زیرەك كەمال ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: زۆر گرنگە بەرپرسیارانە هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ ئەوەی بەپەلە كابینەی دەیەم پێك بهێنرێت و بەرژەوەندیی حزبی نەگاتە ئەو ئاستە بێباكییەی خەڵكی كوردستان نائومێد بكات
زیرەك كەمال، ڕاوێژكارە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و، یەكێكە لە كادرە دیارەكانی حزبی شیوعی كوردستان، ماوەیەكیش ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بووە و دەكرێت پێی بگوترێت، چەپێكی ڕەخنەگری كورد و كوردستانی، لەبەر ئەوەی لە تێڕوانینی ئەم سیاسەتمەدارەدا، پرسی «خاك و نیشتمان» لە سەرووی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسییەوەیە و، بەردەوام داكۆكی لە ئەوە دەكات، كە دەبێت حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە خوار بەرژەوەندیی باڵای خاك و نیشتمانەوە سیاسەت و حزبایەتی بكەن و، بەرژەوەندیی حزبی نەخە سەرووی بەرەژەوەندیی خاك و نیشتمانەوە، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، زۆر بە وردی و ڕاشكاوی گرفتی حزبە سیاسییەكانی لەناو پرۆسەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كرد و بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستە ڕوو.
زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە بۆ گفتوگۆیە لەسەر ئەم پرسە گرنگە «ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم» كە كۆمەڵێك دەستەبژێری لە بیروبۆچوونە جیاوازەكان پێكەوە كۆ كردووەتەوە و پێكەوە گەنگەشەی ئەم پرسە هەستیارە دەكەین.
بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، سەرەتا بە پێویستی دەزانم، بە دوو پرسیار دەروازەیەك بۆ خوێندنەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بكەمەوە، كە بریتین لە:
1- ئێمە بۆچی هەڵبژاردن دەكەین؟
2- ڕوانینی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هەڵبژاردن و حكومەت چۆنە؟
ئەگەر بمانەوێت بە قووڵی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەینەوە، بەوەی حزب چۆن سەیری پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و، چۆن دەڕوانێتە حكومەت، ئەوا لەوانەیە لەو ماوە كورتەی بۆ ئەم گفتوگۆیە دیاری كراوە، نەتوانین بە تەواوەتی وەڵام بدەینە، بۆیە بە كورتی هەڵوەستەیان لەسەر دەكەم.
هەموو لایەك دەزانن، قۆناغی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەگەڵ قۆناغی دوای هەڵمەتەكان، دوو قۆناغی جیاوازن، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەم دوو قۆناغەمان تێكەڵاو كردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە قۆناغی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا هەموو حزبێك ئازادە چۆن بانگەشە و ڕێكلام بۆ خۆی و بەرنامەكانی دەكات، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات و پێویستە حزبەكان قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و دەست بە قۆناغێكی نوێ بكەن، كە ئەویش پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتە، بەداخەوە وەك ئێستا دەبینین، زۆرێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا هەر وا دەزانن لە قۆناغی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندان و بە هەمان ئاراستە گوتار دەدەن و سیاسەت دەكەن، ئەمە وەك ئەو حاڵەتە دێتە بەرچاو كە عەزیز نەسینی چیرۆكنووسی كۆمێدیی گەورەی تورك دەڵێت: «كێشەی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە كە نەك یادی ڕابردوو ناكەینەوە، بەڵكو لە ناو ڕابردوودا دەژین»، ئەم قسەیە بەسەر واقیعی ئێستای ئێمەی دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردندا بە تەواوەتی پراكتیزە دەبێت، هەروەها دەبێتە دەروازەیەكیش بۆ ئەوەی تێڕوانینی حزب بۆ هەڵبژاردن و حكومەتی لە هەرێمی كوردستان پێ بخوێنینەوە.
