بەردەوامی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی ڕووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا
![بەردەوامی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی ڕووسیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20250213193834_original_39.jpg )
لەگەڵ بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کورسک، هەواڵەکانی کوشتن و برینداربوونی خەڵکی سڤیل لە خاکی ڕووسیا بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامن. سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە لە پێشێلکردنی ڕێكارەكانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ١٥٠ جار هێرشی کردووەتە سەر شار و گوندەکان.
بەپێی ئامارەکان، لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٦٠ کەسیش برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە. ناوچەکانی بێلگۆرۆد، برایانسک، کورسک و خێرسۆن بە تایبەتی کاریگەری ئەم هێرشانەیان لەسەر بووە.
لە بەرواری جیاجیادا هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی دووبارە لە شوێنە جیاوازەکان لەوان شارۆچکەی نۆڤایا کاخۆڤکا و کامێنکا-دنیپرۆڤسکا تۆمارکراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و کەسانی دیکەش برینداربوون.
جگە لەوەش بەکارهێنانی تەقەمەنی کلاستەر و مینی دژە مرۆیی لەم هێرشانەشدا بەدی کراوە و نیگەرانییەکی جددی لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و سەلامەتی خەڵکی سڤیلەوە دروستکردووە.
ئەم دۆخە پێویستی بەپەلەی هەوڵی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و پاراستنی گیانی مەدەنی لەو ناوچانە نیشان دەدات.
گوڵان: سەردار خەلیل