سنووری لێبورده‌یی.. گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفی سپانی فیرناندۆ ساڤاتی
July 24, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ئیزابیل ئهلبارێ و، مارك- ئولیڤێ بادی
وه‌رگێڕ : و: تاریق كارێزی
فیرناندۆ ساڤاتی له زانكۆی كومبیلتنس له مه‌درید مامۆستای فه‌لسه‌فه‌یه، چه‌ند كتێبێكی داناوه، له‌وانه: رامان له ژیان، پاریس لووسوی 2000، فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فه، پاریس لووسوی 1999، ره‌وشتناسی له خزمه‌تی كورِهكهمدا، پاریس لووسوی 1994- 1998. له مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2000دا به ناوی (ده‌ست پێشخه‌ریی نیشتیمانی بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی سه‌ر به رێكخراوی ئیتا)وه، خه‌ڵاتی زاخارۆف بۆ مافی مرۆڤ و ئازادیی رادهربرِینی پێ درا، ئه‌و خه‌ڵاته له لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه برِیار دراوه.ئه‌م دیالۆگه‌ش له گۆڤاری"هزر"ی فه‌ره‌نسیدا بڵاو كراوه‌ته‌وه، له لایه‌ن (ئیزابیل ئهلبارێ و، مارك- ئولیڤێ بادی)یه‌وه ئاماده كراوه:0 ئایا لێبورده‌یی، فه‌زیله نموونه‌ییه‌كه‌ی دیموكراسییه؟ ئاخۆ ناكرێ له سایه‌ی نه‌بوونی هه‌قیقه‌تی هاوبه‌شه‌وه، به‌ره‌و بێ په‌روایی داكشێت؟
فیرناندۆ ساڤاتی: لێبورده‌یی پێوه‌رێكه له پێناوی ژیان به دیموكراسی، به‌ڵام ده‌بێ بزانین كه دیموكراسی سیسته‌می ئاسووده‌یی ته‌واو و بێ كه‌م و كورِِی نییه. به‌رامبه‌ر به سیسته‌مگه‌لی نه‌ریتی كه پتر گونجاو و پتر دامه‌زراون، به‌وه‌ی تێیاندا روون و ئاشكرا دۆست و دوژمن پۆلێن كراون، هه‌روه‌ها مرۆڤ ده‌زانێ باوهرِ به كێ بكات و ده‌بێ باوهرِ به چی بكرێت، دیموكراسی سیسته‌مێكه ژیان تێیدا"زه‌حمه‌ته". لێبورده‌یی واته ده‌بێ قبووڵ بێت مرۆڤ له‌گه‌ڵ شتگهلێكدا بژیت كه رقی لێیان ده‌بێته‌وه: بۆ نموونه ئایینی ئه‌وی دی، تێرنه‌بوونی، داب و نه‌ریتی ئه‌و. ته‌نانه‌ت كه قه‌یرانێكیش هه‌بێت، هه‌ر ده‌بێ رێز له‌و گرێبه‌سته بگیرێت. لێبورده‌یی واته رازی نه‌بوون به‌وه‌ی ئه‌وی دی به هۆی بیر و بۆچوون یان ئایینه‌وه دوور بخرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ناكرێ لێبورده‌یی تێكه‌ڵ به بێباكی بكرێت. من پێوه‌ری تایبه‌تی خۆم بۆ برِیاردان هه‌یه. ده‌توانم گفتوگۆ بكه‌م و ده‌شتوانم بڵێم كه هه‌ندێك بیر و را، یان ره‌فتار وا دێته به‌ر چاوم كه خراپن. ته‌نیا سه‌رنجێك ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ هه‌میشه رێز له ئه‌وی دی بگیرێت، لێبورده‌یی ئه‌وه نییه كه بۆ هه‌موو شتێك بڵێی به‌ڵێ، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه دوور له دوژمنكاری و به بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ هێز ببه‌ین بۆ سه‌پاندنی بیر و بۆچوونی خۆمان، بوار هه‌بێت گوزارشت له بیر و رای دژبه‌ر بكرێت.
* ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆ لێبورده‌یی ده‌كه‌یت له‌وه تێدهپهرِێنێ كه بریتی بێت له هه‌ڵوێستێكی بێز نه‌هاتن، ئاخۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی رێز له رێساكانی گه‌مه‌ی دیالۆگ ناگرن، چۆن ده‌كرێ هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكرێت؟
- لێبورده‌یی ده‌بێ دوو لایه‌نه بێت، ده‌بێ ئه‌وه قبووڵ بێت كه ره‌نگه ئه‌وانی دی ره‌خنه‌ت لێ بگرن و بیر و رای جیا له بیر و رای تۆ دهربرِن، جۆرێ له ترسنۆكییه ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌موو بیر و راكان بهرِێزن، بێ سێ و دوو ئه‌وه درۆیه. هه‌موو كه‌سه‌كان بهرِێزن، به‌ڵام نه‌ك هه‌موو راكان. له بنهرِهتدا پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی به‌دی نه‌هات، ته‌نیا له رێی رێز نه‌گرتن له‌و بیر و رایانه نه‌بێت كه شایانی ریزلێنان نین. گه‌لێك جار لێبورده‌یی تێكه‌ڵ به"هه‌موو شتێك شایانی رێز گرتنه"ده‌كرێت، لێبورده‌یی واته توانای دیالۆگ كردن و توانای گفتوگۆ كردن ده‌رباره‌ی هه‌موو شتێك. ئه‌مه پێناسه‌یه‌كی باشه بۆ دیموكراسی.
له به‌رامبه‌ردا ره‌ت كردنه‌وه‌ی دیالۆگ، یان بگوترێت كه هه‌ندێك بیر و را قابیلی گفتوكۆ نین، ئه‌وه كارێكه دژ به میكانیزمی كاری دیموكراسی.
بۆ نموونه له وڵاتی باسكدا، ناتوانی ره‌خنه له بیر و بۆچوونی نه‌ته‌وه‌یی بگریت، به بێ ئه‌وه‌ی پێت بگوترێ كه‌سێكی توندرِهوی. له راستیدا من لێبورده‌م كاتێ رێ له هیچ كه‌سێك ناگرم كه نه‌ته‌وه‌یی بێت. به‌ڵام مافی ئه‌وه‌م هه‌یه بڵێم كه بیر و بۆچوونی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا ته‌با نییه. ده‌بێ هه‌رده‌م له بیرمان بێت كه لێبورده‌یی به هه‌مان شێوه‌ی دیموكراسی، هه‌ر كه‌یف و سه‌فایه. به‌هاكه‌شی زۆر به گرانی دراوه. ئه‌و كه‌یف و سه‌فایه، وه‌ك نیچه له كتێبه‌كه‌یدا (بنه‌مای ره‌وشت) باسی ده‌كات، گه‌لێك خوێن و فرمێسك له پێناوی به‌دی هاتنیدا دراوه. لێبورده‌یی ده‌سكه‌وتێكه و ده‌بێ مرۆڤ به هه‌ر نرخێك بێت داكۆكیی لێ بكات. ده‌سكه‌وتێكه مرۆڤ ده‌بێ رێز له رێساكانی بگرێت.
ئاماژه‌م به نه‌ته‌وه‌ییانی باسك كرد. توند و تیژیی تیرۆریستانه‌ی رێكخراوی ئیتا، كه رێكخراوێكه رێز له رێساكانی گه‌مه‌ی دیموكراسی ناگرێت، ئه‌مه‌ش كارێكه ناكرێ به‌رامبه‌ری لێبورده بیت.
