كاروان ساڵح مامۆستا لە دهۆك : قوتابخانە و پۆلێكی قەرەباڵغ گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم سیستەمی خوێندنی حكوومی

جیاوازییەكی زۆر لەخوێندن لەنێوان قوتابخانە حكوومییەكان و تایبەتەكان هەیە، ڕاستە ئەمەیان بزنێسەوە دەبێت جیاواز بێت، بۆ ئەوەی باوك و دایكی قوتابی پارە بدەن و قوتابییەكەیان بخەنە قوتابخانەی ئەهلی بەڵام نابێت بەو شێوە زەق و فراوانە جیاوازی هەبێت، وەرگرتنی سێ ملیۆن دینار لە قوتابی دەبێت بەپێی ئەو وانە و ژینگەیە بێت كە بۆ قوتابی دانراوە. لە قوتابخانە ئەهلییەكان بەپێچەوانەی قوتابخانە حكوومییەكان، مامۆستا مووچەكەی باشترە و دوا ناكەوێت و لە ڕووی كوالێتیشەوە هەموو شتێك ئامادەیە و پێشكەوتووترە، بەڵام لە قوتابخانە حكوومییەكان مووچەی مامۆستا كەمە و هەندێ جار دوا دەكەوێت و ئەو پێداویستییانە بەردەست نین. هەروەها لەبارەی سیستەمی خوێندن بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا بایەخی زیاتری پێ دەدرێت، هەروەها ئەو قوتابخانانەی هەر هەموو وانەكان بە ئینگلیزین، كاتێ ئەو قوتابییە دەچێتە زانكۆ بێگومان سەركەوتوو دەبێت.
كەموكووڕیی دیكە ئەوەیە لە زانكۆ ئەو قوتابییەی كە دوازدە ساڵ بە كوردی خوێندوویەتی، پێویستە بە كوردی بخوێنێت، بەڵام كاتێك سیستەمی خوێندنەكەی لە زانكۆ دەبێتە ئینگلیزی تووشی كێشە دەبێتەوە، بەڵام قوتابییەكەی قوتابخانە ئەهلییەكە وا نییە. لەبارەی زۆریی ژمارەی قوتابی لە قوتابخانە حكوومییەكان، ئەمەیان كێشەیەكی گەورە بۆ سیستەمی خوێندن دروست دەكات، چونكە ئەگەر ژمارەی قوتابیانی پۆل كەم بێت، بۆ نموونە مامۆستا دەتوانێت بابەتەكەی خوێندن بگەیەنێتە 20 تا 30 قوتابی، ئەدی ئەگەر ژمارەی قوتابیان لە پۆلێكدا 40 تا 50 قوتابی بوو، زۆر زەحمەتە بتوانێت وانەكە بگەیەنێتە ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان. لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا ڕێژەیەكیان داناوە بۆ وەرگرتنی قوتابیان هەتا 30 قوتابی، ئەگەر زیاتر بوو، ئەوا دەكرێتە دوو پۆل، بەڵام لە قوتابخانە حكوومییەكاندا لەبەر نەبوونی شوێن ئەمە ناكرێت، ئەمە جگە لەوەی قوتابخانە هەیە دوو تا سێ دەوامی تێدا دەكرێت، بۆیە ناكرێ شەش سەعات بداتە دەوامێك و ئەوی دیكە كەمتر، لەبەر ئەوە خوێندنەكە لە ڕووی كوالێتییەوە باش نابێت، دواجار قوتابی زەرەر دەكات و ناتوانێت وانەكان بە تەواوی تێ بگات و فێر ببێت، لە ئەهلییەكان ئەمە نابینرێت. بابەتی پارە وەرگرتن لە قوتابخانە ئەهلییەكان كاریگەریی بۆ سەر ئاستی خوێندن و كوالێتی هەیە، لە قوتابخانە حكوومییەكان زۆر جەخت دەكرێتەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت هەر لە ئەزموونەكان دەربچێت و ڕەنگە دووجار و سێ جار پێی دووبارە دەكرێتەوە، لە قوتابخانە ئەهلییەكان لەبەر ئەوەی پارە وەردەگرن تا ڕاددەیەك ئاسانكاریی تێدا دەبێت، كاتێك قوتابی لەم قوتابخانانە ئەهلییانە دەردەچێت و دواتر ڕوو لە كۆلێژ دەكات، ئەگەر نەیتوانـی سەربكەوێت ئەوە بەجێی دەهێڵێت، ئەو ئاسنكارییەی قوتابخانە ئەهلییەكان بۆ ئەوەیە كە پارە وەربگرن و ژمارەیەكی زۆری قوتابی ڕوویان تێ بكەن، تەنانەت قوتابیی زیرەك و تا ڕاددەیەك ناچالاك هەر دەردەچن، لە حكوومییەكاندا ئەگەر نەخوێنێت و تێنەكۆشێت بێگومان دەرناچێت و لە پۆلەكەی دەمێنێتەوە.