پڕۆفیسۆر هووشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:   درەنگ، یان زوو ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر ئێران

پڕۆفیسۆر هووشەنگ ئەمیرئەحمەدی بۆ گوڵان:     درەنگ، یان زوو ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر ئێران

 

 

هووشەنگ ئەمیرئەحمەدی، پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی ئیدوارد بلاوستین بۆ پلاندان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی ڕوتگێرز، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك داڕشتن و گەڵاڵەكردنی سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی. هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە، كە ئەنجومەنێكە بایەخ بە پەرەپێدانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەدات لە نێوان هەر دوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا. هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری شیكاری و توێژینەوەی ئێرانی بووە و بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەو سەنتەرە بووە. پڕۆفیسۆر ئەمیرئەحمەدی كاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران بووە لە ساڵی 2005دا، بەڵام كاندیدبوونی لەلایەن «شورای نگهبان»ـەوە ڕەت كرایەوە. بۆ تاوتوێكردن و شرۆڤەكردنی پەرەسەندنەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی غەززە و شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا و ئەگەرەكانی هەڵكشانی زیاتری بارگرژی و پێكدادانەكان و هاتنەئارای شەڕێكی هەرێمایەتی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دا.

 

 

* ئاشكرایە كە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسی ئەوەی لێدەكرێت، كە بەرەو ئاڵۆزی و هەڵكشانی زیاتر بچێت، بەتایبەتی كە لە ئێستادا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان چڕتر و توندتر بووەتەوە. ئێوە چۆن لە هەلومەرجەكە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ڕەوتی ڕووداوەكان ناوچەكە بەرەو كوێ دەبات؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەتوانین بیڵێین، ئەوەیە كە دۆخەكە تا دوا ئاست و ڕاددە كێشەئامێز و خراپە بۆ تێكڕای وڵاتان و دەوڵەتانی ناوچەكە، بە دەربڕینێكی دیكە، ئەو دۆخەی دروست بووە و هاتووەتە ئاراوە مایەی قازانج و بەرژەوەندیی هیچ لایەك نەبووە، نە بۆ فەلەستینییەكان و نە بۆ لوبنان و نە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل. كەواتە ئەوەی ڕوودەدات، پەرەسەندن و پێشهاتی خراپن و بە داخەوە پێم وانییە كە لە ئاسۆدا كۆتایی بۆ ئەم دۆخە بەدی بكرێت، بگرە ئەگەری بەردەوامبوون و درێژەكێشانیشی دەكرێت. لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە لە ئێستادا چارەسەرێك بەدی ناكرێت بۆ دۆخەكە، شتێكی لۆژیكییشە كە ئەگەر چارەسەرێك لە ئارادا نەبێت، ئەوا ئەمە بە مانای درێژەكێشانی كێشەكان دێت.

* باشە ئەگەر پەرەسەندنەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك نەبێت، ئەوا بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی لایەنە بەشەڕهاتووەكان بیر لەوە ناكەنەوە كە ڕێگاچارەیەك بگرنەبەر، كە لە ئێستادا هەموو هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە لەسەر زیانگەیاندن و لەناوبردنی یەكتری؟

- وەڵامە سادەكە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی ئەم لایەنە بەشەڕهاتووانە دوژمنی یەكترن، لە نێوان دوژمنەكانیشدا پاڵنەری باڵادەست ئەوەیە كە هەر یەكە دەیەوێت ئەوی دیكە لە ناو بەرێت، واتە ئەمە شەڕی مانەوەیە، واتە هەر لایەنێك دەیەوێت مانەوەی خۆی لەسەر حیسابی ئەوی دیكە مسۆگەر بكات، چونكە لەم شەڕەدا زمانحاڵی هەر یەكێكیان ئەوەیە كە یان من دەمێنمەوە، یان تۆ، واتە بە داخەوە دۆخەكە بە چەشنێك خراپ بووە كە پەیامی لایەنەكان بۆ یەكتری ئەوەیە كە یان دەبێت من بمێنمەوە و بژیم یان تۆ، و مانەوەی منیش بە مانای مەرگ و لە ناوچوونی تۆ دێت.

* بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێتان وانییە كە دۆخەكە بە چەشنێكە كە هیچ لایەك ناتوانێت بە تەواوەتی لایەنەكەی دیكە لە ناو ببات، واتە ئایا ئەمانە شەڕێكی بێهوودە لەگەڵ یەك ناكەن، كە تەنیا زیانمەند تێیدا گەلانی ناوچەكە بێت؟

- ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێدەكەن لێكدانەوەیەكی ئایدیۆلۆژییە و هەڵوێستوەرگرتنێكی سیاسی نییە، مەبەستم ئەوەیە ڕاستە كە لایەنەكان ئەو ڕاستییە دەزانن، بۆ نموونە ئەگەرچی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حزبوڵڵای لوبنانی و ئێران هەموویان دوژمنی ئیسرائیلن و دەیانەوێت ئیسرائیل تێكبشكێنن و لە ناوی ببەن، بەڵام ئەوە ڕوونە كە ئەمە كارێكی كردەنی نییە، و ئەمە ئەگەرێكی واقیعی نییە، چونكە ئیسرائیل بۆ ئەوە دروست نەكراوە، كە ڕێگە بدرێت لە ناو ببردرێت، بەڵكو بۆ ئەوە دروست كراوە كە بمێنێتەوە.

* ئەگەر بە دیاریكراوی باسی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی بكەین، ئەوا پێش ئەوەی شەڕەكە بە چەشنی ئێستا توند ببێت، ئیسرائیل چەند گورزێكی كاریگەری لە حزبوڵڵا سرەواند، و بونیادی سەركردایەتی و تۆڕی پەیوەندییەكانی كردە ئامانج و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، سەركردە دیارەكانی حزبوڵڵا دەكەونە بەر هێرش و گورزی ئیسرائیل، پێت وایە ئەم گورزانە چ كاریگەرییەكی كردووەتە سەر توانای ئەم حزبە و ئایا پێگەی ئەم حزبە لە نێو وڵاتی لوبناندا چۆن دەبێت لە ئایندەدا؟

- ئەوە ڕاستە كە حزبوڵڵا ڕووبەڕووی زەبری گەورە بووەتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە سەركردەكانیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە حزبوڵڵا وەك خەڵك و وەك ئایدیا، نەك وەك ڕێكخراو، بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە، چونكە تۆ ناتوانیت بە لە ناوبردنی سەركرەكان، خەڵكەكەشی لە ناو ببەیت، سەركردەكانیش دروست دەبنەوە. من بیرم دێت لە سەروەختی شەڕی ڤێتنام، هۆشی مین، سەركردەی ڤیتكۆنگ (بەرەی نیشتمانیی ڕزگاریی باشووری ڤێتنام)، لەو كاتەدا بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای وت كە بە كوشتنی هەر ئەندامێكی ڤیتكۆنگێك دە ڤیتكۆنگی دیكە دروست دەبنەوە، كەواتە هەوڵ مەدەن لە ناویان ببەن، بەڵكو كار بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. كەواتە دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیلیش لەو ڕاستییە تێبگات كە كوشتنی ئیسماعیل هەنیە (سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی) و حەسەن نەسروڵڵا (ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، و سەركردەكانی دیكە ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە كاتێك سەركردەكان لە ناو دەبات، ئەوا بە تێپەڕبوونی كات سەركردەی دیكە جێیان دەگرنەوە. لەبەر ئەوە چارەسەرەكە ئەوە نییە كە سەركردەكانی حەماس و حزبوڵڵا بكوژیت و ژێرخانیان لە ناو ببەیت، بەڵكو دەبێت كێشەكە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت. ئەگەر بە شێوەیەكی بنچینەیی كێشەكە چارەسەر نەكرێت، ئەوا نەسروڵڵایەكی دیكە دروست دەبێتەوە و ئیسماعیل هەنییەیەكی دیكە دێتەوە ئارا. لەم ڕوانگەیەوە من پێم وایە ئیسرائیل توانیویەتی لە مەودای كورتدا سەركەوتوو بێت، بەڵام لە مەودای دووردا ئیسرائیل ناچار دەبێت جار لە دوای جار ڕووبەڕووی هەمان كێشە و دۆخ ببێتەوە.

* هەر لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە دووەم جار بوو ئێران هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەكی بكاتە سەر ئیسرائیل، كە ئەمە شەڕی نێوان ئەم دوو وڵاتەی بردە قۆناغێكی دیكەوە، كە پێشتر شەڕێكی كراوە نەبوو لە نێوانیاندا، ئێستاش باس لەوە دەكرێت كە ئیسرائیل ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر ئێران، ئێوە چۆن لە هێرش و هێرشی پێچەوانەی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەڕوانن و ئایا ئاراستەی شەڕی نێوانیان بەرەو كوێ دەچێت؟

- سەرەتا دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە ئیسرائیل تۆڵە دەكاتەوە و هێرش دەكاتە سەر ئێران، واتە ئەمە تەنیا مەسەلەی كاتە. دواتر هۆكاری ئەوەی كە ئیسرائیل زۆر پەلەی نەبووە لە ئەنجامدانی ئەو تۆڵەسەندنەوە و ئەم هێرشكردنە بۆ دوو خاڵ یان دوو پرس دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە ئیسرائیل دۆخەكە بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی بیكاتە پاساوێك و هاوكاری دارایی و سەربازیی زیاتر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدەست بهێنێت، واتە دەكرێت ئیسرائیل ئەوە بە ئەمریكا بڵێت كە پێویستە لە بەرانبەر هێرشەنەكردنەسەر ئێراندا ئەم بڕە داراییە و ئەم بڕە چەكەم پێ بدەیت، ئەمە خاڵی یەكەمە، كە مەبەستم ئەوەیە ئیسرائیل ئەم دۆخە وەك دەرفەتێك بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەكار دەهێنێت. خاڵی دووەم پەیوەستە بەوەی كە پێم وایە ئیسرائیل پلانی گەورەی هەیە، یان مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئیسرائیل بە وریاییەوە پلان بۆ هێرشێكی گەورەتر دادەڕێژێت، كە ئاشكرایە ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەتریش پێویستی بە پلانی وردتر و چەكی زیاتر و تەرخانكردنی كاتی زیاترە، هەروەها پێویستی بە دەستنیشانكردنی ئامانجی زیاتریشە، كەواتە بە تێڕوانینی من ئەم دوو پرسە بوونەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل پەلەی نەبێت لە كاردانەوەكەی، هەرچەندە من پێم وایە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئیسرائیل ئەم هێرشە هەر ئەنجام دەدات.

Top