ئایان بریمەر سەرۆكی دامەزراوەی ئۆراسیا بۆ مەترسییە سیاسییەكان:   هەوڵەكانی ترەمپ بۆ ئەوەیە چیك و بلانس نەهێڵێت و وەزارەتە گرنگەكانی ئەمریكا بە سیاسی بكات

ئایان بریمەر  سەرۆكی دامەزراوەی ئۆراسیا بۆ مەترسییە سیاسییەكان:     هەوڵەكانی ترەمپ بۆ ئەوەیە چیك و بلانس نەهێڵێت و وەزارەتە گرنگەكانی ئەمریكا بە سیاسی بكات

 

 

ئایان بریمەر، زانایەكی سیاسیی ئەمریكا و بزنێسمانێكە كە لەبواری مەترسییە سیاسییەكان كار دەكات و دامەزرێنەر و سەرۆكی دامەزراوەی «گرووپی ئۆراسیا»یە، كە كار لەسەر مەترسییە سیاسییەكان و ڕاوێژپیدان دەكات، هەروەها دامەزرێنەری دامەزراوەی سفر گرووپە «GZERO» وەك ئاماژەیەك بۆ نەمانی گرووپەكانی هاوشێوەی «G7 یان G20» لە جیهاندا، هەروەها ئاماژەیەكیشە بۆ نەمانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەموو شیانەوە ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان. دامەزراوەی گرووپی ئۆراسیا ساڵانە لە سەرەتای ساڵدا ڕاپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە، سەبارەت بەو مەترسییانەی كە مەزندە دەكرێت لەو ساڵەدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بۆ ئەمساڵیش (2025) ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بە مەترسییەكان دەكات و لە سەرووی هەمووشیانەوە مەترسیی دووبارە هەڵبژارنەوە و دووبارە دەستبەكاربوونەوەی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا. لێرەدا پوختەی ڕاپۆرتەكەی بڵاو دەكەینەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ، كەسایەتییەكی جیاوازە، تەنانەت لایەنگرانی و ئەوانەشی پشتگیری دەكەن، دەڵێن «ناتوانین پێشبینیی ئەوە بكەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان دەكات و چۆن بڕیار دەدات»، بەمەش هەموو لایەكی تووشی سەرسووڕمان كردووە، سەرەنجامیش هەر بەو جۆرە كار دەكات و هەر بەوجۆرە بڕیار دەدات كە خۆی مەبەستێتی.

ئەم خولەی سەرۆكایەتی ترەمپ زۆر جیاواز دەبێت لە خولی یەكەمی (2017-2021)، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی هاوپەیمان و ڕكەبارەكانی لاوازن، بەڵكو لەبەر ئەوەیە بە تەواوەتی پارتی كۆماری كۆنتڕۆڵ كردووە و پێویستی بە هاوكاریی هیچ كەسێكی كۆمارییەكان نییە، یان وەك دەڵێن پێویستی بەوە نییە دەست بە كەوای «Cattails»ی هیچ كەسێكەوە بگرێت. لەم ئیدارەیەدا خەڵكانی لێهاتووی وەك مایك پێنس»Mike Pence» یان مایك پۆمپیۆ «Mike Pompeo» بوونیان نابێت، هەتا كاریگەرییان لەسەر هەبێت، بەپێچەوانەوە كۆمەڵێك هەرزەكاری سیاسیی ئیدارەكەی پێكدەهێنن كە زۆر یەكگرتوو دەبن و وەلای تەواویان بۆ ترەمپ دەبێت.

خاڵی مەترسیدار لە سەرۆكایەتیی ئەمجارەی ترەمپ كە بە درێژایی مێژووی باوكانی دامەزرێنەر لێی ترساون، ئەوەیە كە ناو سیستمی سیاسیی ئەمریكادا پرۆسەی چاودێری و هاوسەنگی «check and balances» نەمێنت، لە ئێستادا ترەمپ چاوی لەسەر ئەوەیە كە وەزارەت و دامەزراوە خاوەن دەسەڵاتەكان وەك «نووسنیگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی – FBI، وەزارەتی داد – DJO، وەزارەتی خزمەتگوزاری و داهاتی ناوخۆ – IRS» بە سیاسی بكات، ترەمپ بە جۆرێك سەیری ئەم دامەزراوانە دەكات كە وەك چەكێك لەلایەن دیموكراتەكاتەوە لەدژی ئەو بەكارهێنراون بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن و دەستگیری بكەن.

