بەختیار قاسم سەعدی بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بۆ گوڵان : پڕۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێر كارەبا بە هەمان نرخ و تێچوونێكی كەمتر و بە ژینگە پارێزییەوە كارەبا دابین دەكات
هەولێر وەكو پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا فراوانییەكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هاوبەشانی كارەبا و خواستیش لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، لە بەرانبەردا دەیان پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە بوارەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبادا جێبەجێ كراون. پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا كە لە لایەن سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی ڕاگەیەندرا، بە یەكێك لەو ئەزموونە سەركەوتووانە دادەنرێت كە ئومێدی زۆری لەسەرە، بەوەی كێشەی كارەبا چارەسەر بكات. لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ بەختیار قاسم سەعد بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر ساز دا.
* هەولێر، لە لایەك پایتەختی هەرێمی كوردستانە و لە لایەكی دیكە بە یەكێك لەو پارێزگا گەورانە دادەنرێت كە تادێت چڕیی دانیشتووان و هاوبەشانی كارەبای ڕوو لە زیادبوونە. ئایا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تا چەند توانراوە پڕۆژە و كارەكان لە ئاست ئەم پێشكەوتنانەدا بێت؟
- ئەگەر ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژە و كار و چالاكی كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرایە، ئەوا سێكتەری كارەبا نەیدەتوانی لە ئاست ئەو پێشكەوتن و فراوانبوونەی شاری هەولێر و پارێزگاكەدا بووایە، لەو یەك ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشەی كە لە كوردستان هەیە و لە كابینەی نۆیەمدا 436،981 هاوبەش زیاد بووە، بەشی هەرە زۆری بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە. فراوانبوونی خێرای شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكە و زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و گەڕەكی نوێ و بووژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی، گەورەترین تەحەددا بوون لە بەردەم كەرتی كارەبا، ئەگەر ئیرادەی گۆڕانكاری نەبووایە و پڕۆژەی پێوەری زیرەكمان جێبەجێ نەكردایە، ئەوا خواست بە ڕاددەیەك زیاد دەبوو كە هەرچی پڕۆژەی دروستكردنی وێستگە و هێڵی گواستنەوە هەیە، فریای ئەو هەڵكشانی خواستە نەدەكەوت. ئێمە وێستگەی 300 مێگاواتی خەباتمان بەگەڕ خست و دوو وێستگەی دیكەی گەورەی ماس و خۆرمەڵەش لە دەوروبەری هەولێرن و گرێبەستی دیكەش بۆ دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆریش كراوە. خۆ ئەگەر باسی كەرتەكانی گواستنەوە و دابەشكردن بكەین، دەبیبنین پارێزگاكەمان پێش دەستبەكاربوونی كابینەكە لە چاو پارێزگاكانی دیكە لە زۆربەی پڕۆژەكاندا لە دواوە بووە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموو پڕۆژانە نەبووایە، ئەوا هەرگیز نەماندەتوانی لەئاست خواست و ویستی هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێردا بین.
* بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگە، تا چەند توانیوتانە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر بەرەو پێش ببەن؟
- بۆ یەكەمینجار وەزارەتی كارەبا لە یاسای نوێی وەزارەتی كارەبادا پرسی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆری جێگە كردەوە. هەر خۆی لە خۆیدا بە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتییەوە توانراوە زیاتر لە 20 مێگاوات كارەبا لە ڕێگەی سیستمی وزەی خۆرەوە بەرهەم بهێنرێت. هاندان و ئاسانكاری بۆ فراوانكردنی ئەم سیستمە ڕووی لە گەشەسەندن كردووە. لە لایەكی دیكەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر دوو گرێبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، هەریەكە و بە توانای 25 مێگاوات كارەبا واژوو كراوە، لە چەندین قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنی حكوومی و ئەهلیدا سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا دانراون و تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەكات.
