مستەفا سلێمان خاوەنی كۆمپانیاكانی DeepMind و Inflection ی زیرەكیی دەستكرد:   ئەوەی پێی وابێت زیرەكیی دەستكرد لە بنەڕەتدا داتا و پڕۆگرامە، ئەوا دەبێت بەو جۆرەش مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بكات كە لە بنەڕەتدا تەنیا كاربۆن و ئاوە

مستەفا سلێمان  خاوەنی كۆمپانیاكانی DeepMind و Inflection ی زیرەكیی دەستكرد:     ئەوەی پێی وابێت زیرەكیی دەستكرد  لە بنەڕەتدا داتا و پڕۆگرامە، ئەوا دەبێت بەو جۆرەش مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بكات  كە لە بنەڕەتدا تەنیا كاربۆن و ئاوە

 

 

مستەفا سلێمان، بێجگە لەوەی خاوەنی هەردوو كۆمپانیای گەورەی «Deepmind و Inflection» كە سەرمایەكەی 100 ملیار دۆلارە، لە هەمان كاتدا نووسەری كتێبی شەپۆلی داهاتوو «the coming wave»شە، كە لە ساڵی 2023 پڕفرۆشترین كتێب بووە لەسەر ئاستی جیهان و، لە موحازەرەیەكدا سەبارەت بەو پێشكەوتن و داهێنانەی كە زیرەكیی دەستكرد لە ژیانی مرۆڤایەتیدا دروستی كردووە، جەختی لەوە كردەوە كە دەبێتە شەپۆلێكی داهاتوو و دەبێت مرۆڤایەتی پێشوازیی لێ بكات، ئەمەش پوختەی بەشێك لە قسەكانیەتی.

 

 

10-15 ساڵ پێش ئێستا، كاتێك باسمان لە زیرەكیی دەستكرد دەكرد، خەڵكانێكی زۆر پێیان وابوو كە ئەمە شتێكی پەراوێزە و هەرگیز نابێتە واقیع، توێژەرانی بواری تەكنەلۆژیا دەیانگوت: «ئێمە تەنیا كار لەسەر فێركردنی ئامێر دەكەین، لەبەرئەوەی كاركردن لەسەر زیرەكیی دەستكرد، كارێكی نالۆژیكییە و هەرگیز نایەتەدی، بۆیە پێیان وابوو ئەوەی باسی دەكەین، بێجگە لە خەیاڵێكی زانستی

«Science Fiction» شتێكی دیكە نییە و لە ماوەی 50- 100 ساڵی داهاتووشدا نایەتەدی.

بەڵام وەك دەبینین زۆری نەبرد و، پێش ئەوەی زیرەكیی دەستكرد بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی مرۆڤ بكات، لە كۆمەڵێك بواری گرینگدا توانی تواناكانی مرۆڤ تێپەڕێنێت وەك «تێگەیشتن و ناسینەوەی وێنە، وەرگێڕان بۆ هەموو زمانەكان، گۆڕینی دەنگ بۆ تێكست و بەپێچەوانەوەش، باڵادەستبوون و زیرەكیی دەستكرد لە هەردوو گەمەی ئاڵۆزی «GO» و «شەترەنج»، بینینی ئەم گۆڕانكارییانە كاریگەریی گەورەیان لەسەر قەناعەتی هەموو خەڵك دروست كردووە، بۆیە ئێستا ئەم پرسیارانە ئاراستەی ئەو پسپۆرانە دەكەن كە لە بواری زیرەكیی دەستكرددا كار دەكەن :

• ئایا بڕوا بەوە بكەین كە زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت كێشەی گۆڕینی كەشوهەوا چارەسەر بكات؟

• ئایا خوێندنی سەربەخۆی تاكەكەسیی ئۆنلاین بۆ هەر كەسێك لەسەر ئەم هەسارەیە دابین دەكات؟

• ئایا پێشكەوتنی زیرەكیی دەستكرد دەبێتە هۆكاری دەستبەركردنی خۆشگوزەرانی و چیدیكە پێویستمان بەكاركردن نەبێت؟

• ئایا دەبێت لە دەرهاویشتە خراپەكانی بترسین؟

• ئایا ئێستا ئێمە لە بەردەم مەترسیی كێبڕكێی كۆمپانیا گەورەكانی زیرەكیی دەستكردا نین؟

• ئایا بە هۆی فەیك نیوز و زانیاریی چەواشەكارانەوە بەرەو كۆتایی ژیان ناچین؟

لە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێمەوە بۆ ئەو پرسیارەی كە هەموو بەیانییەك كاسپینی تەمەن شەش ساڵی برازام سەبارەت بە «Pi Game» لێم دەكات كە گەمەیەكی ئەلكترۆنییە و لە كۆمپانیاكەی خۆم بۆم دروست كردووە و لێم دەپرسێت: «مستەفا، زیرەكیی دەستكرد چییە؟» ئەم پرسیارە هی منداڵێكی بچووكە زۆر ڕاستگۆ و بوێرانە و گەشبینانەیە.

پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە «بۆچی ئێمە دوودڵین لەسەر زیرەكیی دەستكرد؟ ئایا بە ڕاستی ئەو شتە چییە كە ئێمە دەمانەوێت دایبهێنین؟

ئەم پرسیارە مانای ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت شتێكی تازە دابهێنین كە بە شێوەیەكی ڕیشەیی جیاوازیی لەگەڵ هەر داهێنانێكی دیكەدا هەیە كە پێشتر بینیومانە و، بەرەو خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی مرۆڤایەتی هەنگاو هەڵدەگرین، بەرەو شتێك هەنگاو هەڵدەگرین كە دەبێت هەموو هەوڵەكانمان بكەینە یەك، بۆ ئەوەی بتوانین پێناسەی بكەین.

بۆ تێگەیشتن لە زیرەكیی دەستكرد، دەبێت خۆمان ماندوو بكەین، بۆ ئەوەی باشتر تێیبگەین، دەكرێت پێی بڵێن: «كائینێكی تازەی دیجیتاڵی – The new digital species»، دەبێت ئەمە زۆر بە گرینگی وەربگرین، لەبەر ئەوەی من وای دەبینم زیرەكیی دەستكرد دەبێتە هاوڕێیەكی دیجیتاڵیی زۆر نزیكمان «Digital Companions»، هاوبەشی تازەمان دەبێت لە هەموو بوارەكانی ژیانماندا.

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوام ژیان پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و ئامیرەكانی بەردەستی فرەچەشن بوون. بەو جۆرە مرۆڤ گەیشتە ئەوەی بتوانێت ئامێر دروست بكات، ئەوە ئەو جۆرەی ئێمەیە كە «مرۆڤی ئاقڵمەندە»، هەر لە دەستپێكی دروستكردنی چەقۆ و تەوەری بەرد تا دەگاتە ئاگر و زمان، پاشان نووسین و هەنگاوهەڵگرتن بۆ شۆڕشی پیشەسازی و داهێنانی هەڵمی، دەیان داهێنانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و چەندین ئامێری زۆر گەورە دروست كران و هەمووشیان وەرچەرخانیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دروست كردووە.

بەڵام 80 ساڵ پێش ئێستا لقێكی دیكەی تەكنەلۆژیا دەستی پێكردووە، ئەم دەستپێكە كە لەگەڵ داهێنانی كۆمپیوتەر دەستی پێكرد، گۆڕانكارییەكان بە خێراییەكی زۆر سەیر هەنگاوی هەڵگرت، هەر لە «كۆمپیوتەر، ترانزستور، سمارت فۆن، جیهانی ئەنتەرێت – Virtual life-، تێكەڵبوونی زانیاری و مەعریفە لەگەڵ هێزی كۆمپیوتەر» بوونە هۆكاری ئەوەی لەم شۆڕشە تازەیەدا بوركانێك لە داهێنان بێتە ئاراوە، كە ئێستا ئێمە بەرەو ئەو شەپۆلە نوێیە هەنگاو هەڵدەگرین، كە ئەگەر لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی پێشتردا بەراوردی بكەین، ئەوا ئەم شەپۆلە خێراترینە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

گەشتی مرۆڤ و تەكنەلۆژیا زۆر بە چڕی تێكەڵی یەكتر بوون، تەنیا لە ماوەی 18 مانگدا زیاتر لە یەك ملیار كەس ئەپڵیكەیشنی مۆدێلی زمانی گەورە « LLM» یان بەكارهێناوە، چەند ساڵێكی كەم پێش ئێستا خەڵك دەیانگوت «هەرگیز زیرەكیی دەستكرد نابێتە داهێنەر، واتە خودی خۆی داهێنان بكات»، بەڵام ئێستا دەركەوت زیرەكیی دەستكرد ڕووبارێكی بێ كۆتاییە لە داهێنان و ئەمڕۆ دەبینی «شیعر، میوزیك، ڤیدیۆ و ...هتد» بەرهەم دەهێنێت. دەیانگوت زیرەكیی دەستكرد ناتوانێت سۆز بەرهەم بهێنت، بەڵام ئێستا ڕۆژانە بە ملیۆنەها كەس پەیوەندی دەكەن و لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد قسە دەكەن و باسی خەون و ئاواتەكانی خۆیان دەكەن، لەمەش زیاتر ئێستا AI دەتوانێت ئۆتۆمبێڵ لێخوڕێت، دەتوانێت تۆڕەكانی وزە بەڕێوە بەرێت، دەتوانێت مۆڵوكیولی تازەش دروست بكات.

لە ساڵی ڕابردوو دوایین نموونەی ئەپڵیكەیشنی «Deep mind AI inflection2.5» مان بەرهەم هێنا كە تیایدا زیاتر لە پێنج ملیار پرۆسێسی ماتماتیكی تیدا بەكار هاتووە، لە ساڵیكدا توانای AI دە هێندەی توانای پێشتری زیاد دەبێت، لە هەمان كاتدا قەوارەی ئەو مۆدێلانە «Model» دادەهێنرێن زیاتر دەبن، لە دەیان ملیۆن فێركەر «parameters» دەگاتە دەیان ملیار پارامیتەر، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا هەڵدەكشێت بۆ دەیان ترلیۆن پارامیتەر.»

ئەگەر مرۆڤ هیچ كارێك نەكات و 24 كاتژمێر بە خەبەر بێت و تەنیا خەریكی خوێندنەوە بێت، لە ماوەی هەشتا ساڵدا دەتوانێت تەنیا هەشت ملیار وشە بخوێنێتەوە، ئێستا لە سیستمی AI زۆر پێشكەوتوودا نەك تەنیا خوێندنەوە، بەڵكو تەنیا لە یەك مانگدا مەشق و ڕاهێنان لەسەر هەشت ترلیۆن وشە دەكات، هەموو ئەم زیادبوونە بە هەمان ئاراستە مانگ لە دوای مانگ زیاتر دەبن.

كێرڤی مێژووی تەكنەلۆژیا بەرەو قۆناغێكی داهاتووی نائاسایی لە هەڵكشاندایە، پرسیار ئەوەیە ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع چی دەگەیەنێت؟ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت چۆن لە ئەنتەرنێتدا وێبگەڕ «browser» هەیە، یان وەك چۆن لە سمارت فۆن ئەپڵیكەیشن هەیە، ئەوا لە كۆگای «Cloud» سۆپەر كۆمپیوتەر سەردەمێكی نوێ دێتە كایەوە كە AI لە هەموو شوێنێك بوونی دەبێت، دەگاتە ئاستی نزیكەی زیرەكیی تەواو «Intelligence Quotient»، هەروەها دەگاتە ئاستی زیرەكیی سۆزداریی زۆر جیاواز «Emotional Quotient»، لەم قۆناغەدا AI دەگاتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەكی زۆر موقنیعانە تەقلیدی مرۆڤ بكات و وەك كائینێكی دیجیتاڵی لە هەموو بوارەكاندا هاوكاریی مرۆڤ بكات، لەمەش زیاتر AI توانای ئەوەی دەبێت نەك هەر لەگەڵ مرۆڤ كارلێك بكات، بەڵكو لە هەموو AIیەكانی دیكەی ناو كلاودی سۆپەر كۆمپیوتەرەكان كارلێك بكات.

لە ئێستا AI توانای هەیە لە هەموو زمانەكان تێبگات و قسەیان پێبكات، لە هەموو داتاكان تێدەگات و هەستی پێدەكات، ئەمە سەرباری ئەوەی هەر كەسێك دەتوانێت هەزاران جار لە ژیانیدا بەكاری بهێنێت.

AI زۆر ئاڵۆز و دینامیكییە، زۆر پێشكەوتووترە لەوەی تەنیا ئامێرێك بێت و بە تەواوەتی ملكەچی دەسەڵاتی مرۆڤ بێت، یان بتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات.

بۆ ئەوەی بتوانین جڵەوگیریی ئەم شەپۆلە بكەین، ئەوا دەبێت هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەبێت كە توانای مرۆڤ بخەینە ناو سەنتەری شەپۆلەكە، هەروەها دەبێت هەوڵەكان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی ئەو دەرهاویشتە نا عەمدییانەی لێوەی دەردەچن، كۆنتڕۆڵیان بكەین. دەبێت بیر لەوە بكەینەوە كە كائینیی دیجیتاڵی، كائینێكی ئۆرگانی، یان بایۆلۆژی نییە، بەڵام ئەگەر سەیری ئەوە بكەین، ئەم كائینە دیجیتاڵییە دەتوانێت چی بكات، ئەوا دەبێت وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، بەم جۆرە:

-      ئەم كائینە دیجیتاڵییە لە زمانی ئێمە تێدەگات، قسەشمان لەگەڵ دەكات.

-      میمۆریی هەیە و دەتوانیت بە قەبارەی زۆر گەورە داتا كۆگا بكات.

-      كەسایەتیی مەعنەوییان هەیە، توانای داهێنانیان هەیە، تا ڕاددەیەكیش توانای بیركردنەوە و دانانی پلانی سەرەتاییشیان هەیە.

-      ئەگەر ڕێگەیان پێ بدرێت گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی سەربەخۆ «Autonom»  كار بكەن، بۆیە پێشكەوتنی AI گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەموو ئەو سنوورانەی تێپەڕاندووە كە لەسەر ئامێرەكانی پێشتر هەمانبووە، هەر بۆیە ئەگەر ئێمە بڵێن AI تەنیا بریتییە لە پڕۆگرام و ماتماتیك، ئەمە دروست وەك ئەوەیە بڵێن مرۆڤ لە بنەڕەتدا تەنیا بریتییە لە كاربۆن و ئاو.

 

Top