د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   بڕوامان بەوەیە كە جیاوازییەكان دەبێت سەرچاوەی هێزمان بێت، نەك لاوازیمان

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     بڕوامان بەوەیە كە جیاوازییەكان دەبێت سەرچاوەی هێزمان بێت، نەك لاوازیمان

 

 

د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، سەرپەرشتیاری ڕاستەوخۆی بازنەی گفتوگۆیە، كە ماوەی دوو ساڵە ئەم بازنەیە وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بووەتە پلاتفۆرمێكی كراوە بۆ تەواوی دەستەبژێری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی كوردستان و، مانگانە گفتوگۆیەكی كراوە و ڕاشكاوانە لەسەر پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و تایبەت بە گوزەرانی خەڵك و هاووڵاتیان ڕێك دەخات و بۆچوونە جیاوازەكان كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی جیاوازییەكاندا خاڵی هاوبەش و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێشكەش بكات.

بازنەی گفتوگۆ هەتا ئێستا 24 گفتوگۆی جددیی لەسەر پرسە گرنگەكان ئەنجام داوە، بۆ ئەم گفتوگۆیانە زیاتر لە 250 سیاسەتمەدار و ئەكادیمیست و پسپۆڕ و تایبەتمەند لەسەر پرسە جیاوازەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوروبەری بەشداری پێ كردووە و، بە دەیان هەزار لە هاووڵاتیان بە ڕێگەی ڕاپرسی بەشدارییان پێ كردووە، هەتا ئێستا سێ كتێبی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پێشكەش كردووە و كتێبی چوارەمیش ئامادەیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا لە ڕێوڕەسمێكی شایستە پێشكەشی دەكات.

لە بازنەی گفتوگۆی ئەم جارەدا «دەرهاویشەكانی كەوتنی ڕژێمی ئەسەد و ئاكامەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق»، لە دەستپێكدا د.سالار عوسمان پەیڤێكی بۆ بەخێرهاتنی میوانەكان پێشكەش كرد و، جەختی لە گرنگیی بازنەی گفتوگۆ كردەوە و پێی ڕاگەیاندن: «بازنەی گفتوگۆ ئۆرگانێكی سەربەخۆ و پلاتفۆرمێكی كراوەیە بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم نیشتمانە و، ئەو كێشانەش كە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كاریگەرییان بە سەر وڵات و نیشتمانی ئێمەوە بە جێ دەهێڵێت».

سەبارەت بە دەستپێشخەریی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بایەخدانی بە ڕای جیاواز و ڕای بەرانبەر، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد: « ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پیادەی ڕێبازی بارزانی دەكات، بڕوامان بەوەیە كە جیاوازییەكان دەبێت سەرچاوەی هێزمان بێت، نەك لاوازیمان، كۆمەڵگەی تەندروست ئەو كۆمەڵگەیەیە كە بتوانێت جیاوازییەكان بە زیندوویی بهێڵێتەوە و بە تەنیشت یەكەوە پۆلیان بكات و ڕێز لە بیروبۆچوونی جیاوازی یەكتری بگرین. مێژووی ڕێبازی بارزانی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە كە هەموو كات لە سەردەمی خەباتی شاخ و حوكمڕانییشدا، ئەم ڕێبازە چەترێك بووە بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و ئازادیخوازان لە سەرانسەری عێراق و ناوچەكەشدا، هەر بۆیە سرووشتی سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر ئەم بیروباوەڕە بونیاد نراوە، هەموو كاتێك بەو جۆرە سیاسەتی كردووە كە گوێ لە بیروبۆچوونی جیاواز بگرێت و بەرانبەر وەك خۆی بە جیاوازییەكانیەوە قبووڵ بكات».

گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەوتنی ڕژێمی ئەسەد بەشێكی دیكەی پەیڤەكەی بەرپرسی بەشی ڕۆشنیری و ڕاگەیاندنی پارتی بوو، لەم چوارچێوەیەدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە: «ئەم گۆڕانكارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە و پاشانیش كەوتنی ڕژێمی ئەسەدی بەدوا هات، بە یەكێك لە ڕووداوە گەورەكان هەژمار دەكرێت، هەم لەسەر ئاستی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، دەرهاویشتەكانی ئەم گۆڕانكارییانەش پەیوەندیی بە هەموو كارەكتەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، بۆیە پرسێكی زۆر گرنگە، مەبەستمان بوو ئەم پرسە لە چەندین ڕەهەندی بیروبۆچوونی جیاوازەوە شەن و كەو بكەین و، پاشان ڕەهەندە جیاوازەكان پێكەوە گرێ بدەینەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هاریكاریی هەموو لایەك كە مامەڵەیەكی لۆژیكانە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا بكەین».

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی بازنەی گفتوگۆش لەگەڵ ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە و ڕەنگدانەوەی لە ناو ڕای گشتیی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا، د.سالار عوسمان بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: «وەك ئەزموونێكی تازە، هەوڵمان داوە لەسەر ئاستی كاری میدیایی و وەك پڕۆژەیەكی سیاسییش، وەبەرهێنانێكی واقیعییانە لەسەر ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە بكەین. ئامانجی یەكەممان ئەوەیە بە ڕێگەی ئەو ڕاپۆرتەی كە بازنەی گفتوگۆ ئامادەی دەكات، ڕاوبۆچوونی ڕای گشتیی خەڵك بێتە ناو هۆڵی گفتوگۆكە و بە بیروبۆچوونی جیاوازی بەشداربووانی گفتوگۆكەوە گرێیان بدەینەوە، دوای ئاوێتەبوونی ڕای گشتی و بۆچوونی جیاوازی ئامادەبووان، دەكرێتە ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل و لە گۆڤاری گوڵاندا بڵاو دەكرێتەوە و پوختە و خاڵی سەرەكیی هەموو بۆچوونە جیاوازەكان لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا بەرز دەكرێتەوە بۆ لایەنەكانی پەیوەندیدار بەم كێشەیەوە لە هەرێمی كوردستاندا، هەر شەش مانگ جارێك كۆی ئەو ڕاپۆرتانە بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی دەكرێن بە كتێب و لە ڕێوڕەسمێكی شایستە بەشداربووانی گفتوگۆكان خەڵات دەكرێن و كتێبەكانیش دابەش دەكرێن».

Top