لەهێرشێكی چەکداران بۆ سەر پاسێکی نەفەرهەڵگر ٣٨ کەس کوژران

لە هێرشێکی چەکداریی دیکە لە پاکستان دەیان قوربانی لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەكان گروپێكی چەکداران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچەیەکی هۆزەکانی باکووری خۆرئاوای پاکستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلە نەفەر هەڵگرەکان کردووە و بەهۆیەوە لانیکەم 38 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسانی پارێزگای خەیبەر پختونخوا ڕایانگەیاند، لەنێو کوژراوانی ئەم هێرشەدا کە لە ناوچەی عەشیرەتی کۆڕام ڕوویداوە، ژنێک و منداڵێکیش هەن.
تا ئێستا هیچ گروپێک و لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
دوو کاروانی ئۆتۆمبێلی نەفەر هەڵگر کە یەکێکیان سەرنشینیان لە پیشاوەری بەرەو پاراچنار هەڵگرتبوو و ئەوی دیکەیان لە ڕێگای بەرامبەردا بوو، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە تەقەیان لێکرا.
ناوچەی پاراچنار كە زۆرینەی شیعەیە هەمیشە ئامانجی هێرشە تیرۆریستییەکانی تەکفیری بووە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووداوی خوێنڕشتن لەم ناوچەیەدا ڕوویانداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل