فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   گرنگە بزانین لەسەر چ بنەمایەك كابینەی دەیەم پێكدەهێنرێت، نەك كام لایەن بەشدار دەبێت و كام لایەن دەبێتە ئۆپۆزسیۆن

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     گرنگە بزانین لەسەر چ بنەمایەك كابینەی دەیەم پێكدەهێنرێت، نەك كام لایەن بەشدار دەبێت و كام لایەن دەبێتە ئۆپۆزسیۆن

 

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە كە تەنیا گۆڤاری «سیاسیی و گشتی»یە لە هەرێمی كوردستاندا، كە كاری بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ڕۆژنامەنووسیی پرۆفیشناڵانە لەسەر ئەزموونی نەتەوەكانی جیهان و پرۆسەی حوكمڕانیی باش و پەرەپێدانی بەردەوام دەكات. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و بۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.

 

ئەگەر لە ناو وێنە گشتییەكەی ئەو بارودۆخەی ئێستا سیستمی لیڕاڵ دیموكراتی لە سەرتاسەری جیهان پێدا تێدەپەڕێت، هەڵەسەنگاندن بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و پرۆسەی حوكمڕانیی باش بكەین، ئەوا دەبێت لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵوەستە بكەین، كە سیستمی دیموكراتی خۆی نەخۆش كەتووە و، ناتوانێت حوكمڕانیی باش بەرهەم بهێنێت، وەك بیرمەندی ئەمریكی فرانسیس فۆكۆیاما لە كتێبی «ناسنامە» ڕاشكاوانە ئاماژەی پێ كردووە، «چیتر دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراتی ناتوانێت كەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت و وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییەكانی خەڵكەكەی بێت».

جۆن میرشامیر، كە بیرمەندێكی دیكەی ئەمریكییە لە كتێبی «گەورەترین وەهم، خەونی لیبڕاڵی و واقیعی نێودەوڵەتی»، ڕاشكاوانەتر دەست دەخاتە سەر نەخۆشییەكانی لیبڕاڵ دیموكراتی و ئاماژەی بەوە كردووە كە «سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەو جۆرە بونیاد نراوە، لە ناو دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا پیادە بكرێت، نەك لیبڕاڵەكان خەو بەوە ببینن كە بیكەن بە ئیمپراتۆریەتێكی گڵۆباڵی».

لە ساڵی 2016ـەوە هەردوو دەوڵەتی گەورەی جیهان «ئەمریكا و بەریتانیا» هەستیان بە مەترسیی شكستی سیستمی گلۆباڵی لیبڕاڵ دیموكراتی كردووە، بۆیە هەمان ساڵ بەریتانیا بڕیاری دا لە یەكێتیی ئەوروپا بێتە دەرەوە و ئەمریكییەكانیش دۆناڵد ترەمپیان وەك 45 یەمین سەرۆك هەڵبژارد و، لە نۆڤمبەری ڕابردوو جارێكی دیكە وەك 47 یەمین سەرۆك بۆ سەرۆكی ئەمریكا هەڵیانبژاردەوە.

ئاماژەدانم بە شكست و نەخۆشیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بۆ ئەوە بوو، كە ئێستا نەتەوەكانی جیهان لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا خۆیان سكێچی سیستمی حوكمڕانیی خۆیان بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی خۆیان دووبارە دیاری دەكەنەوە. ڕاستە هەموو دەوڵەتان هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ئەو نەخشە ڕێگەیەی ئیرادەی دەنگدەر بۆ پرۆسە سیاسییەكە دایدەڕێژێت، بەپێی بەرژەوەندی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، ئیرادەی دەنگدان لە ناو پرۆسە سیاسییەكە بەرجەستە دەكەنەوە و، دوای هاتوهاواری فەیك نیوزی میدیا و پاشاگەردانیی تۆڕەكانی سۆشیال میدیا ناكەون و، لە ساتی دروستكردن و وەرگرتنی بڕیاریدا لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەنگەر دەگرن و پێ دادەگرن.

