هەولێر دەچێتە قۆناغێكی دیكە
هەولێر دەچێتە قۆناغێكی دیكە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەولێر ئەم وەرزە بە سەرپەرشتی سەمیر بابۆی ڕاهێنەری كوردی شاری هەولێر دەستی بە ئامادەكارییەكان كردوە بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراقی، لە سێ یاری ڕابردووش یانەی هەولێر بۆتە جێگای متمانەی بەشێكی زۆری هاندەرانی شارەكە، لە ئێستادا تیپەكە پێشەنگی خولی پیشەگەرانی عێراقی گرتووە بە تۆماركردنی حەفت خاڵ، هەولێر ڕۆژانە مەشقەكانی زۆر بە چڕی ئەنجام دەدات لە سەر یاریگای یانەی وەرزشی شەهید فرانسۆ هەریری، هەرچەندە یارییەكانی خولی عێراقی بۆ پاڵاوتنی هەڵبژاردەكان بۆ گەیشتن بە مۆندیاڵ وەستاوە، بەڵام هەولێر نەوەستاوە لە مەشقەكانی، بابۆی ڕاهێنەر پلانی تۆكمەی داناوە بۆ ئەوەی بۆ یارییەكانی داهاتووی یانەكە تیپەكە بە بەهێزی بهێلێتەوە هەم لە ڕووی دەروونییەوە یانەكەی ئامادە كردوە هەمیش لە ڕووی هونەرییەوە تیپەكە بێ كەم و كوڕییە، جیاوازی ئەم ڕاهێنەرە كوردە لەگەڵ ڕاهێنەرانی پێشەخۆی ئەوەیە زیاتر پشت بە پلانی تۆكمە و هێرشبەری دەبەستێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێكی زۆری هاندەران پشتیان بە تواناكانی ئەم ڕاهێنەرە كوردە بەستووە و ئومێدیان پێ هەڵچنیوە دەیانەوێ لەم وەرزە هەولێرێكی تەواو جیاواز بێت لە چاو ساڵانی ڕابردوو، بابۆی ڕاهێنەر زیاتر پشت بە یاریزانی لاو دەبەستێ و ئومێدیان بۆ دروست دەكات و هەڵی یاری كردنیان پێ دەدات،بۆیە لە ئێستادا یانەكە لە سەر دەستی ئەم ڕاهێنەرە كوردە چۆتە قۆناغێكی تازە و هەنگاو بە هەنگاو یانەكە دەكەنە تیپێكی بەهێز و جێگای متمانە لە خولی یانەكانی عێراقی، یانەی هەولێر بە ستافی كارگێڕیی تازە دەیانەوێ هەموو كێشەكانی یانەكە چارەسەر بكەن و یانەكەش ببنەوە پیشەوەی ریزبەندی یانەكان و شەڕی سەرجەم یانەكانی تری عێراقی بكەن و هەنگاو بە هەنگاو پلانی تۆكمەتر دابنێن بۆ سەرخستنی تیپەكە بۆ ئاستێكی باشتر.