كاروان جەرجیس   مامۆستا لە دهۆك : نابێت جیاوازیی كات و وانەی خوێندن لەنێوان هەردوو خوێندنی كەرتی حكوومی و ئەهلی هەبێت

   كاروان جەرجیس    مامۆستا لە دهۆك :  نابێت جیاوازیی كات و وانەی خوێندن  لەنێوان هەردوو خوێندنی كەرتی حكوومی و  ئەهلی هەبێت

 

 سیستەمی خوێندنی هەردوو كەرتی حكوومی و ئەهلی هەر لە پۆلی (یەكی بنەڕەتییەوە تا دوازدەی ئامادەیی) بێ كەموكووڕی و گرفت نین. من زۆر جار ڕەخنەم لە جیاوازیی نێوان هەردوو خوێندنی حكومەت و ئەهلی گرتووە، ڕاستە سیستەمی خوێندنی هەر دوولا سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە، هەرچی خوێندنی حكوومی هەیە كە بە سیستەمێكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت، پشتگیریی دەكەم، بەڵام بۆ من جێگای ڕەخنە و گومانە كە بۆچی خوێندنی ئەهلی ڕۆژانە ماوە و كاتی دەوامكردنی تێدا زۆرترە، بە ڕاددەیەك لە (8ی بەیانی تا 3ی پاش نیوەڕۆ) قوتابی درێژە بە خوێندنی دەدات، ئایا ئەو ماوە درێژەی دەوام لەو قوتابخانانە بۆ ئەوەیە كە سەرنجی خێزان و منداڵەكانیان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، تا لەوێ بخوێنن، بەوەی كە ئەو پڕۆگرام و وانانەی دەیخوێنن، گرنگیی زۆر و باشی پێدەدەن، یان لەبەر ئەوەیە كە خوێندنی ئەهلی پڕۆگرامەكانیان زیاتر و زەحمەتترە و پتر لە خوێندنی حكوومی گرنگی پێدەدرێت؟ ئەو دوو خاڵەی لە خوێندنی ئەهلی ئاماژەم پێدا، لەلام زۆر گرنگە و بە پێویستی دەزانم لایەنی پەیوەندیدار بۆمانی شی بكاتەوە و هۆكارەكانی ڕوون بكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە خوێندنی حكوومی كە بە وردی و زۆر جددی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردەوە چاودێری و گرنگی پێدەدرێت، بەڵام ڕەخنە و گلەییشمان لەسەری هەیە، بەتایبەتی لەوەی ئەو سیستەمە نوێیەی ئێستا پەیڕەو دەكرێت، پێویستی بە خۆئامادەكردنی زیاتر هەیە. بە شێوەیەكی گشتی جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوان هەر دوو خوێندنی حكوومی و ئەهلی، من ناڵێم هەرچی ئەوەی لە خوێندنی حكوومیدا هەیە و پەیڕەو دەكرێت، هەر هەمووی خراپە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بە شێوەیەكی باشی دەزانم، چونكە ئەوەی لە خوێندنی ئەهلیدا هەیە، بابەت و ئەركێكی زۆر ڕۆژانە دەخرێتە سەر قوتابی كە تووشی زەحمەتی و بارگرانی زۆریان دەكەن، ئێمە لە خوێندنی حكوومیدا دەبینین كە دەوامەكە لە (8 ی بەیانی بۆ 12:30ی نیوەڕۆ) كۆتایی دێت، وانەكانیش ڕۆژانە لە نێوان (5 بۆ 6) وانەیە، ئێمە وەكو مامۆستا ئەو جیاوازییانەی نێوان خوێندنی حكوومی و ئەهلی لەلامان بووەتە جێگای گومان. من لەگەڵ ئەوە نیم خوێندن و قوتابخانەی ئەهلی نەبێت، كەسان و هەندێ خێزان هەن، توانای داراییان باشە و دەیانەوێت منداڵەكانیان لەو قوتابخانە ئەهلییانە بخوێنن، بە هۆكاری زۆر گوایە ئەو قوتابخانە ئەهلییانە مامۆستای پسپۆڕ و باشتریان هەیە و گرنگیی زیاتر بە خوێندن و ئاستی قوتابییەكەیان دەدەن، ئەمەش لە واقیعدا بەو جۆرە نییە و خوێندنی حكوومی مامۆستای زۆر شارەزا و پسپۆڕ و دڵسۆزی تێدایە و گرنگیی بە وانە و قوتابیان دەدەن، بۆیە ئەگەر بە تەواوی بچینە ناو پڕۆسەكەوە، ئەوا دەبینین هەر دوو خوێندنی حكوومی و ئەهلی هیچ جیاوازییان لە نێواندا نییە.

