٧١ ئەندامی گرووپە بە وەکالەتەکانی حکوومەتی ئێران لە سووریا کوژران
لە دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری پالمیرا لە سوریا، ٧١ ئەندامی گروپە بە وەکالەتەکانی حکومەتی ئێران کوژران. ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە زۆربەی ئەو هێزانە سوری و عێراقی بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەكان، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ، ٧١ ئەندامی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە پالمیرا ناوەندی سووریا کوژراون.
لە یەکێک لەو هێرشانەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەی فەرماندەی گروپە بە وەکالەتەکانی حکومەتی ئێرانیان کردە ئامانج، وەک گروپی "ئەلنەجبا"ی عێراقی و حزبوڵای لوبنانی.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا 45 هاووڵاتی سوری کە سەرجەمیان ئەندامی گروپە بە وەکالەتەکانی ئێران بوون و 26 چەکداری بیانی (ئەندامی گروپی ئەلنەجبای عێراقی و حزبوڵای لوبنانی) کوژراون.
هەروەها لە سێ هێرشی جیاوازدا، چەکدارانی ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنیشیان لە هەمان ناوچە کردە ئامانج.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێرشی ئەم دواییەی چەکدارانی ئیسرائیل، کوشندەترین هێرشە بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا.
ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاندووە، ئەم هێرشانە "کوشندەترین هێرشە دژ بە گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە" لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا لە ساڵی 2011ەوە لە وڵاتەکەدا.
لە ٢٣ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان و هەروەها لە سوریا دژی هێزەکانی حزبوڵڵا لەم وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل