نەجات ڕۆستی مامۆستای پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی: ئەگەر حزبەكان ڕێز لە بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بگرن، بە زوویی كابینەی دەیەم پێكدەهێنرێت

نەجات ڕۆستی مامۆستای پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی:  ئەگەر حزبەكان ڕێز لە بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بگرن، بە زوویی كابینەی دەیەم پێكدەهێنرێت

 

ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە جۆرێكە كە هیچ لایەنێكی سیاسی ڕێژەی «50+1»ی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە تەنیا بژارە بۆ ئەوەی كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستان بە خێرایی پێكبهێنرێت، كە چاوەكان هەمووی لەسەر دانوستاندنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـە بۆ ئەوەی زوو ڕێك بكەون و پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، هەروەها دەكرا وەك كابینەی نۆیەم براوەی سێیەمیش دانوستاندنی لەگەڵ بكرێت و بەشدار بوایە لە كابینەی داهاتوو، بەڵام ئەوان خۆیان ڕایانگەیاندووە و مەرجیان داناوە كە بەشداریی حكومەت ناكەن، بۆیە مەزندەكان بەو ئاراستەیەن پارتی و یەكێتی زوو نەگەنە ڕێككەوتن و كەمێك پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دوا بكەوێت.

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشەی هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە بۆشایی یاساییە كە لە ئاكامی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان دروست بووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستمان بەوەیە كە حكومەتێكی تازە بە زوویی پێكبهێنن بۆ ئەوەی پەرلەمان شەرعییەتی بداتێ. لەلایەكی دیكەوە، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت گۆڕانكاری لە هەیكەلییەتی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتدا بكرێت، لەمەش زیاتر ئەگەر حكومەتێكی تازە پێكبهێنرێت، بە شێوازێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكات و كێشەكان ئاسانتر چارەسەر دەكرێن.

ئامانجی خەڵك كە دەچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بەم حزبانە دەدات، بۆ ئەوەیە بە زوویی حكومەت پێكبهێنن و حزبەكان بە سیاسەتەكانی ڕابردووی خۆیاندا بچنەوە و، هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەكەنەوە، حكومەتێك پێكبهێنن كە توانای ئەوەی هەبێت، خزمەتگوزاری دابین بكات و خزمەتی كاروباری ڕۆژانەی خەڵك بكات.

هەر بۆیە ئەگەر حزبەكان بتوانن بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیانەوە، ئەوا بە ئاسانی و بە خێرایی دەتوانن حكومەت پێكبهێنن، بەڵام ئەگەر هەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییەوە پێداگری لەسەر پلەو پۆست و بەرژەوەندیی خۆیان بكەنەوە، ئەوا حكومەت دوادەكەوێت و بە ئاسانی پێكناهێنرێت.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییە كە شەڕ و كاولكاری ناوچەكەی گرتووەتەوە و ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان بەشێكین لەم ناوچەیە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە مەترسی بەدوور نابێت، بۆیە گرنگە حزبەكان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و لەم بارودۆخە هەستیارەدا هەوڵەكان یەك بخەن، بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی پتەو و بەهێزیی ئەوتۆ پێكبهێنن، كە بتوانێت بەرگری لە مافەكانی خەڵكی بكات و بتوانین یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كوردی بپارێزین.

 

Top