ئایا بە ساونا كێشی لەش دادەبەزێت؟
ساونا Sauna بریتییە لە ژوورێكی گەرمكراو، گەرمیی ساونا هاندەرە بۆ زیاد ئارەقەكردن، واتە ونكردنی ڕێژەیەكی زیادی ئاوی لەش، كە لەوانەیە لە دانیشتنێكی ساونادا بگاتە 1-2 لیتر، كە دەكاتە كەمبوونەوەی 1-2 كیلۆ كێشی لەش بە ونكردنی ئاو نەك ونكردن یان سووتاندنی چەوریی لەش. ونكردنی كێشی لەش بە كەمبوونەوەی ئاوی لەش كاتییە و هەرگیز بەدەوام نابێت، چونكە لەش پێویستی بە قەرەبووكردنەوەی ئاو دەبێت لە ڕێگەی هەستكردن بە تینووبوون و خواردنەوەی ئاو بۆ هێشتنەوەی ڕێژەی ئاسایی ئاوی لەش. لە لایەكی دیكە گەرمیی ساونا هاندەرە بۆ تاودانی تێكڕای میتابۆلیزم و زیادكردنی لێدانەكانی دڵ كە تا ڕادەیەك هاوشێوەی مەشقێكی هەوایی سووكە، دەرەنجام بڕێكی باشی كالۆری دەسووتێندرێت، بەتایبەتی لەو جۆرانەی ساونادا كە تیشكی ژێر سووریان تێدا بەكار دێت، كە هاندەرە بۆ تاودانی میتابۆلیزم تا ڕێژەی 30%. بە ڕای پسپۆرانی تەندروستی، ساونا بە ڕێگەیەكی ئاكتیڤ هەژمار ناكرێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بە شێوەیەكی تەندروست.