ئەوەی پێی دەگوترێت «سیاسەتی ئابووریی ترەمپ» زۆر لە سیاسەتی ئابووریی ئیدارەی جۆزیف بایدن جیاواز دەبێت، ئەمەش لەو خاڵەوە مەترسی لێدەكرێت، كە ئابووریی ئەمریكا زۆر گەورەیە و كاریگەری لەسەر ئابووریی جیهان زۆر زیاتر دەبێت لەوەی كە ئێستا هەیە و، ئامانجێتی پێناسەی گومرگی زیاد بكات و، دەیەوێت ئەم زیادكرنە وەك ئامێرێكی سیاسی بە كار بهێنێت بۆ ئامانجەكانی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی، ئەم كارەی ترەمپ كە مەزندەی ئەوە لێدەكرێت، ببێتە هۆكاری هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی بازاڕ، بەڵام دوای ڕوودانی ئەمەش ترەمپ بێباكانە دێت و دەڵێت: «ئەمانە هیچ ڕاست نین».

لەسەر دیپۆرتكردنەوەی پەنابەری نایاسایی، پێموایە زۆر بە گرنگی كاری لەسەر دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە یەكێك لە هۆكارەكانی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوە بوو كە بانگەشەی بۆ ئەم پرسە دەكرد و بایدن و هاریس زۆر كەمتر باسیان دەكرد، بۆیە هەوڵەكانی ترەمپ ئەو ئاراستەیە دەبن دەست بە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی بكات، بەڵام هەرگیز ناتوانن هەموویان پێكەوە دیپۆرت بكەنەوە كە ژمارەیان لە نێوان 15-20 ملیۆن پەنابەرە، بەڵكو پرۆسەیەكی لەسەرخۆی هەنگاو بە هەنگاو دەبێت، لەوانەیە لە ساڵی یەكەمی ئیدارەكەیدا ملیۆنێك دیپۆرت بكاتەوە، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو 4-5 ملیۆنی دیكە دیپۆرت بكاتەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، بەڵام ئەمەش دەرهاویشتەی نەرێنی بۆ ئابووری و بازاڕ و نرخی كار دەبێت.

شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا مەترسیەكی دیكەیە كە ڕووبەرووی جیهان دەبێتەوە لە ئەمساڵدا (2025)، لەگەڵ ئەوەی من ناخوازم ئەوە ببینم، بەڵام ئۆكرانیا بەرەو دابەشبوون دەچێت، ئەمانوئێك ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ڕاشكاوانە بە ڤلادمێر زیلنسكی سەرۆكی ئۆكرانیای ڕاگەیاندووە «دەبێت واقیعییانە بیر بكاتەوە و دەستبەرداری بەشێك لە خاكەكەی ببێت»، كە ئەمە تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپیشە.

ئۆكرانییەكان لەو ڕاستییە تێگەیشتوون، دوای ناردنی هێزەكانی كۆریای باكوور بۆ بەرەكانی شەڕ بۆ بەرژەوەندیی ڕووسیا، چیتر ناتوانن بەو جۆرە درێژە بە شەڕەكە بدەن و، زیانێكی زۆری گیانی و ماددییان پێكەوتووە، لە ئێستادا پێویستیان بە ئاگربەستێكە بۆ ئەوەی پشوویەك بدەن. ترەمپ مەبەستێتی ئەم ئاگربەستە دروست بێت، بۆ ئەمەش بە ڕاشكاوانە بە هەر دوولا (ئۆكرانیا و ڕووسیا)ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئۆكرانیا ئاگربەست ڕەت بكاتەوە ئەوا یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا ڕادەگرێت، ئەگەر ڕووسیاش ئاگربەست ڕەت بكاتەوە، سزاكانی لەسەر زۆر توندتر دەكرێت.

ئەوەی لەم پرسەدا مایەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەر كردنە، ئەوەیە كە ئەگەری زۆرە ئەو ئاگربەستە لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا دروست بێت، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە، دوای ئاگربەست لەسەر مێزی دانوستاندن دابنیشن و كێشەكە بە ئاشتییانە چارەسەر بكەن، بەڵكو لە ماوەی ئەم ئاگربەستەدا هەر دوولا باشتر خۆیان پڕچەك دەكەن، بۆ ئەوەی خولێكی دیكەی شەڕەكە توندتر دەست پێبكەنەوە.

كێشە و شەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیدارەی داهاتووی ترەمپ ئالنگارییەكی زۆر گەورە دەبێت، بۆ ئەمساڵ لە هاوكێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە پێچەوانەی ساڵی ڕابردوو كە چاودێریی ئەوەمان دەكرد، چۆن شەڕەكە لە غەززەوە فراوان دەبێت بۆ باشووری لوبنان و حزبوڵڵا، ئێستا ئەم شەڕانە بەرەو كۆتایی دەچن و ترەمپیش مەبەستێتی ئەو شەڕانە كۆتاییان بێت.

لە ناو ئەم هاوكێشە تازەیەدا ئیسرائیل براوەی سەرەكی بووە، هەست بە باڵادەستییەكی سەربازیی زۆر گەورە دەكات، هەر بۆیە هەرچی بوێت، دەیكات و هەر خۆیشی ئاراستە و شێواز و كاتی گونجاوی شەڕەكان دیاری دەكات.

ئەوەی پێی دەگوترێت «بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی» و ئێران پشتگیریی دەكرد، دوو گرووپ كە بریتن لە «حزبوڵڵا و حوسییەكان» كە لە هەموو گرووپەكانی دیكەی سەربەخۆتر بوون، بە تەواوەتی تێكشكاون، بە نەمانی ڕژێمی ئەسەد چیدیكە ناتوانرێت چەك بگاتە دەستی حزبوڵڵا كە لە ئێستا بە تەواوەتی تێكشكاوە و سەركردەكانی زۆربەیان لە ناوچوون، هەروەها بزووتنەوەی حەماس بە تەواوەتی لە گۆڕەپانەكە بوونی نەما، گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین لە گەورەترین كێشەدایە، بۆیە ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی چیتر ئێران نەتوانێت بیر لەو ستراتیژە هەرێمییە بكاتەوە، كە پێشتر ڕۆڵی گەورەی تێدا گێڕا و باڵادەستیی گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە زۆر لە «توركیا، ئیسرائیل، میسر، عەرەبستانی سعودیە» لە ناوچەكەدا باڵادەستتر بێت، بەڵام لە ئێستا بارودۆخی ئێران لە باردۆخی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشانی ساڵی 1989 دەچێت كە بە كردەیی بلۆكی ڕۆژهەڵاتی لە دەست دا، ئەمەش وەك دەڵێن ئیمپراتۆریەتەكەی ڕووت كردەوە «The emperor has no clothes».

ئیسرائیل بە تەنیا توانی بەشێكی زۆر لە هێزەكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و سوپای پاسداران تێكبشكێنێت، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت هێزە ئەتۆمییەكەی ئێران تێكبكێشت، بۆ ئەمەیان پێویستی بە هاوكاریی ئەمریكا هەیە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، لە كاتێكدا ئامانجی ترەمپ ئەوەیە كۆتایی بە شەڕەكان بێت، ئایا خۆی لە شەڕێكی دیكەوە دەگلێنێت، كە نازانرێت چۆن كۆتایی دێت؟ لەگەڵ ئەوەی مەزندە ناكرێت، چۆن مامەڵە دەكات و چ بڕیارێك دەدات، بەڵام مەزندەكان بەو ئاراستەیەن كە چەند هەنگاوێكی زۆر توند بەرانبەر ئێران بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئێران ناچار بكات بەو جۆرە لەگەڵ ئەمریكا بگاتە ڕێككەوتن وەك ئەوەی ترەمپ دەیەوێت، بۆ ئەمەش زۆر بە توندی ڕێگە لەو كەشتییە بارهەڵگرە نەوتییانە دەگرێت كە بە بێ ئاڵا لە دەریاكانەوە نەوتی ئێرانی بە قاچاخ دەفرۆشن، ئەمەش گورزێكی كوشندە لە ئابووریی ئێران دەوەشێنێت. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێران یاخیبوون هەیە، بەتایبەتی لە «سیستان و بلوجستان» بۆیە لەوانەیە یارمەتیی ئەو جووڵانەوانە بدەن و كێشەی گرنگ بۆ ئێران دروست بكەن. هەر چەند من قەت مەزندەی ئەوە ناكەم، دۆناڵد ترەمپ بە لۆژیكانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكات، بە شێوازی ئاشتییانەی هاوسەنگ بگاتە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت، ئەمە پرسێكە هەرگیز گرەوی لەسەر ناكرێت، بەپێچەوانەوە بارودۆخەكە ئاڵۆز دەبێت و دوور نیە كە بە شێوازی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەكدی ببنەوە.

خاڵێكی دیكە كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، مەترسیی دانانی سنوورێكە بۆ زیرەكیی دەستكرد، بۆ ئەوەی خەڵكانی خراپ بۆ مەبەستی تایبەتی و دوژمنكارانەی خۆیان سوودی لێوەر نەگرن، هەروەك چۆن ساڵی پار كۆمەڵێك خەڵك دووبارە ئەندازەی ئای تی چاتی لاما «Llama chat»یان داڕشتەوە، كە بەكاریان هێنابوو بۆ ئەوەی چۆن زەرنیخ «Arsenic» بۆ كوشتنی خەڵك بە كار بهێنرێت، یان پرسیاری ئەوەیان لێكردبوو، چۆن بتوانرێت سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیایەك تیرۆر بكرێت، ئەمانەش زۆر جێگەی مەترسین.

لەسەردەمی ئیدارەی جۆزێف بایدن، ڕێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی حەوت كۆمپانیای گەورەی تەكنەلۆژی كرابوو، كە لە بواری زیرەكیی دەستكرد كار دەكەن، پێدەچێ ئیدارەی تازەی ترەمپ ئەو ڕێككەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەك چۆن لە ئێستاوە بانگەشەی ئەوە دەكات لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی «WHO» و ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی «WTO» و ڕێككەوتنی پاریس بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا» دەكشێتەوە.

 

Top