- ڕوانینی حزب لە كوردستان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن
لە هەموو وڵاتانی جیهان پرۆسەی هەڵبژاردن بەو ئامانجە ئەنجام دەرێت، كە پرۆسەی دیموكراتی زیاتر قووڵ بكاتەوە و گەشە بسەنێت، پایەكانی حوكمڕانی بەهێز بێت و سیمایەكی جوان بەو دەوڵەتە لە جیهاندا ببەخشێت، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی من لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا بینیم، ئەوە بوو كە زۆر لە حزب و لایەنە سیاسییە بەشداربووەكان، ئەوەندەی بانگەشەیان بۆ «دەست شكاندنەوە، یەكتری شكاندن، بردنەوە و دۆڕان « دەكرد، شتێكی دیكە نەبوو وەك «كار و بەرنامە» گرەوی لەسەر بكەین و، ئەم ئاراستەیە جۆرێك لە ناڕوونی بۆ ئایندە لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
- ڕوانینی حزب لە كوردستان بۆ حكومەت:
تێڕوانینی حزب لە كوردستان بۆ حكومەت، تێڕوانینێكی زۆر خراپ و نەرێنییە، ئێمە هەموومان دەزانین كاتێك كابینەیەكی نوێی حكومەت ڕادەگەیەنرێت، كارنامەی خۆی بڵاو دەكاتەوە، دەبێت حزبە سیاسییەكان بەو حزبانەشی كە ڕۆڵی سەرەكییان لە پێكهێانی حكومەتەكەدا هەیە، دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت ئەو كارنامەیەی ڕایگەیاندووە، جێبەجێی بكات، هەروەها دەبێت بوار بەو ئەندامانەی خۆی بدات، كە پۆستەكانی حكومەت بەڕێوە دەبات، لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەو حكومەتەدا كاروبارەكان هەڵبسووڕێنێت، نەك بە تەلەفونێك لە مەكتەبی سیاسییانەوە ئاراستە بكرێن و پێیان بگوترێت ئەمە بكەن و ئەمە مەكەن. بەداخەوە، هەتا ئێستا پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە ئاراستە كراوە، هەر بۆیە كە سەیری ئەو ڕوانینەی حزب دەكەین بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ پێكهێنانی حكومەت، بۆ پرسی دیموكراتی لە كوردستان، وامان لێ دەكات، ئومێدمان بۆ بەخێرایی پێكهێنانی كابینەی داهاتوو تا كاتێكی نادیار لاواز بێت، كە هیواردام وانەبێت.
فاكتەری سەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستاندا، هەردوو حزبی سەرەكی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـن كە ئەم دوو حزبە وەك ئەمری واقیع، دوو حزبی سەرەكیی كوردستانن، بۆیە كابینەی داهاتووش هەر دەبێت ئەم دوو لایەنە پێكیبهێنن، ئەوجا لایەنی دیكەی سیاسی بەشداری پێ دەكەن، یان نا، ئەوەش پرسێكی دیكەیە.
لەم چوارچێوەیەدا قسەی ئێمە ڕووی لە هەر دوو حزبەكەیە «پارتی و یەكێتی» لەبەر ئەوەی تەنیا بەم دوو حزبە هەرێمی كوردستان بونیاد دەنرێتەوە و هەر بەم دوو حزبەش تێك دەدرێت، كە من ئومێدەوارم لایەنی بونیادنان زاڵ بێت بەسەر لایەنی تێكداندا.
لە ئێستادا گرنگە پارتی و یەكێتی وەك خۆی لەو ڕاستییە تێبگەن، كە بە ڕێژەی 72 %ی خەڵكی كوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە، ئەمە مانای ئەوەیە خەڵكی كوردستان ئومێدی بە هەڵبژاردن هەیە، بۆیە هەردوولا دەبێت تا ئەو ئاستە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و ماف بە خۆیان نەدەن ئەو چرای ئومێدەی لە ناخی هاووڵاتیانی كوردستاندا بەم هەڵبژاردنە دروست بووە، بكووژێتەوە. بمانەوێت، یان نەمانەوێت، لەوە گەڕێ كەموكورتیمان چۆنە و تاچەند خەڵك ناڕازییە، بەڵام هەردوو حزب دەنگی خۆیان هێنا، بۆیە بەرپرسیاریەتیی گەورە لەسەر شانی پارتی و یەكێتییە و دەبێت بەرپرسیارانە ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن و شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی و ئەو خەڵكە نائومێد نەكەن و بە زوویی حكومەتی داهاتوو پێك بهێنن.
لەم گفتوگۆیەدا بەڕیز كاك عارف ڕوشدی ئاماژەی بەوە كرد، كێشەی ئێمە لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیدا بوونی «فرەحزبی»یە، بەڵام من دووبارە جەخت لەوە دەكەمەوە، كێشەكە فرەحزبی نییە، بەڵكو تێڕوانینی حزبە بۆ «خاك، نەتەوە، هەڵبژاردن، حوكمڕانی، دیموكراسی و...هتد»، ڕاستە لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیدا بوونی «یەك گوتار، یەك سەنگەر، یەك ئاراستە» زۆر گرنگە، بەڵام ئەوەی كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە، خودی «فرەحزبی» نییە، بەڵكو خراپ بەكارهێنانی «فرەحزبییە»، بۆیە دەبێت هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەدا چڕ بكرێنەوە، كە كۆتایی بە بەكارهێنانی خراپی فرەحزبی لە كوردستان بهێنین، لەبەر ئەوەی چۆن ئێستا ئێمە شانازی بە سیمای گەشی فرەنەتەوەیی و فرەئایینیی هەرێمی كوردستانەوە دەكەین، ئەگەر خراپ فرەحزبی بەكار نەهێنرێت، شانازی بە فرەحزبی و پێكەوە گرێدانەوەی بۆچوونە جیاوازەكان دەكەین و دەشبێتە سەرچاوەی هێز بۆ كوردستان، نەك وەك ئەوەی ئێستا دەبینین بووەتە سەرچاوەی لاوازیی كوردستان.
ئەگەر سەیری دەرهاویشتە نەرێنیەكانی خراپ بەكارهێنانی «فرەحزبی» بكەین، دەبینین ئێستا ئێمە لە ناو پرۆسەی سیاسیدا حكومەتمان هەیە لە ناو پەرلەمانیش ئۆپۆزسیۆن هەیە، بەڵام كاتێك سەرنج دەدەین ئیشكالییەتەكە تەنیا لە ئەدای خراپی «پارتی و یەكێتی» نییە وەك دوو حزبی دەسەڵات، بەڵكو ئێمە ئیشكالییەتمان لە خراپ كاركردنی ئۆپۆزسیۆن هەیە، لە لایەك ئۆپۆزسیۆن وەك دوژمن سەیری حكومەت دەكات و، لە لایەكەی دیكە حكومەت بەوجۆرە سەیری ئۆپۆزسیۆن دەكات كە پێویست نییە و زیادە، ئەمە لە كاتێكدا دەبێت «حكومەت و ئۆپۆزسیۆن» لە ناو پرۆسە سیاسییەكەدا تەواوكاری یەكتری بن.
ئەوجا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بیسەلمێنێت حوكمڕانییەكی دیموكراسی پیادە دەكات، ئەوا فەرز دەبێت كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لەم هەرێمەدا هەبێت، ئۆپۆزسیۆنیش بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركە نیشتمانییەكانی خۆی جێبەجێ بكات و خزمەتی هاووڵاتیان بكات، دەبێت حكومەتێك هەبێت ئەم وڵاتە بەڕێوە ببات.
كەواتە لە ئێستادا پێویستمان بەوەیە تێڕوانینی حزبەكان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بۆ ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن بۆ حكومەت، گۆڕانكاریی بەسەردا بێت. دەبێت حكومەت بە تەواوەتی ئەو قەناعەتەی لا دروست ببێت كە بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بۆ بەرەوپێشبردنی دیموكراتی پێویستییەكە و ناتوانرێت دەستبەرداری بین، بە هەمان شێوە دەبێت لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش بگەنە قەناعەتی تەواو كە حكومەت شەیتان نییە، نابێت ئۆپۆزسیۆن دژی حكومەت بێت، بەڵكو دەبێت چاودێریی شێوازی ئەدای حوكمڕانیی حكومەت بێت و هەڵە و كەموكورتییەكانی بۆ ڕاست بكاتەوە، دەبێت ئەو قەناعەتەیان بە تەواوەتی بۆ دروست بێت، كە وڵات بەبێ حكومەت بەڕێوە ناچێت و سیستم و حكومەت وجوودی نەبێت، ئاژاوە و پاشاگەردانی لە وڵاتدا دروست دەبێت و كەس لە چارەنووسی خۆی دڵنیا نابێت.
لە دوماهیدا جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەمەوە، كە دەبێت حزبە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، هەوڵەكان چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی بە زوویی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنن، ئەوجا كێ بەشدار دەبێت، كێ دەبێتە ئۆپۆزسیۆن ئەوە كێشە نابێت. گرنگە حزبەكان لەو ڕاستییە تێبگەن كە هەتا ئەم ساتەوەختەش خەڵكی كوردستان ئومێدی بە هەڵبژاردن و ئومێدی بەو حزبانە ماوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە ئیرادە و ئومێدی ئەو خەڵكە بگرن و ڕێگە بە خۆیان نەدەن ئەو ئومێدە بكووژێتەوە و، كابینەیەكی تۆكمەی خاوەن بەرنامەیەكی خزمەتگوزاری پێك بهێنن.
كاتی ئەوەیە حزبەكان لەوە تێبگەن كە لە هەرێمی كوردستاندا كێشەی گەورە و جددی هەیە، خەڵك تووڕەیە و ڕەخنەی هەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەو خەڵكە دەرەفەتێكی دیكەی داوەتە حزبەكان بۆ ئەوەی بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە، گرنگە ئەم قەناعەتە دروست ببێت، بۆ ئەوەی نەگەینەوە ئەو نائومێدییەی كە خەڵكی كوردستان بڵێن هەڵبژاردنی داهاتووش هەر ئەوە ئاكامەكەی دەبێت.