تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزە
لەنیا هێڤی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تێنسی سەرمێز
تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزە
پارێزگای سلێمانی هەموو كات بەوە ناسراوە كە لە یاری تێنسی سەرمێز خاوەنی چەندین كچ و كوڕە یاریزانی بەتوانایە لە سەر ئاستی عێراق خاوەن پێگەیەكی بەهێزن و كیبڕكێ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە دەكەن، لە ئێستادا ژمارەیەك لە كچە یاریزانانی پێشووی ئەم یارییە ڕوویان لە بواری ناوبژیوانی یاری تێسی سەرمێز كردوە و دەیانەوێ لە رێگە ئەم یارییەوە هەنگاوی گەورە بهاوێن بۆ بەرەوو نێودەوڵەتی بوون و بەرێوەبردنی پاڵەوانێتیە جیهانییەكان، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ لەسەر ئاستی كوردستان، ئێستاش بۆتە ناوبژیوانی ئەم یارییە ئەویش لەنیا هێڤی-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2001ی ، دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانی، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بڕیارت دا بواری ناوبژیوانی هەڵبژێرێ؟
- سەرەتا خۆم یاریزانی تێنسی سەرمێز بووم هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بڕیارمدا ناوبژیوانی تۆپی سەرمێز هەڵبژێرم.
*بە بۆچوونی تۆ ئافرەتان دەتوانن لە ناوبژیوانی تۆپی سەرمێز سەركەوتووبن ؟
-بە دڵنیایی ئافرەتان دەتوانن سەركەوتووبن، چونكە ئافرەتان بە گشتی تەركیزیان لە پیاون زیاترە بۆیە دەتوانن سەركەوتووبن.
* هۆكاری چیە ئاستی ئەم یارییە بۆ كچان لە كوردستان وەكو پێویست نییە؟
- ئاستی كچە یاریزانەكانمان لە یاری تۆپی سەرمێز لە ئاستی نێودەوڵەتیە لە ڕووی ئاست، بەڵام ژمارەی یاریزانەكانمان كەمن ئەمیش بەهۆكاری كەلتووری ووڵاتەكەمانەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاری تێنسی سەرمێز بچێتە قۆناغێكی باشترەوە؟
- سەربازگەی مەشقی بكرێتەوە لە ووڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی یاریزانان ئاشنا بن بە توانا و شێوازی یاری كردنی یاریزانانی ووڵاتانی تر.
* وەكو تاكە ناوبژیوانی ئافرەت لە كوردستان هەوڵت نەداوە یاریزانی زیاتر بهێنیتە نێو ئەم یارییە؟
- بە دڵنیاییەوە هەوڵی زۆرم داوە كچانی تریش بێنمە نێو ئەم وەرزشە و لە داهاتووشدا هەوڵەكانم بەردەوام دەبێت بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئەم یارییە.
*تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە چ قۆناغێكە؟
-تۆپی سەرمێز لە كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزە، چونكە سەرۆكی تۆپی سەرمێزی عێراقی خۆی كوردە و خەڵكی سلێمانییە، زۆرترین پاڵەوانێتی و چاڵاكی لەم یەكێتیە وەرزشییە هەیە.
* بەرنامەی داهاتووت چیە وەكو كچە ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتی ؟
- بەرنامەی داهاتووم بەدەست هێنانی بڕوانامەیەكی بەرزترە لەو بڕوانامەی ئێستا لەدەستم هێناوە كە ئەویش بڕوانامەی بول و باجە.
* بریارت نەداوە تیپێكی تۆپی سەرمێزی كچان دروست بكەی خۆت ڕاهێنەر بی، چونكە ڕاهێنەری ئافرەت كەمە لەم یارییە؟
- هەوڵم داوە بۆ ئەوەی تیپێك دروست بكەم، بەڵام لە ئێستادا دەمەوێ تەنیا فێرگەیەك بكەمەوە بۆ ئەوەی یاریزانانی ئاستەكانی تەمەن بچووك دروست بكەم و دواتر تیپێكی باش دروست بكەم.
*كێشە وگرفتی ناوبژیوانی ئافرەت لە چی دەبینی؟
- بەدڵنیاییەوە كێشەو گرفت دروست دەبێ، بەڵام تاكە گرفت ئەوەیە كە ڕاهێنەری یاریزانەكە كە یاری دەكات،كەمتر قەناعەتی بە ناوبژیوانێكی ئافرەت هەیە لە بەرامبەر ناوبژیوانێكی پیاو، بۆیە زۆرترین كێشەو ناڕەزایی دروست دەبێ، ئەوان توانای پیاوان باشتر دەبینن لە ئافرەتان.
*داواكاری و پێش نیارت وەكو ناوبژیوانێك بۆ لایەنی پەیوەندیداری وەرزشی؟
- داواكاریم ئەوەیە هاوكارو پشتگیرم بن بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی بل وباج ئەویش بە سەردانی كردنی ووڵاتانی ترە، چونكە دەبێت لە ووڵاتانی تر تێست بكرێت بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو بڕوانامەیە و ببیتە خاوەنی.
*خەونی وەرزشیت وەكو وەرزشكارێك ؟
-هیواو و ئاواتم ئەوەیە سەری ووڵاتەكەم بەرز بكەمەوە بەو ئەدا وەرزشییەی كە دەیگەیەنم .
*چ هەستێكت هەیە كە وەكو كچە ناوبژیوانێكی كورد یارییە نێودەوڵەتیەكان بەرێوەدەبەی لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان؟
- هەستێكی یەكجار خۆشە كە من ئەدای پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكانم بەرێوەبردوە لە ناو شاری سلێمانی، ناوبژیوانیم بۆ یارییەكانی سوید و كازاخستان و هندستان ئاشنا بووم بە شێوازی یاری كردنی ئەو ووڵاتانە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری كچەیایزانەكانی كوردستان دەكەن .