پێگەی كورد لە دوای گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا

پێگەی كورد لە دوای گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا

هەرێمی كوردستان هەمیشە پێگەیەكی بەهێزی لەنێو هاوكێشە هەرێمییەكاندا هەبووە، ئەمەش بەردەوام وڵاتانی هەرێمیی قەڵس كردووە و هەمیشە ویستوویانە ئەم كاریگەرییە كەم بكەنەوە، یاخود بگاتە ئاستێك كە ئەسڵەن ئەم هەرێمە وجوودی نەبێت، رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و بڕینی قووتی خەڵك و رێگریكردن لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە دووپات دەكەنەوە، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، ئیدی هاوكێشەكان لە ناوچەكەدا تەواو گۆڕاون لە بەرژەوەندیی هەرێم و كورد بە گشتی لە ناوچەكەدا.

ئەگەر سەرنج بدەین، ئیدی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق، هاوپەیمانێكی زۆر بەهێزی لە دەست دا، كە ئەڵقەی پێكگەیاندنی چەك و كەرەستە و پێداویستیی سەربازیی هەر چوار وڵاتی ئێران و عێراق و سووریا و لوبنان بوو، ئەمە سەرباری ئەوەی ئیدی سنوورێكی بەرفراوانی بۆ دروست بووە لەگەڵ هێزێكی رادیكاڵی ئیسلامیی وەكو هەیئەی تەحریری شام، كە هەم هێزێكی سوننی و هەمیش هێزێكی ئیسلامیی تەواو دژی هەژموونی ئێرانە لە ناوچەكەدا، ئەمەش ئەو هاوكێشە بیست ساڵییە پێچەوانە دەكاتەوە، كە لە دوای رووخانی بەعس لە عێراق هاتووەتە كایەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سووریا كەوتوونەتە ژێر هەژموونی سووننەكان، بۆیە بە روونی دیارە لە ماوەی رابردوودا هێرش كراوەتە سەر هێزە عێراقییەكان لەلایەن چەكدارانی نەناسراو، كۆتا هەوڵی شكستخواردووی خۆكوژی لە داقووق و كۆتا لێدوانی (نووری مالیكی) سەرۆكی دەوڵەتی یاسا تایبەت بە گواستنەوەی مەترسییەكان بۆ عێراق، هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانی یەكێكی تر لە سەركردەكانی هەمان حیزب بە بوونی مەترسیی جیددی لەسەر ئەنجامدانی كودەتا لە عێراق.

ئەگەر سەیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەین، ئیدی لەمەبەدوا هەژموونی حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لەوان، لەم ناوچانەدا تەواو روو لە كەمبوونە، كشانەوەی زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو دەرەوی كەركووك و لاوازبوونی هێزەكانیان لە دەشتی نەینەوا و كشانەوە بە ئاراستەی بەغدا و باشوور، ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە. لەلایەكی ترەوە هێزەكانی پەكەكە لەم ناوچانەدا تەواو لاواز دەبن بە هۆكاری ئەوەی لە دوای ئەم گۆڕانكاریانە ڕۆڵی ئەو حیزبە لە سووریا و عێراق و توركیاش بە تەواوی لە قاڵب دەدرێت لە داهاتوودا، لەبەرامبەر زیادبوونی هەژموونی توركیا لەم دوو وڵاتە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی كورد لە هەرسێ پارچە، بۆ وێنە، بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و چوونەوەپێشەوەی رۆڵی كورد لە رۆژئاوا لە دەرەوەی هەژموونی پەكەكە لەم پارچەیە و دەرفەتێكیش دەهێنێتە پێشەوە بۆ كوردانی باكوور و توركیا، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی هەژموونی پەكەكە جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەم وڵاتەدا.

ئیدی لەمەبەدوا هەژموونی سوننەكان بە یارمەتیی توركیا و وڵاتانی سوننی ناوچەكە روو لە زیادبوون دەكات، بەیاننامەی كۆمەڵێك پارتی سوننی بە داواكاریی چاكسازی لە سیستمی سیاسیی عێراق و بوونی (محەمەد حەلبووسی) بە سەرۆكی پارتی تەقەدوم لە ئەمەریكا و سەردانی (خەمیس خەنجەر) كەسایەتیی سیاسیی دیاری سوننەكان بۆ هەرێم و سەردانی سەرۆكی هۆزی جبوور لە عێراق و سووریا بۆ لای (سەرۆك بارزانی) و پەكخستنی كارەكانی پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیی و ونبوونی تەواوی سەركردە شیعەكان كە خاوەنی میلیشیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، بە شێوەیەك لە دوای گۆڕانكاری لە لوبنان و سووریا تاكو ئێستا نە بۆچوونیان هەبووە نە دەركەوتنی ئیعلامی، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە، كە ئیدی مەترسیی جیددی لەسەر بوونیان هەیە، بە تایبەت لە دوای لەناوبردنی تەواوەتی هێزە ئاسمانی و دەریایی و زەمینییەكانی سووریا لەلایەن ئیسڕائیلەوە، دەكرێ وەك ئامادەكارییەك هەژمار بكرێت بۆ لێدانی میلیشیا نزیكەكانی ئێران لە عێراق.

كۆتا سەردانی رانەگەیەندراوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (ئەنتۆنی بلیكن) بۆ عێراق، دووپاتی بوونی مەترسی دەكاتەوە لەسەر ئەم وڵاتە، بە شێوەیەك بە سەرۆكوەزیرانی عێراقی وتووە كە نابێ عێراق داڵدەی سەركردە هەڵاتووەكانی سووریا بدات و بە هیچ شێوەیەكیش نابێ رێگە بدات چەك لە رێگەی عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەم وڵاتە، لە بەرامبەردا ئەمەریكا هاوكاری عێراق دەبێت لە دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی داعش، ئەمەش دەكرێت وەك مامەڵەیەك هەژمار بكرێت لەگەڵ شیعە دەسەڵاتدارەكانی عێراق، كە لە بەرامبەر مانەوەیان لە دەسەڵات دەبێت كۆتایی بە هەژموونی ئێران بهێنن، هەروەك چۆن بەشار ئەسەد سەرۆكی لەكارلادراوی سووریا نەیتوانی سەركەوتوو بێت لەم مامەڵەیە، شیعەكانیش لە عێراق سەركەوتوو نابن، بە هۆكاری ئەوەی حكوومەتی عێراقی دەسەڵاتی نییە بەسەر میلیشیاكان و هێزە نزیكەكانی ئێران، بۆیە ناردنی چەك و داڵدەدانی هەڵاتووانی رژێمی بەشار ئەسەد دێتە كایەوە، ئەمەش ئەمەریكا دەستكراوە دەكات لە پاڵپشتیی گۆڕانكارییەكان لە عێراقدا.

Top