د. ئەمیر مامۆستای زانكۆ لە هەولێر: ئەگەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبی ببێتە هۆكاری ئەوەی كابینەی دەیەم زۆر دوا بكەوێت، هەرێمی كوردستان تووشی گرفتی زۆر گەورە دەكات

      د. ئەمیر مامۆستای زانكۆ لە هەولێر:  ئەگەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبی ببێتە هۆكاری ئەوەی كابینەی دەیەم زۆر دوا بكەوێت، هەرێمی كوردستان تووشی گرفتی زۆر گەورە دەكات

 

پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوای پەسەندكردنی فەرمیی ئاكامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسێونی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە، لە چوارچێوەی پەیڕەوكردنی پرانسیپەكانی سیستمی دیموكراتی كارێكی زۆر قورس نییە، لەبەر ئەوەی دوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی تازە، لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان هەوڵەكانی خۆی چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیی « 50+1» دروست بكات و پێشكەش پەرلەمانی بكات، بۆ ئەوەی پەرلەمان ئەو هاوپەیمانییە ڕابسپێرێت، لەو ماوەیەی بۆ دیاری كراوە، كابینەكەی خۆی پێشكەشی پەرلەمان بكات، هەتا متمانەی پەرلەمان وەربگرێت. بەڵام لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرۆسەیە لەسەر ئەم پرانسیپە بەڕێوە ناچێت و، بەداخەوە شێوازی دانوستانەكان مۆركی سازش و تەوافقی حزبیی تێدەكەوێت، بۆیە ئەم پرۆسەیە سەخت دەبێت و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووش دوا دەكەوێت، هەتا خواستە حزبییەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن. جێگەی نیگەرانییە هەموو حزبە سیاسییەكان لە میدیاكانەوە بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە بەرژەوەندیی باڵای خەڵك لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، بەڵام كە بە كردەیی سەیری دەكەین، دەبینین پێچەوانەكەی ڕاستە.

بۆ ئێستای بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە ڕاستی لە كوڵاندایە و لەسەر لێواری تەقینەوەیە، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو گرفتی زۆر گەورە لە ڕووی «سیاسی، ئابووری و دیپلۆماتی» بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات. بۆیە گرنگە حزبەكان هەست بە بەرپرسیاریەتیی ئەم قۆناغە بكەن و زوو ڕێك بكەون و حكومەت پێكبهێنن، بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێت مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئێستای بارودۆخی ناوخۆ و ناوچەكەش بكات.

 

 

 

Top