پێشەنگی سیستەمی فیدڕاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێشەنگی سیستەمی فیدڕاڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کورد لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانیویەتی ببێتە پێشەنگی جێبەجێکردن و سەرکەوتنی سیستەمی فیدڕاڵی. ئەم ئەزموونە سیاسییە، کە لە چوارچێوەی عێراقدا بەدی هاتووە، نموونەیەکی دەگمەنە لە ناوچەیەکدا، کە زۆرینەی وڵاتەکانی بە شێوەیەکی ناوەندگەرا بەڕێوە دەبرێن.

هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی پڕ ململانێی مەزهەبی و نەتەوەییدا هەڵکەوتووە، توانیویەتی مۆدێلێکی سەرکەوتووی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەڕێوەبردنی فرەیی پێشکەش بکات. لەم هەرێمەدا، پێکهاتە جیاوازەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە دەژین و مافی کەلتووری و ئایینیان پارێزراوە. ئەم دەستکەوتە گرنگە لە کاتێکدایە، کە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ هێشتا لە قەیرانی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازییەکاندا دەژین.

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەزموونی فیدڕاڵی کوردستان، توانای دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی و ئابووری کراوەیە. لێرەدا، بازاڕی ئازاد، ئازادی میدیا و مافی بەشداری سیاسی بۆ هەموو پێکهاتەکان دابین کراوە. ئەم دەستکەوتانە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بۆ لای هەرێمی کوردستان ڕاکێشاوە، وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا.

بەراوردێکی خێرا لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، وەک باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، دەریدەخات کە مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایک و ئازادی کەلتووری لەو بەشانەدا یان سنووردارن یان بە تەواوی پێشێل کراون. ئەمەش گرنگی ئەزموونی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان زیاتر دەردەخات.

هەوڵەکانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵی، وەک یەمەن لە ساڵی ١٩٩٠-١٩٩و لیبیا لەساڵی ٢٠١٣، بە شکست کۆتاییان هاتووە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵی پێویستی بە ژێرخانێکی پتەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، کە کورد توانیویەتی لە هەرێمی کوردستاندا بیخولقێنێت.

سەرەڕای هەموو ئەم سەرکەوتنانە، گەلی کورد نابێت لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی ئەم ئەزموونە بوەستێت. پێویستە بەردەوام بێت لە چاکسازی و پتەوکردنی دامەزراوەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی. هەروەها، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێت پشتگیری زیاتر لەم ئەزموونە بکات، چونکە سەرکەوتنی ئەم مۆدێلە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر گشت ناوچەکە هەبێت.

لە کۆتاییدا، ئەزموونی فیدڕاڵی کوردستان سەلماندوویەتی، کە دەکرێت لە ناوچەیەکی پڕ کێشە و ئاڵۆزدا، سیستەمێکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردن دابمەزرێت، کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات. ئەمەش ئەو شانازییەیە کە دەبێت کورد وەک خاوەنی ئەم ئەزموونە بە بەردەوامی کاری بۆ بکات و بیپارێزێت. بۆ قۆناغی داهاتوو.

Top