ڤــەمـــان فـــەیــســـەڵ چاودێری سیاسی: ئاستەنگ دروستكردن بۆ دواخستی پێكهێنانی كابینەی دەیەم بێڕێزیكردنە بە ئیرادەی سه‌دا حه‌وتا و دوو ی خەڵكی كوردستان

ڤــەمـــان فـــەیــســـەڵ چاودێری سیاسی:  ئاستەنگ دروستكردن بۆ دواخستی پێكهێنانی كابینەی دەیەم بێڕێزیكردنە بە ئیرادەی سه‌دا حه‌وتا و دوو ی خەڵكی كوردستان

 

هەروەك چۆن ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ برەوپێدانی دیموكراسی و دووبارە پێدانەوەی شەرعییەت بە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانە، بە هەمان شێوە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە پێداویستییە گرنگەكان بۆ پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و، حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت ڕێز لە ئیرادەی ئەو خەڵكە بگرن كە ڕێژەی 72%یان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و، ئەگەر هەر حزبێك هەوڵ بدات ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم دروست بكات، ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان ناگرێت و خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەیان دەكاتەوە «ئەگەر ڕێز لە ئیرادە و دەنگی ئێمە ناگرن، بۆ داوامان لێدەكەن بچینە سەر سندووقەكانی دەنگدان؟» بۆیە ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵك متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تۆڵەی خۆی لە حزبە سیاسییەكان بكاتەوە.

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم، وای دەبینم ئەم پرۆسەیەش وەك بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نەرم و لەسەرخۆ بێت. پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە و پرۆسەی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەستپێكردووە، سازش لەسەر ئەو پرانسیپانە ناكات كە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەكردن، ئەویش بریتی بوو لە «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە»، لە بەرانبەریشدا حزبەكان داواكاریی زۆر زیاتر لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیان دەكەن، بۆیە كاتێكی باشی دەوێت، هەتا دەگەنە ڕێككەوتن، بەڵام سەرەنجام هەر ئیرادەی خێر سەردەكەوێت، هەروەك لە هەڵبژاردنەكاندا ئیرادەی بەردەوامبوونی كاروانی ئاوەدانی و ژیان گوزەرانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كورستان بە سەر دروشمی حزبەكانی دیكەی پۆپۆلیستدا سەركەوت، كە داوای ڕووخانیان دەكرد.

 

Top