سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا هەنگاوێکی یەکجار گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا کرد. بنەمای سەردانەکەی سەرۆک وەزیران دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخساندنی زەمینە لە پێناو چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ئەو نێوانە، کە ماوەیەکی زۆرە بە چەقبەستوویی ماونەتەوە و ماوە دوای ماوە سەر هەڵدەدەنەوە، هەروەها نیشاندانی نیازپاکی و پاڵپشتی لە لەسەر بنەمای یەکدی قبوڵکردن و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان کە ئەوەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هاتووە، لە رابردووشدا، هەوڵەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق دیار و بەرچاوە لەپێداگیریی و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سڵی نەکردووتەوە و ئەگەر لەیادیش نەکەین لەو کاتانەی بە پیلان و بەرنامە هەوڵی ملکەچکردنی هەرێمی کوردستان دەدرا، سیاسەتی بوێرانەی مەسرور بارزانی وایکرد کە فشارەکان کاریگەری لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەکەن.

گرنگیی ستراتیژیی ئەم سەردانە لەوەیە كە ”تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەردوو لا لە هەناردەکردندار پشت بە یەکدی دەبەستن و سنووری هاوبەشیان لە جووڵەی بازرگانییدا زۆر چالاکە، هەروەها هەرێمی كوردستان زۆر پشتی بە هەناردەکردن لە ڕێگەی تورکیاوە دەبەستێت، بەتایبەتی سەبارەت بە نەوت و گاز و ڕەنگە ئامانجی سەردانەکە بەرزکردنەوەی هاریکاری لە بواری وزەدا بێت، بەتایبەتی لەگەڵ پرۆژەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی نەوت و غاز بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی تورکیاوە.“

”ئەوە گرنگە کە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئامادەیی گفتوگۆیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی لایەنی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و بەئاشتیانە و سیاسییانە چارەسەر بکات و ئەمە هەنگاوی یەکجار گرنگە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پیادە دەکرێت.”

مەسرور بارزانی خوازیاری پەیوەندی ئاشتی و دۆستانە بووە لەنێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا هەرچەندە دەستی دەرەکی و ناوخۆیی بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆز و ناسەقامگیر بکرێت، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم وایکردووە، کە چارەسەری هاوکێشە قورس و پڕ ئاستەنگییەکانی هەولێر و بەغداد لە قۆناغی مەحاڵ بێتە دەرەوە و ئیدی دەرچەیەک بۆ کردنەوەی گرێیە ئاڵۆزەکانی رابردوو هەبێت.

سەردانەکە لە چوارچێوەیەکی هەستیاری ناوچەییدا دێت، بەو پێیەی ناوچەکە شایەدیی گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکییە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و هەروەها لەنێوان تورکیا و وڵاتانی دیکەدایە."

لەکاتێکدا ھەرێمی كوردستان کە بە ھەموو توانای خۆی ھەوڵی داوە خۆی لە ململانێ ناوچەیی و جیھانییەکان بپارێزێت و نەبێتە لایەنگری ھیچ لایەک، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لە ڕاستیدا ئەگەر بنکۆڵکاریی ئەم دۆخە بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەندە قورس و هاوكات مایەی دڵخۆشییشە حکوومەتی كوردستان لە بنیاتنان و ھەنگاونان بەرەو جیھانیبوون بەردەوام بێت، و لەلایەک هەوڵدەدات هاوسەنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا ڕابگرێت کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. لەلایەک لە قۆناغی چاکسازی و پاکسازیدایە و نایەوێت بابەتی بچووک و نالۆژیکی ببنە مایەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا.

بە دروستی دەگەینە ئەو بڕوایەی، سەرەڕای (ئالنگارییەکان، ناکۆکییەکان، گرفتەکان) حكوومەتی هەرێمی لە پێشخستنی كوردستان بەردەوامە، راستە كە لە ھەندێک بەش و سێکتەری دیکەی حکومڕانی ھێشتا زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری گرفتە کەڵەبووەکان ھەیە، بەڵام ڕەنگبێ خوگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی جیھان و ناوچەكەی تێ کەوتووە، بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و رەوشی سووریا لەلایەک و گۆرانی هاوکێشە جیهانییەکان ئاسان نەبێت، لێ كاركردن و هەنگاونان بەردەوامە.

کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی و گرنگترین خاڵیش بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەکەم) مێژووش ئەوەی سەلماندووە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لە ئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.

Top