ئیلهام شاهین: ئاواتەخوازم كارێكی هونەریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و میسر ئەنجام بدرێت

ئیلهام شاهین: ئاواتەخوازم كارێكی هونەریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و میسر ئەنجام بدرێت

لە یازدەهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك خەڵاتی تەمەنێك دەستكەوتی هونەری و سینەمای بە خاتوو ئیلهام شاهین، ئەستێرەی سینەمای میسر پێشكەش كرا، ئەم ئەكتەرە ناسراوەی سینەماش لای خۆیەوە گوتی: «شەوی هەموو ئامادەبووانی ئەم هۆڵە بەخێر و خوشی بێت، سوپاس بۆ پارێزگاری دهۆك، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ، بەرپرسی فیستیڤاڵی فیلمی دهۆك، سوپاس بۆ خەڵكی شاری دهۆك بۆ میواندارییان و پێشوازیكردن لە من، لە ناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەمووان دەكەم، سوپاس بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و هەروەها سوپاس بۆ هەموو خەڵكی عێراق، لە ناخی دڵەوە هەمووتانم خۆش دەوێت و خۆشەویستیی ئێوە وای لێ كردم كە بە هەموو وجوودمەوە ئێوەم خۆشم بوێت، بۆ یەك چركەش لە نێو ئێوەدا هەستم بە غەریبی و نامۆیی نەكرد، چونكە هونەر زمانی مرۆڤایەتییە و بەم شێوەیە هەموو خەڵكانی جیهان لەگەڵ یەكتر نزیك دەكاتەوە، هیوادارم لە ڕێگەی هونەرەوە ئاشتی و خۆشەویستی لە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە».

ئیلهام شاهین: ئاواتەخوازم كارێكی هونەریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و میسر ئەنجام بدرێت

ئیلهام شاهین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیشدا گوتی: «كاتێك هاتمە كوردستان شۆك بووم بەو پێشوازییەی لە من كرا، چاوەڕوان نەبووم پێشوازییەكە بەو شێوەیە گەرم و گوڕ بێت، باوەڕم نەدەكرد ئەو هەموو هەوادارەم لە هەرێمی كوردستان هەبێت، كاتێك وێنەیان لەگەڵ دەگرتم، پێیان دەگوتم لە فڵانە فیلم ڕۆڵت ئاوا بوو، ئاوا بووە، ئەو شتە بەلامەوە زۆر گرنگە، داوام كردووە كارێكی هاوبەش لە نێوان میسر و هەرێمی كوردستان بكرێت».

لەبارەی هەولێر و خەڵكەكەشی، ئیلهام شاهین گوتی: «ئەو شارە زۆر میوان دۆستن، بەڕاستی زۆر دڵخۆشبووم لە هەولێر، لە دڵەوە خەڵكیان خۆش دەوێت، شارێكی مێژوویی و شارستانییە، هیوادارم چەندین جاری دیكە بیانبینمەوە».

ئیلهام شاهین: ئاواتەخوازم كارێكی هونەریی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و میسر ئەنجام بدرێت

دەربارەی سەردانەكەی بۆ هەولێرو دهۆك، ئیلهام شاهین لە پەیجی خۆی دەنووسێت: «سوپاس بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری هەولێر كە بە گوڵ پێشوازییان لێ كردم، پێكەوە گەڕانێكمان بە ناو قەڵای هەولێردا كرد، ئەم تەلارە مەزنە كە هەڵگری كەلەپوور و ڕەسەنایەتییە بۆنی مێژووی لێ دێت، هەروەها سوپاس بۆ خوانی نیوەڕۆ كە لەسەر شەرەفی منەوە ساز كرا، ڕاستییەكەش ئەوەیە كە ڕۆژێكم لە هەولێر بەسەر بردووە قەت لەبیری ناكەم، سوپاس بۆ میوانداری و بایەخپێدانم، سوپاس بۆ فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك بۆ ڕێزلێنانم، هەموو سوپاس و پێزانینێك ئاراستەی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەم».

ئیلهام شاهین، بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی گوت: «پێشنیازم كردووە كارێكی هاوبەشی سینەمایی یان درامای تەلەفزیۆنی لەگەڵ سینەماكارانی كورد بەرهەم بهێنین و ئاواتەخوازم ئەوە ڕوو بدات».

ئیلهام شاهین كێیە؟

ئیلهام شاهین خانمە ئەكتەرێكی بەناوبانگی میسرییە و چەندین ڕۆڵی گرنگی لە سینەما و تەلەفزیۆندا بینیوە، زۆرجاریش ڕۆڵی سەرەكیی لە بەرهەمەكانیدا پێ دراوە، لە شاری قاهیرە لە دایك بووە و خوێندنی نواندنی تەواو كردووە، بە بەشداریكردن لە ژمارەیەك شانۆگەریدا دەستی بە كاری هونەری كردووە، بەڵام سەرەتای درەوشاوەیی لە جیهانی هونەردا دوای چوونە ناو جیهانی سینەما بوو، كە هەنگاوێكی گرنگ و سەرەكی بوو بۆ زیادكردنی جەماوەری ئەم خانمە ئەكتەر و دەركردنی ناوبانگی زیاتر.

تا ئێستا بەشداریی لە نزیكەی ٥٠ زنجیرە و 101 فیلم و زیاتر لە (٣٠) شانۆگەریدا كردووە و چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی لەسەر ئاستی میسر و وڵاتانی عەرەبی و جیهان بەدەست هێناوە.

ژیانی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا زۆر سەخت بوو

هونەرمەند ئیلهام شاهین ژیانی خۆی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بە سەخت و بە ئازار وەسف دەكات، بەهۆی ئەو هەوڵانەی كە داویەتی بۆ تێكەڵكردنی كارەكانی وەك ئەكتەر لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، هەروەها خوێندنی لە پەیمانگەی هونەرە شانۆییەكان لە هەمان كاتدا تەواو كردووە، هاوكات ئاماژەی بەوەش كردووە، لەم تەمەنەدا وەك كچانی ئاسایی هەستی بە ژیان نەكردووە، چونكە ڕۆژانە بە هەستی ئەو كارەكتەرەی كە لە فیلمەكانیدا بەرجەستەی دەكات لە خەو هەڵدەستا.

ئیلهام و دایكایەتی

ئیلهام شاهین بە ڕوونی ددان بەوەدا دەنێت كە لە ئاست بەرپرسیارێتی دایكایەتیدا نەبووە، هەر بۆیەش بە قەناعەتەوە بڕیاری دا منداڵی نەبێت، لەم بارەوە دەڵێت: «من بەوە ڕازیم كە دایك نیم و تا ئێستا منداڵم نییە، چونكەمن لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نیم و دەمەوێت بە ئازادی بژیم و دەمەوێت بۆ هونەرەكەم بژیم».

لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: «ئێمە بیست كاتژمێر كار دەكەین، ئافرەتێك چۆن دەتوانێت بەو شێوەیە دایكایەتیی خۆی پراكتیزە بكات و چاودێریی منداڵەكانی بكات، دەبێت هەڵبژاردن هەبێت، ئافرەتێك ناتوانێت هەموو شتێك لە دونیا وەربگرێت، منیش ئەو ژیانەی خۆم هەڵبژاردووە و بە هیچ شێوەیەك پەشیمان نیم،»هەر لە بارەوە زیاتر دەڵێت: «دایكایەتی بریتییە لە بەخشین و قوربانیدان، منیش دەتوانم لەگەڵ خوشكەكانم و منداڵەكانی خوشكەكانم و هاوڕێ نزیكەكانمدا هەستی پێ بكەم، ئێوە بەخشین و قوربانیدانتان دەبێت و مەرج نییە منداڵەكانی من بن».

Top