لە ئێستای پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری چارەنووسساز لەژێر كاریگەریی «زۆنی هات و هاواری فەیك نیوزی میدیا و پاشاگەردانیی تۆڕەكانی سۆشیال میدیا»دایە و، چەند ساڵێكە هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ئەو پاشاگەردانییە بگوازرێتەوە بۆ «زۆنی ناوەندی دروستكردنی بڕیار و یاسادانان كە مەبەست پەرلەمانی كوردستانە»، ئەمەش جۆرە تیكەڵاوییەكی دروست كردووە، كە نەزانرێت كامە «زۆنی میدیا و سۆشیال میدیا و كامە زۆنی دروستكردنی بڕیار و دانانی یاسا»یە. بۆیە ئەم واقیعەی ئێستا لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەیە، وەك میرشامیر دەڵێت «دەبێت لە خەونی لیبڕاڵی ڕاچڵەكێین و مامەڵەی دروست لەگەڵ واقیعی نێودەوڵەتیدا بكەین»، ئەوا دەبێت ئێمەش لە خەونی ئەزموونە دیموكراتییەكەمان ڕابچڵەكین و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەو واقیعی پاشاگەردانییە حزبیەدا بكەین كە هەژموونی بەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا كێشاوە.

ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە «ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم»ی گرێ داوەتەوە بە ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە و، قەناعەتی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە پاش دیراسەتێكی ورد گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی كە ئەو هەموو مەرج و مەرجكارییەی لە سیناریۆ جیاوازەكانی حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە میدیا و سۆشیال میدیا بانگەشەی بۆ دەكرێت، نەك هەر ئایندەیەكی گەش بۆ هەرێمی كوردستان دروست ناكات، بەڵكو مەترسیی زۆر گەورەش لەسەر ئایندە و چارەنووسی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.

لەم چوارچێوەیەدا پێویستە پێش ئەوەی باس لەوە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمدا، چ لایەنێكی سیاسی بەشداریی حكومەت دەكات و چ لایەنێكی سیاسی لە پەرلەماندا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، گرنگە هەڵوەستەی جددی و پێداگری لەسەر ئەوە بكرێت، لەسەر چ بنەمایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی، سەرلەنوێ پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ڕیك دەخەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین پەرلەمان و «ناوەندی بڕیار و یاسادانان» چۆن لە ئایندە كاردەكات و كابینەی دەیەم چۆن لەژێر چاودێریی پەرلەماندا درێژە بە كاروانی ئاوەدانی دەدات و ماف و چارەنووسی خەڵك و ئایندەی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت.

سەرۆك بارزانی وەك كاریزما و ڕابەری ئەم قۆناغەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، زۆر لۆژیكانە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان، نەخشە ڕێگەی «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە، كۆتاییهێنان بەكاری نایاسایی» داڕشتووە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئەو چارەسەرانەی كاریزماكان بۆ كێشەی نەتەوەكانی خۆیان دیاری دەكەن، قەت لەگەڵ بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەكان یەكی نەگرتووەتەوە، بەڵام پێداگیریی ڕابەر و كاریزما بە پشتیوانیی خەڵكەكەی ڕێگە دروستەكەیان هەڵبژاردووە و پشتگیریی ڕابەرەكەی خۆیان كردووە و نەتەوەی خۆیان لە كێشەكان ڕزگار كردووە.

خاڵی گەشبین بۆ سەركەوتنی ئەو نەخشە ڕێگەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم قۆناغە دایڕشتووە، ئەوەیە كە پاراستنی هەرێمی كوردستان شەرعییەتێكی نێودەوڵەتیی لە پشتە، كە ئەویش بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، هەرێمی كوردستان بەو هێزانە نەڕووخا كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 خەونیان پێوە دەبینی، ئەوا ئێستا بە گوتاری پۆپۆلیستی هەندێك حزبی سیاسی كە مەبەستیانە پرۆسە سیاسییەكە پەك بخەن، پرۆسەی سیاسیی ڕاناوەستێت و گەلی كوردستانیش وەك هەموو نەتەوەكانی جیهان پشتی ڕابەری خۆیان دەگرن و ئیرادەی خێر بۆ بەرژەوەندیی خاك و نیشتمان سەر دەخەن.

 

Top