یاسا کۆن و ناکۆتاکانی خوداوه‌نده‌كان"ـدا، كه هێنده له‌مێژه بوونیان هه‌یه که‌س ته‌مه‌نیان نازانێت."
بیرۆکه‌ی یاسایه‌ک که ته‌نانه‌ت فهرمانڕهوایانیشی پێحوکمبدرێن، به‌درێژایی شارستانیه‌تی ئه‌وروپایی گه‌شه‌ی کردووه و ماوه‌ته‌وه. بیرۆکه‌که له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوفه "ستۆیکه‌کان"(رواقیهکان)ـه‌وه له جیهانی رۆمانیدا په‌ره‌ی پێدراوه، که گوتوویانه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وا بریتیش بێت له سه‌رجه‌م خه‌ڵک، هێشتاش ده‌بێت ته‌نها ئه‌وه ئه‌نجام بدات که دادوه‌رانه‌یه به‌پێی یاسای سروشتی. خۆڕاگریی هێزی ئه‌م بیرۆکه ستۆیکیه له ڕۆژئاوادا به‌هۆی ڕووداوێکی خۆشه‌وه بووه: ڕووداوه‌که‌ش تایبه‌ته به "سیسه‌رۆ"ی پارێزه‌ری ستۆیکییان كه وه‌ك مه‌زنترین نوسه‌ری په‌خشانی لاتینی ته‌ماشاكراوه، له‌به‌ر ئه‌وه وتاره‌كانی بۆ چه‌ندین سه‌ده له‌لایه‌ن ئه‌وروپاییه خوێنهوارهكانهوه خوێندراوه‌ته‌وه.
به ماوه‌یه‌کی کورت پاش سه‌رده‌می سیسه‌رۆ، له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌کی به‌ناوبانگدا، پرسیار له عیسا ده‌کرێت داخۆ ده‌بێت دواکه‌وتووه‌کانی باج بده‌ن. عیسا له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "ئه‌و شتانه‌ی هی قه‌یسه‌رن جێیهێڵن بۆ قه‌یسه‌ر و ئه‌وانه‌شی که هی خودان جێیهێڵن بۆ خودا" (به‌واتای: نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب.و). به‌م شێوه‌یه‌ش، عیسا جیهانی دابه‌شکرد بۆ دوو بوار و به‌مه‌شی ئه‌و خاڵه‌ی ڕوونکرده‌وه که هه‌موو ژیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا نییه. ئه‌م بیرۆکه بنه‌ڕه‌تییه له ئایینی مه‌سیحییه‌تی ڕۆژئاواییدا چه‌سپا، هه‌رچه‌نده له کڵێسا‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییدا نه‌چه‌سپی، که به‌ته‌واوی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا بووه و هیچ بوارێکی له کۆمه‌ڵدا نه‌هێشتۆته‌وه که تێیدا سه‌رچاوه جێگره‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات بتوانن گه‌شه بکه‌ن.
فره‌یی (پلورالیزم)
سه‌ربه‌خۆیی کڵێسا‌ی ڕۆژئاوایی، که دواتر به کاسۆلیکی رۆمانی ناسرا، به‌و مانایه‌ی كه له سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپادا دوو دامه‌زراوه‌ی به‌هێز تێکۆشاون بۆ ده‌سه‌ڵات. نه ده‌وڵه‌ت و نه كڵێسا ئه‌و دۆخه‌یان پێخۆشنهبوه، به‌ڵام دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵاتیان بواری هه‌ناسه‌دانی ره‌خساندوه بۆ تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تا گه‌شه بکه‌ن. پاپاکان و ئیمپراتۆره‌کان زۆرجار هێرشیان كردۆته سه‌ر که‌سایه‌تی یه‌کتر، که بۆته هۆی که‌مبوونه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی هه‌ردووکیان. دوباره، ئه‌م ناکۆکییه‌ی نێوان کڵێسا و ده‌وڵه‌ت به‌ڕاستی ناوازه بووه له جیهاندا، که ڕوونی ده‌کاته‌وه بۆچی پره‌نسیپه‌کانی ئازادیی یه‌که‌مجار له ڕۆژئاوادا دۆزراونه‌ته‌وه.
له سه‌ده‌ی چواره‌مدا، ئیمپراتۆر "تیۆدۆسیوس" فه‌رمانی دا به قه‌دیس "ئه‌مبرۆس"، که قه‌شه‌ی شاری میلان بوو، تا کاتدرائیهکهی راده‌ستی ئیمپراتۆر بكات. ئه‌مبرۆس به‌رپه‌رچی ئیمپراتۆری دایه‌وه و ووتی "نه بۆ ئێمه یاساییه واز له کڵێسا بهێنین، نه بۆ خاوه‌ن شکۆشتان یاساییه بیگرنه ده‌ست. به هیچ یاسایه‌ک، نا‌توانیت ماڵی تاقه پیاوێك پێشێل بکه‌یت. ئایا پێتان وایه ده‌کرێت ماڵی خودا داگیربكرێت؟ بڕوا وایه كه هه‌موو شته‌کان یاسایین بۆ ئیمپراتۆر و هه‌موو شته‌کان موڵکی ئه‌ون، به‌ڵام ویژدانی خۆت ناڕه‌حه‌ت مه‌که به‌و بیرۆکه‌یه‌ی که وه‌ک ئیمپراتۆر مافت هه‌بێت به‌سه‌ر شته پیرۆزه‌کانه‌وه. شانازی به‌خۆته‌وه مه‌که، به‌ڵام گه‌ر ته‌مه‌نی قهڵهمڕهویت زیاتر بوو، ئه‌وا بگه‌ڕێره‌وه بۆلای خودا. وه‌ک ئه‌وه‌ی نووسراوه، ئه‌وه‌ی موڵکی خوادیه بۆ خوادیه و ئه‌وه‌ی موڵکی قه‌یسه‌ره بۆ قه‌یسه‌ره". ئیمپراتۆر ناچاركرا بڕوات بۆ کڵێساکه‌ی ئه‌مبرۆس و داوای لێبووردن بکات بۆ خراپه‌کارییه‌که‌ی.
چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک دواتر، ناکۆکییه‌کی هاوشێوه له ئینگلستان ڕوویدا. سه‌رۆک قه‌شه‌ی کانتهربهری "تۆماس بێکت" داکۆکی له مافه‌کانی کڵێسا کرد له دژی ده‌ست بهسهرداگرتنهکانی پادشا "هێنری دووه‌م". هێنری به‌ئاشکرا حه‌زی کرد رزگاری ببێت له‌م "قه‌شه خۆهه‌ڵقورتێنه"، که له ده‌رئه‌نجامدا چوار سواره به‌رێکه‌وتن بۆ کوشتنی بێکت. له ماوه‌ی چوار ساڵدا، بێکت کرا به پیر و پادشا هێنریش ناچاركرا به پێی په‌تی به‌ناو به‌فردا بڕوات بۆ کڵێساکه‌ی بێکت وه‌ک سزایه‌ک بۆ تاوانه‌که‌ی و پاشگه‌زبوونه‌وه له داواکانی له‌سه‌ر کڵێسا.
ناکۆکی نێوان کڵێسا و ده‌وڵه‌ت، که به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌هادا، بووه مایه‌ی خولقاندنی بوار بۆ گه‌شه‌کردنی دامه‌زراوه خودموختارهكان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کڵێسا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های نه‌بوو، بیروبۆچوونی ئایینی نه‌یار توانی سه‌ر هه‌ڵبدات. بازاڕ و کۆمه‌ڵه‌کان، په‌یوه‌ندییه بهسوێندوابهستهكان، پیشه‌کان، زانکۆکان و شاره دهستوردارهکان هه‌موو به‌شداریانكرد له گه‌شه‌پێدانی فره‌یی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا.
لێبوورده‌یی ئایینی (تۆله‌ره‌نس)
زۆرجار لیبراڵییه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیی ئابوری ته‌ماشاده‌كرێت، به‌ڵام رهگوڕیشه راسته‌قینه مێژووییه‌که‌ی لیبراڵییه‌ت زیاتر له خهباتکردنیدایه بۆ لێبوورده‌یی ئایینی. مه‌سیحییه سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌ستیانکرد به په‌ره‌پێدانی بیردۆزگه‌لی لێبوورده‌یی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی رۆم ئه‌نجامی ده‌دا له دژیان. "تێرتولیان"ـی قهرتاجهیی، که به "باوکی تیۆلۆژیای (ئایینناسی) لاتینی" ناسراوه، یه‌کێک بوو له مه‌سیحییه هه‌ر پێشینه‌كان له‌م بواره‌دا، له ده‌وروبه‌ری ساڵی 200 زایینی‌دا نووسیویه‌تی:
مافێکی سه‌ره‌كی مرۆییه و ئیمتیازێکی سروشته که ده‌بێت هه‌موو پیاوێک (مرۆڤێک) به‌پێی خودی باوه‌ڕه‌کانی خۆی خوداپه‌رستی بکات. ئایینی پیاوێک نه ئازار و نه كۆمه‌كی بۆ ئاینی پیاوێکی دیکه نابێت. به‌دڵنیاییه‌وه، سه‌پاندنی ئایین به‌شێک نییه له ئایین، ده‌بێت ویستی ئازاد به‌ره‌و ئایینمان ببات نه‌وه‌ك هێز.
لێره‌وه بنه‌مای داكۆكی له ئازادی دارێژراوه به‌پێی مافی بنه‌ڕه‌تی یان سروشتی.
گه‌شه‌ی بازرگانی و راڤه‌كردنی ئایینی هه‌مه‌چه‌شن و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌و مانایه‌ی كه له نێو هه‌ر جڤاكێكدا سه‌رچاوه‌گه‌لی زیاتری کاریگه‌ر هه‌بوون، و فره‌ییش بوو به مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی پێداگری بۆ سنووردارکردنی فه‌رمیانه‌ی حکومه‌ت. له ده‌یه‌یه‌کی به‌رچاودا، هه‌نگاوگه‌لی گه‌وره نران به‌ره‌و حکومه‌تی سنووردار و نوێنه‌رایه‌تی له سێ به‌شی به‌رفراوانی لێکترازاوی ئه‌وروپادا. به‌ناوبانگترینیان، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه به‌لای ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه ، له ساڵی 1215 له ئینگلستان ڕوویدا، کاتێک بارۆنه‌کان له ناوچه‌ی "رهنیمێد" ڕووبه‌ڕووی پادشا "جۆن" بوونه‌وه و ناچاریان کرد جاڕنامه‌ی ماگنا کارتا یان په‌یمانی مه‌زن واژۆ بکات. ماگنا کارتا هه‌موو پیاوێکی (مرۆڤێک)ی ئازادی پاراست له دژی ده‌ستێوه‌ردانی نایاسایی بۆ سه‌ر که‌سێتی و سه‌روماڵی و دادپه‌روه‌ریشی دابینکرد بۆ هه‌موو که‌سێک. توانای پادشای بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهات سنووردار كرد، کڵێسا راده‌یه‌ك له ئازادیی پێبه‌خشرا و ئازادیی ناوچه‌کانیش سه‌پێندران.
له هه‌مانکاتدا، له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1220 دا، شاری ماگدبێرگ له ئه‌ڵمانیا په‌ره‌یدا به کۆمه‌ڵێک یاسای شاریی، که جه‌ختیان له‌سه‌ر ئازادیی و خود-حوکمڕانی ده‌كرده‌وه. یاسای ماگدبێرگ هێنده ڕێزی لێده‌گیرا، که سه‌دان له‌و شارانه‌ی تازه دروست ده‌کران له سه‌رتاسه‌ری ناوه‌ندی ئه‌وروپادا، په‌یڕه‌ویان کرد و پرسه یاساییه‌کانی هه‌ندێک له شاره‌کانی ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپاش برانه به‌رده‌م دادوه‌ره‌کانی شاری ماگدبێرگ.
دواجار له ساڵی 1222، كهمترخانهدانهكانی هه‌نگاریا، که ئه‌و كات به‌شێك بوو له پێكهاته‌ی ئه‌وروپا، شا "ئه‌ندروی دووه‌م"ـیان ناچارکرد تا به‌ڵێننامه‌ی "گۆڵدن بوڵ the Golden Bull" واژۆ بکات، که كهمترخانهدانهكان و پیاوانی ئایینی له باجدان به‌خشی، ئازادیی پێدان زه‌ویه‌كانی خۆیان به‌و شێوه‌یه به‌کاربه‌رن که به‌لای خۆیانه‌وه شیاوبوو، هه‌روه‌ها له به‌ندکردنی هه‌ڕه‌مه‌کیانه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵكه‌كانیان پاراستنی، کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی بۆ دابینکردن تاوه‌كو به‌هۆیه‌وه سکاڵا بکه‌ن و ته‌نانه‌ت مافی " یوس ریزیستێندی the Jus Resisitendi" یشی پێ دان، که بریتی بوو له مافی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پادشا گه‌ر پادشا هێرشی بکرادیهته سه‌ر ئازادییه‌کان و ئیمتیازه‌کانی نێو "گۆڵدن بوڵ".
پره‌نسیپه‌کانی نێو ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه له لیبراڵییهتهوه دوور بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانیش زۆرێك خه‌ڵکیان بهدهرکردبوو له زه‌مانه‌ته‌كانی ئازادییه‌کانیان و هه‌ردوو به‌ڵگه‌نامه‌ی ماگنا کارتا و گۆڵدن بوڵ به ئاشکرا هه‌ڵاوێردیان له دژی جوله‌که‌کان کردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مانه بریتین له ده‌ستكه‌وتی دیار له رێڕه‌و به‌ره‌و ئازادی و حکومه‌تی سنووردار و فراوانکردنی چه‌مکی مرۆڤبوون تا هه‌موو که‌سێک بگرێته‌وه. ئه‌وه‌شیان ده‌رخست كه خه‌ڵک له سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپادا بیریان له چه‌مکه‌کانی ئازادیی ده‌کرده‌وه، هه‌روه‌ها چین گه‌لێکیان له خه‌ڵک دروستکرد که زۆر سه‌رسه‌ختانه داكۆكیان له ئازادییه‌کانی خۆیان ده‌كرد.
دواتر له سه‌ده‌ی سیانزده‌هه‌مدا، پیر "تۆماس ئه‌کواینه‌س"، که ده‌شێت مه‌زنترین ئاینناسی کاسۆلیکی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان بێت، و فه‌یله‌سوفانی دیکه ئارگیومێنتێكی تیۆلۆژیانهیان په‌ره‌پێدا بۆ سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵاتی شاهانه. ئه‌کواینه‌س نووسیوه‌تی:
ئه‌و پادشایه‌ی دڵسۆزنیه به‌رامبه‌ر به ئه‌رکی خۆی، ئه‌وام مافی گوێڕایهڵیخوازی له‌ده‌ستده‌دات . لهعهرشخستنی به مانای یاخیبوون نایه‌ت، چونکه ئه‌و خۆی که‌سێکی یاخییه که گه‌ل ئه‌و مافه‌ی هه‌یه لای ببات، به‌ڵام چاکتره ده‌سه‌ڵاتی که‌مبکرێته‌وه تاوه‌کو نه‌توانێت به‌خراپی به‌کاری بهێنێت.
به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌سه‌ڵاتی تیۆلۆژیانه بوو به‌پشتیوانی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که ده‌کرێت سته‌مكاران لهحوكمبخرێن. قه‌شه‌ی ئینگلیزی "جۆن خه‌ڵکی سالیسبیوری"، که ئاگاداری کوشتنی بێکت بوو له سه‌ده‌ی دوانزدهههمدا، و "رۆجه‌ر به‌یکن"، که زانایه‌كی سه‌ده‌ی سیانزده‌هه‌م بوو (که لۆرد "ئاکتۆن" به دیارترین نووسه‌ری ئینگلیزی سه‌رده‌می خۆی داده‌نێت)، ته‌نانه‌ت داکۆکی‌یان له مافی کوشتنی سته‌مكاریش کردووه، که ئه‌مه ئارگیومێنتێكه له هیچ شوێنیکی دیکه‌ی جیهاندا به‌خه‌یاڵدا نه‌هاتوه.
زانای سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌م "فرانسیسکۆ دی ڤیتۆریا" رێبه‌رایه‌تی بیرمه‌نده سكۆلاستیكه ئیسپانیاییهکانی کرد، که هه‌ندێکجار به قوتابخانه‌ی سالامانکه ناسراوه، كه راڤه‌كردنه‌كانی بۆ ئاینناسی و یاسای سروشتی و ئابوریناسی له‌سه‌ر بنه‌مای کاره‌کانی ئهکوهینهس به‌ندبوون و ئه‌و پێشبینی زۆربه‌ی ئه‌و تێزانه‌ی کردبوو که دواتر له کاره‌کانی "ئاده‌م سمیس" و قوتابخانه‌ی نه‌مساییدا درکیان پێکرا. له پێگه‌ی خۆی له زانکۆی سالامانکه، ڤیتۆریا، له ڕووی تاکگه‌رایی و مافگه‌لی سروشتییه‌وه، کۆیله‌کردنی هیندییه‌کانی مهحكومکرد كه له جیهانی نوێ‌دا له‌لایه‌ن ئیسپانیاوه ئه‌نجام ده‌درا و ووتی "هه‌موو هیندیه‌ک مرۆڤه و به‌مشێوه‌یه‌ش ده‌توانێت وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی دیکه پاداشتی به‌هه‌شت یان سزای دۆزه‌خ به‌ده‌ست بهێنێت. . . . به ئه‌ندازه‌ی مرۆڤبوونی، هه‌موو هیندیه‌ک ئیراده‌ی ئازادی هه‌یه و له ئه‌نجامدا خۆی سه‌روه‌ری كرده‌وه‌كانی خۆیه‌تی . . . . هه‌موو مرۆڤێک مافی ژیان و مافی سه‌لامه‌تی فیزیکی و عه‌قڵی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه". ڤیتۆریا و هاوکاره‌کانی بره‌ویان دا به پێڕه‌وی یاسای سروشتی له بواره‌کانی وه‌ک موڵکی تایبه‌تی، قازانج، سود و باج سه‌ندن. کاره‌کانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر "هۆگۆ گرۆتیوس" و "ساموێل پوفێندۆرف" و له ڕێگه‌ی ئه‌مانیشه‌وه له‌سه‌ر "ئاده‌م سمیس" و هاوکاره سکۆتله‌ندییه‌کانی دانا.
بهرمێژوویی لیبراڵییه‌ت له‌سه‌رده‌می ڕێنێسانس و ریفۆرمی پرۆتستانیدا ده‌گاته لوتکه. زۆرجار سه‌رله‌نوێ دۆزینه‌وه‌ی زانینی کلاسیکی و هیومانیزم، که ببوونه سیمای سه‌رده‌می ڕێنێسانس، به سه‌رهه‌ڵدانی جیهانی هاوچه‌رخ داده‌نرێن له‌پاش سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست. "ئا‌یان راند"، به راستگۆییه ئاشکرا سروشتیه‌که‌ی خۆی، یه‌ك روانگه‌ی ڕێنێسانسی کورتکردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که بیری ته‌رزه عه‌قڵانی و تاکگه‌رایی و عیلمانیهتیهكهی لیبراڵییه‌ته، و نووسیویه‌تی "سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست سه‌رده‌می ته‌سه‌وف بوون، که باوه‌ڕ و گوێڕایه‌ڵی کوێرانه بۆ ئه‌و دۆگمایه حوکمی ده‌كردن كه پێیوابوو باوه‌ڕ له عه‌قڵ باڵاتره. سه‌رده‌می ڕێنێسانس به‌تایبه‌تی بریتی بوو له له‌دایکبوونه‌وه‌ی عه‌قڵ، له ئازادكردنی بیری مرۆڤ، سه‌رکه‌وتنی عه‌قڵانییه‌ت به‌سه‌ر ته‌سه‌وفدا– سه‌رکه‌وتنێکی شلۆقی ناکامڵ، به‌ڵام گه‌رموگوڕ که بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی زانست و سه‌رهه‌ڵدانی تاکگه‌رایی و سه‌رهه‌ڵدانی ئازادیی." له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، "راڵف رایکۆ"ی مێژووناس گوتویه‌تی، که ده‌شێت زیاده‌ڕۆیی له به‌های سه‌رده‌می ڕێنیسانس بکرێت وه‌ک بابه‌گه‌وره‌ی لیبراڵییه‌ت؛ دهستورگهلی مافه‌کان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا زه‌مینه‌یه‌کی مسۆگه‌رتری فه‌راهه‌م کردبوو بۆ ئازادیی له‌چاو تاکگه‌رایی پرۆمیسۆسانهی ڕێنێسانسدا. یه‌كێك له به‌شدارییه مه‌زنه‌كانی ڕێنێسانس بۆ هه‌ڵوێستی لیبراڵیانه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات بریتی بوو له کاره‌که‌ی "مێکیاڤیلی". مێکیاڤیلی پیاوی ده‌وڵه‌ت و زانای سیاسی ئیتالیایی بوو، که راستیی سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت درکاندوه و ووتویه‌تی "سیاسه‌ت ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاته و سیاسه‌تمه‌دارانیش وه‌ک ستراتیژێک باس له دادپه‌روه‌ریی ده‌که‌ن تا ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بپارێزن". ئه‌م گاڵتهئامیزیه ته‌ندروسته سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، بیرۆکه‌یه‌که له زۆربه‌ی بیری سیاسی ئیتالیاییدا ده‌بینرێت تا ده‌گاته زاناكانی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، بۆ نمونه وه‌کو "گایتانۆ مۆسکا" و "ڤیلفریدۆ پاریتۆ".
ریفۆرمی پرۆتستانی زیاتر بووه هۆی په‌ره‌پێدانی بیرۆکه لیبراڵییه‌کان. ریفۆرمیسته پرۆتستانه‌کانی وه‌کو "مارتن لوسه‌ر" و "جۆن کالڤن" به هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکانێکی لیبراڵ نه‌بوون، به‌ڵام به شکاندنی پاوه‌نخوازیی کڵێسا‌ی کاسۆلیکی، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی نه‌ویستانه هانی بڵاوبونه‌وه‌ی مه‌زهه‌به پرۆتستانییهکانیان دا، که هه‌ندێکیان، بۆ نمونه وه‌کو کوهیكهر و باپتیسته‌کان، به‌کرده‌وه بیری لیبراڵی‌یان په‌روه‌رده کرد. پاش جه‌نگی ئایینه‌کان، خه‌ڵک ده‌ستیان کرد به گومانکردن له‌و بیرۆکه‌یه‌ی که ده‌بوایه کۆمه‌ڵگا ته‌نها یه‌ک ئایینی هه‌بێت. بڕواوابوو که به‌بێ تاکه ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی و ئه‌خلاقی، کۆمه‌ڵگا زیادبوونێکی ناکۆتا له پابه‌ندبوونی ئه‌خلاقی به‌خۆوه ده‌بینێت و به کرده‌وه پارچه پارچه ده‌بێت. ئه‌م بیرۆکه هێجگار کۆنه‌پارێزه خاوه‌نی مێژوویه‌کی درێژه؛ به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌فڵاتون كه سوربوو له‌سه‌ر ڕێکخستنی ته‌نانه‌ت موزیکیش له کۆمه‌ڵگایه‌کی نمونه‌ییدا.
ئه‌م بیرۆکه‌یه له سه‌رده‌می خۆشمان‌دا له‌لایه‌ن نووسه‌ری سۆسیالیستی "رۆبه‌رت هێیلبرۆنه‌ر" گوزارشتی لێکراوه، که ده‌ڵێت سۆسیالیزم پێویستی به "ئامانجێکی ئه‌خلاقی به‌کۆمه‌ڵ هه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی ویستراو په‌سه‌ند کرابێت" که "هه‌موو ده‌نگێکی ناڕازی ده‌بێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ری." هه‌روه‌ها ده‌شکرێت له ترس و نیگه‌رانی خه‌ڵكی ناوچه‌ی "کاتلێت" له ویلایه‌تی ڤێرجینیا (له ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا) هه‌ستی پێ بکرێت، که نیگه‌رانی خۆیان به رۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست " راگه‌یاندبوو کاتێک په‌رستگایه‌کی بودایی له شاره بچوکهکهیاندا دروستکرا. خه‌ڵكه‌كه به رۆژنامه‌كه‌یان وتبوو "ئێمه باوه‌ڕمان به یه‌ک خودای راسته‌قینه هه‌یه و پێمان وایه ئێمه ترساین له ئایینێکی ساخته‌ی وه‌کو ئه‌مه، که ده‌شێت کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر منداڵه‌کانمان."
خۆشبه‌ختانه، پاش سه‌رده‌می ریفۆرمی پرۆتستانی، زۆربه‌ی خه‌ڵک تێبینیان کرد که کۆمه‌ڵگا پارچه پارچه نه‌بوو له ئه‌نجامی جیاوازی ئاینی و تێڕوانینی ئه‌خلاقیه‌وه.
وه‌ڵامێك بۆ ره‌هاگه‌رایی
له کۆتایی سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌مدا، کڵێسا که گه‌نده‌ڵیی خۆی و ریفۆرم لاوازیان کردبوو، پێویستی زیاتری به پشتیوانی ده‌وڵه‌ت هه‌بوو له‌چاو پێویستی ده‌وڵه‌ت بۆ پشتیوانی کڵێسا. لاوازی کڵێسا بووه هۆی دروستبوونی ده‌رفه‌ت بۆ هاتنه کایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایی شاهانه و به تایبه‌تی ئه‌م دیارده‌یه له سه‌رده‌می حوکمڕانێتی پادشا "لویسی چوارده‌هه‌م" له فه‌ره‌نسا و خانه‌واده‌ی پادشاکانی "ستیوارده‌کان" له ئینگلیستان بینرا. ده‌سه‌ڵاته شاهانه‌کان ده‌ستیان کرد به دامه‌زراندنی بیرۆکراسیه‌تی خۆیان، سه‌پاندنی باجی تازه، دامه‌زراندنی سوپای سازوئاماده و جڵه‌وكردنی زیاتر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. به سوود وه‌رگرتن له کاره‌که‌ی "کۆپه‌رنیکۆس"، که سه‌لماندی که هه‌ساره‌کان به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێنه‌وه. پادشا لویسی چوارده‌هه‌م خۆی به پادشای خۆر ناودێر کرد، چونکه ئه‌و ناوه‌ندی ژیان بوو له فه‌ره‌نسا و به ئاشكرا رایگه‌یاند "من ده‌وڵه‌تم". لویسی چوارده‌هه‌م مه‌زهه‌بی "پرۆتستانیزم"ی قه‌ده‌غه کرد و هه‌وڵیدا خۆی بکات به سه‌رگه‌وره‌ی کڵێسا‌ی کاسۆلیکی له فه‌ره‌نسا. له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌ودا، که نزیکه‌ی 70 ساڵی خایاند، هه‌رگیز داوای دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی نه‌كرد. کۆلبێرت که وه‌زیری دارایی پادشا لویسی چوارده‌هه‌م بوو، سیاسه‌تی "میرکانتیلیزم"ـی پیاده کرد، که له سایه‌یدا ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌ستا به سه‌رپه‌رشتیکردن و ڕێبه‌ریکردن و پلاندانان و نه‌خشه‌ڕێژی و چاودێریکردنی ئابوریی، وه‌ک کۆمه‌ککردنی دارایی پێویست، قه‌ده‌غه‌کردن، پێدانی پاوه‌نخوازیی، خۆماڵیکردن، دیاریكردنی موچه و نرخ و دڵنیابوون له چۆنایه‌تی.
له ئینگلیستان، خانه‌وادی پادشاکانی "ستیوارده‌کان"ـیش هه‌وڵیاندا حوکمی ره‌ها دابمه‌زرێنن. هه‌وڵیاندا یاسای کۆمۆن فه‌رامۆش بکه‌ن و باج زیاد بکه‌ن به‌بێ ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تیی – په‌رله‌مان- ئینگلیستان. به‌ڵام کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان له ئینگلیستان سه‌لماندیان که له هه‌موو کیشوه‌ری ئه‌وروپادا خۆڕاگرتر بوون و هه‌ڵمه‌تی ره‌هایی پادشاکانی ستیوارده‌کان له ماوه‌ی 40 ساڵی هاتنه سه‌ر ته‌ختی پادشا "جه‌یمسی یه‌که‌م"ـدا بچوک کرایه‌وه. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ره‌هایی به سه‌ربڕینی پادشا "چارلسی یه‌که‌م" ، که کوڕی پادشا جه‌یمس بوو، له ساڵی 1649 دا گه‌یشته لوتکه.
