د.محەمەد عامر مامۆستای زانكۆی دهۆك : ئەو پارتەی نەیهێشت گوتاری پۆپۆلیستی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئاشتی كۆمەڵگە تێكبدات، هەر ئەو پارتە كابینەی دەیەم پێكدەهێنێت

 د.محەمەد عامر مامۆستای زانكۆی دهۆك :  ئەو پارتەی نەیهێشت گوتاری پۆپۆلیستی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئاشتی كۆمەڵگە تێكبدات، هەر ئەو پارتە كابینەی دەیەم پێكدەهێنێت

 

بە دید و تێروانینی من ئەو پارتەی كە نەیهێشت گوتاری پۆپۆلیستیی ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە كوردستاتدا تێك بدات، هەر ئەو پارتە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام پرۆسەی دانوستاندن بۆ ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئاسان نابێت و زەحمەت دەبێت.

لەو وڵاتانەی سیستمی فرەحزبییان هەیە و پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە هاوپەیمانی نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە، هەتا ئەوانەشی پێشكەوتوو و سەقامگیریشن، گەیشتن بە هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت كاتێكی زۆری دەوێت، هەر بۆیە ئەگەر بارودۆخی كوردستان بەراورد بكەین كە پرۆسەی دیموكراتیی زۆر باش ڕەگی خۆی لە ناو كۆمەڵگە و سیستمەكە دانەكوتیوە، ئەوە پرۆسەكە زۆر زەحمەتتر دەبێت، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن خۆیان بە گوتاری تێكدان و پۆپۆلیستی نمایش دەكرد، ئەوانە دەبنە ئاستەنگ و ڕێگە نادەن بە زوویی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 39 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە لە كۆی 95 كورسی و ڕێژەی 43%ی دەنگەكانی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانی بەدەست هێناوە، بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە لەسەر بنەمای پرانسیپ و ستراتیژیەتی «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» هێڵی سووری لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە و ئامادەیە دانوستاندن دەست پێبكات و هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم بكرێت، بۆ ئەمەش شاندی پێكهێناوە سەردانی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە دەكات كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەركەوتوو بوون.

بە هەرحاڵ ئەگەر حزبە سیاسییەكان ئامانجیان بێت وەڵامی خواست و داواكاریی خەڵك بدەنەوە، ئەوا دەبێت لە ئاستی بەرپرسیاریدا بن و حكومەتێكی بەهیز پێك بهێنین كە بەردەوام بێت لەسەر پڕۆژەی چاكسازی و بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ هاووڵاتیانی كوردستان.

خاڵێكی دیكەی گرنگ كە لە بەرنامەی هەڵبژارندا پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر دەكردەوە، ئەوە بووە كە دەبێت كاری یەكەمی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان «نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان» بێت، بێگومان نەبوونی دەستوور لە هەرێمی كوردستاندا كەموكورتییەكی گەورەیە و دەبێت ئەو كەموكورتییەش پڕبكرێتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هەڵوەستە لەسەر پرانسیپی و ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەینەوە، دەبینین ئەم پرانسیپانە هەمووی خواستی خەڵكی كوردستانە و هەموو هاووڵاتییەك دوای «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» و بوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.

پێداگریی لەسەر ئەم خاڵانە كە هیچ لایەنێكی سیاسیی ناتوانێت بە ئاشكرا ڕەتیان بكاتەوە، خزمەتێكی زۆر گەورە بە ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە كوردستان دەكات و كوردستانیش بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر دەبات.

 

 

Top