غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان: ئامانجی گرنگ لە زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئەوەیە كە ئەم كابینەیە تەواوكاری بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت
غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (ی ن د ك)ـە و یەكێكە لەو سیاسەتمەدارە دیارانەی كە بڕوای بە بیری نەتەوەیی و كوردستانیبوونی سەرجەم نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەیە. لەسەر ئەم پرسە چەندین كتێبی هەیە، لە بواری كاری نووسین و ڕۆژنامەگەریشدا، یەكێكە لەو قەڵەمە كاریگەرانەی بە بەردەوامی لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان و میدیای دەوڵەتانی عەرەبی نووسینی و چاوپێكەوتنی هەیە و بەرگری لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، بە دید و تێڕوانینێكی نەتەوەیی و نیشتمانییانە قسەی لەسەر ئەم پرسە كرد و بەمجۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.
دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی وەك پرسێكی نیشتمانی و لەناو چوارچێوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان گەنگەشەی دەكات و، ئەم پلاتفۆرمە كراوەیەی ڕەخساندووە، بۆ ئەوەی هەموو لایەك بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە قسەی ڕاشكاوانەی خۆیان لەسەر بكەن.
لەم ڕاستەوە، تێڕوانینی منیش بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرسێكی نیشتمانییە و پەیوەندی بە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە هەیە، بۆیە دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بكەین، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كابینەی دەیەم پێكبهێنرێت.
ئامانجی گرنگ لە زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئەوەیە كە ئەم كابینەیە تەواوكاری بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت و دەرفەتێكی دیكە بە بەڕێز مەسرور بارزانی بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەرنامانەی لە كابینەی نۆیەمدا ژێرخانی پتەوی بۆ بونیاد ناون، لەكابینەی داهاتوودا تەواویان بكات و ئاكامەی بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێتە دەست، كە لێرەدا ئاماژە بە بەشێك لەو ژێرخانانە دەكەم كە لە كابینەی نۆیەمدا بونیاد نراون:
1- بەرنامەی كابینەی نۆیەم لە دەستپێكەوە بەرنامەی دەوڵەتسازی بووە لە كوردستاندا، بۆ ئەمەش ئەولەوییەتی ئەم كابینەیە هەوڵدان بووە بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەر لەم كابینەیەدا بەرهەمی بونیادنانەوەی ئەو ژێرخانەمان بینی، بەتایبەتی لە بوارەكانی بایەخدان بە ڕێگاوبان و پردەكان، مامەڵەی دروست لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی و دروستكردنی دەیان بەندا و پۆنت و.. هتد.
2- لەسەر ئاستی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، كابینەی نۆیەم هەوڵی داوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كونسوڵگەری، یان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان نییە، پەیوەندیی دیپلۆماتیی تازە بونیاد بنێت و، زەمینەیەكی دروست كردووە بۆ ئەوەی هەم ئەوان كونسووڵگەری و نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، هەمیش نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لەو دەوڵەتانە بكرێنەوە.
3- خاڵی هێجگار گرنگ كە لە كابینەی نۆیەمدا دەكرێت ئاماژە و هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە هەر لە دەستپێكەوە لە ساڵی (2019 تا 2024) بەردەوام ژینگەی كاركردنی ئەم كابینەیە سەقامگیر نەبووە و ڕووبەڕووی كێشەگەلێكی سەخت بووە، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین:
ا- لە كۆتایی ساڵی 2019، بە هۆی خۆپیشاندانەكەی تشرینەوە، بارودۆخی سیاسیی عێراق تێكچوو و هەتا گەیشتە ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق دەست لەكار بكێشێتەوە و، ئەمەش بووە هۆكاری ئەو ڕێككەوتنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی شیعە بۆ پێكهانی ئەو حكومەتە كردبوویان، ببێتە مەرەكەبی سەر كاغەز و جێبەجێ نەكرێت، ئەم بارودۆخە درێژەی كێشا تا پێكهێنانی كابینەكەی محمەد شیاع سوودانی لە ساڵی 2022.
ب- لە سەرەتای ساڵی 2020 پەتای كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی بڵاو بووەوە و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، ئەوجا وێڕای ئەوەی بارودۆخی كەڕەنتینە ڕاگەیەندرا و بازاڕ پەكی كەوت، لە هەمان كاتدا نرخی نەوتیش بۆ خوار سفر دابەزی.
ج- دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی 2021، جارێكی دیكە بە هۆی لێكترازانی تەیاری سەدر لەلایەك و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لەلایەكی دیكە، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پەكی كەوت، لەم بارودۆخەدا هەرێمی كوردستان بووە ئامانجی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی شیعە بە درۆن و ڕۆكێت، لەمەش زیاتر دواتر گەیشتە ئەوەی چەند جارێك لەلایەن سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ڕۆكێتی بالیستی هەولێریان كردە ئامانج.
د- دادگای فیدڕاڵی كرایە ئامرازێك و دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنرا و چەندین بڕیاری نادەستووریی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، وەك «ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان».
ه- ئالنگاریی سەرەكی لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ كابینەی نۆیەم ئەوە بوو، كە ئەو لایەنە سیاسییانەی هاوپەیمانییان پێكهێنابوو بۆ كابینەی نۆیەم، وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵەیان لەگەڵ كابینەی نۆیەم دەكرد و، هاوكاری سەرۆكی حكومەت نەبوون بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكات.
لەناو ئەو هەموو ئاستەنگ و ئالنگاریانەی ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەوە، لەگەڵ ئەوەی نەتوانرا كۆی بەرنامەی كابینەكە بە تەواوەتی و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام توانرا مامەڵەیەكی لۆژیكانە لەسەر ئاستی «بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ كێشەكان» بكرێت، لەمەش زیاتر توانرا ئەو زەمینەیە بێنێتە ئاراوە كە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر ئازادانە و سەركەوتووانە بەڕێوە ببرێت.
بۆیە بە قەناعەتی من لە دوای هەڵبژاردنە سەركەوتووەكەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، ئێمە هەموومان پشتگیری ئەوە بكەین كە دەرفەتێكی دیكە بدرێتە بەڕێز مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بەرنامەیەی كابینەی نۆیەم درێژە پێبدات و هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات، كە ئەمەش شایەنی ئەوەیە هەموومان پشتیوانی بكەین.
وەك بەڕێز سەرۆك بارزانی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، نەخشە ڕێگەی پرۆسەی سیاسیی داهاتووی كوردستانی داڕشتووە، كە نەخشە ڕێگەكە زیاتر خواستی شەقامی كوردستانی بەرجەستە كردووە، ئەویش یەكبوون و یەكڕیزیی نیشتمانییە لە چوارچێوەی «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» و، بە جێبەجێكردنی ئەم نەخشە ڕێگەیە ئێمە دەتوانین ببینە خاوەنی حكومەتێكی یەكگرتوو، ئەم حكومەتە یەكگرتووە دەتوانێت پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو هاوكێشە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو ناوچەی ئێمە تیدا دەژین، بەهێزتر بكات، كە ئەمەش دەبێت خواستی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت و لەم پێناوەشدا دەبێت پشتیوانی لەو حكومەتە یەكگرتووە بكەین.
لایەنێكی دیكە كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە نابێت ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك حكومەتی ئەم حزب و ئەو حزب سەیر بكەین، بەڵكو دەبێت بەو شێوەیە سەیری بكەین، كە حكومەت حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستانە و، گرنگیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر هەموو جوگرافیای كوردستاندا هەبێت و، تەنیا بەم ئاراستەیەش ئێمە دەتوانین بەرەو داهاتوویەكی گەش هەنگاو هەڵبگرین، هەر بەوەش دەتوانین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەنگمان دلێرتر بێت، دەتوانین لە چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ عێراق زیاتر پێ دابگرین و مافەكانی خۆمان بەدەست بهێنێن و بیسەپێنێن و، لەسەر ئاستی ناوچەییش حیسابێكی دیكەمان بۆ دەكرێت.
كەواتە ئەم خوێندنەوەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، بەهێزیی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لە یەكبوون و یەكڕیزیی كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندایە، دەبێت هەوڵ بدەین یەكگوتار و یەكهەڵوێست و یەكدەنگ بین، هەوڵیش بدەین ئەو كارنامەی لە كابینەی نۆیەم تەواو نەكران، لەكابینەی دەیەمدا تەواو بكرێن.
ئێمە دەبێت لە ڕوانگەی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە سەیری پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانەی براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانن، ڕەچاوی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەن و ئامادە بن و پێشوازی لە یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، لەم قۆناغەدا بەڕاستی پێویستمان بەوەیە «بەرگی حزبی» فڕێ بدەین و هەموو پێكەوە «بەرگی كوردستانیبوون» بپۆشین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەڕ و بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەیە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كە ئێستا لەسەر خاكی ئەوروپا بوونی هەیە، دەبێت لەوە ئاگادار بین، ئەمانە هەموویان كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئێمە دەبێت، بۆیە پێویستمان بەوەیە لەم قۆناغەدا ئێمە خۆشمان ئامادەسازییەك بكەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دەكەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتە و ئەگەر و پێشهاتەكانی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە دەكەین. لە ئێستادا پێویستمان بەوەیە هەموومان هاوكار و پشتیوانی یەكتری بین و هەوڵ بدەین پێگەی كوردستان بەهێز بكەین و سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو لایەكمانە و دەبێت هەر لەو ڕوانگەیەشەوە سەیری ئەم پرسە نیشتمانییە بكەین.