یاسا، مارەیی پێشەكی و پاشەكی

یاسا، مارەیی پێشەكی و پاشەكی

لە هەرێمی كوردستان كە مارەیی پێشەكی یان پاشەكی ژن بە زیاتر لە ١٩ مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ دادەنرێت، دوو پاڵنەر ئەمەی دروست كردووە، ئەوانیش عورف و پرسی دانی زەكاتە لە بڕی زێڕە، لە چوارچێوەی شەریعەی ئیسلامدا. لەلایەنی عورفەوە، گەلێك جار هاوژینان چاو لە كەسانی پێش خۆیان یان و دەوروبەریان دەكەن و پێیان كاریگەر دەبن كە ئەمەیان كردووە، بەو پێیەی كە ئەمە ڕاستە و دەبێت وا بكرێت، بۆیە ئەوانیش هەمان شت پیادە دەكەن. سەبارەت بە دان یان لێكەوتنی زەكاتیش لە مارەییەك كە بڕەكەی زیاتر بێت لە ١٩ مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١، كە پاڵنەری سەرەكییە بۆ دانانی مارەیی ژن بەم بڕە، ئەمەیان سەرچاوەكەی شەریعەی ئیسلامە كە هەر بڕە زێڕێك كێشی بگاتە ٨٥ گرام، ئەوا گەیشتووەتە ڕێژەی (نیساب)ی شەرعی و پێویست بەوە دەكات كە ساڵانە زەكاتی لێ بدرێت، چونكە زەكات یەكێكە لە پایەكانی ئیسلام و دانی واجبە لەسەر كەسی موسوڵمانی خاوەن سامان. ئەم ٨٥ گرامە بەگوێرەی حیساب لێك دراوەتەوە، كە بە نزیكەیی دەكاتە ١٩ مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە زێڕی عەیار ٢١ بەراورد بە زێڕی عەیار ٢٤زێڕێكی بێگەرد و تەواو پاك نییە.

Top