دادوەرانی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی «دهۆک» ناسێندران
«مەسعوود عارف» وتەبێژی فەرمی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» له دووهه‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا گوتی: هه‌ر وه‌کوو ئاگادارن، له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی فێستیڤاڵدا، فیلمەکانی بەشی کێبڕکێی «سینەمای کوردی»، فیلمەکانی بەشی کێبڕکێی «سینەمای جیهان»، فیلمەکانی بەشی ده‌ره‌وه‌ی کێبڕکێی «پانۆڕامای کوردی» فیلمەکانی بەشی ده‌ره‌وه‌ی کێبڕکێی «ڕوانینێک به سینەمای جیهان»و .. ناسێندران و ئه‌مڕۆکه‌ش له دووهه‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا، «شەوکەت ئەمین کۆرکی»بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی «دهۆک»، ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردنی پێنج بەشی پێشبڕکێی ده‌ناسێنێت.
پیشاندانی ١٠٧ فیلم له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جیهان
شەوكەت ئەمین هه‌روه‌ها گوتیشی: یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» بە دروشمی «وه‌رزش» و «وه‌رزش بۆ هه‌مووان» و به پیشاندانی ١٠٧ فیلم له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چوارچێوەی فیلمی درێژ، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێ و هه‌روه‌ها به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی «کۆنگرە»ی زانکۆی دهۆک و کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی «دهۆک مۆڵ» لە شاری دهۆک به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
«هێڤی» (هیوا) Hêvî فیلمی ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ
له درێژه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، «شەوکەت ئەمین کۆرکی» بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» ڕایگەیاند: یازده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی «هیوا» له ده‌رهێنانی «ئۆرهان ئینجێ» سینه‌ماکاری باکووری کوردستان به فه‌رمی ده‌کرێته‌وه. ئه‌مساڵ ١٠٧ فیلم له به‌شه جۆراوجۆره‌کانی فێستیڤاڵ نمایش ده‌کرێن که له نێوانیاندا ٥٥ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی ئاماده‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵات، ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.
دادوەرانی به‌شی «پێشبڕکێی نێودەوڵەتی»
ئەم دەرهێنەرە کوردە سەبارەت بە ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شه‌کانی کێبڕکێی «سینەمای جیهان» و «سینەمای کوردی» گوتی: ئەمساڵیش لە پێنج بەشی پێشبڕکێدا؛ ئەو فیلمانەی کە لە فێستیڤاڵی فیلمی «دهۆک» به‌شداری ده‌که‌ن، لە لایەن ناوبژیوانه‌کانه‌وه دادوەری دەکرێن. ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی کێبڕکێی فیلمه‌کانی سینه‌مایی نێودەوڵەتی بریتین لە؛ «عه‌لی عه‌سگه‌ری» سه‌رۆکی دەستەی دادوەران، دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە ئێران، خاتوو «ئێلیف ئێرگێزێن» دەرهێنەر، وێنه‌گر و مۆنتێر له تورکیا، «کۆردۆ دۆسکی» ده‌رهێنه‌ری باشووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو «ماڕتینا ساکۆڤا» دەرهێنەر له سلۆڤاکیا و هه‌روه‌ها «میراز بێزار» سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە باکووری کوردستان.
دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی «سینەمای کوردی»
هەروەها گوتی: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی فیلمە درێژەكانی سینه‌مایی بەشی «سینەمای کوردی» بریتین لە؛ خاتوو «باڕباڕا لۆری» سەرۆکی دەستەی دادوەران و ڕۆژنامه‌نووس لە فەرەنسا، «ئاکام ڕ‌ه‌زایی» بەرپرسی دیمه‌نه تایبه‌ته‌کان و ده‌رهێنه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، «حیکمه‌ت داوود» دیزاینی سه‌حنه و جلووبه‌رگ له ڕۆژئاوای کوردستان، «محه‌مه‌د ئه‌لده‌ڕاجی» ده‌رهێنه‌ر له عێراق و هه‌روه‌ها دکتۆر «قوتبه‌دین سادقی» ئه‌کته‌ری سینه‌ما و ته‌له‌ڤزیۆن و ده‌رهێنەری به‌ئه‌زموون و ناوداری شانۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم
«شەوکەت ئەمین کۆرکی» لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی فیلمەکانی بەشی رکابه‌ریی به‌ڵگه‌فیلم و دۆکیۆمێنتاری بریتین لە؛ «تۆماس لێر» سەرۆکی دەستەی دادوەران، مامۆستای زانکۆ و سه‌رۆکی به‌شی فێربوون و ئاخاوتنی «ئه‌نستیتۆی گۆته» - له ئه‌ڵمانیا، خاتوو «بێتی لێرچێ»هونه‌رمه‌ند له ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها «زه‌هاوی سنجاوی» دەرهێنەری به‌ڵگه‌فیلم و فیلمساز له هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی سوید.
دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلم
بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی کورتە فیلمەکانی بەشی ڕکابه‌ریش بریتین لە: خاتوو «گۆری ناێیر سەرۆکی دەستەی دادوه‌ران و ئه‌کته‌ر له هیندستان، «عه‌لی حه‌کیم» دەرهێنەری ئه‌فغانستانی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، خاتوو «بێلیبان زۆ ستۆلبێڕگ» سیناریۆنووس له ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها «کاردۆ مه‌نسوور» دەرهێنەر لە نەرویج.
دادوەرانی ڕەخنەگرانی فیلمی «فیپرێشی»
«شەوکەت ئەمین کۆرکی» له درێژه‌ی قسه‌کانیدا جەختی لەوە کردەوە: ماوه‌ی چەندین ساڵە که فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلم «فیپرێشی» لە ته‌نیشت فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی «دهۆک» به‌شداری و ئامادەییه‌کی کاریگەرانەی هەیە و ئەمساڵ له سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی دامه‌زراندنی ئه‌م ڕێکخراوه گرینگ و ئاکادیمیا سینه‌ماییه‌دا؛ سێ ڕەخنەگر، دادوەریی ئەم بەشەیان له ئه‌ستۆ دایه کە بریتین لە: خاتوو «ئێلینا ڕۆباشێڤسکا» ده‌رهێنه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس و ڕه‌خنه‌گری فیلم لە ئۆکڕاین، «ئێرگین ئۆپێنگین» وێژه‌ر و لێکۆله‌ر لە تورکیا و «جیلم سالۆتێک» ڕه‌خنه‌گری فیلم لە که‌نه‌دا.