تێڕوانینێك بۆ وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین

تێڕوانینێك بۆ وتارەكەی سەرۆك بارزانی  ئامادە نین دەست لە  دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین

 

 

ڕۆژی 22ی11ی2024 بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی وتارێكی گرنگ و مێژوویی لە دیداری مێپس لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری دهۆك پێشكەش كرد، كە دەنگدانەوەی ئەرێنیی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و، مایەی دڵخۆشیی زۆری هەموو ئەوانە بوو كە پەرۆشی كیان و ئەزموون و واقعی كوردستانن و هەست بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر پرسە جەوهەرییەكان دەكەن.

ئەوەی من مەبەستمە تیشكی بخەمە سەر، ئەو بڕگە گرنگە بوو كە باسی لە بابەتی پاراستنی ئایین و ئەخلاق و كەلتوور و تایبەتمەندیی گەلی كورد كرد، بە مافدان بە تایبەتمەندی و ڕەچاوكردنی فەرهەنگ و كەلتووری هەموو میللەتان، كە پێویستی بە مامەڵەیەكی واقیعی هەیە، نەك هەوڵی گۆڕین و سڕینەوە و جێكردنەوەی نەریتێكی نەخوازراو و نەگونجاو، ئەم گوزارشت و هەڵوەستە هەستیارە بە تایبەت بۆ كەسایەتییەكی پایەبەرزی وەك سەرۆك بارزانی ئومێدێكی زۆری بۆ گەلی كورد گەڕاندەوە، لە هەمان كاتدا كاریگەریی گرنگی دەبێت بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ناوخۆ و دەرەوە، لە پێناو پاراستنی نەریت و كەلتووری نەتەوەیی و داڕشتنی هەنگاوەكانیان لەم چوارچێوەیەدا، هەروەها دەتوانم بڵێم سەرۆك بارزانی قسەی دڵی هەموو زانایانی ئایینی لە سەرتاسەری كوردستان كرد، بەوەی بە درێژایی مێژوو زانایانی كورد پەیامی سەرەكی و ئامۆژگاری و هەڵوێستیان ئەوە بووە كە پێویستە میللەتی كورد بەپێی تایبەتمەندیی ئایینی و دابونەریتی ڕەسەنی خۆی هەنگاو بنێت و خۆی لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا بگونجێنێت، نەك لەپێناو ڕەزامەندیی ئەجێندایەكی دەرەكی و هەوڵە ناواقعییەكان نەریت و كەلتووری خۆی بكاتە قوربانی، كە بەداخەوە بەشێكی زۆری كاری ڕێكخراو و سیاسەتی وڵاتان بۆ ئەوە بووە ئەو واقعە دیندارییە پڕ لە جوانی و ڕەسەنایەتییەی هەیە بەپێی خواست و ویستی خۆیان بیگۆڕن و دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بەرن، لە ئەنجامدا هەم نەریت و جوانیەكانمان بشێوێنن و، هەمیش بە لێشاو گەنج و لاوانمان بەرەو سەرگەردانی و دونیایەكی وا ئاراستە بكەن، كە گاڵتەیان بە نەریتی خۆیان بێت و نەگەنە ئەو دونیا خەیاڵییەی كە ئەوان دەیانەوێت و بۆیان دادەڕێژن!

بەپێی تەجرەبەی ڕابردوو، دەركەوتووە هەنگاوەكانی بەشێكی گرووپ و دەستە و ڕێكخراوە بیانییەكان بۆ ئەوە بووە ڕۆڵەی كورد هەڵخەتێنن و هەستی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییان لاواز بكەن و بە ناوی كرانەوە و ئازادی و دیموكراسی و دروشمی بریقەداری بێ ناوەرۆكەوە بیانكەن بە دوژمنی فەرهەنگ و كەلتووری خۆیان و، بە زمانی شڕ و قسەی زبر و هەڵوێستی نابەجێ بەگژ یەكتردا بچنەوە و هەموو ئەو جوانی و بەها و كەلتوورە ڕەسەنەی لە فەرهەنگی ئێمەدا هەیە و شكۆی خێزان و كۆمەڵایەتی پاراستووین، لە بەینی ببەن، لەكاتێكدا نەریت و كەلتووری كورد كە هەڵقوڵاوی هەناوی ئایین و دیندارییە و بە شاهێدیی دۆست و دوژمن، بە یەكێك لە جوانترین نەریت و فەرهەنگی گەل و وڵاتانی دونیا دادەندرێت. ئێمە چ لە شارستانییەتێك بكەین كە لە ڕووی ماددی و پێشكەوتنەكانی سەردەم لە ترۆپكدا بن، بەڵام لە ڕووی ڕۆحی و بەها مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانەوە لە فەراغێكی گەورەدا خۆیان ببیننەوە و، نەتوانن شیرازە و بناغەیەكی دروستی خێزان و پەروەردە بنیاد بێنن؟

