خۆگۆڕین بەرەو بەهێزی و باشی

خۆگۆڕین بەرەو بەهێزی و باشی

(ئەنیشتاین) زانای فیزیایی ئەڵمانیای بەناوبانگ دەڵێ " پێوەری زیرەكی بریتییە لە توانایی لە سەر گۆڕانكاری".
سروشتی ژیان وایە بەردەوام لە گۆڕانكاری دایە، مرۆڤیش كە هەمیشە كاراكتەرێكی زیندوو و بەتوانای ئەو ژیانەیە و بەردەوام پێویستی بەوە هەیە لە ژیاندا بەردەوام و سەركەوتوو بەرهەمدار بێت.
زۆر جاران وابووە ژیان كردن یان بارودۆخ پێویستی بەوە كردوە مرۆڤ ئامادەیی تێدا بێت بەڕەنگار و رووبەڕووی هەڵومەرجەكان بێتەوە و بتوانێ‌ لە دۆخە هەوارز و سەختەكان بەهێز و خۆڕاگر بێت و، خاوەن ئیرادە بێت و خۆی بەدەستەوە نەدات وە لە دۆخی هێمنی و نشێوەكانیشدا هێور و لە سەر خۆ بێت.
هەمیشە ژیان وا دەخوازێ مرۆڤ بەردەوام لە گۆڕانكاری و خۆ گۆڕین بێت بەرەو ئەرێنی و باشی لە ناخەوە دواتر بەرە بەرە فراوانی بكات تا وای لێ دێت دەوروبەریشی بگرێتەوە. لە بیرمان نەچێت زۆربەی هەرە زۆری ئارەزووی مرۆڤ لە گۆڕانكاری و خۆگۆڕینی لەوە وە سەرچاوە دەگرێت كە بڕوا و باوەڕ و متمانەی تەواوی بەوە هەیە كە قۆناغەكانی داهاتووی ژیان پێویستیان بە گۆڕانكاری هەیە تا بتوانێ‌ گۆڕانكاری بە مەبەست و زیندوویی لە خۆیەوە ئەنجام بدات كە هەڵقوڵاوی تێڕوانین و ئیرادە و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بێت. نەك گۆرانكارییەك لە ئەنجامی نا ئومێدی و حەپەساوی و تێكشكان بێت. یانیش لە كاتی گۆڕانكاری لە ڕۆلەكاندا بێتە دی. پێویستە ئەمە بزانین هەموو گۆڕانكاری و خۆگۆڕینێك نرخ و بەهای خۆی هەیە و ئەو نرخ و بەهایانەش یەكەمین هەنگاوی سەركەوتنی داهاتوو دەبن، چونكە هەمیشە گۆڕانكاری و خۆ گۆڕینەكان بەرەو باشتر و چاكترین هەنگاوی نوێی ژیان كردن سەر لە نوێی لە خاڵی سەرەتای گۆڕانكارییەكان دەست نیشان دەكات بەرەو قۆناغی تری سەركەوتوو و باشتر. لەم وتارەدا دەمەوێ ئاماژە بە گۆڕانكاری پڕ ئازاری ژیانی باڵندەی هەڵۆ(باز) بكەم. بێگومان هەڵۆ باڵندەیەكە دەتوانێ‌ بۆ ماوەی (70)ساڵ بژی لە بەر ئەوەی مێشكی زۆر بەهێزە، هەڵۆ هەمیشە تەنها ئەوە دەخوات كە خۆی ڕاوی دەكات لە بچووكیەوە گرنگی بە خۆی دەدات، لە دوای تەمەنی (40)ساڵیەوە دەبێت هەموو هەڵۆیەك بڕیارێكی قورس بدات تا بەردەوام بێت لە ژیان، چونكە نینۆكەكانی تیژ و بەهێز نەماوون تا بتوانێ‌ ڕاوی پێ بكات، وە دەنووكی قورس و ووشك دەبێتەوە پەڕەكانیشی ئەستور و قورس دەبێت و فڕینی سەخت دەبێت، هەڵۆكە دوو هەڵبژاردەی لە بەر دەستە یان دەبێت چاوەڕێ بكات و تا دەمرێت، یانیش بە قۆناغێكی گۆڕانكاری پڕ ئازاردا دەبێت بڕوات، گۆڕانكارییە پڕ ئازارەكەشی ئەوەیە دەبێ بفڕێت و دوور بڕوات بچێتە سەر لوتكەی شاخێكی بڵند و دەنووكی بخشێنێت لە بەردی شاخەكە تا دەنووكی دەشكێت، كاتێك دەنووكە كۆنەكە دەشكێت چاوەڕێ دەكات تا دەنووكی تازە دروست دەبێتەوە بە دەنووكە تازەكەی نینۆكەكانی یەك یەك دەردەهێنێت و چاوەڕێ دەكات تا نینۆكی تازە دێتە شوێنی. ئینجا هەڵۆكە هەموو پەڕی باڵەكانی دەردەهێنێت و چاوەڕێ دەكات تا پەڕی تازە دروست دەبێت و دەردەچێت ئەو گەشتە پڕ لە ئازارە(150) ڕۆژی پێ دەچێت، بەڵام لە دواییدا هەڵۆكە ژیانێكی تازە دەست پێدەكاتەوە (30)ساڵی تر دەژی.
كەواتە زۆر جار پێویستە دەربچین لە كۆنی خۆمان بۆ ئەوەی ژیانێك و كەسایەتیەكی باشتر و نوێی چاك بكەین و بەردەوام بین و ژیانمان بگۆڕین تا باشتر بژین هەتا ئەگەر گۆڕانكارییەكەش سەخت و دژوار بێت، بەڵام هەرگیز نابێت خۆمان بە دەستەوە بدەین و بەبێ دەسەڵاتی چاوەڕێ چارەنووس بین، زۆر جار وابووە گۆڕانكارییەكی بچووك و سادە لە ڕەفتار و هەڵسوكەوت دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێڕەوی ژیان بگۆرێ و پاشەڕۆژێكی سەركەوتوو بێتە بوون و بەرهەم.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top