(( بـیــرت تـــەنـــهـــا لای ئــــامانجەكەت بێ ))

((    بـیــرت تـــەنـــهـــا لای ئــــامانجەكەت بێ   ))

(نیل ئارمسترونغ) ئاسمان گەڕۆكی ئەمریكی دەڵێ"ئازایەتی ئەوە نیە كە نەترسێی، بەڵكو توانای سەركەوتنە بە سەر ترس".
مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا كۆمەڵێ ئاوات و ئامانج و حەز و خۆزگەی هەیە كە بۆ هەر یەكێكیان كار دەكات و هەوڵ دەدات بۆ بەجێ هێنانی و دەستكەوتنی، كە بێگومان ژیانی هەر یەكێكمان چەندەها لایەنی جۆراوجۆری تێدایە لە ڕووی روحانیەت و باوەڕداری و فێركردن و كاركردن و تەندروستی و خۆش بەختی و ئاسودەیی و هەتا دوایی كە لە هەر لایەنێكیان لەو لایەنانە ئاوات و خۆزگە و داواكاری و هەوڵدانمان هەیە بۆ بەدەیهێنانیان، بەڵام گرنگە چۆن جەخت لە سەر ئەو ئامانجانەمان دەكەینەوە دوور لە پەرش و بڵاوی و پەرتەوازەیی و بە فیرۆدانی كات، گرنگتر لە هەموویان دەبێ ئەوپەری متمانە و بڕوامان بە خودای گەورە هەبێت و بڕوامان بە توانایی و متمانەیی خۆمان هەبێت و خۆمان بە دەستەوە نەدەین، هەمیشە سوور و بەردەوام بین لە سەر هەوڵەكانمان و كەمتەرخەم نەبین و خۆمان نەدزینەوە و هیچ كارێك دوا نەخەین و ئاوڕ لە شتی بێ ماناو پڕوپۆچ نەدەینەوە و جەخت لە سەر ئامانجەكان بكەینەوە. دەگێرنەوە " لە سەردەمانێك ڕۆژێك قوتابییەك لە گوندەكەی دەچێتە لای پیاوێكی پیرو بەساڵاچوو و پێی دەلێت قوربان ناتوانم چیتر لەو گوندە بمێنمەوە، دەمەوێ بڕۆمە گوندێكی تری ئارام و بێ سەرئێشە و بێ كێشە و ئاشتیخواز، پیاوە بە ساڵاچووەكە لێی دەپرسێ گرفت و كێشەت چیە لەگەڵ ئەو گوندە، قوتابیەكە گوتی" قوربان هەموو خەڵكی گوند ژەهراوین بەرامبەر من و تۆ و هەموو کەس زۆر قسە دەكەن دەربارەی هەموو كەس و لە سەر هەموو شت قسە دەكەن و، هەمیشە كەسانی نەرێنین و قسەی نەشیاو و خراپ لە سەر من و تۆ و هەموو كەس دەكەن، هەیانە ڕۆژەكە بەس بە باس كردنی خراپەی ئەو خەڵكە بە سەر دەبەن، ناتوانم لەم گوندە بژیم و گوێم لەو هەموو قسە ناخۆش و نەشیاوە بێت، بۆیە ڕێگەم بدە بچمە گوندێكی تری خامۆش و بێ دەنگ و ئەو جۆرە كەسانەی لێ نەبێت. پیاوە پیرەكە بە ووردی گوێی لە قسەكانی قوتابیەكە ڕاگرتبوو پێی گوت باشە ڕێگات پێ دەدەم بڕۆیتە گوندێكی تر، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆی كارێكم بۆ ئەنجام بدە، قوتابیەكە گوتی بە سەر چاو و بەدڵنیایی، پیاوە بە ساڵاچووەكە كوپێكی بچووكی پڕ ئاو كرد و دایە دەستی قوتابییەكە گوتی ئەو كوپە ئاوە لە دەستت بگرە بە ناو گوند بگەڕێ و بۆم بگەرێنەوە بە مەرجێك دڵۆپێك ئاو لە كوپەكە نەڕژێ، ئەگەر توانیت ئەو كارە ئەنجام بدەی ئەوا ڕێگات پێ دەدەم بچیتە گوندێكی تری ئارام و بێ دەنگ، قوتابیەكە بە پەڕۆشیەوە كوپە ئاوەكەی وەرگرت و بە ناو هەموو گوندكە گەڕاو سوڕا و دوای چەند كاتژمێرێك بە دڵخۆشی هاتە لای پیاوە بە ساڵاچووەكە بێ ئەوەی دلۆپێك ئاو بڕێژێت لە كوپەكە، گوتی قوربان جێ بەجێم كرد و نەم هێشت یەك دلۆپە ئاو بڕژێت لە كوپەكە ئێستاش ڕێگەم پێ بدە بچمە گوندێكی تر، پیاوە بە ساڵاچووەكە بە زەردەخەنەوە گوتی باشە چۆن بەڵێنم پێدابووی تۆ ئازادی بڕۆی، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆی یەك شتم پێ بلێ بیستت كەس بەخراپە باسی من و تۆ و خەڵكی تر بكەن و ناو و ناتۆرە لە خەڵك بدۆزنەوە، قوتابیەكە گوتی نەخێر گەورەم من تەنها ئاگام لە كوپە ئاوە كە بوو، كاتم نەبوو گوێ لە كەس بگرم و یان بزانم چی دەڵێن و گوێم لە هیچ هاش و هوش و ژاوە ژاو نەبووە، پیاوە داناكە گوتی كوڕی خۆم ببینە و بزانە ئەگەر ئاگا و بیرت تەنها لە لای ئامانجەكەت بێت كە لە هەمووی گرنگتر و پڕ بایەخترە ئەوا هەرگیز كاتت نابێ ئەو دەنگە ناجۆر و ناشازانەی دەورت ببیستی كە بەخراپە و نەرێنی باسی ئەم و ئەو دەكەن، بچینە هەر شوێنێك ئەو جۆرە كەسە نەرێنیانە دەبینی، بۆیە تەنها ئاگا و بیرو هۆشت لای ئامانجەكەت بێت كە مەبەستتە ئەو كات هەموو دەنگە ناشاز و ناجۆرەكانی دەورەبەرت تەنها هاش و هوش و هەراو هۆریان، گرنگی بە ژیانی خۆت و خێزان و خۆشەویست و ئازیزان و كەسە باشەكان بدە و ئەو جۆرە كەسانە لە هەموو شوێنێك هەن با لەگەڵ ژیانی ڕوخاو بێ بەرهەم و نەرێنی خۆیان دابن و لە هیچ كەس و لە هیچ شوێنێك ڕامەكە، پێویستە دڵخۆش و ئاسودە و بەختەوەر بی و تەنها و تەنها جەخت و گرنگی بە ژیانی خۆت و ئازیزان و كەسە بە سوود و بەرهەمدار و دڵباش و نیەت باشەكان بدە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top