پڕۆفیسۆر عیمران ئەل باداوی بۆ گوڵان: ترەمپ خوازیاری كۆتاییهێنانە بە شەڕەكان  

پڕۆفیسۆر عیمران ئەل باداوی بۆ گوڵان:  ترەمپ خوازیاری كۆتاییهێنانە بە شەڕەكان   

 

عیمران ئەل باداوی، پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی هوستۆن لە ئەمریكا، هەروەها دامەزرێنەری پڕۆگرامی دیراساتی عەرەبییە لە هەمان زانكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەل ئەسەد و دەرئەنجام و ئاكامەكانی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* هەروەك ئاشكرایە، لە ماوەیەكی كورتدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەسەندنی خێرا و وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەل ئەسەد، لەگەڵ ئەوەشدا نادڵنیاییەك هەیە و ڕوون نییە كە ئایا بارودۆخەكە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، دید و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم ڕووەوە و چۆن لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەرئەنجامی كردارە سەربازی و ئابوورییەكانی هەر یەكە لە توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بوو لە ناوچەكەدا، هەروەها لە هەمان كاتدا دەرئەنجامی ڕاوەستانی پشتیوانیی حزبوڵڵای لوبنان و ئێران و ڕووسیا بوو بۆ ڕژێمەكە. ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە باڵادەستییەكی دەستەبەر كردووە بۆ هەر سێ كاراكتەرەكە (توركیا و ئەمریكا، ئیسرائیل) بۆ ئەوەی ئایندەی سووریا دابڕێژنەوە، بەتایبەتی توركیا لە پێگەیەكدایە كە لە هەموویان پتر سوودمەندە لەبەر چەند هۆكارێك. یەكەمیان ئەوەیە كە سەركردەی نوێی وڵاتی سووریا (ئەحمەد ئەل شەرع/ ئەبو محەمەد ئەل جولانی) و دەستەی ڕزگاركردنی شام لە پارێزگای ئیدلب، بەهۆی توركیاوە دەسەڵاتیان گرتە دەست. دووەمیان پەیوەستە بەوەی توركیا بەرژەوەندیی هەیە لەوەی لە ڕێی سەركردایەتیی نوێی سووریاوە كۆنتڕۆڵی كوردی سووریا بكات.

 * پێش ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد چەندین وڵاتی دەرەكی، وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، توركیا، ئێران، ڕووسیا كاریگەرییان هەبوو و دەستڕۆیشتوو بوون لەو وڵاتەدا، هەروەك ئێوەش لە وەڵامەكەتاندا ئاماژەتان پێ كرد، ئێستا پتر توركیا و ئەمریكا و ئیسرائیل دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن، لێرەدا دەمانەوێت بە دیاریكراوی پرسیار لەبارەی ئەوەوە بكەین، ئایا پێتان وایە ئەمریكا چ ڕۆڵێكی دەبێت لە ئایندەی سووریا و ئایا ڕۆڵێكی ئەرێنی دەبێت؟

- ئەوەی پەیوەست بێت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئەوا من باوەڕم وایە كە دەتوانێت لە نێو سووریا كاری باش ئەنجام بدات، بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە پێمان بڵێت كە ئەمریكا بەم ئاراستەیەدا كار دەكات، چونكە هێشتا ئەو سزایانەی لەلایەن یەكەم ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە لە ساڵی 2020دا بەسەر خەڵكی سووریادا سەپێندران- بەهۆی ڕژێمی ئەسەدەوە- هێشتا لە ئارادان، ئەگەرچی دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەددا، فەرمانبەرانی دامەزراوەی حكومەتی سووریا هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە، واتە خەڵكی تووشی ئێش و ئازارێكی زۆر بوونەتەوە لە ئەنجامی سیاسەتە ئابوورییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست وڵاتەكەیاندا. هەروەها ڕوونە كە ئەمریكا كێڵگە نەوتییەكانی ڕۆژهەڵاتی سووریای داگیر كردووە و هیچ ئاماژەیەكیش لە ئارادا نییە كە دەستیان لێ هەڵگرێت و دەستبەرداریان بێت، لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بگوترێت كە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزاكانی سەر سووریا هەڵبگرێت و ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت، ئەوا هەردوو ئەم كارە بەرەوپێشچوونی ئەرێنی دەبن بۆ گەلی ئەو وڵاتە.

 * دوای ئەوەی حوكمڕانییەكی نوێ لە سووریا هاتە ئاراوە، وڵاتی لوبنانیش پەرەسەندنی سیاسیی بەخۆیەوە بینی و بە هۆی لاوازكردنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی حزبوڵڵا لەو وڵاتەدا، دەرفەتی ئەوە هاتە ئاراوە هەندێ هەنگاو هەڵبگیرێت، وەك هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئایندەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە چۆن دەبینن؟

- ئەوە ڕوونە كە هەردوو وڵاتی سووریا و لوبنان هەمیشە لە نزیكەوە پێكەوە گرێدراون و پێكەوە پەیوەستن، ئەمە سەرباری ئەو جیاوازییە سیاسییانەی لە نێوانیاندا هەیە. دەستدرێژكاری و داگیركاریی ئیسرائیل هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر هەردوو وڵاتەكە، كە لە ئێستادا ئەم دوو وڵاتە (سووریا و لوبنان) بێتوانا و بێدەسەڵات دەردەكەون، بە هۆی سنوورداربوونی هێزی حزبوڵڵا و لەدەستدانی پشتیوانیی ئێرانەوە. هەردوو حكومەتی سووریا و لوبنان ئاماژەیان بە ڕێزگرتن لە سەروەریی ئیسرائیل داوە، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە ئایندەی ئاسایش لە ناوچەكەدا بە تەواوەتی بەندە بە سەركردایەتیی ئیسرائیلەوە، كە بۆ چەندین ساڵە سەركردایەتیی ئیسرائیلیش كەوتووەتە دەست توندڕەوە ڕاستڕەوەكانەوە بە سەركردایەتی بنیامین نەتانیاهۆ، كە بە شێوەیەكی ڕۆتینی تاوان و بۆردومان لە هەردوو وڵاتەكەدا ئەنجام دەدات، بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببێتەوە. كەواتە بە بێ هاتنەئارای گۆڕانكاری لە سەركردایەتیی ئیسرائیلدا، ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە گۆڕانكاری لە ئاسایشی ناوچەكەدا ڕوو بدات.

 * تا ئێستا ئەوەی بەدی كراوە، ئەوەیە كە حوكمڕانیی نوێی سووریا دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتاندا بەرەوپێش ببات و متمانەی ئەوە دروست بكات كە دەتوانێت ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵاتەكە دەستەبەر بكات و نەبێتە هۆی مایەی هەڕەشە و مەترسی، ئێوە چۆن لە ئەدای ئەم حوكمڕانییە نوێیە دەڕوانن؟

- باشترین ئومێدێك كە هەمانبێت بۆ سووریا ئەوەیە كە حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە ڕێز لە مافی سەرجەم گرووپە ئایینی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بگرێت، و بڕێكی زۆری وەبەرهێنانی دەرەكی دەستەبەر بكات، هەروەها بە شێوەیەكی لەسەرخۆ، بەڵام بەردەوام، دەست بە دووبارە بنیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە بكات. هەرچەندە لە ئێستادا دیموكراسی ڕۆڵێكی ئەوتۆی نییە لە نێو ئەم هەموو پرسانەدا.

* گومانی تێدا نییە كە دووبارە گرتنەوەدەستی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە سەرەتای دەستپێكێكی نوێ دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تێڕوانینی ئێوە ئەم ئیدارەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێی سووریادا دەكات؟

- ئێمە دەزانین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 هەڵبژێردرا، لەسەر ئەو بنەمایەی كە بایەخی بە كۆتاییهێنان بە شەڕ و داگیركارییەكان دەدا. بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 هەڵبژێردرا ئەوا تۆنی قسەكردنی گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەوە بوو ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی نەتەوە و خاكی وڵاتانی دیكە كرد. من پێم وایە ترەمپ خوازیاری ئەوەیە كە كۆتایی بە شەڕی بەردەوام و دەستدرێژكاریی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە دراوسێكانی بهێنێت. لە هەمان كاتدا دۆناڵد ترەمپ قەرزارباری هێزە زایۆنییەكانی نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، كە كوێرانە پشتیوانیی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل دەكەن، بەڵام هێشتا دەیەوێت پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمە بەكار بهێنێت بۆ هێنانەئارای ڕێككەوتنێكی بزنێس ئاسای نێوان پیاوە بەهێزەكان لە نێوان هەردوولایەندا. بەڵام ئەمە چ ڕەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر ئایندەی فەلەستینییەكان لە غەززە، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و بیبینین.

* لە ئێستادا هەوڵێك لە نێو هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكەدا بەدی دەكرێت بۆ جۆراوجۆركردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی داهاتەكانیان، ئێوە چ هەڵسەنگاندنێكتان هەیە بۆ ئەم هەوڵانە و تا چەند دەبنە هۆی ئەوەی ناوچەكە لە شەڕ و ناكۆكی دوور بخەنەوە؟

- ماوەیەك پێش ئێستا وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەستیان دایە پرۆسەی جۆراوجۆركردنی ئابوورییەكانیان، كە ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە دەستیان دایە بنیادنانی كەرتی بانك و گەشتیاری. وڵاتانی وەك مەغریب و ئەردەن و میسر هەڵكشانی ئابووریی گەشتیارییان بە خۆیانەوە بینی، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ئەم كەرتە كز و خامۆش بوو، هەروەها دەستیان دایە دروستكردنی پایتەختێكی نوێ بە ژێرخانی سەرسامكار، نموونەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا زۆرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەربەستێكی سەرەكی هەن لە بەردەم جۆراوجۆركردنی ئابوورییەكانیان و دووركەوتنەوە لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت. یەكەمیان بریتییە لە شەڕە بەردەوامەكانی ناوچەكە كە كاریگەریی وێرانكاری هەبووە لەسەر ئابوورییەكانیان، دووەمیشیان بەرهەمهێنەر و لۆبیكارە بەهێزە نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتە.

* جگە لە شەڕ و ناكۆكی، كێشەی دیكەش یەخەی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە گۆڕانی ژینگە و كەشوهەواوە. ئایا بایەخدان بەم پرسانە تا چەند گرێدراوی هەوڵەكانی نەهێشتنی شەڕ و ناكۆكین؟

- گۆڕانی كەشوهەوا و كەمیی سەرچاوەكان ڕۆڵێكی گەورەیان بینیوە و هۆكار بوون لەو شەڕ و ناكۆكییانەی لە ناوچەكەدا هەن. بۆ نموونە، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی ئابووری نیۆلیبڕاڵی لە سایەی حوكمڕانی و ڕژێمی ئەسەددا بووە هۆی دەوڵەمەندكردنی نوخبەی سووریا و ناوەندە شارنشینەكان، بەڵام ناوچەكانی دەرەوەی شارەكان بەدەست وشكەساڵییەوە دەیانناڵاند. هاتنی شەپۆلی خەڵكەكە بۆ نێو شارەكان و تووشبوونیان بە نادادپەروەری و بارێكی دژواری ئابووری بوونە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ساڵی 2011. لە هەمان كاتدا، ڕووباری نیل وەك سەرچاوەیەكی ئاو لە میسر بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرژی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەسیوبیادا، كە سەرچاوەی ئاوەكەی لێ هەڵدەقوڵێت. هاوشان بەمە، وڵاتانی وەك مەغریب كۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆری هەیە كە وزەی پاك بەرهەم دەهێنن، لەم ڕووەوە ئەم وڵاتە ئەدایەكی باشی هەیە، ئەگەر تێكڕای هەلومەرجەكانی دیكەی ئەم وڵاتە لەبەرچاو بگرین. هەروەك ئاماژەی پێكرا، تا ئەو ڕاددەیەی ناوچەكە بتوانرێت خۆی لە ناكۆكی لابدات و خۆی ڕزگار بكات لە گوشاری دەرەكی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوا بوارێك بۆ گەشبینی بەدی دەكرێت لە بواری پەرەپێدانی ئابووری، جۆراوجۆركردنی ئابووری و دووركەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت و ڕووكردنە وزەی پاك، هەرچەندە وتنی ئەمە قورسترە لە جێبەجێكردنی.

 

Top