پاریس هیڵتۆن: نەشتەرگەریی جوانكارییم ئەنجام نەداوە
ئەستێرەی پێشووی تەلەفزیۆن پاریس «هیڵتۆن» ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە كە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری یان ڕێكارەكانی دیكەی وەك دەرزیی بۆتۆكس، ڕووبەڕووی كرابوونەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەست بە شانازی دەكات كە سرووشتییە و لە هەمان كاتدا نهێنیی گرنگیدان بە پێستی ئاشكرا دەكات.
پاریس هیڵتۆن لە پۆدكاستی «زاكی سانگ شۆگ» ڕوونی كردەوە كە هیچ نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی ئەنجام نەداوە، بەڵام ڕۆتینێكی بۆ خۆی داناوە و پەیڕەوی دەكات، بۆ ئەوەی پێستی وەك هەمیشە بە پاكی و تەندروست بمێنێتەوە.
پاریس هیڵتۆنی تەمەن 43 ساڵ لە بارەی جوانیی پێستیەوە ئاشكرای كردووە كە هەست بە شانازی دەكات كە بە تەواوی خاوەن پێستێكی سرووشتییە، ئاماژەی بەوەش كردووە، تەنیا پشتی بە دووركەوتنەوە لە تیشكی خۆر بەستووە و، پەنای بۆ دەرزی بۆتۆكس و كەرەستەی دەرزی و نەشتەرگەریی جوانكاری نەبردووە.
سەبارەت بە نهێنیی دووركەوتنەوە لە نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری گوتی: «دایكم لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە چەند فێڵێك و چۆنیەتی گرنگیدان بە پێستی فێر كردووم، یەكێك لە ئامۆژگارییەكانی دایكم ئەوە بووە كە بە شێوەیەكی بەردەوام بەر تیشكی خۆر نەكەوم، ئەمە جگە لە 10 هەنگاو كە بە سەرسوڕهێنەر وەسف دەكرێت، كە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە پەیڕەوی دەكەم بۆ پاراستنی جوانییەكەم».
ئەو حەزی لە هەبوونی هەندێك وردەكاری لە ماڵەكەیدا ئاشكرا كرد، وەك یانەیەكی تەندروستی یان سپا، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆتینی چاودێریی پێستی خۆی بپارێزێت، لەو بارەشەوە گوتی: «من سپایەكم لە ماڵەكەمدا دروست كرد، كە ئامێرەكانی هایدرافاسیای تێدایە، هەروەها وەك ژوورێكی چارەسەری بەستوو و ژوورێكی هایپەر باریكە».
پاریس هیڵتۆن كەسایەتییەكی ناوداری ئەمریكییە، بە گۆرانیبێژ و سەماكار و مۆدێل و ئەستێرەی تەلەفزیۆن و خاوەنكار ناسراوە. لە ١٧ی شوباتی ١٩٨١ لە شاری نیویۆرك لەدایك بووە و نەوەی دامەزرێنەری زنجیرە هۆتێلە بەناوبانگەكەی هیڵتۆنە، بەشداریی زۆرێك لە بەرنامەكانی واقیعی كردووە، لە لایەكی دیكەوە پاریس هیڵتۆن لە پلەی یەكەمی ڕیزبەندی ئەو كەسایەتییانە دێت كە ئەمریكییەكان زۆر ڕقیان لێیەتی، ئەمەش بەهۆی هەڵسوكەوت و ڕەفتارەكانی و تێوەگلانی لە كێشەكانی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانەوە.
لە ڕاپرسییەكدا ئەوە هاتووە كە 60%ی ئەمریكییەكان ڕق و كینەیان بۆ پاریس هیڵتۆن دەربڕیوە، كە بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین ژنانی جیهان دادەنرێت، ئەمەش وای كردووە ئەو كەسە بێت كە گەلی ئەمریكا زۆرترین ڕق و كینەیان بەرامبەری هەیە.