چین سزای بەسەر ١٣ کۆمپانیای سەربازی ئەمریکیدا سەپاند
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، سزای 13 کۆمپانیای سەربازی ئەمریکا دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی كانوونی یەكەمی 2024 ڕایگەیاند، سزا بەسەر 13 کۆمپانیای سەربازی ئەمریکا و بەڕێوەبەرەکانیاندا دەسەپێنێت.
وه زاره تی دەرەوەی چین هەروە ها ئاماژەی بەوەدا که ئەم کردەوەیه له بەرامبەر فرۆشتنی چەکی ئەمریکا به تایوان ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی بەرگری چین چەندین جار داوای لە واشنتۆن کردووە کە هەموو جۆرەکانی "هاوپەیمانی" سەربازی لەگەڵ تایوان ڕابگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی چەکی سەربازی ئەمریکی بە تایوان.
تایوان وڵاتێکی دیموکراسییە و ژمارەی دانیشتووانی ٢٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی چین.
پەکین تایوان بە بەشێک لە خاکی چین دەزانێت؛ هەرچەندە هەرگیز کۆنترۆڵی بەسەریدا نەبووە.
تایوان بە حوکمەت و سیاسەتی دەرەوە و دراوی خۆی بەڕێوەدەبرێت و ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە دژی چوونە ناو چینن.
ئەمریکا وەک گەورەترین دابینکەری چەک بۆ تایوان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بەهای 360 ملیۆن دۆلار، بە دوورگەکە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار و ئامێری مووشەکی لەخۆدەگرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل