د. فەهمی محەمەد عەلی  ئابووریناس و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   برسیكردن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە

    د. فەهمی محەمەد عەلی  ئابووریناس و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   برسیكردن و نەناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە

 

لە دامەزرانی كۆماری عێراقەوە، سیاسەتی كۆمەڵكوژی و برسیكردنی گەلی كوردستان بەردەوام بووە، ئەم سیاسەتە شۆڤێنییەش لەژێر گوشاری قەومچیی عەرەبی و بەعسییەكان و مەزهەبگەرایی و دەستتێوەردانی دەرەكییەوە بەڕێوە چووە، بەشێوەیەك، سیاسەتی گەمارۆدان و جەنگی ئابووری دژی كورد بووەتە میراتییەكی بەجێماوی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق. گۆڤاری گوڵان لە دووتوێی زنجیرە چاوپێكەوتنەكانی لەسەر شەڕی ئابووری و گەمارۆدان و برسیكردنی كورد، بۆ ئەم ژمارەیە دیدارێكی لەگەڵ فەهمی محەمەد عەلی شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی لە زانكۆی سەڵاحەدین سازدا.

 

 

* بەو پێیەی یەكێك لە ئەكادیمیستە ئابوورییەكانی و لە كۆڕبەندە سیاسی و ئابوورییەكانیشدا ئامادەبوونت هەیە، ئایا بەردەوامیی سیاسەتی برسیكردن و جەنگی ئابووری لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەرانبەر گەلی كورد و كوردستانیان بۆ چ مەبەست و مەرامێك دەگەڕێتەوە؟

- كۆمەڵكوژی و تەعریب و تەرحیل و ئەنفال و كیمیاباران و بێسەروشوێنكردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی كوردستان لەوەتەی كۆماری عێراق دامەزراوە بەردەوامیی هەبووە، ئەم جۆرە دووژمنكارییانە شەڕی ئەو سەردەمانە بوون، ئەم تاوانە گەورانەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە، لە تەنیشت هەموو ئەو تاوانانەش كە لە ڕابردوودا بەرانبەر نەتەوەكەمان كراون، ئێستا دەست بۆ شەڕێكی نوێ و كاریگەرتر لەم سەردەمەدا دەبرێت، ئەویش شەڕی ئابووری و تێكدانی گوندەكان و گەمارۆدان و بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانە، هەتا فشار لە هەرێمی كوردستان بكرێت و دەست بۆ جومگە ئابوورییەكانی ببرێت و بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵكی ئەم هەرێمە تێك بدەن، یان لە بەرەوپێشچوون بەو خێرایی و تەوژمەی هەیەتی، هێواشی بكەنەوە. ئەوەتا بەردەوام لە شەڕ و جەنگەكاندا زەبری لێدانی جومگە ئابوورییەكان بەهێزتر دەبێت، زۆربەی جار لە ناو جەنگێكی شاراوە و پڕ بە پاساودا ئەم گەمارۆیە ئەنجام دەدرێت، كاریگەرییەكەشی ئەوەندە بەهێزە كە كار لە شێواندن و ئاڵۆزبوونی نێوخۆی هەرێمی كوردستانیش دەكات، ناشبێت ئەوەمان لەبیر بچێت، كە ئەم جارەیان ئیرادە و هەرێمەكەمان بەهێز بووە و توانیویەتی بەرگەی فشارەكان بگرێت و نەچەمێت، هەرچەندە بەم شەڕە ئابوورییە كە شوێنەوارەكانی لەسەر تاك و كۆمەڵگە و برسیكردنی گەلێك دەردەكەوێت، ماندوو دەبین، بەڵام ناكەوین، ئەم ئاكارانەش وەك ئاكارەكانی سەردەمانی ڕابردوویان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە. بەداخەوە لەلایەن زۆر هێزی دەرەكی و حكومەتەكانی ناوچەكەشەوە پێشوازییەكی زۆر لەم شەڕە ئابوورییە لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرێت، لە نێوخۆشدا چەندین هێز و لایەنی سیاسی و كەسانێك هەن كە هەڵدەخەڵەتێن و دوای شەپۆلەكە دەكەون، یان بۆ خزمەتی ئەجندەی ئەو وڵات و هێزانەی عێراق كار دەكەن، ئەمەش هەمووی لەپێناو داڕووخانی كیانی موقاوەمەی گەلی كورد و زیانگەیاندنی زیاتر بە حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكانی، چونكە هێزێكی زۆری شۆڤێنی هەیە لە عێراقدا كە چاوی بەم ژینگە ئارام و ئاوەدانییەی لێرە هەیە هەڵنایەت، لە كاتێكدا لە عێراق بەو هەموو داهات و دەرامەتە زەبەلاحەی نەوتیشەوە كە هەیە، كەچی شارەكانیان نغرۆی هەژاری و بێكاری و بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاك و نائارامی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە بووە. 

ئەم سیاسەت و شەڕی ئابووری و سەپاندنی گەمارۆی ئابوورییە تەنیا لەلایەن عێراقەوە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەكار ناهێنرێت، بەڵكو لە هەموو جیهان و بە درێژایی مێژووی بەشەرییەت بە شێواز و بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر شەڕی ئابووری بەكار هێنراوە و، لە ناكۆكی و ئاڵۆزبوونی دۆخەكاندا پەنای بۆ بردراوە. شەڕی ئەمریكا لەسەر توركیا و ئێران و ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ڕووسیا و چین و زۆر لە جەمسەرە زلهێزەكانی دنیا هەر ئابووری و بازرگانیی بووە، بەم شێوەیە مەرام و سیاسەتی شۆڤێنیی عێراق دەرهەق بە هەرێمی كوردستان زۆر دەمێكە پەیڕەو كراوە، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتیش هەر لەم چوارچێوەیەدا هاتووە، هەروەكو چۆن حكومەتی ئێران لە كاتی ڕیفراندۆمەكەی گەلی كوردستاندا لە بەرانبەر كورد پەنای بۆ برسیكردنی خەڵكی كوردستان برد و قەدەغەی هەناردەكردنی خۆراك و بەروبوومەكانی بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرد.

* باست لە سیاسەتی بڕینی بوودجە و مووچە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەگەر لەسەر ئەم بڕگانە كەمێك بووەستین، وەكو ئابووریناسێك خوێندنەوەت بۆ پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتانە چییە و بۆچی لە نێوخۆی هەرێمی كوردستاندا هەندێك كەس و لایەنی سیاسی هەن كە پشتگیریی بەغدا دەكەن؟

- نەوت وەكو كاڵایەكی ئابووری و سیاسی بە بڕبڕەی پشتی داهات و ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆیە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرایە ئامانج و تاوەكو لەلایەك نەوت تەنیا خزمەتی سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات و لەلایەكی دیكەشەوە ڕێگە نەدرێت هەرێمی كوردستان لە ناو پێگە و نەخشەی وزەی جیهانیدا جێگەی ببێتەوە و خەڵكەكەی لەم دەرامەتە سرووشتییەی خۆیان سوودمەند بن. ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیش پەیوەندیی بەو بارودۆخە ناسەقامگیرییەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقەوە هەیە، عێراق بە درێژایی تەمەنی لەوەتەی نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە ئەو دروشم و بڕگە دەستوورییەی كە دەڵێت «نەوت موڵكی هەموو گەلانی عێراقە» بۆ كورد جێبەجێی نەكردووە، بەڵكو نەوت بووە بە نەگبەتییەك و خاكی پیرۆزی كەركووكی پێ داگیر كرا، لە ئێستاشدا عێراق وەكو دەوڵەتێكی فیدڕاڵی مامەڵە ناكات. بۆیە من پێم وایە پرسی نەوت و گاز بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا پەیوەندیی بەداهاتەوە نییە، بەڵكو پرسێكی نەتەوەیی و داهاتێكی نیشتمانییە و وەكو ڕەهەندێكی سیاسی و ئابووری سەیر دەكرێت، عێراقیش لە ناو چوارچێوەی ئەو دژایەتییەی كورد و هەرێمی كوردستان و ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی عێراقدا تەماشای دەكات و وڵاتانی ناوچەكەش وەكو ئامانجێكی سیاسی زیاتر ئاڵۆزی دەكەن.

* لە ڕوانگەی ڕەهەندە ئابوورییەكانەوە كورد چۆن دەتوانێت لە ناو دەوڵەتێكی شكستخواردووی مەركەزی ئاخندراو لە ڕق و كینە مامەڵە بكات و خۆی لە شەڕی ئابووری دەرباز بكات؟