لە هەموو جیهاندا قوتابخانەی ئەهلی و تایبەت هەیە، پڕۆژەیەكی بازرگانییە وەكو هەموو كار و بزنێسێكی دیكە، بەڵام نابێت لەسەر حیسابی زانین و فێربوون و پێگەیاندنی قوتابیان بێت، هەر بۆیە پێویستە لێژنەی تایبەتی و شارەزا هەبێت كە چاودێریی خوێندنی ئەهلی بكەن، تاوەكو بزانن بە ئاستێكی ستاندارد و تەواو گرنگیی بە خوێندن و پەروەردە و پڕۆگرامەكانیان دەدرێت، چونكە ئەو قوتابییانەی لە خوێندنی ئەهلیش دەخوێنن كەسی ئێمەن و، نەوە و كوڕی نەتەوە و نیشتمانەكەمانن، بە پێویستی دەزانم خوێندن و قوتابخانەی ئەهلی بەپێی سیستەمی پەروەردە و نوێكاری و چاودێریی بەردەوامی پەروەردەوە بەڕێوەبچێت. هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە قوتابخانە و پۆلەكاندا گرفتێكی گەورەیە بۆ نموونە بوونی (600-700) قوتابی لە قوتابخانەیەك و (30تا40) قوتابی لە پۆلێكدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی بەلایەنی كەمەوە هەندێ قوتابی نەتوانن وانە و پڕۆگرامەكان بەپێی پێویست تێبگەن، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەش پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار پلانیان هەبێت بۆ دروستكردنی بینایەی قوتابخانەی بەرفراوان كە خۆی لە قوتابخانەی (12 و18) پۆلیدا دەبینێتەوە، كە ئەمەش پێویستی بە بوودجە و خەرجی زۆرە و ئەرك و زەحمەتییەك دەخاتە سەر حكومەتی هەرێم، چونكە بۆ هەموو لایەكمان ئاشكرایە كە چەندین ساڵە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بوودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت، یان ئەو بڕە پارەیەی دێتە هەرێم زۆر كەمە و بەشی پڕۆژە و كارو پێویستییەكان ناكات، بەتایبەتی ئەو سزا داراییانەی عێراق كە بەرانبەر هەرێمی كوردستان پیادەی كردووە و، بەردەوامیش كاریگەریی زۆری لەسەر دواكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانی پەروەردە هەبووە. لەلایەكی دیكەوە دەبینین خوێندنی ئەهلی لە بینایە و قوتابخانەی زۆر باش و كوالێتی بەرزدان و، پۆلەكان تەنیا (15) قوتابی زیاتر لەخۆ ناگرێت، ئەمەش وا دەكات قوتابی باشتر و زووتر تێبگات و، كاریگەریشی لەسەر ئاستی بەرز و هێنانی نمرە لەلای قوتابی هەیە، دەبێت ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكانی خوێندن و پەروەردە ئارام بگرین، حكومەتیش دەیەوێت و ئومێدی ئەوە دەخوازێت پێش بكەوێت لەو بوارەدا و كێشەكانی خوێندنی حكوومییش چارەسەر بكات.

 

Top