روئیا و هاشوهووش

روئیا و هاشوهووش

بانگەشەی هەڵبژاردن لە سادەترین شێوەیدا بریتییە لە روئیا بۆ پێشکەشکردنی پلان بۆ خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و خزمەتکردنی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەسەر بنەمای پلان و دیدگای لایەنە سیاسییەکان دەنگ بە حزبی خوازراوی خۆیان بدەن، بەڵام هاشوهووش و ناڕوونی لە پەیام، گوزارشتە لە نەبوونی دیدگایەكی روون بۆ ئایندە.

هەموو حزبەکانی كوردستان جگە لە پارتی، هیچ روونییەک لە دروشم و پەیامەکانیاندا نییە و دید و بەرنامەیان بۆ داهاتوو و شێوازیی حوکمڕانیی چوارساڵی داهاتوو نییە، دروشم و پەیامێک، کە ببێتە هۆی دواندنی خەڵک و هاندانیان بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
حزبەکان جگە لە رووبەڕووبوونەوەی پارتی هیچ بەرنامەیان نییە بۆ خزمەتکردنی کوردستان، کە ببێتە بنەما بۆ کاری سیاسییان لە ئایندەدا، ئەمەش لە سادەتریین حاڵەتدا گرێیی دەروونیی ئەوان بەرامبەر ئەزموونی حوکمڕانی لەڕابردوودا پیشان دەدا، کە چۆن چۆنی پارتی بە خۆڕاگری بەرامبەر هەموو کێشە و ئالەنگارییەکان وەستاوەتەوە.
پارتی جیاواز لە هەموو حزبەکانی دیكە، بە دروشمی (ئارامی ئاوەدانی؛ پێکەوەیی خۆڕاگری)، دیدگا و پەیامی روونی خۆی بۆ ئایندەی کاری سیاسی لە کوردستان دەنەخشێنێ.
ئارامیی كوردستان و ئارامیی تاک و ئارامیی کۆمەڵگا بناغەی بەرەوپێشچوون و فەراهەمکردنی زەمینەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لە گشت سێکتەرەکان، کە بەهۆیەوە بێ جیاوازی گشت تاکەکانی کۆمەڵگا بەیەکسانی سوود وەردەگرن و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەرمایەی مرۆیی زیاتر و زۆرتر بەرەوپێش بچێت.
پێکەوەیی و خۆڕاگری گوزارشتی بڕوابوونی پارتییە وەک ستراتیژییەت، کە بە هاوبەشیی هەموان دەتوانرێت حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو پێشکەش بکرێت، بەپێکەوەیی دەتوانین بەرامبەر هەموو دەنگە ناشازەکان خۆڕاگر بین، کە بیانەوێ سەقامگیریی کوردستان بشێوێنن.
هاشوهووشی هەموو لایانەکانی دیكە بەرامبەر پارتی، پیشاندەری ئەوەیە، کە ئەوان بە دەستەکەوت و سەرکەوتنەکانی پارتی قەڵس بوونە و بۆیە هاتوونەتە هەڵبژاردن، تاوەكوو بە هەموویان ململانێی پارتی بکەن و لە سەرکەوتنەکانی رایبگرن، کە کوردستان بەهۆی سەرکەوتنەکانی پارتییەویە یەکێکە لە هەرێمە پێشکەوتوو و ئارامەکانی جیهان.
دیدگا و پەیامی پارتی بۆ هەڵبژاردن گوزارشتی ئەوەیە، پارتی دەیەوێ خزمەتی کوردستان بکات و هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان کوردستانیش زیاتر و زۆرتر بەرەوپێشەوە بچێت.
حیکمەتی جەنابی سەرۆک بارزانی لە خوێندنەوەی بۆ رووداوەکان و هەوڵدانی بۆ پاراستنی کوردستان ئەوەمان بیر دێنێتەوە، کە چۆن چۆنی پارتی بە رێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی هەڵگری ئاڵای نیشتیمانپەروەری و پێکەوەژیانە، چۆن لەڕابردوودا لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە خاکی کوردستان، بینیمان چۆنچۆنیش بە حیکمەت و هەوڵی جەنابی سەرۆک بارزانی گرێکوێرەی کێشەکانی نێوانی هەولێر و بەغدا کرانەوە، پارتی ویستوویەتی بە دیبلۆماسی پەیامی ئاشتیخوازیی خۆی بە گوێی گەلانی جیهاندا بدات، لە رێگەی دیبلۆماسیەتی کاک نێچیرڤان بارزانی دەرگای وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بە رووی کوردستان کراوەتەوە و ناو و ئاڵا و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ریزی وڵاتانی ناچەکەیە و هەرێمی کوردستان بووەتە فاکتەری سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پارتی لە رێگەی حوکمڕانیی کوردستاندا دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە هەموو ناوچەکان، هەروەک دەبینین لە ماوەی حوکمداریی مەسرور بارزانی، لە کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەنێوان دوو هەڵبژاردندا چ موعجیزەیەک لە ئاوەدانی و خزمەتگوزاری رووی لە کوردستان کردووە، سەراڕەی بوونی ئەو هەموو رێگری و قەیرانانە، چۆنچۆنی سەرۆک وەزیران لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان سەرکەوتوو بووە و سازشی لەسەر مافی هیچ کەسێک نەکردووە.
ئاراستەی تیری نەیارانی پارتی بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران گوزارشتە لەوەی، کە چۆن لە پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی تاک سەرکەوتوو بووە، ئاواش لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شانازیی گەورەی تۆمار کردووە. هاشوهووشی لایەنە رکابەرەکانی پارتی لای هاووڵاتییانی کوردستان ئاشکرایە، مەبەست لێی هەڕاجکردنی خاکی کوردستان و دوژمنایەتیی پارتی و خودی سەرۆک وەزیرانە، رکابەرەکانی پارتی پێیان وایە بە قسەی هەرزان و نمایشکردنی خۆیان، دەتوانن کاریگەری لەسەر خەڵک دروست بکەن، بەڵام نازانن خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان هەموو کارە قێزەونەکانی ئەو لایەنەی لە یادە، کە چۆنچۆنی خاکی کوردستانی فرۆشت و هاوڕێ و ئەندامانی خۆیان تیرۆر کرد و کارگەی هۆشبەریان دانا بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، هەر ئەوانە بوون دەستیان لەگەڵ نەیارەکانی کورد تێکەڵ کرد و بوونە دەمڕاستیان، بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە خۆڕاگریی سەرۆک وەزیران ئەوەی پیشان داین، کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە.
بۆیە خەڵکی كوردستان لەم ساتانەدا، بە قسەی بریقەدار و دروشمی بێ مانا و بەرنامەی بێ ناوەڕۆکی هیچ لایەنێک هەڵناخەڵەتێ و دەزانێ ئەزموون و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەستی کێدا پارێزراوە و کێ پاراستوویەتی، بۆیە هەروەک مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران ئامەژەی لە وەڵامی نەیارانی پارتی پێ دا و گوتی ناتوانن، بەڵێ نەیارانی پارتی ناتوانن ئەزموونی کوردستان بڕووخێنن و ئەوە خەڵکە بەوەفا و ئەمەکدار و دڵسۆزەکەیە، کە بە دەنگەکانیان پارتی دەکەنەوە حزبی براوە و مەسرور بارزانی، دەكەنەوە بە سەرۆکی کابینەی داهاتوو.

Top