لە لایەكی دیكەشەوە، باشە بۆچی هیچ میللەتێك ئامادە نییە لە بەر خاتری ئێمە واز لە فەرهەنگ و كەلتووری خۆی بهێنێت، تا ئێمەش ئەو ئامادەییە دەرببڕین؟ هیچ كات میللەتی كورد ئەو هەستەی لا دروست نەبووە، هەوڵی سڕینەوە و كپكردن و تێكدان و لەبەینبردنی نەریتی هیچ میللەتێك بدات، بەڵام دەسەڵات و ڕژێمەكان هەمیشە لەپێناو دەستبەرداركردنی فەرهەنگ و دابونەریت و دینداری و تەنانەت زمان و نیشتمانیش، میللەتی كوردیان تووشی جۆرەها هەڕەشە و شەڕ و گرتن و كوشتن و ئاوارەیی و ئەنفال و كیمیاباران كردووە، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری و هەڵوێستی مەردانە و هەستی دینداریی ئەم گەلە بەرگەی نەهامەتییەكانی گرتووە و خۆڕاگرانە ماوەتەوە، چ عەجەب ئێستا ئەم خۆڕاگرییە زیاتر و باشتر نەكەین، بۆ ئەوەی بۆ هەموو میللەتانی دونیا بیسەلمێنین كە گەلی كورد ئەگەرچی بێ دەوڵەتە و لە ڕووی مافی چارەنووسەوە مەحرووم كراوە، بەڵام میللەتێكی خاوەن كەلتوور و بەها و ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندیی خۆیەتی و، نەك هیچی لە گەل و وڵاتانی دونیاش كەمتر نییە، بگرە لە زۆربەشیان پێشكەوتووترە.

بۆیە لە وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی بە تەعبیرێكی جوان و ڕاشكاو گوتی: «هەر میللەت و نەتەوە و ناوچەیەك، دابونەریتی خۆی هەیە، هەندێكی پەیوەندیی بە دین و بە مەزهەبەوە هەیە، ناكرێ لە دەرەوە ئەوەی لای ئەوان ڕەوا بێت، بڵێن دێین لەسەر خەڵكی تریش فەرزی دەكەین. لێرە لە كوردستان، لە هەموو عێراق، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكێكی دیندارە، چ موسوڵمان، چ مەسیحی و چ دیانەتی دیكە، نابێ بە شێوەیەك تەعامول بكرێ كە ئەوەی لای خەڵكێكی دیكە ڕەوایە، ئیلا ئێرەش بە هەمان شت قەبووڵی بكەن. دەبێ ئیحترامی مەشاعیری یەكتر بگیرێت و بە هیچ شێوەیەك ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ئامادە نین دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین بۆ ئەوەی كەسێكی تر لە ئێمە ڕازی بێت».

ئەم هەست و هەڵوێستە بۆ هەموو لایەك گرنگە، نەك تەنیا لایەنێك، لەبەر ئەوەی بە تەجرەبە سەلماوە میللەتی كورد بە ئەندازەی پابەندی بە دینداری و نەریتی ڕەسەنی كوردەوارییەوە، هەمیشە خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز و هەستێكی بەرزی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی بووە و، لە بەرانبەر هەموو تەحەددی و نەهامەتییەكاندا خۆڕاگر ماوەتەوە و هیچ هێزێك نەیتوانیوە بیسڕێتەوە.

لە ڕابردوودا زۆربەی هەر زۆری سەركردەی شۆڕشەكان پیاوانی ئایینی بوون و بەو پەڕی شانازییەوە خزمەتی دین و نەتەوەیان كردووە و تایبەتمەندیی كیان و گیانی كوردیان پاراستووە، ئەگەرچی دەریایەك قوربانی و خوێن لەپێناو قەزیەی كوردیدا ڕژاوە، بەڵام نەمانبیستووە هیچ كات كورد دەستبەرداری كوردبوون و كەلتووری خۆی بووبێت، بە پێچەوانەوە هەر كات میللەتی كورد لەو تایبەتمەندی و دیندارییەدا سستیی نواندبێ، یان دوور كەوتبێتەوە، تووشی ئاڵۆزی و فەوزا و توندڕەوی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی هاتووە، دەشزانین هەوڵ و هەنگاوەكان بۆ لەبەینبردنی ئەم تایبەتمەندییە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ بە دەستی وڵاتانی دەرەوە بێ، ئەنجام بوون و لە زیان زیاتر قازانجیان بە كورد نەگەیاندووە، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە لە ڕابردوودا زۆر فكر و فەلسەفەی جواروجۆر و زۆر هەوڵ و تمووحی گەورە لە بەردەم ڕۆڵەكانی ئەم گەلەدا بڵاو كرایەوە، بەڵام خۆشبەختانە زۆری نەبرد بارگە و دەرگایان پێچرایەوە.

پێشخستنی واقیعی خۆمان و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتە نوێییەكان بە گۆڕینی دین و نەریت نییە، بەڵكو بە تێگەیشتنی دروست و زانستییانەی زیاترە بۆ دینداری و دەستگرتن بە كەلتوور و تایبەتمەندیی نەتەوەیی، هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر ئایین و نەتەوە و نیشتمان و پاراستنی مۆركی ڕەسەنایەتیی كوردییەوە دەبێت.

ئەم هەنگاوانە هەمووان بەتایبەت بەرپرسانی حكومەت و ڕێكخراوەكان و ناوەندە ئەكادیمی و دەزگا میدیاییەكان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورە، بۆ ئەوەی مامەڵە و هەڵسوكەوت و كاركردن لە چوارچێوەی پاراستنی دینداری و ڕەسەنایەتیدا بێت، نەك لە قاڵبێكی نەخوازراو بۆ بەجێگەیاندنی ویست و ئەجێندای دەرەكیدا واقیعی خۆمان بشێوێنین. ئەركە ئەولەوییەت بۆ ناساندنی كەلتووری خۆمان بێت بە وڵاتان، نەك تەنیا میللەتی خۆمان ئاشنای كەلتووری بیانی بكەین و كەلتووری خۆشمان پەراوێز و نابوت بهێڵینەوە، چونكە وەك ڕێسایەكی بنەڕەتی ئەگەر بمانەوێ زیاتر پێش بكەوین و ئاشتی و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی بەردەوام بێت و شكۆی خێزان و بەهای كۆمەڵایەتیمان لە ئاستێكی باشدا بێت، پێویستە بەپێی واقیع و تایبەتمەندیی كۆمەڵگەی خۆمان هەنگاو بنێین نەك ویستی وڵاتان، كە ئەمە هەم ئامراز و فاكتەری چارەسەرێكی بنەڕەتی و خۆماڵی و هەڵقووڵاوی هەناوی كۆمەڵگەیە، هەمیش كلیلی سەركەوتن و پێشكەوتنەكانە.

ئەركە دەزگا پەیوەندیدارەكان كار لەسەر ئەم تێڕوانینە جوان و بەجێیە بكەن، بۆ ئەوەی میللەتەكەمان لەسەر ئەو فەرهەنگ و تێگەیشتنە ڕابێنین كە دینداری ڕێگری لە پێشكەوتنەكان ناكات، هەروەك نەریت و مەزهەبگۆڕینیش نابێتە هۆكاری گەیشتن بە ماف و ئازادییەكان، بەڵكو لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی كوردستان لە ڕووی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و كەلتوورییەوە زەمینەی گەیشتن بە ئامانج و ستراتیژی هەنگاوەكان باشتر دەكات.

گرنگە مامۆستایانی ئایینی وەك ئەركی هەمیشەیی خۆیان كاری جددیتر لەسەر ئەم تێڕوانینە بكەن و لە وتارەكانیاندا تیشك بخەنە سەر ئەو تێگەیشتنە كە پاراستنی بەهای دینداری و كەلتووری نەتەوەیی بەشێكی گرنگی دیندارییە.

 

Top