ڕۆژهات ئامەدی سیاسەتمەداری باكووری كوردستان: سەرۆك بارزانی گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی بە دەرفەت دەزانی بۆ ئەوەی لەژێر گوشاری ئەو گۆڕانكارییانە پرۆسەی ئاشتی سەربكەوێت
ڕۆژهات ئامەدی یەكێكە لە چالاكان و سیاسەتمەدارە دیارەكانی باكووری كوردستان و پێشتر ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی باكوور بووە، ئێستاش هەر یەكێكە لە ئەندامانی ئەو پارتە و، هەموو هەوڵە سیاسییەكانیشی بەو ئاراستەیە خەباتی بۆ دەكات، كە كێشەی كورد لە باكووری كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت و دەستووری توركیا بە شێوەیەك هەموار بكرێتەوە، كە مافەكانی گەلی كوردی لە باكوور تێدا بچەسپێنرێت. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (هەمواركردنەوەی دەستوور و دەستپێكردنەوەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا)، زۆر بە وردی هەڵوەستەی لەسەر باكگراوەندی هەوڵەكانی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە باكوور كرد و بەمجۆرە بیروبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستەڕوو.
لە دەستێپكدا سوپاسی بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین، كە لەسەر ئەم مژارە گرینگە «چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا»، ئەم گفتوگۆ ڕاشكاوانەیەی ڕێك خستووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زۆر جددی قسە لەسەر ئەم پرسە گەرمە بكەین.
بە تێڕوانینیی من بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا، بێگومان بێجگە لە پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتییانە ڕێگەیەكی دیكە نییە. زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كردووە، كە كێشەی كورد بە خەباتی چەكداری و ئۆپەراسێونی سەربازیی سوپای توركیا چارەسەر ناكرێت، هەر بۆیە هەركاتێك دەرفەتی ئەوە هاتبێتە پێشەوە كە پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە، پێشوازیمان لێ كردووە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە، بەتایبەتی دوای پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە لە ئیمڕاڵییەوە بە عومەر ئۆجەلان ڕەوانەی كردبوو و تیایدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە دەتوانێت «لە ماوەیەكی كورتدا شەڕ كۆتایی پێبهێنێت و چارەسەری ئاشتییانە دەستەبەر بكات»، هەروەها دوای سەردانی دەوڵەت باخچەلی بۆ لای دەم پارتی، بە گەرمی باس لە دووبارە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە لەم هۆڵە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە دەكەین، لە هەمان كاتدا حكومەتی توركیا دەستی كردووە بە لادانی كۆمەڵێك سەرۆك شارەوانیی هەڵبژێردراو لە شارەكانی باكوور و لە جێگەی ئەوان «قەیوم»ی داناوە، بە ڕاستی چاوەڕێ نەدەكرا لەم كاتەدا كە باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكرێت، حكومەتی توركیا ئەم بڕیارە لە دژی سەرۆك شارەوانییەكانی شارەكانی باكوور بدات، بەتایبەتیش لابردنی ئەحمەد تورك وەك سەرۆك شارەوانی و دانانی قەیوم لە جێگەی ئەو. بە ڕاستی ئەمە پرسێكە تێگەیشتنی زۆر ئەستەمە، ئەمە لەبەر ئەوەیە هەموو لایەك دەزانێت كە ئەحمەد تورك، سیاسەتمەدارێكی دیاری كوردی باكوورە و هەموو كات پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانەی كورد لە توركیا كردووە و هاوكاریی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی توركیای كردووە، بۆ ئەوەی لەو ڕاستییە تێبگەن كە بێجگە لە چارەسەری ئاشتبیانە بۆ كێشەی كورد هیچ ڕێگە چارەیەكی دیكە نییە، بۆیە كاتێك ئەمڕۆ دێن بە بیانووی ئەوەی ئەحمەد تورك لەسەر قسەیەك دەیانەوێت دادگایی بكەن و لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی دووری دەخەنەوە، ئەمە ئاستەنگ و بێ متمانەیی بۆ هەوڵەكانی چارەسەركردنی ئاشتییانە دروست دەكات و ناوەرۆكی پرۆسەكە بەتاڵ دەكاتەوە.
هەر بۆیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، من پێش 10 ڕۆژ وتارێكم نووسی، تیایدا ڕاشكاوانە جەختم لەسەر ئەوە كردەوە كە لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستای توركیادا، لەو باوەڕەدا نیم پرۆسەیەكی ئاشتیی ڕاستەقینە دەست پێبكاتەوە، لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بوو، كە هیچ پرۆسەیەكی ئاشتییانەی ڕاستەقینە بوونی نییە و تەنیا قسەیە، یان هەوڵیكە بۆ ئەوەی توركیا لەو بارودۆخە سەختەی تێی كەوتووە، دەروازەیەك بدۆزێتەوە و خۆی ڕزگار بكات.
لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر پرسی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە باكوور كە بە حیساب باس لەوە دەكرێت، دووبارە دەستپێبكاتەوە، بێگومان هەموو لایەك باش دەزانێت، ئامانجی كورد لە باكوور ئەوەیە كێشەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، شەڕ كۆتایی بێت و سەقامگیری بۆ وڵات بگەڕێتەوە. لەسەر ئەم پرسە، گەلی كوردی باكوور بڕیاری خۆی دا كە تەنیا ڕێگەی چارەسەری كێشەی كورد ڕێگەی ئاشتییانەیە و ئەمەش بۆچوونی تەواوی گەلی كوردە لە باكوور بەوانەشی كە ڕادیكاڵین و خەباتی چەكدارییان هەڵبژاردووە، لەسەر ئاستی كۆی پارچەكانی كوردستانیش پێشوازی لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد دەكەن و بە گەرمی پێشوازی لێدەكەن.
بەڕێزان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو كێشەی سەرەكی هەن، یەكەمیان كێشەی گەلی فەلەستینە، دووەمیشیان كێشەی كوردە. سەبارەت بە كێشەی یەكەمیان كە كێشەی گەلی فەلەستینە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیشەوە، بەڵام سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی كورد، جیا لەوەی دەسەڵاتدارانی هەر چوار دەوڵەتی «توركیا، عێراق، ئێران، سووریا» ئامادەباشیان نییە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە، لە هەمان كاتدا لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەمساردی و پشتگوێخستن بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر بەراوردی داواكارییەكانی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بكەین، لەگەڵ داواكارییەكانی گەلی فەلەستین، دەبینین داواكاریی كورد بریتییە لە «پێكەوەژیانی برایانە لە چوارچێوەی سیستمێكی دیموكراتی و لێبڕاڵیدا،» لە بەرانبەردا داواكاری گەلی فەلەستین شتێكی دیكەیە.
بەداخەوە لەناو ژینگەی سیاسیی حكومەتی توركیادا ئامادەباشیی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور بوونی نییە و، ئەمە دووەمین جارە و لە ماوەی نزیكەی 12 ساڵدا دوو جار چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور بووەتە ڕۆژەڤ، بەڵام هەردوو جارەكە لەژێر كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵات و ترسی توركیا لەو گۆڕانكارییە كە توركیاش بگرێتەوە، باسی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كوردی هێناوەتە پێشەوە كە لێرەدا ئاماژەیان پێدەكەم:
• جاری یەكەم لە ساڵی 2011 – 2012، ئامادەباشی پیشان درا بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە باكوور، توركیا لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانە دەستی پێكرد كە ڕاپەڕینەكانی دەوڵەتانی باكووری ئەفریقیا «تونس، لیبیا، میسر» دەستی پێكرد و پاشان یەمەن و سووریاشی گرتەوە و ناویان لێ نا «بەهاری عەرەبی»، هەر بۆیە حكومەتی توركیا ترسی ئەوەی هەبوو كە ئەم خۆپیشاندانانە توركیاش بگرێتەوە بەتایبەتی «باكووری كوردستان»، بۆیە پەنای بۆ پرۆسەی ئاشتی برد، بۆ ئەمەش لەو كاتەدا لەگەڵ سەرۆكی پەكەكە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) توركیا دەستی بە گفتوگۆ كرد، لە باشووری كوردستانیش جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هاوكارییەكی گەورەی كرد و هەرچی لەدەستی هات كردی بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەركەوتوو بێت، تەنانەت گەلێك لە سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل دەهاتنە هەولێر و پاشان جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی توركیای دەكرد. سەرۆك بارزانی گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی بە دەرفەت دەزانی بۆ ئەوەی لەژێر گوشاری ئەو گۆڕانكارییانە پرۆسەی ئاشتی سەربكەوێت، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا هەوڵی دیكەی دەرەكیش هەبوو كە ڕێگر بوون لەوەی پرۆسەی ئاشتییەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی بێت، بەتایبەتی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێی توركیا.
لەسەر ئەم پرسە هەستیار و ئاڵۆزە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە جەخت لەسەر چەند فاكتێكی تاڵ بكەینەوە. لەو كاتەی كە پرۆسەی ئاشتی ئومێدی ئەوەی لێدەكرا بەرەو سەركەوتن بچێت، لە توركیا دەستەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی ئۆرهان میر ئۆغلۆ سەرۆكی «ئاك پارتی» هاتنە ئێرە و ترسیان لە شكستی پرۆسەی ئاشتییەكە هەبوو، من ڕاشكاوانە پێم گوتن: زۆر گرنگە ئەو پرۆسەی ئاشتییەی دەستی پێكردووە، بە سەركەوتوویی كۆتایی بێت، بەڵام هەندێك فاكتەری ناوچەیی هەن ئەو پرۆسەیە تێك دەدەن و ناهێڵن سەر بكەوێت. ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئۆرهان میر ئۆغلۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە ئەگەر پرۆسەیەك بە بڕیاری ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان دەستی پێكردبێت، هیچ هۆكارێك ناتوانێت ڕێگری لێبكات، بەڵام وەك سەرەنجام بینیمان ئەو فاكتەرانە پرۆسەكەیان پەك خست كە لێرەدا بە یەك دوو خاڵ ئاماژە بەو فاكتەرانە دەكەم:
1- ئێران وەك دەوڵەت مەبەستی بوو بە هەموو شێوەیەك پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور پەك بخات، ڕۆژانە سەركردەكانی سوپای پاسداران لەگەڵ سەركردایەتیی قەندیل كۆ دەبوونەوە و پێیان ڕادەگەیاندن كە هەرگیز نابێت پەكەكە شەڕ لە دژی توركیا ڕابگرێت، بۆیە لەژێر گوشاری سوپای پاسداران، پەكەكە ئاگربەستی كۆتایی پێهێنا و شەڕی دەست پێكردەوە.
2- لە ماوەی ساڵیكدا «2013-2014» ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنی كە پەكەكە لە مێژووی خۆیدا ئەو قەبارەیەی نەبینیبوو لە دەوربەری سلێمانی و ئێرانەوە برانە توركیا و ئامادەكاریی بۆ شەڕێكی گەورە لەناو توركیا بە تەواوەتی پلانی بۆ داڕێژرا، ئەوە بوو لە ساڵی 2015 شەڕی «خەندەق» لە شارەكانی توركیا دەستی پێكرد و بە كورت و كرمانجی كۆتایی بە تەواوی پرۆسە ئاشتییەكەی باكوور هێنا.
لە بەرانبەر ئەم گۆڕانكارییە ترسناكەی هاتە ئاراوە، ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان كە وەك سەرۆك كۆمار خاوەنی بڕیاری یەكلاكەرەوە و هێزێكی گەورەی لەبەر دەست بوو، دەیتوانی لە بەرانبەر ئەو هەوڵە نەرێنییانە هەندێك هەنگاو هەڵبگرێت و بارودۆخەكە ڕاست بكاتەوە، بەڵام ئەویش نەیكرد.
• قۆناغی دووەم كە دوای نزیكەی 10-12 ساڵ دەستی پێكردووەتەوە و ئێستا لەساڵی 2024 باسی لێوە دەكرێت، ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك فاكتەر كە بە كورتی ئاماژەیان پێدەكەم:
1- دەوڵەتی توركیا لە دوای شكستی پرۆسەی ئاشتی لە قۆناغی یەكەم، لە ماوەی 10-12 ساڵی ڕابردوو هەموو هێزی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی بە ئۆپەراسێونی سەربازی كۆتایی بەم كێشەیە بێنێت، بەڵام سەرەنجام گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كێشەی كورد لە باكوور بە ئۆپەراسێونی سەربازی چارەسەر نابێت، لەمەش زیاتر ئێستا دیپلۆماتیەتی توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ناتۆ و ئەمریكا، ڕووبەڕووی ئیحراجییەكی گەورە بووەتەوە و لە هەموو دیدارەكانی توركیا داوای لێ دەكرێت كە چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ كێشەی كورد بدۆزێتەوە.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی ئەرۆدغان بووە هاوپەیمانی دەوڵەت باخچەلی، ئەم هاوپەیمانییە بووە هۆكاری ئەوەی تێڕوانینی حكومەتی توركیا سەبارەت بە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور بە تەواوەتی و بە شێوەیەكی نەرێنی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بۆیە هیچ ئاماژەیەك نەبوو كە جارێكی دیكە حكومەتی توركیا باس لە پرۆسەی ئاشتی بكاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوشار لە توركیا دەكرا، كە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە باكوور دەست پێبكاتەوە، بەڵام هاوپەیمانیی ئاك پارتی لەگەڵ پارتی مەهەپەی نەژادپەرست ڕێگر بوو لەوەی بیر لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد بكرێتەوە.
2- بەڵام چۆن لە سەرەتای ساڵی 2011 گۆڕانكارییەكانی بەهاری عەرەبی توركیای ترساند، بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەری ئاشتییانە بكاتەوە، لە ساڵی 2024یش دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس و، پاشانیش شەڕەكە زۆر فراوان بوو، كە لوبنان، سووریا، یەمەن و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیلیشی گرتەوە، ئەمە وای كرد، ببێتە شەڕێكی فراوانی هەمەلایەنە لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی ئێران و پاشكۆكانی وەك حزبوڵای لوبنانی، میلیشیاكانی سەر بەئێران لە سووریا، حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسییەكانی یەمەن» كە دروستبوونی هەڕەشە و شەڕ لەگەڵ ئەم پاشكۆیانە، ئێران بە هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆی لە قەڵەمیان دەدات، وەك واقیعی شەڕەكەش سەلماندوویەتی ئێستا ئەو پاشكۆیانە لە بەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینەدان، بەتایبەتی «حەماس و حزبوڵڵا»، لەمەش خراپتر پێش نزیكەی دوو هەفتە، هێزەكانی ڕووسیا لە چەند خاڵی هاوسنووری سووریا لەگەڵ ئیسرائیل كشانەوە، ئێستا ئەو خاڵانە سوپای ئیسرائیل پڕی كردوونەتەوە، حاڵی حازر سوپا و دەبابەی ئیسرائیل لەناو سووریادان و ئۆپەراسیۆن دەكەن، ئەمەش ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەوەی ئیسرائیل چۆن دەیەوێت گۆڕانكاری لەناو لوبناندا بكات، بە هەمان شێوە هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەن هەمان سیناریۆ لە سووریا دووبارە بكاتەوە.
ئەم پێشهاتانە ئەوەمان پێ دەڵێت، گۆڕانكاریی گەورە بەسەر نەخشەی سووریا دێت و سووریا وەك سووریای جاران نامێنێتەوە، ترسی توركیا لەم گۆڕانكارییانەی ناو سووریا ئەوەیە هێزەكانی سەر بە ئێران و حزبوڵڵا لە سووریا نەمێنن و لەوێ بۆشاییەك دروست بێت و كوردی ڕۆژئاوا سوودی لێ وەربگرن، یان ئەگەر شەڕەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو و ئێران و ئیسرائیل كەوتنە ناو شەڕێكی ڕاستەوخۆی كراوە، ئەوا ئەمەش حەتمەن گۆڕانكاریی دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و توركیا دەترسێت كورد سوودی لێ وەربگرێت.
بۆ ئەوەی توركیا ڕێگری لەم گۆرانكارییانە بكات و ناوخۆی توركیا نەگرێتەوە، هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی تازەی چارەسەری ئاشتییانەی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە باكوور دەست پێبكاتەوە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا بەدگومانییەك لە نییەتی توركیا بۆ پرۆسەیەكی ئاشتیی ڕاستەقینە دەخوێندرێتەوە، ئەویش ئەوەیە بە تەنیا لایەنی گفتوگۆكاری لە «عەبدوڵڵا ئۆجەلان»دا چر كردووەتەوە، ئەمە لە كاتێكدا كەسایەتی و سیاسەتمەداری كوردی وەك سەڵاحەدین دەمرتاش لە توركیا هەیە و سەرۆكی حزبێكە و نوێنەری لە پەرلەمانی توركیا هەیە، بۆچی حكومەتی توركیا ئەویش ناكاتە بەشێك لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی ئاشتی؟
لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، ئەگەر حكومەتی توركیا ئامانجیەتی هەنگاو بۆ پرۆسەیەكی ئاشتیی ڕاستەقینە هەڵبگرێت، گرینگە پێش هەموو شتێك دەستوورەكەی بە جۆرێك هەموار بكاتەوە كە مافی كورد لەناو ئەو دەستوورە دیاری بكات، بەم هەنگاوە ئەگەر هەموو كێشەی كورد لە باكوور چارەسەر نەبن، بەڵام لانی كەم زیاتر لە 50%ی كۆی كێشەی كورد لە باكوور چارەسەر دەبێت.