- كارت و فشارەكانی بەغدا لەسەر كورد زۆر دڕندانە و ئاڵۆزن، لە ناوخۆشدا ناتەبایی حزب و لایەنە سیاسییەكان بەرانبەر دەستكەوتە فیدڕاڵی و دەستوورییەكانمان زیانی گەورەی لێ داوین و، بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرانبەر پرسەكانی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستان مامەڵە ناكرێت، بۆیە نە فیدڕاڵییەت لە عێراقدا چەسپێندراوە و نە مافەكانی گەلی كورد زامن كراوە و هاوبەشی ڕاستەقینە تا ئەمڕۆ لەم عێراقەدا بوونی نییە. هەموو كەسێكی ژیر و هەر چاودێرێكی سیاسی و ئابووری، باش ئەو ڕاستییە دەزانێت بەغدا چەكی ئابووری بەرانبەر كورد بەكار دەهێنێت و كۆتاییشی نایەت و بەردەوامیش دەبێت، لەمەشدا هەردوو وەزیری وەزارەتەكانی دارایی و نەوت هەیە لەژێر فشاری حزبە سیاسییەكانی خۆیاندا گێچەڵ بۆ بوودجە و مووچە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەنێنەوە، بۆیە تەنیا چارەسەر بەهێزكردنی كورد و پێشمەرگە و پتەوكرنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ترەمپ و فشارخستنە سەر حكومەتی عێراقە، ئەمە جگە لەوەی وەزیر و بەرپرسان و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بەهێز نین و پێویستە ناوبەناو گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، لێرەش پێویستە دامەزراوەكانی داواكاری گشتی و قەزا و فشاری جەماوەری بەكار بهێنرێت بەرانبەر هەر كوردێك كە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەجووڵێتەوە. شەڕی ئابووری بە شەڕی ئابووری وەڵام دەدرێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە كوردیش لە بوارەكانی پەرەپێدانی ئابووری و بەهێزكردنی كەرتی بەرهەمهێنان و ژێرخانی ئابووری و ڕێگرتن لە گەندەڵیدا خۆی دەوڵەمەند بكات و، هەموو ئەو بۆشایی و كەموكووڕییەكانیش چارەسەر بكات، بەتایبەتی لە بواری ئیداری و دارایی هەرێمدا كە بەغدا پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، هەروەها بواری كەرتی ئاو و ئاودێری و كشتوكاڵ و پیشەسازیی نەوت و پاڵاوتگەكان بەهێز بكرێت، لە نێوخۆی عێراقیشدا لەڕووی ئابووری و مافە دەستووری و فیدڕاڵییەكان، بەتایبەتی لە بوودجە و مەسەلەی نەوتدا دەبێ كورد حوزروێكی باشتر و یەكگرتوویی هەبێت، بۆ ئەمەش چەند بەزوویی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، ئەوەندەی دیكە كورد لە بەغدا بەهێزتر دەردەكەوێت.

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زۆر بواری وەكو فرەچەشنكردنی ئابووری و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا وێڕای قەیرانی دارایی، هەنگاوی باشی ناوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ بەهێزكردنی ئابووری، تاچەند ئەم كابینەیە توانیویەتی خۆڕاگر بێت و بەسەر ئالنگارییەكاندا زاڵ بێت؟

- بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەردەم ڕووبەرووبوونەوەی قەیرانەكاندا و ئەو هێرش و دژایەتییەی لەلایەن ناوەندەوە جێبەجێ دەكرێت، خۆڕاگر بوو، بەرانبەر ململانێی سیاسیی توندی حزبەكانیش ڕاستە پلان و بەرنامەكانی حكومەتی لە زۆر سێكتەردا كەم و لاواز كردەوە، بەڵام نەیانتوانی ڕایان بگرن، ئەوەتا حكومەت ڕێگەی نەدا پەتای كۆڕۆنا قەیرانێكی توندی خۆراك و تەندروستیی هاوشێوەی زۆر وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ دروست بكات، كەرتی كشتوكاڵ و پەلەوەر و سامانی ماسییش وێڕای وشكەساڵی بەرەو پێشەوە چوو، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دروستكردنی چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاودا كە بۆ ئەمساڵی كەمباران زۆر گرنگ بوو، ڕاگرتنی نەوت بەهۆی بوونی سێ پاڵاوتگەی نەوتی گەورە زۆر لە زیانە گەورەكانمانی ڕاگرت، لە بواری وەبەرهێناندا وەرچەرخان لە كەرتی نیشتەجێبوونەوە بەرەو كەرتەكانی دیكەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دروست بووە، چەندین كارگەو كارخانە و ناوچەی پیشەسازی دامەزرا و بۆ یەكەمینجار بەرووبوومی جووتیاران برایە دەرەوە و ساخ كرایەوە، كاری باش كرا هەرچەندە قەیرانی دارایی و ئابووری و بڕینی بوودجە و مووچە و ململانێی ناعەقڵانیی حزبەكان دۆخی پەرەپێدان و چاكسازییەكانی هێواش كردەوە، بەڵام خۆشبەختانە ڕای نەگرت، دواجار توانرا حكومەت خۆڕاگر بێت و بچینە قۆناغێكی دیكە، بۆ ئەم قۆناغەش ڕاكێشانی گەورەكۆمپانیاكانی ئەمریكا و ڕووسیا و چین و وڵاتانی ئەوروپا بۆ ناو هەرێمی كوردستان گرنگە. لەمانەش گرنگتر لە قۆناغی داهاتوودا كۆمەڵێك ڕێوشوێن هەیە پێویستە جێبەجێ بكرێت لەوانە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و بازدان بەرەو زیادبوونی ژمارەی كارگەكان و بەرهەمی نێوخۆیی و كەمكردنەوەی ململانێی نێوان هەرێم و ناوەند.

Top