بەشێك لەدەستکەوتی پەروەردەیی کابینەی نۆیەم
(بنجامین فرانكلین) فەیلەسوف و نوسەر و یەكێك لە دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێ " وەبەرهێنان كردن لە فێركردن و زانین باشترین داهات و بەروبومە".
پەروەردە و فێركردن لە هەر ووڵاتێكدا بە خاڵی دەسپێكی هەموو هەنگاوەكانی تری گەشەپێدان و پەرەپێدان دادەنرێت، گەر توانرا گرنگی بە پەروەردە و فێركردن بدرێ ئەوا بە دڵنیایی دەتوانرێ لە داهاتوودا تاك و كۆمەڵگە و وڵات پارێزراو و پێشكەوتوو بێت نموونەی ووڵاتان زۆرە.
ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا باسی بكەم تەواوكەری وتارەكانی پێشووە لە ڕووی گرنگی پێدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم بە پەروەردە و فێركردن و هەنگاوەكانی وەزارەتی پەروەردە لە بوارە جیاوازەكاندا. بێگومان حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم بە ڕابەرایەتی و سەرۆكایەتی جەنابی كاك مەسرور بارزانی هەر لە ڕاگەیاندنی كارنامەی حكومەتدا
بەڵێنی دا كەوا پێداچوونەوە بە پرۆگرامەكان بكرێت و وەزارەتی پەروەردە بە هەوڵ و ماندووبوونی ڕاستەوخۆی جەنابی وەزیری پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی پەیوەندیدار توانرا زیاتر لە (500) پێنج سەد ناونیشانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە لە كتێبەكان پێداچوونەوەیان پێكراوە. هەورەها توانراوە هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەكانی كوردستان بكرێت و پۆلین بەندی كراون بە سەر چەند ئاستێك و ئاستە زۆر باش و نایابەكان پادداشت دەكرێن و ئاستە لاوازەكانیش بەداوداچوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. جودا لەمەش لە كابینەی نۆیەم وەزارەتی پەروەردە توانی (76) حەفتا و شەش قوتابخانە بە وزەی خۆر کاربکەن وە (26384) بیست و شەش هەزار وسێ سەد و هەشتا و چوار قوتابی دابراو گەڕێندراوەتەوە بۆ خوێندن، قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت تێكەڵ بە قوتابیانی ئاسایی كراون لە قوتابخانەكان و شوێنی (60)هەزار قوتابی پەنابەر كراوەتەوە لە قوتابخانەكانی خانەخۆیی، وە یەكێك لە گرنگترین ئاماژە دیارەكانی كابینەی نۆیەم و وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە ڕێژەی نەخوێندەواری بەبەراورد بە دەساڵی ڕابردوو توانرا لە 24% بكرێتە 16% بە پێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێم و دەستەی ئاماری عێراقی فیدراڵ.
وێرای هەموو ئالینگاری و سەختی و ئاستەنگەكان، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت بە ئیرادەیەكی بەهێزی خۆڕاگرانە بەردەوام بوو لە خزمەت كردن و پاڵپشتی كردنی هەنگاوە بەردەوامە پەروەردەییەكانی جەنابی وەزیری پەروەردە كە ئەوە بوو ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایانی (۲٠۲۳_۲٠۳٠) خستە بواری جێ بەجێكردن و ئەوساڵ دووەم ساڵیەتی كە كۆمەڵێ ڕاهێنەری بەتوانا لە ناو قوتابخانەكان مامۆستایانی هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی ئاشنا دەكەن و فێریان دەكەن لە سەر چۆنیەتی میتۆدو ڕێگای وانەگوتنەوە و چۆن قوتابی بێتە سەنتەر و بەركارهێنانی تەكنەلۆژیا و چۆنیەتی بەرێوەبردنی پۆڵ و مامەلەكردن لەگەڵ قوتابی و چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی قوتابی و دانانی پرسیارەكان و چۆنیەتی دروست كردنی مامۆستا و بەرێوەبەری سەركردە و تێگەیشتنی مامۆستا بۆ پرۆگرام و چۆنیەتی بەكارهێنانی هۆیەكانی فێركردن، كە مەبەست لێی تواناداركردنی مامۆستایانی كوردستانە كە ئەوەش هەنگاوێكی تری گرنگ وكاریگەرە لە هەنگاوە دیارو بەرچاوەكانی وەزارەتی پەروەردە لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی كە هیچ سیستەمێكی پەروەردە و فێركردن كوالێتی باش نابێت، ئەگەر كوالێتی ئەدای مامۆستاكانمان باش نەبێت.
ئەوەش جارێكی تر قسەی بانگخواز وبەرگریكاری مافەكانی مرۆڤـــ لە ئەمریكا(مالكوم ئیكس) مان دێنێتەوە یاد كە دەلێت" سبەی بۆ ئەوانەیە كەوا ئەمڕۆ ئامادەكراون".
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی