دۆگمای هەڵبژاردن لە نێوان دوو جەمسەری هاودژ

دۆگمای هەڵبژاردن لە نێوان دوو جەمسەری هاودژ

لە پاش چاوەڕوانیەکی زۆر بۆ گۆڕانکارییە بنچینەییەکانی سیستم و پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان، دەرئەنجام هەڵبژاردن لە نێوان دوو پێگە و یاریکەری سەرەکیی کە گروپێکیان نوێنەر و هاوپەیمانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرەی حەشدی شەعبی و میحوەری مقاومە بوون بە دروشمی ڕووخاندن و لایەنی تریش: بەرەی ناتوانن و ئاسایش و ئارامی و پێشکەوتن بەڕێوە چوو. وێڕای سەرنج و تێبینی یەکان لە سەر میکانیزمی بەڕێوەبردن و یاساشکێنیی ڕوون و ئاشکرا، هەندێ بابەت شایانی هەڵوێستە وەرگرتنن کە پێدڤیە لە سەرمان بە سانایی تێنەپەڕن:

- لە مێژ بوو بەرەی میحوەری مقاومە لە بەغدا و کوردستان ئامادەکاریی پێشوەختەیان کردبوو بۆ گۆڕینی دیموگرافی و شێواز و چونێتی بازنەکانی هەڵبژاردن و لادانی پشکی کۆتاکان بۆ بەربەست چێکردن و لاواز کردنی بەرەی کوردستانی و ریفراندۆمخوازەکان و پارێزەرانی قەوارەی هەرێم و وەدەرخستنیان لە گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دا بە کرێتی دۆڕان.

- بەر لە هەڵبژاردن، بەرەی میحوەری مقاومە بە ئەجێندایەکی تایبەت و پیلانداڕێژراو بە دروشمە پۆپۆلیستەکانی (ڕووخاندن و تێکدان) لە گەل هاوبیر و هاوئاوازەکانیان کە زۆربەی حیزب و گروپەکانی ناوخۆی پێکدەهێنا لە گەل داکۆکی سیاسیی و ماددی و مەعنەویی هاوپەیمانەکانیان لە میحوەری مقاومە ، دەنگۆی تەزویر و گزی لە هەڵبژاردنی بە تەواوی ڕەتکردبوو. میدیا و سوشیالمیدیاکانیان تژی کردبوو لەوەی کە ١١ کورسی کۆتا بوونی نەماوە و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و تورکیا و ئێران لە دەنگدان بێبەشکراون و ئەمجارە کۆمیسیونی هەڵبژاردنی ئێراق سەرپەشتیی پرۆسەکە دەکات ولاگیری و تەوزیر نامومکین و مەحالە و ئەنجامەکان سەداسەد ڕاست و بڕواپێکراو دەبن، بۆیە گریمانەی ڕووخان و نەمانی پارتی لە دەستەڵات بۆیان ببووە ڕاستییەکی حەتمی و باوەڕپێکراو. دواتر کە بڕیاری گەل بە بردنەوەی پارتی شکستی پێهێنان ، هەمان گروپ دووبارە بە درو و تەزویر پارتی یان تۆمەتبار کردەوە. ئەم بادانەوەیە تەنیا لە ماوەی هەفتەیەک دا زۆر سەیر و سەمەرەو سەرنجڕاکێشە.

- بەشێکی پیلانی بەرەی میحوەری مقاومە خزاندنی کاندیدەکانیان بوو بۆ ناو جەرگەی پەرلەمانی کوردستان تا وەکو ئێراق ئاسا ڕێخوشکەر بن بۆ دژایەتیی قەوارەی هەرێم بە شێوازێکی یاسایی و مەدەنی، بۆیە بە هاوکاری لە گەل هاوپەیمانەکانییان لە کوردستان لە مسۆگەرکردنی ٢ کورسیی بۆیان سەرکەوتن. لە بری ناردنی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە کان بۆ پەرلەمان، نێردراوەکانی بەرەی میحوەری مقاومەیان ناردە پەرلەمانی کوردستان !

- زۆربەی ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، سوشیالمیدیاچیەکانی وەکو تیکتۆککەران، یوتیوبرەکان، فەیسبوکچی یەکان لە پەیجە فەرمی یەکان و سێبەرەکان لەناوەوە و دەرەوە هەماهەنگی یان هەبوو لە چێکردنی ڕای گشتی بۆ دژایەتیی تەنیا پارتی و هەڕەشە و بانگەشەکانیان هەتا شەوی هەڵبژاردنیش بەردەوام بوون، بە ڕادەیەک کە هەرچەند خۆیان بە حیزبی جیاواز پێناسە دەکردن، بەڵام لە ناوەرۆکی زۆربەی بابەتەکانیان بۆ دژایەتیی پارتی وێکچوون هەبوو. ئەوەی سەیر بوو ئۆپۆزیسیونی ساختەی ناوخۆ و دەرەوەو ئەوەی ناو حکومەتیش تەنێ دژایەتییان لە گەل پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەکرد. زۆر بە دەگمەن دەبینرا دژایەتیی لایەنێکی تر بکەن ! ئەوە ڕووناکی خستە سەر دیوێکی تری ئەم بیردۆزە و بۆ خەڵک ڕوون بوو کە سەرجەمیان وابەستە و گرێدراوی یەکن و ئاشکراشە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوییان لە کام سەرچاوەیە !

- کوردستانیان سەڵماندیان کە ئاستی هوشیاریی و ڕۆشنبیرییان بەرزە و ١٦ی ئوکتوبەر و فرۆشتنی نیوەی خاکی کوردستان بە بەرەی میحوەری مقاومە لە بیر ناکەن و بڕیاریان داوە نەبنە بەشێک لەو میحوەرە شەڕەنگێزە و لە هەمان کاتیشدا ئەو هەموو قوربانیانەیان بەرز نرخاند کە چەندین دەیەیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی داویانە. بۆیە بژاردەکەیان ژیرانە و دادپەروەرانە بوو.

- گەمە سوواوەکانی کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی هەندێک لایەن نەک پۆپۆلیستی بوون، بەڵکو بەتاڵ بوون لە هەموو نەریت و پێوەرە ئەخلاقییەکان و بەزاندنی سەرجەم هێڵە سوورەکان، وەلێ ڕژد بوونی بەرەی ناتوانن لە سەر وەڵامنەدانەوەیان کوردستانیانی دڵسۆزی بە بەراوردکارییەکی مەنتیقی هێنایە سەر خەت بۆ ئەوەی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن و سەڵماندیان کە کوردستانیان ماندوون لە خەیانەت و خۆفرۆشی و خاکفرۆشیی دەستە و تاقمەیەک و بڕوایان بە ئاسایش و ئاوەدانی و هاوژینی یە نەک ڕووخان و وێرانکردن و تاڵانکردن و فرۆشتنی نیشتمان.

- هەڵبژاردنی ئەمجارە سەڵماندی کە وێڕای بانگەشەی سەرجەم لایەنەکانی تری کۆن و نوێ، قەبارەی پارتی نە دەستکردەو نە بە درۆ خەمڵێنراوە بەڵکو دەرهاوێشتەی مێژوویەکی پڕاوپڕە لە شۆڕش و بەرخودان و لە ناو خەڵکەوە خوڕسکانە هەلقولاوە و خەڵکیش تێنوی ئارامیی و ئاوەدانییە. کوردستانیان دەنگ بە لایەنێ دەدەن کە لە هاوکێشەکان دا بەرپرسیارێتی هەڵگرێ نەک دوور لە کولتوری کوردەواری شەقام و میدیا پڕ بکەن لە بانگەشەی درۆو قسەی سوک و بێڕێز. خەڵک تێگەیشتووە کە کێ لە پشت ئەو حیزبە هەلتۆقیوانەن و کێش دەتوانێ کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و بەختەوەری و بونیادنان و ئاوەدانی ببات و لە کۆتایی ڕاستی هەمیشە سەردەکەوێ بەسەر ناڕاستیدا و ئەو بەرەیەی کە لە ناخی خەڵک هەلقولاوە هەمیشە براوەیە.

Top