مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی لەلایەن ئۆجەلانەوە بە پێویست و گرنگ سەیر دەكرێت، بۆیە نامەكەی بۆ ناردووە

سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد كاریگەرییەكی بەهێزی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هەیە، هەر بۆیە پەیامەكەی ئۆجلان بۆ سەرۆك بارزانی بایەخی ئەم سەركردەیە دەردەخات، كە ڕۆڵ و پێگەی لەناو كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان دیار و لەبەرچاوە. لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا.
* شاندی (دەم پارتی) پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان لە ئیمڕالییەوە بۆ سەرۆك بارزانی هێنا، سەرۆك بارزانی پشتگیریی ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلانی كرد، كە ئامانج لێی چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ كێشەی كورد لە توركیا، چ خوێندنەوەیەكت بۆ سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی هەیە؟
- پرسی ئاشتی لە توركیا زۆر گرنگ و پێویستە، هاوكات هاتنی شاندی دەم پارتی كە لە ئیمڕالییەوە پەیامی ئۆجەلانیان بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی هێناوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیامێكی دیكەیە بۆ گەلی كورد بە تەواوی و بۆ چەكدارانی پەكەكە لە قەندیل و لە هەر شوێنێك هەبن، چونكە وەكو هەموو لایەك دەزانین، لەو كاتەوە پەكەكە دامەزراوە، زۆر بەتوندی و بەئاشكرا دژی پارتی و بارزانی كار دەكەن و ئۆجەلان خۆی ئەوە لە سرووشتیدا هەبوو، بەڵام هاتنی ئەو شاندە و گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان بە سەرۆك بارزانی، بە پەیام و فەرمانی ئۆجەلان بووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە ئۆجەلان بۆی دەركەوتووە كە تەنیا جەنابی بارزانی كەسی یەكەم و مەرجەعی كورد و كەسایەتییەكی میانڕەو و ئاشتیخوازە و لە چەندین بواردا هەر لە دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە دوو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لە ڕووی بازرگانی و چارەسەركردنی چەندین كێشەی جۆراوجۆر كاریگەریی گەورە و سەنگینی لەسەر توركیا هەیە. واتە بۆ ئۆجەلان و چەكدارانی پەكەكە دەركەوتووە، هەر بە پشتیوانیی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەو پڕۆسەیە (پڕۆسەی ئاشتی) هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێت و سەركەوتوو دەبێت، چونكە پێشتریش لە ساڵانی (2013 تا 2015) هەر جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بووە، كە هەوڵی داوە، پڕۆسەی ئاشتی بخوڵقێنێت لە نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا، ئەگەرچی ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی ئەو كاتیش بە پیلان و كارە خراپەكانی چەكدارانی پەكەكە وەكو شەڕی خەندەق لەبار چوو. لە لایەكی دیكەوە كاریگەریی نەتەوەیی و نیشتمانی و كوردستانیی ڕێبازی بارزانی و ئێستا بە سەركردایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی، كاریگەریی ڕاستەوخۆ و زۆری لەسەر پڕس و كێشەی هەر چوار پارچەی كوردستان هەیە. بێگومان زۆر لەمێژە لەلای جەنابی سەرۆك بارزانی قۆناغی ڕزگاریخوازی بۆ گەلی كورد بە شەڕ و چەكداری تێپەڕیوە و نەماوە، بەڵكو بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان وەكو گەلێكی ستەم لێكرا و دابەشكراو بە ئاشتی و گفتوگۆ دەتوانرێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی بەسەریاندا دابەش كراوین، چارەسەر بكرێت، ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش كە زیاتر لە (34)ساڵە بە سەركەوتوویی دەڕوات، ئەمەش خۆی لە ستراتیژیەت و دیبلۆماسیەت و هەوڵ و هزری جەنابی سەرۆك بارزانی دەبینێتەوە. هەموو ئەو فاكتەر و هۆكارانەی كە ئەو قەناعاتەی لەلای ئۆجەلان دروست كرد، كە پەیامەكەی بۆ سەرۆك بارزانی بنێرێت، تاوەكو وەكو مەرجەعی گەلی كورد، پاڵپشتیی زیاتر و بەهێزتر و بەردەوام لەو پرۆسەیە بكات.
