د.ئازاد عەبدولعەزیز مامۆستای زانكۆ: دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەم كێشەكان لەسەر یەكتری كەڵەكە دەكات و پاشان چارەسەریان ئەستەم دەبێت دوو هۆكاری سەرەكی وادەكەن كە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوابكەوێت:

      د.ئازاد عەبدولعەزیز مامۆستای زانكۆ:  دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەم كێشەكان لەسەر یەكتری كەڵەكە دەكات و پاشان چارەسەریان ئەستەم دەبێت  دوو هۆكاری سەرەكی وادەكەن كە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوابكەوێت:

 

یەكەمیان: حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی ئەوانەی چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەكرێت، بەشداریی حكومەت بكەن و دانوستاندیان لەگەڵ دەكرێت، نایانەوێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ئەو كورسییانەی بە دەستیان هێناوە، بەشداریی حكومەت بكەن و بە زوویی كۆتایی بێت، بەڵكو پێداگری لەسەر داواكاریی زۆر زیاتر دەكەن، ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە نەتوانرێت بە زوویی حكومەتەكە پێكبهێنرێت.

دووەمیان: لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقمان لە پێشە، بەشێك لەو حزبانە دەیانەوێت درێژە بەو گوتارە پۆپۆلیستییەی سەردەمی هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بدەن، بۆ ئەوەی دەنگ كۆبكەنەوە و لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگەكانیان كەم نەكات، ئەمەش پێویستی بەو ژینگە نالەبارە هەیە، كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بینیمان.

هەر بۆیە ئەم دوو هۆكارەی كە دەبێتە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، زاڵكردنی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییە بەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا، بۆیە لەم ساتەوەختەدا گرنگە لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە گوشار بخرێتە سەر حزبە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان لەبەر چاو بگرن و، دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بن و، هەوڵەكان یەك بخەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی چارەسەری مووچە و بژێوی و كێشەكانی خەڵكی كوردستان بكات.

بەڕاستی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، گرفتی گەورە بۆ خەڵك و هەرێمی كوردستان دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كێشەكان بە كێشەكانی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا لەسەر یەكدی كەڵەكە بن و نەتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.

 

 

 

 

Top