ســـــەرژمــــێـــــریــــە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق
سەرژمێریی گشتی کە نەریتێکی جیهانیەو و هەردەساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ چاودێریو هەڵسەنگاندنی گۆڕانکاریەکان کە لەو دەساڵەی ڕابووردوودا و ساڵانی پێشتر لە کۆمەڵگاکەدا ڕویان داوەو پلانی زانستیانە و تۆکمە دابڕێژرێت بۆ ساڵانی داهاتوو و ئەو مەبەستە گرنگانەش بەدەست دێن تەنها ئەگەر سەرژمێریەکە گشتگیر بێت و دوور بێت لە مەبەستی تەسکی سیاسی و دیسانەوە گشتگیر بێت بە مانای ئەوەی کە گشت زانیاریەکان لە بوارەکانی تەندروستیو زانستی و ئابووریی کۆمەڵگاکەوە بگرێتە خۆی کە دەبنە بنەمای داڕشتنی پلانە کورت و درێژخایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی ووڵاتەکە. ئەم کارە پیرۆزەش پێویستیی بە دۆخێکی ئاسوودە و ئارام هەیە.
لەو ساتەشەوە کە دەستوری عێراق داڕێژراوە و زۆربەی زۆری کۆمەڵگای عێراقی بە گشت پێکهاتەکانیەوە دەنگیان لەسەردا، بە ڕوونی دانراوە بە پێکهاتەکان کە ووڵاتەکەیان پێکهێناوە و بۆ بەرجەستەکردنی پێکەوەژیانێکی ئارام و بەردەوام سیستمی حکومڕانیی فیدراڵی بڕیاری لەسەراو لە بڕگەی 140 دا چەسپێنرا کە کار بکرێت بۆدەستنیشانکردنی سنوری ژێر بەڕێوەبەرایەتیی ناوچە فیدراڵیەکان.
ئاشکرایە کە سەرباری دەیان ساڵی حکومڕانیی بەعسی صەددامی و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردنشینەکان و بە زۆرەملی گۆڕانکاری دێمۆگرافی بەزۆری لە ناوچە کوردستانیەکاندا و چەند ناوچەیەکی کەی عێراق لە بەینی مەزهەبەکانی سوننەو شیعە، بەئەنجامدانی ئەو بڕگەیە پێویستیی بە سەرژمێریەکی گشتگیر هەبوە هەتا ڕاگوێزراوانی گشت نەتەوەکان و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی بە شێوازێکی مرۆڤ دۆستانە و لە کەشوهەوایەکی ئارامدا بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
هەر لە کۆتای ساڵی 2005ەوە کە دەستور بڕیاری کۆتای لەسەر دراوە، هەرچەندە حکومەتی فیدراڵ خواستی زانینی ڕژەی دانیشتوانی هەبوە بە تایبەتی بۆ سنوردارکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی %17ی داهات کە لە دەستوردا تەرخان کرابوو بۆ هەرێمی کوردستان، بە بیانوی جیاواز خۆی لەو سەرژمێریە گشتگیرە شاردوەتەوە و تەنانەت لەم بیست ساڵانەی ڕابوردووشدا پشتیان بەستوە بە پێشبینی جیاواز بۆزانینی ژمارەی دانیشتوان کە دەستور کردویەتی بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ دابەشکردنی داهات وهەوڵەکان بۆ سەرژمێریەکی بەسوود پەک خراون:
هەوڵی سەرژمێریی ساڵی 2010پەک خرا بەم بیانوانەی خوارەوە:
١- پارێزگای موصڵ ڕێژەی دانیشتوانەکەیی بە دڵ نەبوو کە لە پسوڵەی خۆراکەوە بەدەست هاتبوو کە لە سەرانسەری عێراقدا بە باشترین بنەمای باوەڕپێکراو دەستنیشان کرابوو. لەسەر ئەو بابەتەش ڕاپۆرتێکم لە کوردش گڵۆب بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کردەوە بە ناونیشنی «سەرژمێریو داهاتوی عێراقی فیدراڵ» کە ووردەکاریەکانی تێدا خرایە بەردەست.
٢-حکومەتی فیدراڵ داکۆکیی لە گۆڕانکاری پرسیارگەریەکەدا کرد بۆ زیادکردنی خانەی فەیلی و کاکەیی و شەبەک و یەزیدی کە پێکهاتەی کوردین و جیاکردنەوەیان لەو پێکهاتەیە بەڵام بە توندی دژی زیادکردنی سوننەو شیعەبوون بۆ پرسیارگەریەکە. لەم بارەیەشەوە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلم لە گوڵاندا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی « سەرژمێریی دانیشتوان و بەربەستە بێ بنەماکانی». لەو ڕاپۆرتەمدا ئاماژەم بە و پاساوە بێ بنەمایانە کرد کە بەهۆیانەوە هەوڵەکەی سەرژمێری لەنیوەی کارەکاندا ڕاگیرا کە بریتی بوون لە دوو خاڵی گرنگ: یەکێک لەو خاڵانە پشت بەستن بوو بە بڕگەی 112ی دەستوری عێراقی و بەکارهێنانی ڕێژەی دانیشتوان بە تەنها بۆ دابەشکردنی داهات کە شێوازێکی زانستیانە نیەو دۆستی گەشەسەندنی ئابووریەکی بەردەوام نیە بۆ ووڵات و تەبا نابێت لەگەڵ بڕگەی 25ی دەستوری عێراقی کە تایبەتمەندە بە پێداچوونەوەو داڕشتنی پلانی ئابووریەکی بەهێز و تۆکمەو سەردەمیانە. هەروەها ئاماژەم بەوە کردوە کە ڕێژەی %35ی نیشتەجێکانی گشت عێراق دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە (ڕاپۆرتەکەم کە لە کوردش گڵۆب بڵاو کراوەتەوە http://earth-info.nga.mil/gns/html/cntyfileiz.zip ( کە پێویستیان بە قوتابخانەو خەستەخانەو دەزگاکانی بەڕێوەبردن وئاوەدانکردنەوە هەیە کە زۆربەیان ڕووبەڕوی وێرانکاری بوون بەدەستی ڕژێمی پێشوی صەدام و لە دۆخێکەوە کە زۆرینەی سەبەتەی خۆراکی سەرانسەری عێراقیان دابین دەکرد، ووڵات لە بەرهەمهێنەرەوە گۆڕا بە بەکاربەر لە پێناو سەرکوت کردنی بزوتنەوەی ڕزگاریی کوردستان.
بە درێژیی زیاد لە نیو سەدە، لە حەفتاکانەوە و دوای ڕوخانی حکومڕانیی بەعسی صەددامیەوە هەتا ئێستا، هەگبەی زانیاری گشتگیر لەسەر دانیشتوانی عێراق ە نیمچە بەتاڵی مایەوە. لە هەوڵداندا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێێری، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٢ دا حکومەتی فیدراڵ هەڵمەتێکی گشتگیری دەستپێکرد بۆ سەرژميریەکی ژێر بەژێر بەپاساوی دروستکردنی کارتی زانیاری بۆ گشت عێراقیەکان بەهەرێمی کوردستانەوە و بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆسەکە، نیشاندانی کارتی زانیاری کرا بە پەیداویستیەکی بنەڕەتی شانبەشانی پسوڵەی خۆراک و پێناسەکانی کە لە بەڕێکردنی هەر کارێک لە دەزگا حکومەتیەکاندا. لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگرتن لەو پرۆسەیە، لە ٢٥/١٠/٢٠١٢دا یاداشتێکم بۆ وەزیری پلاندانان بەرزکردەوە کە تێیدا پێشنیارم کرد کە وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاگاداربکرێت بە مەبەستی پابەند نەبوونی هەرێم بەو بڕیارەوە لەبەر ئەو مەترسیانەی کە لە پشت پرۆسەکەوەن. بەڵام هێندە بە گەرمی حکومەتی فیدراڵ پاڵی بە ئەنجامدانی پرۆسەکەوە ناو پشتگیریی دارایی بۆ گشت ئەو کارمەند و دەزگایانە نارد کە لە زۆر شوێن، لە دوای دەوامی فەرمی کار بەردەوام دەبوو بۆ تەواوکردن و ناردنی فۆرمە پڕکراوەکان بۆ بەغداد. دیسانەوە لە ٦/٥/٢٠١٢ دا یاداشتێکی بیرهێنەرەوەم بۆ جەنابی وەزیر بەرز کردەوە بەڵام جێگای داخە کە پرۆسەکە تەواوکراو گشت زانیاریەکان بە زووترین کات گەیشتنە بەغداد. دیسانەوە لە دەستپکی ٢٠١٦دا شوازکی تۆکمەتری پناسە بەناوی کارتی نیشتیمانی دەستی پێکرد و ئەمەش نیمچە سەرژمریەکی ژێربەژێری کەبوو کشت زانیاریەکان لەسەر کۆمەڵگای عراقی وکۆکرانەوە و ئێستاش کارتی زانیاری و کارتی نستیمانی بەهاوشانی پێناسە سەرەکیەکانی دانیشتوان لە سەرانسەری دەزگافەرمیەکانی عراق وەک پەیداویستیەکی سەرەکی بەردەوامە.
ئەوەی کە دەبینرێت لەم بارودۆخەی ئێستادا کە لە ئەنجامی شاڵاوەکانی داعیشدا بەشێکی دیاریکراوی دانیشتوانی ناوچە عێراقیەکان ڕویان کردە هەرێم و زۆربەیان لە هەرێم جێگیر بوون و ئەنانەت ئەوانەش کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە چەسپاندنی بڕگەی ١٤٠ سودمەند بوون لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، هەرچەندە دووهێندەی خێزانە تورکومان و کوردەکان قەرەبوو کرانەوە، گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی پێشوویان و پاڵەپەستۆیان لەسەر خێزانە ڕەسەنەکانی ناوچەکان دروست کردوە بە شێوازێک کە بە عەرەبکردن لە سەرانسەری هەرێم هەرگیز وا بە گەرمو گوڕی ئەنجام نەدرابێت و حکومەتی فیدراڵ یان پشتگیربوە یان سکاڵاکانی پشت گوێ خستوە.
لەم بارودۆخەدا کە هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەماندایەو دوا بەدوای هەڵبژاردنەکەش لایەنە کوردستانیەکان بۆ ماوەیەکی نادیار سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەت دەبن و عێراقیش بەردەوامە لە فشارخستنە سەر هەرێم بۆ سنوردارکردنی گشت دەسەڵاتەکانی کە دەستور پێیداوە و هەروەک لەم ساتانەدا کە کێشەی مووچەی فەرمنبەران وەک فشارێکی سیاسی لە سەر حکومەتی هەرێم و دانیشتوانی بە شێوازە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت، حکومەتی فیدراڵ بە فرسەتی دەزانێت کە سەرژمێریە چاوەڕوانکراوەکە ئەنجام بدات بەو شێوازەی کە بەرژەوەندیەکانی تاکلایەنانە بەدەست بهێنێت. بەوەش سەرژمێری بەرگی سیاسیی بەبەردا دەکرێت وئەو سەرژمێریە گشتگیرە نابێت کە چاوەڕوان دەکرێت.
لێرەدا من بە پێویستی دەزانم کە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ گشت ئەو هەوڵانە بگەیەنم کە بەڕێز ڕەنج سەنگاوی لە بەرنامەکانیداپشکەشیان دەکات بۆ ووریاکردنەوەی کۆمەڵگا و ئەگەدارکردنەوەی بڕیاردەران کە لە ئاستی ئەرکە نیشتیمانیەکانیاندا بن. هەرلەو بەرنامەیەوە زانیم کە پرسیارگەریە ئامادە کراوەکە بڕگەی تایبەت بە پێکهاتەکانی عێراق کە لە دەستوردا پێناسە کراون، پشتگوێ خراوە کە بنەما یەکی بنەڕەتی سەرژمێریەکەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆیانەی سەرەوە، بە پێویستی دەزانم کە ئەم سەرژمێریە دوابخرێت هەتا یەک لەم پێشنیارانەی خوارەوە بە فەرمی پەسەند دەکرێت:
پێشنیاری یەکەم:
حکومەتی فیدراڵ نیەت پاکیی خۆی نیشان بدات بەرانبەر بە پێکهاتەی کوردستانی و گشت ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بە بەشێکی دانەبڕاو لە هەرێم ئەژمار بکات و بە هاوکاریی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتوەکان کێشەی هاوردەو ڕاگوێزراوان ونیشتەجیی کامپەکان و ئاوارەکان چارەسەر بکرێت بەشێوازێک کە خاوەن ماڵ بگەڕێنرێنەوە سەر زێدی خۆیان و قەربووی بەرانبەرەکانیان بە زەوی و پشتگیریی دارایی بکرێت لە چوارچێوەی هەرێم یان لە زێدی خۆیان بەپێی خواست. هەروەها هەرێم پابەند بکرێت بە مامەڵەی یەکسانی بۆ گشت دانیشتوانی بەبێ هیچ جیاوازیەک.
پێشنیاری دووهەم:
پێداچوونەوە بە پرسیارگەریەکەدا برکرێت و ئەم گۆڕانکاریانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن:
١- بڕگەی پێکهاتەکآن بەو شێوازەی کە لە دەستوری عێراقدا هاتوە زیاد بکرێت.
٢- هاوردەکان و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم لەسەر پارێزگا ڕەسەنەکانی خۆیان تۆمار بکرێن.
د.جمال رسوڵ محمد امین
پرۆفیسۆری ئامار
https://scholar.google.com/citations?user=RZIC98AAAAAJ
20/10/2024
پەراوێزەکان:
6-2-2011. The Census and the future of the federal Iraq. Kurdish Globe. No.291, 6١-
)https://www.kurdishglobe.net/article/E12D8EAFC81A9DF29DBD76B649A22D19/The-
Census-and-the-Future-of-the-Federal-Iraq.html(
٢- سەرژمێریی دانیشتوان و بەربەستە بێ بنەماکانی. ٢٩/٧/٢٠١٣؟ گوڵان ژمارە ٩٣٩
)http://gulan-media.com/sorani/articles.php?eid=110&id=1300(