شیروان جەلال بەگ قایمقامی هەریر (بە وەكالەت) بۆ گوڵان:   لەم كابینەیەدا پێنچ بۆند دروست كراوە و بۆ پێنج هەزار جووتیار پڕۆژەیەكی ئاودێری لە زێی قەندیلەوە ڕادەكێشین

شیروان جەلال بەگ  قایمقامی هەریر (بە وەكالەت) بۆ گوڵان:     لەم كابینەیەدا پێنچ بۆند دروست كراوە و بۆ پێنج هەزار جووتیار پڕۆژەیەكی ئاودێری لە زێی قەندیلەوە ڕادەكێشین

 

 

قەزای هەریر لە سەنتەری قەزا و ناحیەی باسرمە و (99) گوند پێك هاتووە. ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی (45) هەزار كەسە و ناوچەیەكی بەرفراوان و بەپیتی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییە. بە قەزابوونی هەریر دیاریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دانیشتووانی سنوورەكە و بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پارك و ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوە و ڕێگەوبانیشی بۆ دەڤەرەكە جێبەجی كردووە. لە زنجیرەی دیدارەكانی گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی قەزا و ناحیە و ناوچە دوورەدەستەكان، دیمانەیەكمان لەگەڵ شیروان جەلال بەگ قایمقامی قەزای هەریر (بەوەكالەت) ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

 

* با سەرەتای پرسیارەكەمان بە بابەتی ئاوی خواردنەوە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەست پێبكەین، كە كاریگەریی خراپی لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی هەبووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە لە قەزای هەریر و سنوورەكەی چ كێشەیەكتان هەیە؟

- لە ناوەڕاستی ساڵی 2023دا هەریر ئەو كات كە ناحیە بوو لە ناو قەیرانی كەم ئاویدا بوو، بەڵام لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەر و فەرمانگەی ئاوی هەریر بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی قەیرانەكە پلان و بەرنامەیەكمان دانا، ئەویش بە چاككردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە چەند شوێن و لێدانی چەند بیری تازە و دانانی سیستمێك بۆ ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ هەموو گەڕەك و شوێنەكان، بەمەش گەیشتینە ئەو دەرئەنجام و ئاستەی كە ئەمساڵ (2024) هەریر و سنوورەكەی تاكە شوێن بوو لە سنووری پارێزگای هەولێر كە كێشەی ئاوی خواردنەوەی نەبووە. لەو كار و پڕۆژانەی لەو كەرتەدا بۆ چارەسەری گرفتی كەم ئاوی ئەنجام دراون، هەوڵ درا بە كەمترین پارە و تێچوو بێت، كە تەنیا بە (500) ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستمان بە پڕۆژەیەكی ستراتیژی هەیە و داوامان كردووە كە پڕۆژەیەكمان بۆ بكرێت، بە گەیاندنی ئاوی زێی قەندیل بۆ هەریر و سنوورەكەی و بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ 50 ساڵی داهاتوو كێشەی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری قەزا و ناحیەی باسرمە و گوندەكانی سنوورەكە چارەسەر دەبێت و تووشی كەمئاوی نابین. ئەو پڕۆژەی ئاوە پێشتر دیزاینێكی لە لایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە بۆ كراوە كە تێچووی پڕۆژەكە (75) ملیۆن دۆلارە، لە ئێستادا خەریكین دووبارە دەرخستە بۆ پڕۆژەكە ئامادە بكەین و بە ئومێدین لە سایەی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پڕۆژەكە بكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

* لە كابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەموو ئەو پڕۆژانەی لە سێتكەرە جۆراوجۆرەكانی خزمەتگوزاری و كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ و ئاودێری ئەنجام دراون، چەند بودجەیان بۆ تەرخان كراوە؟

- دەبێت ئەوە بزانین كە هەریر كەمتر لە ساڵێكە بووەتە قەزا، لە ماوەی ئەمساڵدا ژمارەیەكی باش و بەپێی توانای دارایی هەرێمی كوردستان كار و پڕۆژەمان ئەنجام داوە. ئەوەتا لە كابینەی نۆیەمدا لە ساڵی 2019 تا ئێستا نزیكەی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینارمان بۆ پڕۆژەكان خەرج كردووە و چەندین پڕۆژەی دیكەش خراوەتە بەرنامە و پلانەوە.

* ئایا كارگەی قتووبەندیی ئاوی تەماتە كە لە سنوورەكەدایە كاركردن تێیدا بەردەوامە و دەتوانرێت بۆ كاری قتووبەندیی دیكە سوودی لێ وەربگیرێت؟

- كارگەی ئاوی تەماتەی هەریر لە كاركرنی بەردەوامە و لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێت و بەرهەمەكەی بووەتە براندێكی نێودەوڵەتی و بۆ چەندین وڵاتانی دەرەوە ڕەوانە دەكرێت. ئەو كارگەیە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ وەرگرتنی تەماتەی بەرهەمی جووتیاران، هۆكارێكیشە بۆ هەلی كار لە سنوورەكەدا، ئەو كارگەیە كە لە سەرەتای دروستكردنیەوە بەو شێوەیەیە كە دەتوانرێت كار بكات بۆ بەرهەمی دیكەش، بۆ نموونە بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەها شەربەتی میوەجات.

* هەریر بە سنوورێكی بەناوبانگی كشتوكاڵی دادەنرێت، لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی ڕابردوودا لەم ڕووەوە چ پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە؟

- دەشتی هەریر لە دوای دەشتی شارەزوور و دەشتی هەولێر گەورەترین و بەرفراوانترین دەشتی كشتوكاڵییە لە هەرێمی كوردستاندا، ساڵانە بڕێكی زۆر لە گەنم و جۆ و برنجی لێ دەچێندرێت و لە ئێستادا پڕۆژە پێشنیارێكی ئاودێری هەیە كە ئاو لە زێی قەندیل بهێنرێت بۆ دەشتی هەریر، هەموو ئەو زەوی و پانتاییانە بگرێتەوە كە كاری كشتوكاڵی و چاندنی تێدا دەكرێت ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە(5000) جووتیار لێی سوودمەند دەبن. هەر سەبارەت بە بەناوبانگیی هەریر لە كەرتی كشتوكاڵیدا، بابەتی برنجی هەریر و باتاس بەناوبانگترین برنجەكانی كوردستانن، بە ڕاكێشانی ئەو بۆرییەی ئاو كشتوكاڵی سنوورەكە دەبووژێتەوە، ئەمە و لە سنوورەكەدا تا ئێستا چوار پۆند لە كابینەی نۆیەمدا دروست كراون، چەند ڕۆژێك پێش ئێستاش لە گوندی قوبەك بەردی بناغەی پۆندێكی دیكە دانراوە كە ئەو پۆندانە تەنیا بۆ كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بەكار دێن، چونكە ئەوەندە گەورە نین كە بتوانرێت بۆ گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێت. ئەو پۆندانە بەگشتی زیاتر لە یەك ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە و پڕۆژەیەكی دیكەشمان بۆ پاڵپشتیی جووتیاران و بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی كشتوكاڵی هەیە، كە لەم ڕۆژانەدا بەردی بناغەی بنكەیەكی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە قەزای هەریر دادەنرێت، كە تێچووەكەی بڕی 250 ملیۆن دینارە، لە پاشان لە بەرنامەدایە لە ئایندەیەكی نزیكدا سایلۆیەك بۆ سنوورەكە دروست بكرێت، كە ئەمەش لەسەر ڕاسپاردە و گرنگیدانی ڕێزدار مسرور بارزانییە بۆ پاڵپشتیی جووتیارانی سنوورەكە و گەشەكردنی زیاتری كەرتی كشتوكاڵی.

* لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەكان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوتابیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری بە كەرتی پەروەردە داوە، ئایا لەم بارەیەوە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە چ پڕۆژەیەكی بۆ سنوورەكەتان ئەنجام داوە؟

- لە ڕاستیدا لە ڕووی بینایەی قوتابخانەوە لە هەموو سنوورەكە بەگشتی گرفت هەیە، چونكە زۆربەی بینایەی قوتابخانەكان كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە. لە هەندێ گوند بۆ نموونە وەكو گوندی بەردین قوتابخانەیەكی شەش پۆلی دروست كراوە و لە ڕێگەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و وەزارەتی پەروەردەشەوە كار و پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی سنوورەكە بەردەوامە.

* لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە سنوورەكەتان لە چ ئاستێكدایە؟ ئایا پێویستتان بە نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی نییە؟

- لە سەنتەری قەزای هەریر نەخۆشخانەیەك هەیە، دەتوانم بڵێم یەكێكە لە باشترین نەخۆشخانەكانی ناوچەكە و سێ بنكەی تەندروستییش هەیە، ئەمەش مانای ئەوە نییە پێویستیمان بە نەخۆشخانەی دیكە نییە، چونكە ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری قەزا و ناحیەی باسرمە و گوندەكانی سنوورەكە زۆرە، ئەو نەخۆشخانەیەی هەمانە گشتییە و بەشی وەرگرتن و سەردانیكردنی ئەو ژمارە زۆرە ناكات، هەر بۆیە قەزاكە پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی بە لایەنی كەمی (50) قەرەوێڵەیی هەیە.

* ئایا لە بواری خوێندنی باڵا هیچتان بۆ كراوە، زیاتر مەبەستمان كردنەوەی كۆلێژ و پەیمانگەیە لە سنوورەكەدا؟

- هەوڵمان داوە پەیمانگەیەكی تەكنیكی لە قەزای هەریر بكرێتەوە، بۆ ئەمەش بینایەی وەرزش و لاوانمان لە قەزای هەریر هەیە، لەو شوێنە بەشێكی دەكەینەوە بۆ پەیمانگە، لە سەرەتادا ئەو پەیمانگەیە بەشی كشتوكاڵ و كارگێڕیی كار و بەشی دیكە لەخۆ دەگرێت، پاشان كار بۆ ئەوە دەكەین كە كۆلیژیش لە قەزاكە بكرێتەوە.

* لەو كابینەیەدا لە ڕووی ڕێگەوبانەوە چیتان بۆ كراوە؟

- زۆربەی ڕێگەوبانەكانی نێوان گوندەكان و ناحیەی باسرمە بە شێوەیەكی باش و گونجاون و بەشێك لەو ڕێگەیانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، لەلایەكی دیكەوە كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری قەزا و ناحیەی باسرمە و كۆڵان و گەڕەكەكان هەر دوو لا لەو كابینەیەدا بەشی زۆریان قیرتاو و كۆنكرێت كراون، ئەو كار و پڕۆژانەی ماون لە ڕیزبەندی كارەكاندایە جێبەجێ بكرێن. هەر لە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی قیرتاوكردن و كۆنكریت و ئاوەڕۆی سەنتەری قەزاكە بە بڕی (450) ملیۆن دینار جێبەجێ كرا، پڕۆژەیەكی دیكەی قیرتاو و كۆنكرێتیش لە گەڕەكی باتاسی كۆن بوو كە بڕی پارەی خەرجكراوی (159) ملیۆن دینار بوو، هەردوو پڕۆژە تەواو بوون و پڕۆژەیەك ئێستا لەژێر جێبەجێكردنە، كە پڕۆژەی قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی شەهید فەرنسۆ هەریرییە، كە بڕی (800) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، پڕۆژەیەكی دیكە ڕەزامەندیی دارایی و هەموو ڕێكارەكانی تەواو بووە كە پڕۆژەی دوو سایدی عەلی هەریری تا گوندی هەنارەیە، كە بڕی دوو ملیار و (500) ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە. ئەو بودجەیەش لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە تەرخان كراوە. هەروەها لەسەر بودجەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو دیارییەكی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیانی قەزای هەریر، پاركێكی بەرفراوانی سەردەمییانە بە گوژمەی یەك ملیار و450 ملیۆن دینار دروست كراوە و ئێستا لە خزمەتی خەڵك و هاووڵاتیانی قەزاكەدایە.

Top