ده‌گوترێت: په‌یڤ مرۆڤ ناكوژێت. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌و بانگه‌وازانه‌ی داوای كوشت و كوشتار ده‌كه‌ن، ده‌كرێ چی بڵێین؟ هه‌ندێك بانگه‌شه هه‌ن دنه‌ی رق و قینه و، ده‌ست درێژی كردنه سه‌ر ئه‌وانی دی ده‌ده‌ن، ئه‌وانه ناكرێ له‌گه‌ڵیان لێبورد بین. له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جهنهواڵ فرانكۆدا، هه‌ڵوێستی خۆم دژ به شێوازه‌كانی رێكخراوی ئیتا راگه‌یاند. من به‌وه رازی نه‌بووم شهرِی دیكتاتۆریه‌ت به دیكتاتۆریه‌تی تیرۆر بكرێت. من تیرۆر كردنی (كاریرۆ بلانكۆ)م مه‌حكووم كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمتوانیبا له به‌هانه و پاساوی ئه‌وانه‌ش حاڵی بوومایه، كه پێیان وایه ئه‌مه ئامرازێكی خه‌باته دژ به رژێمی فرانكۆ، به‌ڵام له سیسته‌مێكی دیموكراسیدا، كه رێ به گفتوگۆ كردن ده‌رباره‌ی بیر و را و ئه‌گه‌ری سیاسی ده‌دات، ئه‌وه توند و تیژیی تیرۆریستانه ده‌بێته جۆرێك له كوده‌تای هه‌میشه‌یی دژ به دیموكراسی.
له ساڵی 1978دا و له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی لێبوردنی گشتی، كه بووه حاڵه‌تێكی ته‌نیا و ده‌گمه‌ن له ئه‌وروپا، پێمان وا بوو ئه‌و توند و تیژییه ده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی رێكخروی ئیتاش سوود له ده‌رفه‌ته وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگای سڤیل (مه‌ده‌نی) ببن. وێرِای ئه‌و 10 خاڵه‌ی پارتی نه‌ته‌وه‌یی باسك به پێویستی زانین له پێناو به‌رقه‌رار كردنی ئاشتی و ئارامی و ملكه‌چ بوون بۆ یاسا له وڵاتی باسكدا، كه حكوومه‌تیش له لای خۆیه‌وه برِیاری دا بوون، كه‌چی توند و تیژی هه‌ر به‌رده‌وام بوو، یه‌ك مانگ و نیو به‌ر له تیرۆر كردنی، چاوم به (فرانسو سانتۆنی) كه‌وت. ئه‌گه‌ر دورِگهی كۆرسیكا ئۆتۆنۆمییه‌كی هه‌بێت، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی وڵاتی باسك له سپانیا هه‌یه‌تی، توند و تیژیی تێدا ده‌وه‌ستێت. فه‌رموون له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئێمه له رۆژگاری لێبوردنهكهدا: ئۆتۆنۆمی: واته حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و كاروباری سه‌ربه‌خۆی دارایی، ده‌بێته به‌ده‌نگه‌وه چوونێك بۆ خواسته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی باسك.
له راستیدا توند و تیژی به‌رده‌وام بوو. ئه‌وه‌ی كه گرووپێكی توندی وه‌ك ئیتا ده‌یه‌وێت هه‌ر ده‌سه‌ڵاته. به‌وه‌ی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیی ئایندهی وڵاتی باسك ده‌كات، ئه‌وه ئیتا مه‌به‌ستیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێ و وڵاتیش بهرِێوه ببات. پارتی نه‌ته‌وه‌یی باسكیش له لایه‌كی دیكه‌وه به ته‌واوی ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنێت، ئیدی ئه‌و كات رێكخراوی ئیتا دژی ده‌وه‌ستێته‌وه.
من هه‌ندێك جار رێكخراوی ئیتا به ماسی به‌راورد ده‌كه‌م، ئه‌و پێویستی به ئاوه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌له‌وانی بكات، ئاویش ئهمرِۆ كۆمه‌ڵگایه‌كه پشتگیری له ئیتا ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی ماسییه‌كان بمرن ده‌بێ ئاوه‌كه ده‌رده‌ین، هه‌ر ته‌نیا بزووتنه‌وه‌یه‌كی فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ده‌كرێ نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانی میانرِهو رێبه‌رایه‌تیی بكه‌ن، له توانایدا ده‌بێت كۆتایی به تیرۆر له وڵاتی باسك بهێنێت.
سنووری ئه‌گه‌ر
له رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی كارێك كه به لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه هی به‌رگه گرتن نییه، ئایا ده‌بێ به شێوازێكی عه‌قڵانی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، به ناوی یاسایه‌كی باڵاوه، یان ئه‌وه‌تا وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوی بزووتنه‌وه‌كه‌تان (باستا یا: بزووتنه‌وه‌ی به‌سه) پێشنیاری ده‌كات هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، به شێوازێكی نیمچه توند و توورِه كه ده‌كرێ پشتیوان بێت بۆ سۆز، ره‌فتار بكه‌ین؟
بۆ ئه‌وه‌ی برِیار بده‌ین كه كارێك تاقه‌ت پرِووكێنه، ده‌بێ پراگماتی بین، هه‌ندێكیش ئه‌نگلۆساكسۆنی بین. له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا و له كاتی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆنگرێسی فیلادلفیای شڵه‌ژاند، به مه‌به‌ستی زانینی ئاخۆ له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكادا خوانه‌ناسان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه؟ لوك ئه‌وانی دوور خسته‌وه، چونكه هیچ شتێك به‌های ئه‌و سوێنده‌ی ده‌یخۆن مسۆگه‌ر ناكات. كه‌چی جیفرسۆن لێدوانێكی دا كه هه‌ستێكی دروستی له‌خۆ گرت بوو:"ئه‌گه‌ر دراوسێكه‌م ئازارم نادات و جزدانی پاهكهشم نادزێت، ئیدی ده‌كرێ ئه‌و برِوای به خودایه‌ك یان دووان یان سێیان هه‌بێت".
ده‌روازه‌ی مه‌گه‌ر (نائه‌گه‌ر) زیان به‌خشینه، یان ناهه‌قییه به‌رامبه‌ر به كه‌سێك. له سه‌ره‌تای (كۆمیدیای خوداوه‌ند)ی (دانتی)دا، بیاتریس به شاعیر ده‌ڵێ:"ده‌بێ ته‌نیا هه‌ر له‌و شتانه بترسین كه ره‌نگه زیان به كه‌سێك بگه‌یه‌نن، هه‌رچی شته‌كانی دیكه‌یه ئه‌وه مایه‌ی ترس نین.." دۆزه‌خ، دووه‌مین سروود، به‌یتی 88- 99.
له بابه‌تی بۆماوه‌دا بۆ نموونه، ئه‌وه ده‌بێ رێ به هه‌موو شتێكی باش بۆ مرۆڤ بدرێت، هه‌موو شتێكیش كه ره‌نگه تووشی مه‌ترسیی بكات ره‌ت بكرێته‌وه. سه‌باره‌ت به من واقیعی ئه‌وه‌ی ره‌نگه منداڵێك ببێت به بێ ئه‌وه‌ی باوك یان دایكی هه‌بێت، كارێكه هی به‌رگه گرتن نییه. باوهرِم وایه مافی رۆڵایهتی هه‌یه، منداڵیش مافی خۆیه‌تی باب و دایكی هه‌بێت. مه‌یلی ئه‌وانه‌ی كه به هیوای منداڵێكن به بێ ژن یان به بێ پیاو، ئه‌وه مه‌یلێكه قابیلی به‌رگه گرتن نییه، چونكه ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك بۆ كه‌س مرۆڤێك كه قابیلی چاك كردنه‌وه نییه. به‌ده‌ر له‌وه، ئه‌وه پێویسته لێبورده‌یی واتا فراوانه‌كه‌ی پێ بدرێت، ته‌نانه‌ت بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی پرۆگرامه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی سپانیا به لای منه‌وه هی ته‌ماشا كرن نه‌بن، ئه‌وه له سه‌رمه قبووڵیان بكه‌م.
0 گوتت رێكخراوی ئیتا شێرپه‌نجه‌یه له نێو دڵی ئه‌وروپادا، ئایا مه‌زه‌نده ده‌كه‌یت كه مه‌ترسیی په‌تای توند و تیژیی تیرۆری دژ به دیموكراسی له ئارادیه؟
- ئه‌وه‌ی له وڵاتی باسك روو ده‌دات هیچ شتێكی سه‌یری تێدا نییه.. نابێ له بیرمان بچێته‌وه كه سه‌باره‌ت به‌و تراژیدیایه‌ی دووه‌مین جه‌نگی جیهان پێی ده‌گات، سپانیا یه‌كه‌مین نمایشی بینی. ئه‌و شهرِهی ئهمرِۆ له وڵاتی باسكدا كه تێیدا هاووڵاتێتی له‌گه‌ڵ رهگهزایهتیدا به‌ره‌و رووی یه‌ك ده‌بنه‌وه، ره‌نگه په‌ل بهاوێت و ئه‌وروپاش بته‌نێته‌وه. نه‌ته‌وه‌ی باسك له كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوودا په‌ره‌ی سه‌ند، كاتێك هه‌ندێك له كرێكاران له ناوچه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌وه گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه‌ی له هه‌موو جێیه‌كی سپانیا زیاتر پیشه‌سازی بوو، ئه‌و كرێكارانه‌ی پێكرِا بورژوای نه‌ریتی و كهههنووتی ره‌تی كردنه‌وه. ئه‌م سیناریۆیه به شێوازی جیاجیا له ئه‌وروپادا دووباره ده‌بێته‌وه. هه‌ر وه‌ك له ئیتالیادا له (كۆمه‌ڵه‌ی باكوور)دا دووباره بووه‌ته‌وه، كه له په‌نا په‌رده‌ی ره‌گه‌زه‌وه داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆی ده‌كات... ئه‌وه گرفتێكه ده‌خرێته به‌ر ده‌می سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا، هه‌ر له هه‌ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ كۆچ و به‌خشینی ناسنامه (مافی هاووڵاتێتی)دا هه‌یه، یان ده‌بێ بڵێن نا بۆ كۆچبه‌ران. هه‌مان گرفته كه هه‌میشه ئه‌وه زه‌ق ده‌كاته‌وه: تێكه‌ڵ كردنی هاووڵاتی له‌گه‌ڵ برای خوێنی. ده‌بێ ئه‌م بیرۆكه‌یه له بیر خۆمان ببه‌ینه‌وه كه جڤاك به ماڵباتێكی گه‌وره بچێت، هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كی گونجاو له رووی ره‌گه‌زه‌وه نییه، دیموكراسییش رۆژێك له رۆژان داكۆكی كردن نه‌بووه له یه‌ك ره‌گه‌زی.
نابێ ئه‌م پرسه‌ش تیكه‌ڵ به پرسی پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان، كه من برِوام پێی نییه، بكرێت. چونكه كه‌وتووینه‌ته دۆخی ژیان له كۆمه‌ڵگایه‌كی جیهانیدا.. به كاریگه‌ریی گه‌یاندن و دارایی و گه‌شت، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بووه‌ته یه‌ك، به‌ڵام پشت به هیچ یاسا یان دادپه‌روه‌رییه‌كی هاوبه‌ش نابه‌ستێت. ئێمه ئه‌شكی هه‌موو خراپییه‌كی ده‌وڵه‌تی جیهانیمان له گه‌ردندایه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ كام له سوودهكانیمان له ده‌ستدا بێت.
0 ئایا توندرِهویی باسك له‌م په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییه‌دا ده‌بێته پرسی دۆرِاوان؟
- نابێ پێمان وا بێت كه خه‌ڵكانی هه‌ره توندرِهو له نه‌ته‌وه‌ی باسك ئه‌و جووتیارانه‌ن كه هه‌ر ته‌نیا به زمانی باسك ده‌دوێن، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، ئه‌وانه رۆڵه‌ی خه‌ڵكانی دارا و ده‌وڵه‌مه‌ندن، له شاریشدا له‌دایك بوون، چووشنهته زانكۆ و به هه‌موو چاكییه‌كی دیموكراتیهتیش ئاشنان و شاره‌زای رێساكانی سه‌لماندن و گفتوگۆشن.. ئێمه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ستراتیژگهلی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ین. ئه‌وان كاتێك داوای هه‌موو مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، سوود له دیموكراسی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌ركه‌كانیان به‌رامبه‌ر به‌و ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وان هاووڵاتیانی سڤیل دهرِفێنن و ده‌یانكه‌نه بارمته و په‌رژین بۆ پاراستنی خۆیان و ئه‌وانیش تووشی مه‌ترسی ده‌كه‌ن، پاشان داوا ده‌كه‌ن رێز له مرۆڤ بگیرێت. ئه‌مه هه‌ر ته‌نیا خۆ ده‌رخستنه، چونكه هیچ پاساوێك نییه كه رێی كوشتنی هه‌ندێك خه‌ڵكی بێ گوناهیان لێ بگرێت. گرفتی ململانێ كردن دژ به ستراتیژییه‌كانی زاڵ بوونی له‌م چه‌شنه، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ به ئامرازی دیموكراسی شهرِیان له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه ئه‌مه‌ش هه‌میشه وه‌ك ئامرازی سنووردار ده‌مێنێته‌وه.
0 هه‌ڵوێستی تۆ وه‌ك فه‌یله‌سووف و هه‌ڵوێستی راگهیاندراوت پێكه‌وه ناگونجێن، باشه چۆن هه‌ڵوێسته‌كه‌ت دیاری ده‌كه‌یت؟
- من وه‌ك به گشتی لێی تێده‌گه‌ن فه‌یله‌سووف نیم. من به‌ر له هه‌ر شتێك پهروهردهكارم، به‌وه‌ی تۆ په‌روه‌رده‌كارێكی باشی واته له نه‌زانی حاڵی بیت.. هه‌ر بۆیه هه‌میشه ویستوومه په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بگرمه ئه‌ستۆ. له رۆژنامه‌دا بنووسم و كتێبی واش بنووسم كه حاڵی بوونی ئاسان بێت.. ناتوانی هه‌میشه دژ به نه‌زانی و دژ به زبری، له ته‌له‌فزیۆندا نارِهزایی دهربرِیت و كتێبیش بنووسیت، كه هه‌ر ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك تێی بگه‌ن. فه‌لسه‌فه سه‌باره‌ت به من، زۆر به تۆكمه‌یی به دیموكراسییه‌وه گرێ دراوه. كاتێك قسه ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی چین یان هی دیكه ده‌كه‌ین، پێم وایه ئێمه قسه له‌باره‌ی چه‌ندین جۆره دانایی و زانین نه‌ك فه‌لسه‌فه ده‌كه‌ین. له ئاستی هزردا فه‌لسه‌فه بریتییه له‌وه‌ی دیموكراسی له ئاستی سیاسی‌دا دینوێنێ. له دوماهیدا هه‌ردووكیان ئامانجیان سه‌ربه‌خۆیی تاكه. له باری فه‌لسه‌فه‌دا، سه‌ربه‌خۆیی تاكه به‌رامبه‌ر به كه‌له‌پوور و ئایین و بیرۆكه‌ی ئاماده. سه‌باره‌ت به هاووڵاتیانیش فه‌لسه‌فه باشترین داكۆكی كردنه دژ به هه‌موو جۆره‌كانی ئوسووڵی.