پێشنیازەکەی سەرۆک بارزانیی:- یەک هەرێمی بەهێز؛ دەربڕی خواستی شەقامی کوردستانییە..
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەوە.. لایەنی یەکەم و براوەی هەڵبژاردن پارتی دیمۆکراتی کوردستان، خواستی ئەو حزبە ئەوەیە: حکومەتی بنکە فراوان لە گەڵ براوەی دووەم کە یەکێتی نیشتیمانییە بەپلەی دووەم لە گەڵ هاوپەیمانەکانی هەردوولا پێکبهێنن.. ئەو دوو لایەنە سەرەکییە کە ئەزموونێکی دوورو درێژی حوکمڕانی باشووری کوردستانیان هەیە.. دواجار هەر دەبێت زوو یان درەنگ لە سەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڕێکبکەون.
هەنگاوی سەرەتا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیە، هەنگاوەکانی دواتر بە ئاڕاستەی کابینەیەکی بنکەفراوانە، بۆ ئەم مەبەستە سەرکردایەتی پارتی دیمۆکرات بەسەرکردنەوەی کۆی حزبە سیاسییەکانی دەستپێکردووە..
بێگومان لە پاڵ پارتی و یەکێتیدا پێکهاتەکانی کوردستان، و چەند حزبێکی بچووکیش هەن بەژداری حکومەت دەبن..
بۆ ئەوەی لایەنەکان لەو پەڕی شێنەییدا لە ڕوانگەی ڕاوبۆچوونی تایبەتی خۆیان لە ئەگەری بەژداریکردن لە کابینەی دەیەم، یاخود هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دوابڕیاری خۆیان بدەن..پارتی دیمۆکرات لە فەزایەکی ئازادو ئارامدا کە باوەڕێکی تۆکمەی بە بنەماکانی دیمۆکراسی و کاری پێکەوەیی هەیە، کەشێکی هێمنانە بۆ دانوستاندن بەئامانجی پێکهێنانی کابینەی دەیەم و گوێڕاگرتن لەکۆی لایەنە سیاسییەکان دەڕەخسێنێ..
دەتوانین خواستی مەبدەئیانەی پارتی دیمۆکرات کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە لە ناوەڕۆکی پەیامە گشتگیرەکەی جەنابی سەرۆک بارزانیی هەڵێنجین؛ کە دانوستاندن لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئاراستەی کابینیەکی بنکەفراوان و یەک حکومەتی بەهێزی کوردستان بنرێت..
کاتێ فەرمووی:-
دوای هەڵبژاردن؛ پێویستە:-
یەک هەرێم-
یەک پەرلەمان-
یەک حکومەت-
یەک هێزی پێشمەرگە- هەبێت.
لە سەر بنەمای ناوەڕۆکی ئەو چوار خاڵە دەبنە چوار کۆلەگەی تۆکمە یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و ڕیزەکانی گەلی کوردستان بەهێز دەکاتەوە؛ ئامانجیش لێی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بەلای پارتی دیمۆکراتەوە پەسندترینە و هەوڵی جددیشی بۆ دەدات..؛ تاوەکو لە کۆتاییدا زۆرینەی لایەنەکان ڕازی بکاتن لە کابینەی نوێدا بەژداری بکەن.
بەڵام لە سەرێکی دیکەوە لەمڕۆژانەدا نیازی بەشێکی حزبەکانی کوردستان کە خاوەنی پاشخانی ئۆپۆزسیۆنن دەرکەوت؛ پێشبینی دەکرێ بەژداری کابینەی نوێی حکومەتی داهاتووی کوردستان نەبن؛ پێدەچێ خۆیان یەکلاکردبێتەوە وەک چاودێری حکومەتی هەرێم لە بەرەی موعارەزەدا بمێننەوە..
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا حزبی یەکگرتووی ئیسلامی دەسپێشخەرییەکی خستە بەردەم چەند لایەنێکی سیاسی بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە نێو پەرلەمانی کوردستان، کە بە هەموویان خاوەنی سی (30) کورسی پەرلەمانن.
ئەگەر ئەو لایەنانە بەپیر داواکەی یەکگرتووەوە بچن،و لە سەر پڕۆژەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ڕێکبکەون ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان کە هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن تێکڕا بەژداری تێدابکەن بەدوور دەزاندرێت.
کۆمەڵێک پاڵنەری ناوخۆی هەرێم و ئێراق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەن ڕێخۆشکەر دەبن تا ئاراسەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ زووتر بگاتە ئەنجامی ڕێکەوتنی گشتگیری لایەنەکان..
بێگومان ڕەوشی ناوخۆی هەرێم و عێڕاق و ناوچەکەش وادەخوازێ هەوڵگەلێکی ئەرێنی بدرێت بۆ ئەوەی کابینەی دەیەم زووتر پێکبهێندرێت، پێدەچێ ڕێژەی بەرزی بەژداری دەنگدەرانی کوردستان لە هەڵبژاردن، پێویستی خواستگەلێکی شەقامی کوردی گوشارێکی خۆڕسکانەی لێبخوێندرێتەوە بۆ سەر لایەنە کوردستانییەکان تا کات بەفیڕۆ نەدەن و حکومەتی نوێ پێکبهێنن..
ناڕەڕەزایی دەنگی شەقام وەک پاڵنەرێکی ئەرێنی دەشێ هەنگاوەکانی دانوستاندنی حزبەکان بەئاڕاستەی ڕێکەوتن خێراتر بکات..
هاوکات سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران شیاع سودانی بۆ نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانیتر.. هۆکارێکیتری ئەرێنییە.. لە لایەکیتر هاوکێشە سەربازییەکانی جەنگی ناوچەکە پەلکێشکردنی عێڕاق لە سەر دەستی سەرەڕۆیی میلیشیا شیعەمەزهەبەکان هێرشی درۆنی بۆ سەر تەلئەبیب بۆ سەر عێڕاق و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ ڕازیکردنی ئیسڕائیل تا کاردانەوەی مەترسیداری نەبێت.
هەروا هاوسەنگ مانەوەی بەرژەوەندی دوو لایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئیقلیمی..، و هەماهەنگی دیپلۆماسیانەی نێودەوڵەتیش هۆکارگەلێکی ئەرێنین بۆ دەسپێکردنی دانوستانی چڕو پڕ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان.
پەیامەکەی جەنابی سەرۆک؛ کە تەنیا مشتێ پەیڤی چڕو پڕو ڕاشکاوانەیە.. دەربڕی خواستی تەواوی گەلی کوردستانەو کۆی هێزی میللەت لە یەک حکومەت و یەک پەرلەمان و یەک هێزی هێزی پێشمەرگەدا کۆدەکاتەوە.. دەرەنجام کڕۆکی ئەم گوتارە لە بەرژەوەندی هەموواندایە...
ڕۆچوون و وردبوونەوە لە ماناگەلی ناوەڕۆکی ئەو پەیامە هەڵبژاردەیە کە تەواو ناحزبییەو دەربڕی ویست و خواستی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و هاوسۆزی کۆدەنگی شەقامی ناڕازی کوردستانیشە..! شایستەیە حکومەتی بنکەفراوان یان، نیمچە فراوانی لە سەر بینابکرێت.
پێشبینی دەکرێ پشتیوانیکردنی ئەو پەیامە نەتەوەییە لە کۆتاییدا دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورەی هەرێم کە دەستیان بۆ کارێکی مەترسیدار درێژ کردووە؛ بەو گوتارەی سەرۆک بارزانیی ڕازی ببن، کە هێمای یەکگرتوویی و بەهێزبوونەوەی جومگە سەرەکیەکانی حوکمڕانی سەرانسەری کوردستان بەرهەم دێنێتەوە..
بۆ تێپەڕاندنی پاشماوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێم و چارەسەری کێشەی مووچەو ئاوڕدانەوەی جدی بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی دژواری خەڵک سوودگەلێکی کرداری دەبێت.
سەرۆکی پارتی دیمۆکرات لە کاتێکی هەستیاردا کە حزبەکەی ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبویەوە.. لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا پەیامی یەکگرتوویی لە بەرژەوەندی گەلەکەی خستە ڕووەوە.. هاوکات زۆرینەی لایەنە بەژدارەکانی هەڵبژاردن نەک هەر ڕکابەری حزبەکەی جەنابی سەرۆکبوون؛ تەنانەت وەک نەیارگەلێکی سەرسەختیش بەخەیاڵپڵاوی دوای بردنەوەیان کە پێشبینییەکی کوێرانەبوو بەدەم وڕێنەوە هەڕەشەیان لە پارتی دەکرد..!؟
لە کاتێکدا لە جیاتی ئەو فەرموودە نەتەوەییە کە لە لوتکەی دڵسۆزی و خەمخۆریی بۆ ئایندەی نزیک و گەشی میللەتە سەرچاوەی گرتووە..؛ دەکرا دڵۆپێک لە دەریای دەستکەوتەکانی حزبەکەی لە مێژووی دوورو نزیک کە بۆ گەلی کوردستان وەدیهێناون؛ بۆ هاندان و وزە بەخشین ئاڕاستەی کۆی دەنگدەرانی پارتی بکرابوایە جیاوازییەکی نەدەبوو..
