یانەی قەڵادزێ گرفتی دارایی هەیە
یانەی قەڵادزێ گرفتی دارایی هەیە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی قەڵادزێ سەر بە دەڤەری ڕاپەرین ئەمساڵ دەبێتە نوێنەری ئەم ناوچەیە لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، هەر چەندە ئەم وەرزە یانەكە بە ئامانجی ئەوە بوو بتوانێ هەر زوو دەست بە ئامادەكاری بكات و ڕاهێنەرێكی شاری هەولێری كردە ڕاهێنەری یانەكە، بەڵام ئەو ڕاهێنەرە بەردەوام نەبوو و كارگێڕیی یانەكە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ مامۆستا هێمن رەحمان ڕاهێنەری پێشووی یانەی ڕانیە مۆركرد، لە بارەی ئامادەكاری تیپەكەش مامۆستا هێمن ڕاهێنەری تازەی یانەی قەڵادزێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: یانەی قەڵادزێ وەكو هەموو یانەكانی تری بەشداری لە خولی پلە یەكەكانی كوردستان دەكات و هەوڵی خۆی دەدات لە پێناوی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە، بەڵام وەكو سەرجەم یانەكانی تر یانەی قەڵادزێ لە قەیرانێكی گەورەی داراییدایە و وەكو پێویست ناتوانێت ئامادەكاری بكات، لە بارەی پلانەكانی وەكو ڕاهێنەریش ناوبراو گوتی: بە پشتیوانی خواو سەركۆی یانە و بەرپرسانی دەزگا وەرزشییەكان و كەسایەتییەكان هەموو هەولێكی خۆمان دەدەین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە، بەڵام ناتوانین بەڵێنی سەركەوتنی یانەكە بۆ نایاب بدەین بەهۆكاری قەیرانی دارایی و كەمی یاریزانانی ئاست بەرز لە ئێستادا بەهۆی زووتر دەستپێكردنی خولی نایاب زۆرینەی یاریزانان گرێبەستیان لەگەڵ یانە نایابەكاندا ئەنجامداوە ئەمەش گرفتێكە، هیوادارم بتوانین ئەنجامێكی شایستە بۆ یانەی قەڵادزێ خۆشەویست بەدەست بهێنین، جێگای ئاماژە پێكردنە وەرزی ڕابردوو یانەی قەڵادزێ شەڕی گەیشتن بە یانە نایابەكانی دەكرد.