* ژمارەی ئەو وێستگانەی كارەبا كە لەم كابینەیەدا لە ناو سەنتەری شاری هەولێر و پارێزگاكە دانراون، تا چەند كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی كێشەی بارزۆری و ئۆڤەرلۆد و گەیاندنی كارەبا بۆ هاوبەشان هەبووە؟
- لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەكی زۆری وێستگەی كارەبا و هێڵی كارەبا دامەزراون، كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە كەمكردنەوەی كێشەی كارەبا لە پارێزگاكەدا و، لەم كابینەیەدا هێندەی سێ كابینە پڕۆژەی وێستگەی كارەبا و هێڵی كارەبا بونیاد نراون، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم. هێڵی بەرزی شەقڵاوە- سۆران، هێڵی وێستگەی كەسنەزان و شاوێس و هێڵی ڕێزان – شێروان مەزن – مێرگەسور- بارزان و هێڵی وێستگەی ڕووناكی و هێڵی سۆران- چۆمان حاجی ئۆمەران، هەروەها دامەزراندنی وێستگەی گرد جووتیار و زانیاری و كەسنەزان و ڕووناكی و پردی حافیز و نیشتمان و باداوە و نووسەران و شاوێس و برایەتی و...هتد، ئەمە جگە لە چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی دەیان وێستگەی كارەبا لە مەسیف و بارك و پردی حافز، هەروەها گەیاندنی كارەبا بۆ چەندین پڕۆژە كە تەنیا لە سنووری هەولێر بە تێچووی زیاتر لە 218 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گواستنەوەی كارەبا جێبەجێ كراون، لە بواری دابەشكردنی كارەباش لە ساڵی 2019 تاكو ئەمساڵ (2024) 856 پڕۆژە جێبەجێ كراون .
* ئەی سەبارەت بە پڕۆژەی پێوەری زیرەك كە وەكو ئاماژەت پێ دا، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە نەبووایە كێشەكانی بارزۆری و سووتانی محاویلە و سەرپێچییەكان زۆر زیاد دەبوو، چ ئامارێكتان هەیە؟
- لە كۆی 1،885،270 هاوبەش 1،345،089 هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، لە سیستمی 24 كاتژمێرییشدا زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش لە هەولێر و ئاكرێ و چەندین سیتی و بازاڕ كارەبایان بۆ كراوە بە 24 كاتژمێری، لەوانە بازاڕی گەورەی لەنگەی هەولێر و چەند گەڕەكی هەولێر كارەبایان بووەتە 24 كاتژمێری.
* پڕۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێریی كارەبا كە سەرۆك وەزیران ڕایگەیاندووە، لە گەڕەكێكی هەولێری پایتەختی كوردستان جێبەجێ كرا، تاچەند ئەم ئەزموونە ئومێدی چارەسەری یەكجارەكیی كارەبای لە هەرێمی كوردستان هەیە؟
- سێ مانگ لەمەوبەر بۆ تاقیكردنەوەی پڕۆژەی ڕووناكی، گەڕەكی شادی لە هەولێر هەڵبژێردرا و گەڕەكی نازنازیش بووە خاوەنی 24 كاتژمێر كارەبا، دوای ئەویش گەڕەكی بەختیاری هات، ئەم هەنگاوە سەركەوتوو بوو، بووە جێگەی دڵخۆشیی هاووڵاتیان و وەك ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەموو كوردستان دەكەینەوە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری، هەڵبەتە ئەم پڕۆژەیەش وەكو زۆر پڕۆژەی دیكە بە دڵی زۆر كەس نابێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە خێر و خۆشییان بۆ خەڵكی كوردستان ناوێت، بۆیە وەكو پێوەری زیرەك لێرەو لەوێ كێشە و ئاستەنگ دروست دەبێت، بەڵام مادام ئیرادەی خێر هەیە، كارەكە بەردەوام دەبێت. تاكو ئێستا زیاتر لە 26 هەزار هاووڵاتی و دوو هەزار شوێنی بازرگانی لە كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بوون و بەزیادكردنی ئەو دوو گەڕەكەی دیكەش ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر دەبێت. سوودەكانی پڕۆژەی پێوەری زیرەك كە شێوازی پارەدانەكە پاشینەیە، واتا پۆستپەیدە نەوەكو پریپەید، پارەكەش نەك وەكو هاوشێوەی جارانە بەڵكو كەمتریشە و ژینگەكەمان پاك دەكاتەوە لە دووكەڵ و ژاوەژاوی موەلیدە كە هۆكاری زۆر نەخۆشییە، لەوانە نەخۆشیی ژێربەنجە، لەمەش گرنگتر بۆ هاوبەشی بەڕێز بە شێوەی ئاگانامە sms بەكارهێنەری كارەبا ئاگادار دەكرێتەوە لە بەكارهێنانی كارەباكەی و پسوڵەی كارەباكەی.
ئەم پڕۆژەیە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییە لە كارەبادا، دەتوانرێت بە وەرچەرخانێكی كارەبای دابنێین و چیتر كێشەیەكی ئاڵۆز و چارەسەرنەكراو نامێنێت. ئێمە لەم پڕۆژەیەدا سوپاسی نووسینگەی تایبەتیی سەرۆك وەزیران دەكەین كە لە ڕێگەی تیمێكی پێشكەوتوو و بەتواناوە هاوكار و یارمەتیدەرمان بوون، تاوەكو ژێرخانی كارەبا بەم وزە پاك و خاوێنە، كە لە ڕێگەی وێستگە گەورەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە غاز لە دەرەوەی شارەكان بەرهەم دەهێنرێت و دەیگوازینەوە ناو شارەكان و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەكەین. لە ڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە دەمەوێت هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەولێر ئاگادار بكەمەوە كە ئەم پڕۆژەیە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە ئێمە دەمانەوێت هەنگاو بە هەنگاو هەموو ئەو كێشە و گرفتانە چارەسەر بكەین كە دێتە بەردەم پڕۆژەكە و بتوانین ڕێژەی هەڵە و كەموكورتی بۆ كەمترین ئاست كەم بكەینەوە. ئەم هەنگاوەی وەزارەتی كارەبا جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری و هەنگاونان بەرەو بونیادنانەوەی ژێرخانی كارەبا، كە بە یەكێك لە هەرە كێشە ئاڵۆز و پڕ لە كێشمەكێش و گرفتە گەورەكان دادەنرێت، كە نەك هەر لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ئێستادا لەسەر ئاستی زۆر وڵاتی ناوچەكە و جیهان كێشەیەكی گەورەیە. دابینكردنی كارەبا بە نرخێكی هەرزان و گونجاو بۆ هاووڵاتیانی كوردستان خەونێكە كە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا كاری جددی و گەورەی لەسەر كراوە، ئەوانەشی بڕوایان نەبوو كە ئەم پڕۆژە ئەزموونییە سەر دەگرێت، بێدەنگ بوون تاوەكو پڕۆژە ئەزموونییەكەی 24 كاتژمێریی كارەبا سەركەوتوو بوو و چەند گەڕەكی دیكەی گرتەوە. بۆیە لێرە و لەوێ لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و نانەوەی كێشە، گرفت بۆ خەونێكی 30 ساڵەی خەڵكی كوردستان دادەنێن، لەگەڵ ئەمەشدا پڕۆژەكە بۆ قازانجی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە ئەگەر هەر كەسێك زیانی بەر بكەوێت، ئێمە بە گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر ڕێگە نادەین ئەوانیش زیانمەند بن. پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەمدایە و بە سەركەوتوویی لە قۆناغی ئەزموونی تێپەڕ بووە. هەوڵ دەدەین ئەم ئەزموونە سەركەوتووە بگوازینەوە بۆ شارەكانی دیكەی كوردستان و تا كۆتایی ساڵی 2026 زۆربەی هەرە زۆری كوردستان لەم پڕۆژەیە سوودمەند بن. ئێمە لەم پڕۆژەیەدا زۆر بە وریاییەوە مامەڵەمان لەگەڵ هاووڵاتی و خاوەن كارەكان كردووە و سوپاس بۆ خودا گلەیی و ڕەخنە نەك هەر نەبوو، بەڵكو زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە پڕۆژەكە كرد و سەرەتایەكی دڵخۆشكەر بوو بەوەی هاووڵاتیان هوشیارانە كارەبا بەكار بهێنن، چونكە بەپێی ڕاددەی بەكارهێنانی كارەبا هاوبەشان پارە دەدەن، بە واتایەكی دیكە هەركەسەو هێندەی بەكارهێنان دەتوانێت پارە بدات، نەك وەكو جاران دوو پارە بدات، بەڵكو كرێی كارەبایەكی كەمتری بۆ بێتەوە.