بوێربە لە ژیان، چونکە تۆ ژیان بەڕێیوە دەبەیت…

بوێربە لە ژیان، چونکە تۆ ژیان بەڕێیوە دەبەیت…

(*)

دەبێت ئێمەی مرۆڤ ، لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیاندا بەردەوام بین و وێستگە بە وێستگە تێیانبپەرێنین، چونکە ژیان بۆ هیچ کەسمان گوڵڕێژ و فەرشڕێژ نەکراوە، ئەرکی هەموومان ئەوەیە تاڵییەکانی ژیان تام بکەین، تا ساتە ناخۆشەکان تێپەڕێنین، ژیان بە دیمەن و سیمای جیاوازی خۆی دەنوێنێت و سات و کاتەکانی قەد لە یەکتر ناچن هەندێ جار وەها نامۆ دەبێت ، خۆمان وەک غەریبەیەک دێتە بەرچاو ، بەڵام نابێت بەردەوامیمان خولگەی خۆی تەواو نەکات و خۆمان بخەینە نێو قاوغی بێهوایی، چونکە سروشتی ژیان وایە بە یەک ئاراستە ڕێ ناکات و چاڵ و چۆڵ و بەرزی و نزمی زۆری تێدایە . ئەو کاتە دەتوانین ئازایانە ژیان بکەین . گەر هاتوو بە عەقڵ و بیرێکی سەلیمەوە پلانمان بۆی هەبێت. ئەوەی گرینگە لە ژیانی هەر کەسێکمان بۆ دروستکردنی ژیانێکی خۆش، پێویستە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕاستەوخۆمان هەبێت لەگەڵ ئەو شکستانەی کە دەیانەوێ هەنگاوەکانمان بوەستێنن و دەرفەتەکانمان لێ بستێنن، چونکە ئایندەی هەر کەسێکمان بەندە لەسەر ئەوەی ئایا ئەمڕۆ چی دەکەیت ؟ بۆیە دەبێت عەقڵێکی ڕاست فەرمانڕەواییمان بکات و بیڕوڕای کەسانی دڵسۆزیش چرای ڕێگامان بێت. پێویستە حەز و عەقڵ ، پێکەوە یاوەر بن؛ چونکە ئەگەر هەر کارێک بکەین ، کە حەزی لەگەڵدا نەبوو ، خاوخلیچکیی زیاتر دەبێت و بێهوایی زیاتر ڕوو لە کەسی ئامنجدار دەکات. بۆیە بۆ بڕیاری دروست و کاری سەرکەوتوو، دەبێت دڵ و عەقڵ ئامادەبن و لە یەك سەنگەردا بن؛ چونکە تەواوکەری یەکترن بۆ بڕیاردان لەسەر دەستەبەری ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە . 

 

(*)

ڕێزان محەمەد

Top