دیندار نەجمان دۆسكی سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق:   لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمدا گرنگە ڕەچاوی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەرنا هیچ بەهایەك بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیرادەی دەنگدانی خەڵكی كوردستان نامێنێتەوە  

دیندار نەجمان دۆسكی  سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق:     لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمدا گرنگە ڕەچاوی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەرنا هیچ بەهایەك بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیرادەی دەنگدانی خەڵكی كوردستان نامێنێتەوە   

 

دیندار نەجمان دۆسكی، یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی كوردستان و، ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراقیش بووە لە ساڵی 2005، لە ماوەی ساڵانی 2010 – 2014 وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق بووە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (ئەگەرەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئایندەی هەرێمی كوردستان)، زۆر بە وردی ئاماژەی بە لایەنی یاسایی پێكهێنانی كابینەی دەیەم كرد و لە هەمان كاتیشدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت واقیعی سیاسیی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و، بەم جۆرەش بیروبۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە لەسەر ئەم پرسە گرنگە «سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی كوردستان» ئەم گفتوگۆ گرنگەی ڕێك خستووە و ئێمەشی بانگهێشت كردووە.

سەرەتا دەخوازم لە گرنگیی هەڵبژاردنەكانیخولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە دەست پێ بكەم. ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی لە بارودۆخێكدا ئەنجام درا، كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشێندرابووەوە، بۆیە بە پلەی یەكەم ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوە بوو، ئەو بۆشاییە یاساییە پڕبكرێتەوە و دووبارە پەرلەمانی كوردستان دابمەزرێنینەوە، بۆیە دەبێت سوپاسی پەروەردگار بكەین كە ئەم هەڵبژاردنە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات.

بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردنی ئەم جارە، خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان جیاواز دەبێت لە خولی پێنحەم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە خولی پێنحەمدا، پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی زیاتر بوو، دەیتوانی ئاسانتر لەم خولەی ئێستا هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم پێك بهێنێت، بەڵام لەم خولەدا ژمارەی كورسییەكانی كەمی كردووە بۆ 39 كورسی و پرۆسەی پێكهێنانی هاوپەیمانی 50+1 بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم قورس دەبێت، بەڵام وێڕای ئەمانەش دەبێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی بە وردی هەلومەرجی سیاسیی ئێستا و كۆی گۆڕانكارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لەبەر چاو بگرن و، پەلە لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەگەر هەڵوەستە لەسەر وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، دەبینین شەڕی ئیسرائیل و غەززە بووەتە شەڕێكی كراوە و زۆر شوێنی دیكەشی گرتووەتەوە و، ڕەهەندی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ئەم شەڕەش بەو جۆرەیە كە مەزندە دەكرێت، شوێنی دیكەش بگرێتەوە، لەمەش زیاتر ئەم شەڕەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی نێوان «ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی» نییە، بەڵكو شەڕی ئیسرائیل و تەواوی ڕۆژئاوا «ئەمریكا و ئەوروپا»یە لەگەڵ هەژموون و باڵادەستیی ئەو گرووپە چەكدارانەی سەر بە ئێرانن، ئامانجیان لەم شەڕە ئەوەیە كە پەل و پۆی ئێران لە ناوچەكە كورت بكەنەوە، ئەمە گۆڕانكارییش لە عێراق دروست دەكات، هەروەها لەسەر ئاستی ڕۆڵی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ڕابردوو بینیمان، گەلی ئەمریكا جارێكی دیكە دۆناڵد ترەمپی بۆ سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژاردووە، ئەمە پێشبینی ئەوەی لێ دەكرێت، كە سیاسەتی ئەمریكاش لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری بەسەردا بێت، ئەوجا گۆڕانكارییەكە هەرچونێك بێت، هەتا ئێستا دیار نییە، بەڵام دەبێت خۆمان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بكەین، ئەم ئامادەكارییەش بەوە دەبێت كە پەلە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بكرێت و پاشان هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی حكومەتێكی بەهێز لە جێگەی كابینەی نۆیەم دابمەزرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی ئەو پێشهاتە تەنیا وەك مەترسی نەخوێنینەوە، بەڵكو ئەگەر خۆمان ڕێك بخەینەوە و ئامادەكاریی بۆ بكەین، دەكرێت وەك دەرفەتێك سوودی لێ وەربگرین و، بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی دەتوانین باشتر داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا بكەین و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق چارەسەر بكەین، لەمەش زیاتر دەتوانین بە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە هەرێم پەیوەندیی باشی لەگەڵیاندا هەیە، بارودۆخی كوردستان بەرەو پێشتر ببەین، بۆیە زۆر گرنگە هەردوو پارتی سەرەكی «پارتی و یەكێتی» ئەو بارودۆخە لەبەرچاو بگرن و پەلە لە پێكهێنانی كابینەی دەیەم بكەن.

ئەوەی تا ئێستا بەرچاوڕوونیی لەسەر هەیە، چەند هەنگاوێكە كە دەكرێت بەم شێوەیە ئاماژەیان پێ بكەین:

1- پارتی دیموكراتی كوردستان شاندێكی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك هێناوە و بەنیازن سەردانی هەموو لایەنەكان بكەن، هەتا ئەو لایەنانەشی كە بڕیاریان داوە ببنە ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی حكومەتیش نەكەن، ئەم سەردان و دانوستاندانە گرنگن، لەبەر ئەوەی لەوانەیە هەندێك لایەن خواست و داواكاریی زیاتری پلە و پۆست بكەن و لەو گفتوگۆیانەدا دانوستاندنی لەسەر بكەن.

2- بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی «50+1» بۆ پێكهێنانی حكومەت، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی یەكەم لەم هەڵبژاردنەدا، لە ڕووی یاساییەوە دەتوانێت بە چەند شێوازێك هاوپەیمانیی « 50+1» پێك بهێنت، هەر بۆ نموونە پارتی دەتوانێت لەگەڵ نەوەی نوێ ببێتە زۆرینە، هەروەها دەتوانێت لەگەڵ «یەكگرتوو و هەڵوێست و بەرەی گەل و كۆتای پێكهاتەكان» ببنە زۆرینە، بەڵام ئەم سیناریۆیە لە دوو لایەنەوە بۆ واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان تەنیا بە تیۆری دەمێنتەوە و نابنە كردار، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانەی كە بڕیاریان داوە ببنە ئۆپۆزسیون، ناوێرن بەشداریی حكومەت بكەن و لەوە دەترسن دەنگەكانیان كەم بكات، لایەنێكی دیكەی واقیعی سیاسیی كوردستان ئەوەیە بە كردەیی دوو زۆنە و بە كردەیی دوو دەسەڵاتە، بۆیە ناكرێت بەبێ یەكێتی حكومەت پێك بهێنرێت.

3- سیناریۆی سێهەم كە دەكرێت وەك هەنگاوی كردەیی هەڵسەنگاندنی لەسەر بكەین، هاوپەیمانی «پارتی و یەكێتی»یە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم، لای هەموو لایەك ئاشكرایە لە ساڵی 1992 هەتا ئێستا، هەر ئەم دوو حزبە لایەنی سەرەكی بوون لە پێكهێنانی هەر نۆ كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بێگومان واقیع فەرزی دەكات، ئەم هاوپەیمانییە لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمیشدا دووبارە ببێتەوە.

ئەزموونی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە پرۆسەی دیموكراتی پرۆسەیەك نییە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە حزبێكەوە بۆ حزبێكی دیكە، ئەوەتا دەبینین لە ساڵی 1992 هەتا ئێستا پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بریتی بووە لە دابەشكردنی پۆست و وەزارەتەكان لە نێوان پارتی و یەكێتی و هەندێك جار هەندێك حزبی دیكەشیان وەك «یەكگرتوو و گۆڕان و كۆمەڵ» بەشداری پێ كردووە، لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا هەر لە ساڵی 2004ـە وە هەتا ئێستا، دەبینین حكومەت لە دەستی لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراقدایە و كورد و سوننەیان بەشداری پێ كردووە.

بۆ واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان باشترین بژارە ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی ڕێك بكەون و پێكەوە حكومەتی داهاتوو پێك بهێنن، لەم پرۆسەیەدا دەبێت پارتی ئەوە لەبەرچاو بگرێت، كە یەكێتی داواكاریی زۆری دەبێت و، بە ئاسانی ناگەنە ڕێككەوتن، بەڵام لەبەرانبەردا دەبێت یەكێتیش ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرێت كە پارتی «براوەی یەكەمی» هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە و، دەبێت ڕێز لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی پارتی بگرێت.

ڕێزگرتن لە ئیستحقاقی هەر لایەنێك بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕێز لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن نەگیرا، ئەوا هیچ مانایەك بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێتەوە، بۆیە دەبێت هەردوولا «پارتی و یەكێتی» ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن و جارێكی دیكە ئەزموونی حوكمرانیی «پەنجا بە پەنجا» دووبارە نەكەنەوە.

لێرەدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، تەنانەت ئەگەر پارتی زۆرینەی كورسییەكان «50+1»ی پەرلەمانی كوردستانی بەدەست بهێنابا، ئەوا سرووشتی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان بەو شێوەیەیە كە «نە بە بێ پارتی و نە بە بێ یەكێتی» حكومەت پێك نایەت، لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی پێكهێنانی سەرجەم كابینەكانی حكومەتدا هەستیاریی بارودۆخی كوردستانی لەبەر چاو گرتووە و لە پێناوی ئەوەی حكومەت زوو پێك بهێنرێت، سازشی لەسەر هەندێك ماف و ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی كردووە و هەوڵی داوە پرۆسەكە سەركەوتوو بێت و پەك نەخرێت، بەڵام ئەم سازش و تەنازولەش نابێت بگاتە ئەو ئاستەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هیچ مانایەكی بۆ نەمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی نامەوێت بە ڕەشبینی سەیری پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم، بەڵام مەزندەی ئەوە دەكەم داواكارییەكانی یەكێتی زۆر بەرز بێت و نەتوانرێت ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، بێگومان ئەمەش ئەگەرێكە، ئەگەر نەتوانن بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوا وەك ئەزموونی هەموو پرۆسە دیموكراتییەكانی جیهان پێمان دەڵێن، دەبێت پەنا بۆ «دووبارە هەڵبژاردنەوە»ی پێشوەخت ببرێت، بێگومان بگەینە ئەم قۆناغە، ئەوە واتە بە بنبەست گەیشتن و شكستی پرۆسە سیاسییەكە، بەڵام پشتیوان بەخودا ناگەینە ئەو قۆناغە و پارتی و یەكێتی بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی وەك هێزی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان، بەرپرسیاریەتیی گەورە دەكەوێتە سەر شانی و دەبێت شانیش بداتە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییە، لە بەرانبەریشدا یەكێتیش دەبێت هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و ڕێز لە ماف و ئیستحقاقی هەڵبژاردنی پارتی بگرێت.

ئەم پرسە «سازشكردن» لەسەر ماف و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ یەكێتی لە پێناوی ئەوەی حكومەتی داهاتوو زوو پێك بهێنرێت، پرسێكە پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، بەڵام بە مەزندەی من، ئەگەر ئەو سازشەش بكات، دەبێت بەشی ئەوەی تێدا بمێنێتەوە كە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەرانی خەڵكی كوردستان بگیرێت و، خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن نائومێد نەكەن و نەیانگەیەننە ئەو قەناعەتەی كە «بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، یان نا»، هیچ جیاوازی نییە و خەڵك دەنگ بدات و دەنگ نەدات، سەرەنجام هەر ئەوەیە كە پۆستەكان وەك یەك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دابەش دەكرێت.

هەروەها دەبێت ئەو خاڵەش بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، كە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەبێت فاكتەرێك بێت بۆ بەرەوپێشەوەچوونی پرۆسەی دیموكراتی لەم هەرێمەدا و، ناكرێت لە چوارچێوەی ئەزموونی «پەنجا بە پەنجا»دا و هەر لە شوێنی خۆمان بچەقین، چونكە بەمە پرۆسەی دیموكراتی و سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا تووشی كەموكورتییەكی گەورە دەكەین.

لە دووماهیدا دیسان جەخت لەوە دەكەمەوە، نامەوێت بە ڕەشبینییەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بكەم، بەڵام سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بە پلەی یەكەم ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەست بە هەستیاریی ئەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستا و گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بكەن و، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا مامەڵە بكەن.

 

Top