گرنگیی مەشقی وەرزشی لە تەمەنی 65 و بەسەرەوە
مەشقی وەرزشی لە هەر تەمەنێكدا سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، بەڵام بۆ بەساڵاچووانی تەمەن 65 و بەسەرەوە، زۆر گرنگە كە ڕۆژانە مەشقی وەرزشیی سەلامەت ئەنجام بدەن، چونكە لەگەڵ تەمەندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەرز دەبێتەوە. سوودە ڕاستەوخۆكان: باشتربوونی كوالێتیی خەو، سووككردنی هەستەكانی پەیوەست بە پەستی، هەروەها دابەزینی پەستانی خوێن. سوودە درێژخایەنەكان: كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە خڵەفان Dementia و نەخۆشیی ئەلزهایمەر، كەمكردنەوەی ئەگەری خەمۆكی، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك، خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، خۆپاراستن لە زیادبوونی كێشی لەش، بەهێزبوون و باشتربوونی تەندروستیی ئێسك، زیادبوونی توانا بۆ پشتبەخۆبەستن Independency بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانی ڕۆژانە، بەهێزبوونی سیستمی بەرگریی لەش، پاراستنی هاوسەنگیی لەش لە كاتی جووڵە و كەمكردنەوەی ئەگەری كەوتن، هەروەها خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەشت جۆری شێرپەنجە وەكو: شێرپەنجەی كۆڵۆن، میزڵدان، گورچیلە، سییەكان، گەدە، لەگەڵ شێرپەنجەی مەمك و ناوپۆشی منداڵدان لە ئافرەتدا.