له‌هه‌مانکاتدا، له‌گه‌ڵ ریشه‌داكوتانی ره‌هاگه‌رایی له فه‌ره‌نسا و ئیسپانیا، هۆڵه‌ندا بووه بڵێسه‌ی لێبوورده‌یی ئایینی، ئازادیی بازرگانی و حکومه‌تی ناوه‌ندی سنووردار. پاش ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ندییه‌کان سه‌ربه‌خۆییان له ئیسپانیا به‌ده‌ستهێنا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا، فیدراڵییه‌تێکی ئازادی شار و پارێزگاکانیان دامه‌زراند. هۆڵه‌ندییه‌کان بوونه هێزی بازرگانی پێشه‌نگی سه‌رده‌م و هه‌روه‌ها بوونه لانه‌یه‌ک بۆ ئاواره‌کان که له ده‌ست چه‌وساندنه‌وه هه‌ڵهاتبوون. په‌رتوك و نامیلکه‌ی ئینگلیز و فه‌ره‌نساییه نه‌یاره‌كان جاروبار له شاره هۆڵه‌ندییه‌کاندا بڵاوده‌کرانه‌وه. "باروک سپینۆزا"ی فه‌یله‌سوف، که یه‌کێک بوو له‌و ئاوارانه‌ی که باوانی كه جوله‌كه بوون له ده‌ست زۆرداریی کاسۆلیکی پورتوگال هه‌ڵهاتبوون، به‌م شێوه‌یه باسی كاریگه‌ری دڵخۆشانه‌ی لێبوورده‌یی ئایینی و خۆشگوزه‌رانیی نێو ئه‌مستردامی کردووه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا:
شاری ئه‌مستردام، له خۆشگوزه‌رانیی مه‌زنی خۆی و پێزانینی هه‌موو خه‌ڵکه‌کانی دیکه‌دا، به‌روبومی ئازادیی ده‌چنێته‌وه. چونکه له‌م وڵاته‌دا که بوژاوهترینه و له‌م شاره‌دا که مه‌زنترینه، مرۆڤه‌کانی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان پێکه‌وه له گه‌وره‌ترین هاوسه‌نگیدا ده‌ژین و هیچ پرسیار ناکه‌ن پێش ئه‌وه‌ی متمانه‌ی موڵکه‌کانیان به هاوڵاتیه‌کی دیكه بسپێرن. ئایین و مه‌زهه‌بی هاوڵاتیه‌كی دیاریكراو هیچ گرنگیه‌كیان نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نابێت له‌به‌رده‌م دادوه‌ره‌کاندا له بردنه‌وه‌ی یان دۆڕاندنی کێشه‌یه‌کدا و هیچ مه‌زهه‌بێکیش هێنده بێزراو نییه که شوێنكه‌وتوانی، به مه‌رجێک ئازاری هیچ که‌سێک نه‌ده‌ن و ڕێزی هه‌موو که‌سێک بگرن و ژیانێکی راستگۆیانه بژین، بێبه‌ش بن له پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی.
نمونه‌ی هاوسه‌نگیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشکه‌وتنی ئابوری هۆڵه‌ندا بووه ئیلهام بۆ لیبراڵه پێشه‌نگه‌كانی ئینگلیستان و وڵاتانی دیکه.
شۆڕشی ئینگلیزی
به‌رهه‌ڵستکاریی ئینگلیزی بۆ ره‌هایی شاهانه بووه مایه‌ی خولقاندنی بڕێکی زۆر له هه‌ژاندنی رۆشنبیرانه و یه‌که‌مین بیرۆکه‌گه‌لی چالاک که به ئاشکرا لیبراڵی پێشه‌نگبوون له ئینگلیستانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا. دوباره، بیرۆکه‌گه‌لی لیبراڵی له ئه‌نجامی داكۆكیكردن له لێبوورده‌یی ئایینیه‌وه په‌ره‌یان سه‌ند. شاعیری گه‌وره "جۆن میڵتۆن" گوتاری "ئاریۆپاجیتیکا"ی بڵاوکرده‌وه له ساڵی 1644 دا، که ئارگیومێنتێكی به‌هێزبوو له پێناوی ئازادیی ئایین و دژی مۆڵه‌ت پێدانی ره‌سمی چاپ و بڵاوکراوه‌کان. به باسکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئازادیی و فه‌زیله، که مه‌سه‌له‌که‌یه تا ئه‌مڕۆش جێگه‌ی مشتومڕه له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکاییدا، میڵتۆن نووسیویه‌تی "ئازادیی باشترین قوتابخانه‌ی فه‌زیله‌ته." میڵتۆن گوتویه‌تی که فه‌زیله ته‌نها کاتێک راست و چاکه گه‌ر ئازادانه هه‌ڵ بژێردرابێت. سه‌باره‌ت به ئازادیی رادهبڕێن، میڵتۆن نووسیویه‌تی "كێ تا ئێستا بینیویه‌تی كه راستی له روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی كراوه و ئازاد‌دا خراپ به‌كار هێنرا بێت؟"
له ماوه‌ی چۆڵ بوونی ته‌ختی پاشایه‌تیدا، سه‌رده‌می پاش سه‌ربڕینی پادشا "چارلسی یه‌که‌م" و کاتێک ئینگلیستان له نێوان پادشاکان و له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی "ئۆلیڤه‌ر کرۆموێڵ"ـدا بوو، گفتوگۆیه‌کی روناکبیریانهی به‌رفراوان له ئارادا بوو. گروپێکی خه‌ڵک که به "لێڤڵهرز Levellers" ناسرابوون، ده‌ستیان کرد به بانگه‌وازکردنی کۆمه‌ڵه بیرۆکه‌یه‌کی پڕاوپڕ که دواتر به لیبراڵیزم ناسران. ئه‌وان پاراستنی ئازادیی ئایینی و مافه دێرینه‌كانی پیاوانی ئینگلیزیان خسته نێو سیاقێکی خود-خاوه‌ندارێتی و مافگه‌لی سروشتیه‌وه. له وتارێکی به‌ناوبانگدا به ناوی "تیرێک له دژی گشت سته‌مكاران"، "ڕیچارد ئۆڤه‌رتۆن"ی رابه‌ری گروپی لێڤڵهرز ووتی که هه‌موو تاکێک مافی "خود-موڵکداریی" هه‌یه؛ به مانایه‌کی دیکه هه‌موو که‌س خاوه‌نی خۆیه‌تی و به‌م شێوه‌یه‌ش مافی ژیان و ئازادیی و موڵکایه‌تییان هه‌یه. و وتی "هیچ پیاوێک ده‌سه‌ڵاتی نییه به‌سه‌ر ماف و ئازادییهکانمدا و منیش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌م به‌سه‌ر ماف و ئازادییه‌کانی هیچ پیاوێکدا نییه".
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و کۆششی گروپی لێڤڵهرز و ڕادیکاڵه‌کانی دیکه، بنه‌ماڵه‌ی ستیوارده‌کان له ساڵی 1660 له شێوه‌ی که‌سایه‌تی پادشا "چارلسی دووه‌م"ـدا، گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ته‌ختی پادشایه‌تی. چارلس په‌یمانیدا ڕێز له ئازادیی ویژدان و مافگه‌لی خاوه‌ن موڵکه‌کان بگرێت، به‌ڵام خۆی و براکه‌ی پادشا "جه‌یمسی دووه‌م" دوباره هه‌وڵیاندا ده‌سه‌ڵاتی شاهانه فراوان بکه‌ن. له "شۆڕشی شکۆمه‌ندانه"ی ساڵی 1688 دا، په‌رله‌مان تاجی پادشایه‌تی به‌خشییه "ویلیه‌م" و "ماری" که خه‌ڵکی هۆڵه‌ندا بوون (هه‌ردووکیان نه‌وه‌ی پادشا چارلسی یه‌که‌م بوون). پادشا ویلیه‌م و شاژن ماری ڕازی بوون که ڕێز له "مافگه‌لی ڕاسته‌قینه و دێرین و جێگیر"ی پیاوانی ئینگلیز بگرن به‌و شێوه‌یه‌ی که له به‌ڵگه‌نامه‌ی "بیل ئۆڤ رایتس Bill of Rights" له ساڵی 1689 دا، هاتووه.
ده‌توانین مێژووی له‌دایکبوونی لیبراڵیزم بگێڕینه‌وه بۆ "شۆڕشی شکۆمه‌ندانه". "جۆن لۆک" به ڕاستی وه‌کو یه‌که‌مین لیبراڵی ڕاسته‌قینه و وه‌ک باوکی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هاوچه‌رخ داده‌نرێت. ئه‌گه‌ر له بیرۆکه‌گه‌لی لۆک تێنه‌گه‌یت، ئه‌وا به ڕاستی نا‌توانیت له‌م جیهانه تێبگه‌یت که تێیدا ¬ده‌ژین. هه‌رچه‌نده کاره مه‌زنه‌که‌ی لۆک به ناونیشانی "دووه‌مین تێزی حکومه‌ت The Second Treatise of Government" له ساڵی 1690 دا بڵاوکرایه‌وه به‌ڵام چه‌ند ساڵێك له‌وه‌وبه‌ر نوسرابوو، به‌مه‌به‌ستی به‌ربه‌رچدانه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفی ره‌هاگه‌را "سێر ڕۆبه‌رت فیلمه‌ر"، که داكۆكیكردن له مافگه‌لی تاک و حکومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی رادیکاڵتر کرد. لۆک پرسی: مه‌به‌ست له بوونی حکومه‌ت چییه؟ بۆچی حکومه‌تمان هه‌یه؟ هه‌رخۆشی وه‌ڵامی دایه‌وه، که خه‌ڵک مافیان هه‌یه پێش ئه‌وه‌ی حکومه‌ت بێته بوون – به‌م ?