* ئۆجەلان بە فەرمی داوای كردووە كە پەكەكە چەك دابنێت و كۆتایی بە شەڕ بهێنێت، لە بەرانبەر ئەم پەیامە، سەركردایەتیی قەندیلی پەكەكە بە زارەكی پێشوازییان لەم پەیامە كردووە. ئایا پەكەكە بە كردەیی ئەم پەیامەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات؟
- پێشەكی دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە چەندین ساڵە لە نێوان دەوڵەتی توركیا و ئۆجەلان لە ئیمڕالییەوە گفتوگۆ و دیالۆگ هەیە و، لە ئێستادا كە دەوڵەت باخچەلی داوای كردووە، پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان پەكەكە و توركیا جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەزانن ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە گۆڕانكارییەكی جددیدایە و گەلی كورد لە توركیاش كاریگەرییان لەسەر ئەو گۆڕانكارییە دەبێت، هەر پارت و لایەنێكی توركیاش دەیەوێت دەنگی كورد بۆ لای خۆیان ڕاكێشن بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەیان، ئەو فاكتەر و گۆڕانكارییانە وای كرد، كە لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕالییەوە بگەنە ئەوەی كە ئۆجەلان پەیام بنێرێت، پەكەكە چەك دابنێت، لە پاشان خۆیان هەڵوەشێننەوە و وەكو پارتی كرێكارانی كوردستان نەمێنن. بە تەئكید پەكەكە نەك تەنیا بە زارەكی، بەڵكو بە پراكتیكیش پابەندی پەیام و فەرمانەكەی ئۆجەلانن و لەو كاتەوە ئۆجەلان لە زیندانە تا ئێستاكەش تەنیا ئۆجەلان بووە كە فەرمان و جووڵە و هەڵسوكەوتی بە پەكەكە كردووە، بەڵام لە ڕووی عەمەلییەوە چۆن پەكەكە پابەندی پەیامەكەی دەبێت، ئەوەش چەند مەرجێكی واقیعی پێویستە، كە لەمانە دەتوانین كورتی بكەینەوە: یەكەم: پەكەكە لە داهاتوویەكی نزیك بۆی هەیە، لە ناوەڕاست، یان كۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ بە سەرپەرشتیی ئۆجەلان كۆنگرەی ببەستن.
دووەم: دەبێت لەو هەنگاوانەی دەنرێت بۆ پڕۆسەی ئاشتی پەكەكە دڵنیا بێت كە توركیا پابەندی پڕۆسەكە دەبێت.
سێیەم: دەبێت متمانەیەكی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی پەكەكە چەك تەسلیمی كێ دەكات و نەبێتە كارەساتێك بۆیان.
چوارەم: ئایا ئەو چەكدارانەی كە ئێستا لە قەندیل و شوێنی دیكە هەن، ڕوو لە چ شوێنێك بكەن و چۆن گوزەران بكەن و مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت. پێنجەم: ئەو شوێنەی كە ئێستا چەكدارانی پەكەكەی تێدانە، بەتایبەتی قەندیل لە باشوور و چەند چیای دیكە لە باكووری كوردستان كێ جێگایان دەگرێتەوە؟ چونكە شوێنەكان زۆر مەترسیدارن بۆ بوونە بنكە و مۆلگەی گرووپەكانی تیرۆریستی، بێگومان لەو كاتەی ئەو خاڵانە و چەندین ڕێوشوێنی دیكە هەیە، كە بگیرێتەبەر و متمانە بۆ پەكەكە دروست بێت، ئەوە ناتوانن لە قسە و پەیامی ئۆجەلان دەرچن. بێگومان ئەو پەیام و بڕیارەی ئۆجەلان لەو كات و ساتەدا پەكەكە لە بارودۆخێكی ناخۆش و سەخت و بێهێزی ڕزگار دەكات، چونكە پەكەكە بۆیان دەركەوتووە بەو چەك و تفاقەی ئێستا هەیانە ناتوانن بەرانبەر سوپایەكی وەكو توركیا بەردەوام بن.
* با بێینە سەر كاریگەریی دەم پارتی، ئایا كوردی توركیا، دەم پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن، دیارە بێجگە لەدەم پارتی و ڕێكخراو و كۆمەڵەی دیكەی كوردیش لە توركیا هەن و پشتگیریی هەڵوێستەكەی دەم پارتی دەكەن بۆ ئاشتی، ئایا ڕۆڵ و كاریگەیی دەم پارتی و سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- دەم پارتی، نوێنەری بەشی زۆری میللەتی كوردی باكوورە لە توركیا و پەرلەمانەكەیدا و دەم پارتی بەردەوام پەیوەندییەكی زۆر و توندوتۆڵیان لەگەڵ قەندیل هەبووە، كاریگەریی خۆشیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و سەركەوتنی پەیامەكەی ئۆجەلان دەبینن، هەر چەندە چەندین كۆمەڵە و لایەنی دیكەی سیاسی لە باكووری كوردستان هەن، ئەگەرچی ئەو دەنگ و ڕەنگە نین كە بتوانن كاریگەری نەك گەورە، بەڵكو مامناوەندیشیان هەبێت، بەڵام ئەو لایەن و حزبانەی دیكە كە لە دەرەوەی دەم پارتین و سەڵاحەدین دەمیرتاش و تا ئاستێكی زۆریش دەم پارتی دەتوانن ڕۆل بگێڕن لەوەی كە زیاتر ئەو پڕۆسەی ئاشتییە پێش بكەوێت و بگاتە ئامانج، ئەگەرچی ناتوانن هیچ بڕیار بدەن، جگە لە ئۆجەلان و پەكەكە لەو پڕۆسەی ئاشتییەدا.
* ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە توركیا پێویستی بە دەنگی كوردە هەیە بۆ دووبارە بوونەوەی بە سەرۆك كۆمار، بۆ ئەمەش دەبێت دەستووری توركیا هەموار بكاتەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییەكی گەورەی ئابووری و بازرگانی هەیە، ئەمە بێجگە لە شكۆی سەرۆك بارزانی كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ئێستادا وەك مەرجەعی هەموو كورد سەیر دەكرێت، ئایا مەرجەعییەتی سەرۆك بارزانی تا چەند دەبێتە زامنی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كورد لە ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان؟
- بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەردوغان ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئەوە بەبێ دەنگی كورد ناتوانێت ئەو دەسەڵاتە وەربگرێتەوە، هەر بۆیەش چ ئەردۆغان و چ دەوڵەت باخچەلی بۆ ئەوەی دەنگی كورد بۆ خۆیان ڕابكێشن ئەو یارییەیان دەست پێكردووە بە ناوی «پڕۆسەی ئاشتی» و پڕۆسەی ئاشتییش بە هیچ جۆرێك سەر ناكەوێت، ئەگەر لەگەڵ پڕۆسەكە، یان هەنگاوێك لە هەنگاوەكانی توركیا هەمواركردنەوەی دەستوورەكەی نەبێت، كە ماف و بەرژەوەندیی میللەتی كوردی باكووری تێدا جێگا بكاتەوە، نەك تەنیا مافە كەلتووری و ڕۆشنبیری و جڤاكی و زمان، بەڵكو ئەوەی كە كورد دەیەوێت وەكو نەتەوە و میللەتی باكوور لەو كاتەدا هەموو پڕۆسەی ئاشتی هەم دیموكراتی لە توركیا دێتەدی، لەلایەكی دیكەوە توركیا و ئەردۆغان بەتایبەتی زۆر مەجبوورە و پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی بە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعییەتی گەلی كورد، نەك تەنیا لە باشوور، بەڵكو لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستانیش و بە دڵنیایی و متمانەی زۆرەوە پڕۆسەی ئاشتی سەرناكەوێت و دەنگی خەڵكی باكووری كوردستان بۆ ئەردۆغان نابێت، بەبێ كاریگەریی سەرۆك بارزانی كە سەركردە و پێشەوا و مەرجەعی هەموو نەتەوەی كوردە، لەمەشدا ئەردۆغان بەپێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ هەرێم و جەنابی سەرۆك بارزانی هەیەتی، دڵنیایە كە مەرجەع و كارێزمایی بارزانی وا دەكات، پڕۆسەی ئاشتی بگاتە دەرەنجامی باش و ئەردۆغانیش دەسەڵات و دەنگی كورد بەدەست بێنێت.
* ئەگەر چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا سەركەوتوو بوو، پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارە كوردییەكانی توركیا دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو، ئایا ئەمە نابێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی پرسی كورد بگاتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر؟
- ئەو كاتەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا سەربكەوێت، ئەوا كاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای كوردستانیش دەبێت و سنوورەكانی نێوان باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا ناڵێم نامێنێت، بەڵام زۆر كاڵ دەبێتەوە و هاتوچۆكردن زۆر ئاسان و كەم گرفت دەبێت، بۆیە ئەمەش وا دەكات، گەلی كورد زیاتر لە یەكتر نزیك ببنەوە و ئاگاداری ئێش و ئازار و داواكارییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلەكەمان بن و كورد و پارچەكانی كوردستان بەرەو ئامانج و قۆناغێكی تازە هەنگاو بنێن، ئەگەرچی ئەو ئاموشۆ و لەیەك نزیكبوونەوەیەش پێویستی بە پلان و دڵنیابوونەوە هەیە، بەتایبەتی لە هێز و سەرباز و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا.