قاوە و سەرئێشە
بە گشتی قاوە كاریگەری دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار. لە ڕاستیدا، قاوە دوو لایەنانە پەیوەندیی بە سەرئێشەوە هەیە، واتە لەوانەیە بۆ هەندێك كەس ورووژێنەر بێت بۆ سەرئێشە، لەوانەشە بۆ هەندێك كەسی دی سەرئێشە سووك بكات. ئەمە ڕوونە كە پێكهاتەی سەرەكی و گرنگ لە قاوەدا كافائینە Caffeine كە ورووژێنەرە بۆ كۆئەندامی دەماری مەركەزی و ئاستی ئاگایی Alertness بەرز دەكاتەوە، هەروەها كافائین پەیوەندی بە سەرئێشەوە هەیە. ماددەی كافائین هۆكارە بۆ تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن كە دەگەنە مێشك، بەمەش سەرئێشە سووك دەبێت یان نامێنێت، كەچی لە لایەكی دیكەی نەخواردنی قاوە یان دابین نەكردنی ماددەی كافائین لەو كەسانەی كە ڕۆژانە قاوە دەخۆنەوە، هاندەرە بۆ سەرهەڵدانی سەرئێشە، لێرەدا كەمیی ماددەی كافائین بە چەندین ڕێگە ورووژێنەر دەبێت بۆ فراوانبوونەوەی ئەو بۆرییانەی خوێن كە دەگەنە مێشك، بەمەش ئازار لە ناوچەی سەردا دەست پێدەكات.