بەڵام کاتێ بژاردەی قووڵڕوانینی سەرۆک بارزانیی هێمای ئیسلاحخوازی و یەکخستنی کۆهەڵوێستی لایەنە ناکۆکەکان و سەرەوەربوونی یاسابێ.. ئەمە بەخشین و گێڕانەوەی وزەگەلێکی پێکەوەیی و سەقامگیربوونی ڕەوشی سیاسیی و پشتیوانگەلێک دەبێ بۆ هەیبەتی هەرێمی کوردستان، و ڕۆڵگێڕانی بەهێزتری لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا..
ئەمجۆرە تەرحە واقیعبینەی جەنابی سەرۆک خوێندنەوەیەکی وردو دەقیقە پێویستە موتووربەی کڕۆکی کارنامەی حکومەتی نوێی کوردستان بکرێت، دەتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوخۆی هەرێم هێوربکاتەوە.. دەتوانێت دانوستان لە گەڵ بەغدا بەیەک تیمی کوردستان بەهێزتر گرفتە هەنووکەییەکان چارەسەر بکات.. لە قۆناغی داهاتووش یەک حکومەتی بەهێز؛ شیانی ئەوەی لەباردا دەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکانیش لە گەڵ بەغدا بخاتە سەر ڕێڕەوی چارەسەری دەستووری و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو مادانەی پەیوەستن بە مافەکانی گەلی کوردستان.
پێویستە ڕوانگەی لایەنە بەژدارەکان لە کارنامەی کابینەی نوێدا ڕەنگدانەوەی دیاربێت.. ئەم لۆچوونە ئەگەرێکە هەر چەندە کورد پێشینەیەکی هەیە لە کابینەی بنکەفراوانی حوکمڕانی پێکەوەییدا، بەڵام هەڵکەوتەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێم و ئاستی پەیوەندی لایەنەکان زۆرتر بەلای دروستکردنی حکومەتێکی نیمچە بنکەفراوان دەکشێت؛
چونکێ واقیعی ڕەوشی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان جیاوازە، کە لە مێژووی ڕابردووی نزیکدا ڕووداوگەلێکی وەک شەڕی نەگریسی داعش و ڕاگرتنی نەوتی کوردستان و هەڵگەڕانەوەی خائینان لە دەرەنجامی ڕیفراندۆم و تۆمارکردنی تاوانی گەورەی نەتەوەیی ١٦- ی ئۆکتۆبەرو بەردەوامی سیاسەتی برسیکردنی گەلی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی شیعەمەزهەبی عێڕاق بەهاوکاری بەرەی ئێراقچێتی ناوەخۆ دژی قەوارەی کوردستان، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەرچاویان لە سیاسەتی هەرێمدا بەدوای خۆیاندا هێنا؛ کە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا واقیعێکی نوێی پشت بەخۆبەستووی ڕیفۆرمخوازو ئەدای نوێی حوکمڕانی بەتایبەتیش لە پەرەسەندنی ئابووری هەرێمدا بەرجەستەکرا..
دەشێ ئەزموونی سەرکەوتووی کابینەی پێشوو درێژکراوەی سیاسەتی کابینەی دەیەمیش بێت بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانیی.
لەم ڕوانگەیەوە حزبە بەژدارەکان دەتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان لە حکومەتی داهاتوودا بگێڕن؛ مەرجیش نییە لایەنێک یەک وەزیری هەبێت ڕۆڵی کەمترو نادیدەیە، بۆ نموونە: دەکرێ وەزیرێک بەقەدەر دەستەی دەستپاکی هەرێم پشت ئەستوور بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕۆڵێکی ستایشکراو لە وەزارەتەکەی بگێڕێت..
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەو چوار خاڵەی کە جەنابی سەرۆک بارزانیی خستوویە ڕوو.. دەشێ وەک دەسپێکی پڕۆژەیەکی ستراتیژی نیشتیمانی کاری پێکەوەیی لە سەر بکرێت، دیدگای لایەنە بەژدارەکانی کابینەی دەیەمیش جێبکرێتەوە لە کارنامەی کابینەی دەیەم کە لە سەری ڕێکدەکەون، لە ئەرزی واقیعدا دوای دەست بەکاربوونی حکومەتی کوردستان بیخرێتەواری جێبەجێکردنەوە.